چۆن میللەت لە کۆیلایەتی رزگاری دەبێت؟

بەشکردن:

نەوشیروان حوسێن سەعید

ئیتێن دو لا بويتي (١٥٣٠- ١٥٦٣) لە نووسینێکیدا کە بەم شێوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی ‘العبودیة المختارة’* پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی کە چۆن تەنها کەسێکی دەستەڵاتدار (جا ئەو کەسە دەستەڵاتدارە بە زەبری هێز دەستەڵاتی گرتبێتە دەست یان لە ڕێگەی پشتاوپشت و تەنانەت هەڵبژاردنیشەوە هاتبێت) دەتوانێت تەواوی گەلێک ڕام و ملکەچ بکات؟

لا بویتی دەڵێت میللەت بەم جۆرە دەستەمۆ دەکرێت:

سەرەتا ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەستەڵاتدارێکی ستەمکار لە دەستەڵاتدا دەهێڵنەوە لە چوار بۆ پێنج کەس تێناپەڕن. پاشان ئەو چوار پێنج کەسە میللەت دەکەنە کۆیلەی ئەو تاکە دەستەڵاتدارە. دەستەڵاتدارەکەش ئەو چوار پێنج کەسە لە خۆی نزیکدەکاتەوە و لە خۆشی و دەستکەوت و تاوانەکانیدا بەشداریان دەکات، ئەوانیش هەر بەوە وازناهێنن کە سوودی لێوەرگرن و فەرمانەکانی جێبەجێبکەن، بەڵکو دەبنە دەستەیەکی ماستاوچی و پێش ئەوەی دەستەڵاتدارەکە ئارەزووی خۆی بۆ شتێ دەرببڕێت، ئەمان پێیشیدەکەون و ئارەزووەکەی بۆ بەدیدێنن.

دواتر ئەو چوار پێنج کەسە، چوار سەد بۆ پێنج سەد کەس دەکەنە ژێردەستەی خۆیان و لە خۆشی و دەستکەوت و تاوانەکانیان بەشدارییان پێدەکەن. ئەو چوار سەد پێنج سەد کەسەش هەموو هەوڵیان ئەوەیە ئەو چوار پێنج کەسەی سەرەوە ڕازیبکەن. دوای ئەوە، ئەو چوار سەد پێنج سەد کەسە، چوار هەزار بۆ پێنج هەزار کەسی دیکە دەکەنە ژێردەستەی خۆیان و ئەو چوار پێنج هەزارەش، چوار سەد پێنج سەد هەزار کەس ملکەچ دەکەن لەڕێی پێدانی ئیمتیازات و تێوەگلانیان لە تاوان و گەندەڵی.

ئیتر زنجیرەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت و هەموو لایەکیش هەوڵدەدەن هەم خۆیان موستەفید بن و هەم ئاغاکانی سەرەوەیان ڕازیبکەن، بەو شێوەیە دەستەڵاتداری ستەمکار بەشێک لە گەلەکەی لە ڕێگەی بەشێکی دیکەیانەوە دەکاتە کۆیلە و ژێردەستەی خۆی.

ڕەنگە ئەم تێزەی ‘لا بویتی’ چی دیکە بۆ ئەوروپا ڕاست نەبێت، چونکە لە سایەی دیموکراسی و بەهۆی جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری لە یەکتر و بونی چاودێری و لێپێچینەوە، تاکە کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکڕەوانە حکومڕانی بکات.

بەڵام هێشتا ئەم تێزە سوودی هەیە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتیی ملکەچکردنی گەلانی ژێردەستەی دەستی تاکەکەس و بنەماڵەکان لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جۆری حکومڕانی لە هەندێ وڵاتی ناوچەکە و کوردستان هێشتا هی سەردەمی پێش مۆدێرنەیە.

لە ڕوکەشدا حیزب و هەڵبژاردن و جۆرێک لە دیموکراسی لە کوردستان دەبینرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دوو بنەماڵە حوکمی کوردستان دەکەن. لە ناو ئەو دوو بنەماڵەشدا چەند کەسێکی کەمی کاریگەر هەن. ئەو کەسانە توانیویانە لە ڕێگەی چەندین بازنەی دیکەی ئابوری و سیاسی و ئیعلامی و کۆمەڵایەتییەوە، کوردستان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان.

بازنەکە لە سەری سەرەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە لادێیەکی دورە دەست و کۆڵانی گەڕەکێکی هەژارنشینی ناحیەیەک، تەنانەت سنوری کوردستان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە کوردانی دایەسپۆراش. نەفرەتی نەوت و ئابوری بەرخۆر و ڕەیعی ڕۆڵێکی زۆر خراپی هەبووە لە گەیاندنی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی ئەمڕۆ.

دەستەڵاتی تاکڕەوی سەرکردەیەکی بەهێز یان بنەماڵەیەک، زیاتر سەر بە سەردەمی پێش مۆدێرنە و سەردەمی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرەکانە. لە دوای سەردەمی مۆدێرنە و دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەوروپا، ئیتر وردە-وردە لە ڕێگەی دامودەزگا دیموکراسییەکانەوە سنورێک بۆ دەستەڵاتی ڕەهای تاکەکەس و بنەماڵەکان دانرا.

بۆ ئەوەی ئەم شێوازی حکومڕانییەی ئێستای هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەر بێت، دەبێت سەرەتا بچینە ناو مۆدێرنە و بە ناو و ناوەڕۆک خەبات بۆ حکومڕانییەکی دیموکراسییانە بکرێت کە تێیدا دامودەزگاکان گرنگتر بن لە تاکە کەس و بنەماڵەیەک، دامودەزگای بەهێز و کۆمەڵگەی مەدەنی جێگەی ئەو بازنانە بگرێتەوە کە لا بویتی نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی پێکردووە.

گەرچی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابوری لە گرنگترین ئەو کێشانەیە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەلێکی گەورەشن بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە حکومڕانییە شکستخواردووەی ٢٩ ساڵی ڕابردوو.

ئێستا ئیتر هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوڕیانێکدایە، یان مانەوە و بەردەوامی لەسەر هەمان جۆری حکومڕانی کە سەرکەوتو دەبێت لە بەدەستەمۆکردنی تەواوی میللەت، یان کۆتاییهێنان بەم جۆرە لە حکومڕانی و ڕزگارکردنی میللەت لەو زەلیلیەی کە تێیدا دەژی. بۆ ئەوەی بژاردەی دووەم سەر بگرێت، دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو خەمخۆران، بە جیاوازی دید و تێڕوانینیانەوە، لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و هاوکاری یەکتر بکەن، ئەگەرنا کۆیلایەتییەکە لەژێر ناو و فۆرمی جیاوازدا بەردەوام دەبێت و نەوەکانی داهاتوش هەمان چارەنوسیان دەبێت.

* ئیتێن دو لا بويتي نوسەرێکی فەرەنسی بوو، کەمتر لە ٣٣ ساڵ ژیاوە. ئەم تێزەی لە تەمەنی ١٦ یان ١٨ ساڵیدا نووسیووە.

بەشکردن: