لەژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندیدا

بەشکردن:

 نیگار نادر

 ئەوڕۆ لە کوردستان یەک لە ڕووەکانی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی، سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە “رۆشنبیر هەژارانەن”، کە بە ناو و شێوازی جیاواز لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی، میدیایی و رۆشنبیری و ئەکادیمیدا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد گوتار بڵاودەکەنەوە و دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤییەکان، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان، لە سلکی دیپلۆماتیدان، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.

سیاسەت و پرۆسەی وه‌به‌رهێنانی مرۆیی لە بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریدا خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی هەبوونی سیاسەتی ئاماده‌سازی گه‌نجان له‌ رووی زانیاری و ئاکارییه‌وه‌ له‌ گشت بواره‌کانی زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و یاساییدا بەئامانجی نەتەوەسازی و تاکی هۆشمەند. بەڵام بەداخەوە له‌ هەرێمی کوردستاندا ئەو سیاسەتە هیج بناغەیەکی بۆ ڕۆنەنراوە بەڵکو تائیستاش بابەتێکی پشتگوێخراوە، ئەوەش کرۆکی سەرەکی کۆی تەنگەژەو کێشەکانی وڵاتسازیە، بەتایبەتی بۆ ژنان کە هەم وەک دایک، هەم وەک بەرپرسیارو بەشداری سەرەکی، لە کۆی دیاردەو دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا پێکهێنەرن.

کەوتنە ژێر “هێڵی هەژاری” لێرەدا، تەنها بەمانا ئابووریەکەی نییە و مەبەست لە بژێوی نییە، بەڵکو مەبەست لە کۆی ئەو هێڵە هەژارییانەیە کە رێگە لە پێشکەوتن دەگرن و مرۆڤ لە ڕووی هۆشمەندییەوە دەکەوێتە ژێریان. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان کە تژییە لە جۆرەها دژبەیەکی و تەنگژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، زۆربەی بابەت و پرسەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندیەوە.

لەراستیدا نکۆڵی لەوە ناکرێ کە کۆمەڵگەی کوردی بەر لە بیست ساڵ کۆمەڵگەیەکی لاچەپەک و تژی لە جۆرەها چەپێنراوی هەبووە. دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا پر بوو لە ئاستنەگ و بەربەستی کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئاینی و ئابووری بەڵام لەگەڵ هاتنی تەوژمی نیولیبرالیزمی ئابووری و بەبازاڕبوون، کۆی پێوەرو ئاستنەگ و بەربەستەکان گۆڕدران و بەشێوازێکی مەترسیدار و کتوپڕ، دۆخی ژنانیان وەرگێڕاوە بۆ بەرخۆری و بە کاڵابوونێکی تەنها مادی نا، بەڵکو مەعریفیش.

دیارترین دەرهاویشتەکانی ئەم بەبازاڕبوونەش، لە بەكاڵابوونی هۆشیاریدا دەردەکەوێت، وەکو پرۆسەکانی هاندان بۆ پیشەنگ بوونی ساختە، هەوەسی بوون بە سەرکردە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی، بوون بە هونەرمەند و ئەستێرەی ناسراو، هاوتەریب لەگەڵ شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری، لە ئاکارو لە ڕەفتاردا، لەوسۆنگەیەشەوە تێکڕای ئەو پەروەردەو دیاردانە زەبری کوشندەی لە هۆشیاریی هێز و هزری ژنان داوە.

ئەوڕۆ لە کوردستان یەک لە ڕووەکانی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی، سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە “رۆشنبیر هەژارانەن”، کە بە ناو و شێوازی جیاواز لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی، میدیایی و رۆشنبیری و ئەکادیمیدا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد گوتار بڵاودەکەنەوە و دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤیەکان، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان، لە سلکی دیپلۆماتیدان، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.

کەوتنە ژێر هێڵێکی تری هەژاریی هۆشمەندی، کە زۆر بێزەوەرە ئەویش ناوزەدکردنی ژنانە بە کاڵایەکانی وەکو ترۆمبێلی گرانبەها، مۆبایل و سیتی، گەرەک، هوتێل، قوماش و جۆرەها بابەت و کاڵای ناچیزتر. لەهەمانکاتدا شانازیکردنی ئەو ژنانەشە بەو ناوبانگانەی کە لە ئامێرەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کردونیەتە ئایکۆن و ئەستێرەی ناسراو. ئاشکرایە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، کاتێک دەبەنگیی ریکۆرد دەشکێنێ و هەڵفریواندنی گشتی دەگاتە لوتکە، ئەوکات جۆرەها کەس و بابەتی پووچ دەبن بە ئایکۆنی مەزن و جیهانی، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانیشدا بە جۆرەها زڕە ئایکۆن کۆپییان دەکەنەوە.

دەرئەنجامیش ئەو بەكاڵابوونە بلەزەی ئەو جۆرە ژنانەی سۆشیال مێدیا زۆر بە خێرایی و زۆر بەکاڵوکرچی کردونیەتە ئەستێرە و خاوەن ناوبانگ، بە ملێۆنان فۆلەوەرو لایک و ناوبانگی دیجیتاڵییان هەیە، وەک بوکەڵەیەکی دیجیتاڵی لە قەیرانی هۆشمەندیدا دەسوڕێنەوەو دەکرێنە سەرچاوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لەبەر ئەوە، هەتا وردتر ببینەوە بە لەشکر ژنی “رۆشنبیر هەژاری” تر دەبینن، کە بودجەیەکی زۆری ئەو وڵاتە دەبەن و، کەس ناشیان بینێت و ناشیان ناسێت، بەشێکیان لەژێر تایتڵی داکۆکیکەر لە جێندەر، فێمێنیزم، بانگەشەی سکۆلارێکی سەربەخۆ دەکەن لە ناو پۆستی کارتۆنی و رێکخراوەییدا. بەشێکیان ئەو کلاسە لە بەناو ئەستێرەو هونەرمەندن، بەشێکی تریان پۆستی سەرۆکی هەستیارترین دەزگا دەکەن و لەناو دەزگا هەستیارەکاندا مووچەی بەرز بەرزیان پێبەخشراوەو وەکو موشەخۆرێکێش زەبر لە هاتنە پێشەوەی ژنانی بە توانا دەدەن.

هەموو ئەو ژێر هێڵە هۆشیاریانەی ئاماژەمان پێدان، ژنانێکیان پەروەردە کردوە کە بە جۆرەها تایتڵ لەناو نەخشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرکەوتوون، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە “حیزببەندی” و “کاڵابەندی”، کە هاشێوەی “پارێزبەندی” یاسایی پێیان بەخشراوە، جیاواز لەو ئەجێندا ماددی و سواوانە لەو بەكاڵابوونە قێزەوەنە نەیانتوانیوە کۆدەنگیەکی ژنانە دروستبکەن و لەسەر کێشە سەردەمییەکانی ژن لە هەرێمدا گوتاری هۆشمەندی و ئاوەزمەندی خۆیان هەبێت. ئەگەر سەرنج لە گوتارەکانیان بدەیت، جۆرەها ڕەگی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی، دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، رەگەزپەرستی و پاشکۆیی دەبینیەوە.

هەروەها ئەوڕۆ ڕوویەکی تری ترسێنەری کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونە لە کوردستان. ئەویش لە ڕێی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری و نەشتەرگەریی جوانکاریی روخسارو جەستەیە، کە لەهەرێمی کوردستان دەرهاویشتەی سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە. هەروەها یەکێکە لە بازرگانییە ڕەشەکان و هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ژنانیشە.

ئەگەر وردتر سەرنج بدەی، جیاواز لە مۆدێل و فیگەرەکانی موزیک و هونەر، ژن لەناو زۆربەی چینەکانی مامناوەند هەژارو و خیڵەکانیشدا، هەتا بگرە ئەو ژنانەی خودان پۆستی کۆمەڵایەتی و سیاسی باڵاشن، بە ڕوخسارێکی شێواوی پفدراوی بۆتۆکسی و راکێشکراو و نیمچە هەرزەییەوە دەردەکەون. خەریکە روخسار شێواوی و پۆرۆنۆئەدگاری ژنان لە ڕێگەی جوانکارییەوە دەبێتە دیاردە و ستاندار، بۆ بەدەستهێنانی پێگەو پۆست و ناوبانگ، هەروەها ئەو پۆرنۆئەدگارییە بەهێزترین پێودانگە بۆ چوونە ناو سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیاو کۆی ستراکتۆرەکانی کۆمەڵگە.

ڕووی لەوەش سەمەرەتری کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونەوە، رۆژئاوا-ئەدگاریە، لە شێوەی دەرکەوتنی نەوەیەکە لە کیژە گەنجەکان کە بە شێوەزارێکی نیمچە ئینگلیزی دەئاخفن و رۆژئاوایانە دەهزرن و بە ستایلێکی پرۆ رۆژئاوایی رەفتاردەکەن! ئەوان سەرەڕای روخسار شێواوی، زمان شێواوی، ئاکار شێواویشن، زۆربەی زۆریشیان پەروەردە و دەرچووی زانکۆ و قوتابخانە ئینگلیزی و بیانیەکانن، کە بەشێوەیەکی گشتگیر لە سۆشیال میدیادا بەزمانی ئینگلیزیەکی هەندێک جار تیكەڵکراو بەکوردی، نوێنەرایەتی هزری ژنانی کۆمەڵگا و ئاوەزمەندی ئەوڕۆی ژنانی کوردستان دەکەن.

کۆی ئەو ئاماژانە دەرئەنجام و گەواهین بۆ هەبوونی کەلینێکی گەورەی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی و سیاسەتی وڵاتسازی و گەندەڵی. لەوانەش زۆر ترسناکتر ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەتەواوی بکەوێتە دەست میدیا. میدیا، نوێنەرایەتی هەموو ڕەهەندە مەعریفی و زانستی و ئیتیکیەکانی بکات، میدیا ڕۆڵی هەموو دەزگاکان بگێڕێت، میدیا لەبری دادگا، تاقیگە و ئەکادیمیایەکان بڕیاربدات، دروست وەک ئەوەی ئەوڕۆ لەکودستان ئەزموونی دەکەین. ئەگەر ورد سەرنجبدەین، لەو دونیایەدا زۆر بە دەگمەن دەبینین، کەسێک ناهێنرێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنێکی سەتەلایت، ئەگەر بە ستاندارە جیهانیەکان، پێوانە نەکرابێ و بە ڕۆشنبیر نەناسرابێ!

ئەوەی جێگای تاسانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی ڕابروودا سیاسەتی فێرکردن خاڵی بووە لە سیاسەتی پەروەردە و زۆر بە لاوەکی ئەژمارکراوە، بەتایبەت بۆ ژنان هەم لەڕووی زانستی هەم لەڕووی هۆشیاریەوە لەژێر هێڵی هەژاریی ستانداردەکانی جیهان دایە. بەدەگمەن نەبێ، قوتابییە کیژەکان بارگاویکراون بە بەكاڵابوونێکی گشتگیر، بۆ نموونە، بوون بەو هونەرمەند و ئەستیرانە یان کۆپیکردنەوەیان، بڕوانامەی بەرز، هەبوونی سامان و ناوبانگ، نەشتەرگەری جوانکاری، شووکردن بە کەسانی ساماندار و بەدەستهێنانی پۆست و پێگە.

ژ دووماهیەدا ئەوەی گوومانی تێدا نییە ئەوەیە هەر کۆمەڵگەیەک، پرۆسەی وەبەرهێنانی مرۆیی تێیدا شکستی هێنابێ، گەندەڵی و ڕوکەشکاری لەناویدا رەگیان داکوتابێ، ئەوا حەتمەن لە لایەن ژنانی هزرشێواو، روخسارشێواو، زمانشێواو و ئاکارشێواوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. هەروەها كاتێک ئەو جۆرە ژنانەش نیوەو دایکی کۆمەڵگەکە بن، ئەوا بەدڵنیایەوە کۆمەڵگایەکی داماڵدراوە، لە ڕەسانەیەتی و کۆمەڵگەی هەوەس و هەرەسە و جگە لە هەوەس و هەرەس، زیاتر هیچی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت و ژنەکانی هەمیشە لەژێر هێڵی هەژاریی ژنبووندا دەمێننەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵگەیە لە هەژارترین ئاستی ئاسایشی تەندروستی و کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە هەرگیز ناکارێ تاکێكی هۆشمەند پەروەردەبکات.

بەشکردن: