ئەنجێلا دەیڤس: ڕەگەزپەرستی لەنێو سەرمایەداریدا ڕەگی داکوتیوە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: دانا نازەنین

چل ساڵ بەر لەئێستا لە لیستی 10 داواکاراوەکەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI)دا بوو، زیندانی کرا و سزای لە سێدارەدانیشی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواجار و دوای پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانیدا بێتاوان دەرچوو و دەستی کردەوە بە خەباتکردن لە بزوتنەوەی ئازادیی ڕەشپێستەکان و پرسەکانی جێندەر، ڕەگەز، چینایەتی و زیندان. ئەنجێلا دەیڤس (Angela Davis) یەکێکە لە ئایکۆنەکانی بزوتنەوەی ئازادیی ڕەشپێستەکان لە ئەمەریکا بەشداربووە لە دروستکردنی هۆشیارییەکی ڕەخنەیی لەباری مافی جڤاکی ڕەشپێستەکان لەو وڵاتە، هاوکات پێداگرییەکی سەخت دەکات لە گۆڕینی سیستمی دادوەری و تاوان لە ئەمەریکا و کار بۆ سڕینەوە و سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەی زیندانەکان دەکات.

پرۆگرامی (Democracy Now) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجێلا دەیڤس ئەنجامداوە لەبارەی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی دوای کوشتنی جۆرج فلیۆدی ڕەشپێست بەدەستی پۆلیسێک لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەریهەڵداوە. ئەوەی دەیخوێننەوە پوختەیەکە لەو چاوپێکەوتنە.

پرسیار: دەمەوێت پرسیارت لێ بکەم دەربارەی مۆنۆمێنتەکانی ڕەگەزپەرستی و کۆڵۆنیالیزم و جەنگاوەرانی جەنگی ناوخۆ و چەوسێنەرەوان کە لەناوەوە و دەرەوەی ئەمەریکا و تەواوی دونیادا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دەشکێنرێن و دەڕوخێنرێن. وەک چۆن لە میناسۆپیا پەیکەرەکەی کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس ڕوخێندرا و سەمای هیندیان بەدەوری پەیکەرە شکاوەکەدا دەکرد، ھەروەھا لەچەند ویلایەتێکی دیکە هەمان کار کرا. بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێت کە ئەم پەیکەر و مۆنۆمێنتانە “نیشانەنی مەزنی و گەورەیین و بەشێکن لە شکۆی ئەمەریکای مەزن و مێژوی بردنەوەکان و سەرکەوتنەکان و ئازادیی ئەمەریکان”. ئایا پێشتر تۆ ھەرگیز شتی بەم جۆرەت بەخەیاڵدا هاتووە، چی دەڵێیت لەبارەی ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت؟

ئەنجێلا دەیفس: بەدڵنیایەوە ھەموو ئەمانە کاردانەوە و دەرھاویشتەی ڕەگەزپەرستیی مێژوویین کە ئێمەیان بەم خاڵە گەیاندووە. دەبوو زۆر پێشتر و لەسەردەمی کۆتایی جەنگی ناوخۆیی ئەمەریکادا ڕەگەزپەرستی لەناو ببرایە، بەڵام لەئێستادا لەبری ئەوەی بپرسین کە ئێمە دەبێ چی بکەین بەرابەر ئەو ھەموو بەکۆیلەکردن و چەوسانەوەی نەوەکانی پێشوو، وا باشترە کار لەسەر ئەم پرسیارەی تر بکەین کە چۆن ئێمە کۆمەڵگاکەمان سەرلەنوێ بەشێوەیەکی تر بونیاد بنێینەوە، کە تێیدا گەرەنتی ئەوەی تێدابێت کە ڕێگە بە دامەزراوە و ڕێکخستنەوەی بەکۆیلەکردن نەدات. لەئێستادا بۆ خەلکە بنەڕەتیەکە سەرنجەکان لەسەر سیمبولەکانی کۆیلەکردن و کۆڵۆنیالیزم و دامەزراوە دژە ڕەگەزپەرستیەکانن لەنێو وڵاتدا. من پێم وایە ئەمە گرنگە کە ئێمە ئەم جۆرە خۆپیشاندەرانە دەبینین. لەھەمانکاتدا دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە ئێمە ناتوانین لەو مێژوە ڕابکەین و نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە ڕۆڵی وێرانکەرانەی ئەمەریکا لەمێژوودا تراژیدیای زۆری بەرھەم ھێناوە. من وایدەبینم ئەم ھێرشانەی ئەمڕۆ بۆ سەر پەیکەرەکان ڕێخۆشکەری دەکات بۆ بەرپرسیاریەتی ئامادەبون و دەسپێکێکێک بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە ئێمە دەبێ چۆن ھەموو ئەو دامەزراوە و دەزگا تراژیدیھێنەرانە کۆتایی پێبھێنین و بیریان بخەینەوە کە ڕۆڵەکەیان کۆتایی پێھاتووە و لەشوێنی ئەمانە دەبێ دامەزراوەی تر بونیاد بنێین کە خواستەکانی خەڵکی لەبەرچاو بگرن.

پرسیار: کەواتە چی بکرێت لە پەیکەرەکانی بونیادنەرەکانی کۆیلەگەری بۆ نموونە وەک جۆرج واشنتن و تۆماس جێفرسن؟

ئەنجێلا دەیڤس: مۆزەخانەکان ڕۆڵی باش دەگێڕن لە وەبیرھێنانەوە و پەروەردەی خەڵکیدا. پێشم وایە نابێت ئێمە ئەو مێژووە و پاشماوەکانی لەبیربکەین، بەڵکو دەبێ بزانین و تێبگەین لەوەی کە چ کەسانێک ڕۆڵیان گێڕاوە لە ڕەگەزپەرستی و سەرمایەداری و جیاوازیی چینایەتی مێژووی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکادا.

ئەنجێلا دەیڤس لە خۆپیشاندانێکدا

ئەنجێلا دەیڤس لە خۆپیشاندانێکدا

پرسیار: دەکرێت شتێک بخەیتەڕوو لەبارەی ڕەگەزپەرستی و سەرمایەداریەوە، چونکە تۆ پێشتر لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەم دوانە نووسیووتە؟

ئەنجێلا دەیڤس: ڕەگەزپەرستی پەیوەندییەکی بنەڕەتیانەی لەگەڵ سەرمایەداریدا ھەیە. پێشم وایە ئەوە ھەڵەیە پێت وابێت دەتوانی لەڕەگەزپەرستی بدەیت و کۆتایی پێ بھێنیت بەھێشتنەوەی سەرمایەداری لەشوێنی خۆیدا. ھەر وەک چۆن سێدریک ڕۆبنسن لەکتێبەکەیدا بەناوی “مارکسیزمی ڕەش، سەرمایەداری سەرمایەداریەکی ڕەگەزیە” ڕونی دەکاتەوە، چۆن مارکس ئاماژەی پێکردوە لە چەمکی (کەڵەکەبونی سەرەتایی – primitive accumulation) دا، کە بەر لەدەرکەوتنی سەرمایەداری لەھیچ شوێنێکدا، بنەچەکانی سەرمایەداری لەنێو کرێکاری زۆرەملێیانەی بەکۆیلەکراوەکاندا پەیدابوو. شۆڕشی پیشەسازی بەرھەمێکی زۆرتری بۆ سەرمایەداری بەرھەم دەھێنا کە بەکرێکارە بەکۆیلەکراوەکان نەدەکرا لەنێو ئەمەریکادا. بۆیە من دڵنیام لەوەی کە بۆ بنبڕکردنی تەواوەتی ڕەگەزپەرستی پێویستە ھەنگاوی زیاتر بەرەو دامەزراندنی سۆسیالیستی بنێین لەڕووی ئابووری و دامەزراوەکانی تریشەوە. من پێم وایە ڕێگەیەکی درێژترمان لەبەردەمە بەر لەوەی کە بتوانین قسە لەسەر سیستمێکی ئابووری وابکەین کە بونیاد نەنرێت، لەسەر بنەمای چەوسانەوە و سوپەر- چەوسانەوەی ڕەشپێستەکان و لاتینیەکان و ھەموو ڕەگەزەکانی تر. بەڵام پێم وایە لەئێستەدا ئێمە پێویستە گفتوگۆی تێگەشتن لەماناکانی سەرمایەداری لەنێو خەڵکیدا بکەینە گفتوگۆیەکی باو. داگیرکاریەکان و کۆیلەگەری پیشەسازی ئاڵۆز لەئێستەدا گرنگیی تێگەشتن لە سەرمایەداریی جیھانی ھێناوەتە بەرباس. ئەقلیەتی دژ-سەرمایەداری یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەشتن لەباری سەختی ناچارکراوانەی کۆچبەران و پەناھەندەکان کە لەئێستەدا لەڕێگەی دیوارەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ ناو ئەمەریکا. ئەم بارە ئاڵۆزانە بەھۆی سەرمایەداریی جیهانییەوە دروستبون. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە دەبێ دەستبکەین بە پڕۆسەی ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی، هەروەها ساتەوەختەکە ھاوکارە بۆ یارمەتیدانمان لە تێگەیاندن و ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە پەیوەستیە بەیەکداچوەکانی نێوان ڕەگەزپەرستی و سەرمایەداری و جیاوازیی چینایەتی.

پرسیار: تۆ پێتوایە ئێمە پێویستمان بە متمانە و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کۆ-خواستی ھەیە؟

ئەنجێلا دەیڤس: پێدەچێ ئەمە ڕێگەیەک بێت بۆ دەسپێکردن، بەڵام ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە متمانە و کۆ-خواستی ھەیە، من نازانم چەندی پێدەچێت کە ئەمە دەرکەوێت، بەڵام پێم وایە ھەموو ئەم بیرۆکەی متمانە و بونیادنانەوە یارمەتیمان دەدات کە تێگەشتنێکی ترمان لەبارەی سیستمی یاسای دادوەری و تاوانەوە ھەبێت، یارمەتیمان دەدات لە وێناکردنی فۆرمێک لەدادوەریدا کە لەسەر بنەمای تۆڵە و سزادان نەبێت. پێم وایە ئەم ئایدیا و بیرۆکەیە ھاوکارمان دەبێت لە دەرخستنی ڕێگەیەکی تر بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەکان و دەزگاکان، کە وەک زیندانیەکانی ئێستا نەبن، چونکە ئەم بەرخۆدان و یاخیبونانەی ئێستە لەپێناو ئەوەدایە کە دامەزراوەکان خەڵکی نەچەوسێننەوە و کارەساتی تری وەک جۆرج فلۆید دووبارە نەبنەوە.

پرسیار: بەنزیکەیی نیو سەدەیە تۆ بەرھەڵستکار و چالاکوانی، پێتوایە وایە ئەم ساتەوەختە ساتەوەختێکی جیاوازترە لەو ساتەوەختە بەرھەڵستکارانەی کە تۆ تێیدا ژیاویت؟ پێت وایە ئەمە ساتەوەخت و خاڵی وەرگەڕان و کۆتایی بێت؟

ئەنجێلا دەیڤس: ئەمە بەتەواوەتی ساتەوەختێکی تەواو گرنگ و جیاوازە، ھەرگیز من بەساتەوەختی وادا تێنەپەڕیوم کە ئێستا ئەزمونی دەکەین، ئەو ھەموو کێشەو قەیران و ڕوداوە پێکەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریخستن، وەبیرھاتنەوەی ڕەگەزپەرستیی دژ بەڕەشپێستەکان و لاتینیەکان. کاتێک کە ناڕەزایەکان دژی کوشتنی جۆرج فلۆید و برینا تایلەر و ئەھمود ئەربێری و تحنی ماکدار و ئەوانی تریش کە لەبەھۆی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی و پاسەوانانی ڕەگەزپەرستیەوە گیانیان سپارد، کاتێک خۆپیشاندانەکان لەھەڵچوندابون، شتێکی بیرھێنامەوە کە ھەمیشە ئەو چالاکەوان و بەرگریکارانەم پێ ھاندەدا کە ھەستیان بەنائومێدی دەکرد و دەیانگوت کە ئەوکارانەی ئێمە دەیکەین دەرئەنجامێکی ئومێدبەخشیان نابێت. زۆرجار پێم دەوتن کە بەبیر خۆیانی بھێننەوە کە ئەوان تێکۆشەر و درێژەپێدەری میراتی بەرھەڵستکارانەی تراژیدی ماوەدرێژی بزوتنەوە ڕەشپێستەکانی پێشوتریانن. پارێزەر و درێژەپێدەری ئەو میراتەن، هەروەها ئەمانیش گۆڕەپانە نوێکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان دەدەنە دەست نەوەی نوێی گەنجان. ھەمیشە دەمگوت کە ھەرگیز نازانین کەی ئەو مەرجانەی کەڵەکەبونی قەیرانەکان بارودۆخی گونجاو دەرەخسێنێت تا ئەقلیەتی گشتیی خەڵکی ھۆشیارانە دەوروژێت بۆ گۆڕانی ڕادیکاڵی و ڕیشەیی، بەڵام ئەوەتا ئێستاکە ئەو بارودۆخە دەبینین. خۆ ئەگەر کەسێک ئەوبارودۆخە نەگرێتە دەست کە پێیگەشتین ئەوا ناتوانین سودمەندبین لەھەلی گۆڕانکاری، بەدڵنیایشەوە ئەو خاڵ و بارودۆخە لەدەست دەردەچێت. چڕیەتی ئەم خۆپیشاندانانە بەبەردەوامی نییە بەبەردەوامی ھەر وانامێنێتەوە، ئێمە دەبێت ئامادەبین بۆ ئاڕاستەکردنی ئەم خۆپیشاندەرانە بۆناو گۆڕەپانە جیاوازەکان و بەدڵنیایەوە لەنێویشیاندا ھەڵبژاردنەکان.

خۆپیشاندانی ئەمەریکییەکان دژی کوشتنی جۆرج فلۆید

پرسیار: ھەروەک ئێوە ماوەیەکی دوور و درێژە پێشڕەوی بزوتنەوی بەرگریکار و ڕەخنەگران و بزوتنەوەی ھەڵوەشانەوەگەریتان کردوە،پ ێم خۆشە بزانم ئێوە چی تێبینی دەکەن لەداخوازیی خۆپیشاندەراندا و پێتان وایە کە دەبێت چی بکرێت ھەر لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دامەزراوەی پۆلیسەوە بۆ ھەڵوەشانەوەی زیندانەکان؟

ئەنجێلا دەیڤس: کە باس لە کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیس دەکرێت کە ھەڵوەشانەوەگەراکان داوای دەکەن، ئەمە تەنھا ڕویەکی کێشە و پرۆسەکەیە کە ئەوان داوای دەکەن، گەر وا لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە ئەمە تاکە خواستی ناڕەزایەکانە ئەمە تێگەشتنێکی ڕوکەشانەیە ھەروەک چۆن جۆ بایدن ئەمەی کرد، کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیس بەو ئاسانیە نییە بەمانای کێشانەوەی بودجەکە بێت لەڕێگەی یاساوە و تەواو و ئیتر نابێت ھیچ بکرێت. بەڵکو مانای سەرلەنوێ خەرجکردنەوەی بودجەی گشتیە لە خزمەتگوزاری تر و دامەزراوەکانی تردا، نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەرونییەکان، باشکردنی بودجەی پەروەردە و خانوبەرە و دوبارە بونیادنانەوە و پاراستن و پارێزگاریلێکردندا، پاراستن و پارێزگاریکردن تەنھا پارێزگاری سەربازیی نییە، لەڕاستیا ئەمە پارێزگاری نییە. دەمەوێت بڵێم کە ھەڵوەشانەوەگەری بەراستی بیرۆکەیە و ستراتیژەتێکی خراپ و نێگەتیڤ نییە. بەڵکو بەمانای بونیادنانەوەی نوێ دێت. هەروەها دەمەوێت لەبارەی ئەوەوە بدوێم کە دەبێ ھەڵوەشانەوەگەری ستراتیژی فیمینستەکانیش بێت. دەبینین دەنگی ھەڵوەشانەوەگەری کە دەردەکەوێت لەنێو خۆپیشاندانەکاندا کاریگەریی لەسەر بواری تیۆری و پراکتیکیی فیمینستی دابنێت.

پرسیار: دەکرێت زیاتر ئەمە ڕونبکەیتەوە؟

ئەنجێلا دەیڤس: باشە، دەمەوێت بڵێم کە فیمینیزم تەنھا ئاماژە نییە بە کێشەی جێندەری، بەڵکو زیاتر لەوە ئیشکردنە لەسەر تێگەشتن لە بەیەکداچونی بەرھەڵستکاری و کێشە دەستکردەکان. ھەڵوەشانەوەگەری دژە بە بەپۆلیسیکردنی فیمینیزمە، ھەروەک بەداخەوە وادەردەکەوێت کە ھەر کێشەیەک بەرابەر بەژن بەبەشداریکردن و بەکارھێنانی پۆلیس دەبێت، هەروەها زیندانیکردن وەک چارەسەر بەکاردێت. بەدڵنیایەوە ئێمە بەوە دەزانین کە جۆزێف بایدن لە ١٩٩٤دا وەک یەکێ لەھەرە ساتە گرنگەکانی ژیانی ھەرکارێکی دژ بەژنان بە تاوان ناساند لەسەردەمی کلنتۆندا، بەڵام فیمینیزم تەنھا ئەمە نییە. ئێمە داوای پرۆسەی بەناتاوانناساندنی کێشەی ژن ناکەین، بەڵکو ئاماژە بەوەدەدەین کە ئەم ھێرش و لێدانانە لە پارێزگاریکردن و پاراستن لەوێوە سەرچاوە ناگرێت کە پێی دەوترێت تاوان، بەڵکو لە شکستی دامەزراوەکانی ناو ئەم کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ئەوانی تریشدا. بۆیە ھەڵوەشانەوەگەری لەڕاستیدا بەمانای دیسانەوە بیرکردنەوە و پێداچونەوەیە لەبونیادنانی داھاتویەکدا کە دەمانەوێت، لەڕوی کۆمەڵایەتی، ئابوریی، سیاسییە. لەڕاستیدا شۆڕشێکە کە من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم.

پرسیار: ئێوە لەکتێبی “ئازادی، بەرخۆدانێکی بەردەوامە” وتوتانە کە نیولیبراڵیزم ئێمە ئاڕاستەدەکات بەرەو سەرنج خستنە سەر تاکپەرستی و خۆییبوون، قوربانیی تاکانە، تاوانکاری تاکانە. بەڵام ئایا ئەمە لەتوانایدایە کێشەگەورەکانی وەک ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی چارە بکات لەکاتێکدا پۆلیسێک ئەرکی سەرشانیەتی ئەرکە دەوڵەتییەکانی جێبەجێ بکات، یانی ئێمە دەبێت تۆڵە لەتاکە تاکەی پۆلیسەکان بکەینەوە، ئایا ئەمە بنەبڕی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی دەکات؟ دەکرێ ڕونی بکەیتەوە کە بەڕاستی تۆ لەوێدا دەتەوێت چی بڵێت؟

ئەنجێلا دەیڤس: لۆژیکی نیولیبراڵیزم وا دەریدەخات کە بنەڕەتیترینی پێکھاتەی کۆمەڵگە تاکە، دەکرێت بڵێین تاکێکی ئەبستراکت. بەپێی ئەم لۆژیکە بێت دەبێ تاکی ڕەشپێست بەتەنھا و خۆبەخۆ لەڕێگەی پاژنەی پۆستاڵەکانیەوە شەڕی ڕەگەزپەرستی بکات، بێگومان ئەم لۆژیکە شکستخواردووە، چونکە دامەزراوەگەلێک ھەن ناتوانرێت لەڕێگەی تاکەوە لەناوببرێن. بۆ نموونە، ئەگەر ڕەشپێستێک لەڕووی ماددییەوە لەتوانایدا نەبێت بڕواتە زانکۆ، ئەوا چارەسەر کردەیەکی پۆزەتیڤانە نییە، بەڵکو ئەوان قسەلەسەر ئەوەدەکەن کە ئەم کەسە پێویستی بەکارکردنی سەختترە و ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی بدات بۆ بەدەسخستنی بودجە و پارەیەک تا کرێی خوێندنەکەیی پێ بدات. لۆژیکی نیولیبراڵیزم بەربەستمان بۆ دادەنێت تا ڕێمان ھەڵەبێت و بیر لەچارەسەرە ئاسانەکە نەکەینەوە کە خوێندنی بێ کرێیە. من بیر لەو حەقیقەت دەکەمەوە کە ئێمە بەئاگابوین لەم جۆرە دامەزراوانە لە ساڵی ١٩٣٥ـوە، ئەڵبەتە پێشتریش بەڵام من ١٩٣٥ ھەڵدەبژێرم چونکە ئەوە ئەو ساڵەیە كە دەبڵیو ئی بی دو بۆیس W.E.B. Du Bois بنەڕەتەکانی “سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ڕەشپێستەکان لەئەمەریکادا” دانا، کە پرسیارەکە ئەوە نەبوو کە دەبێ تاکی ڕەشپێست دەبێت چی بکات، بەڵکو زیاتر ئەوەبوو کە چۆن کۆمەڵگەی پاش کۆیلەگەری بونیادبنێینەوە و ڕێکی بخەینەوە بەجۆرێک کە گەرەنتی دووبارە نەچەوسانەوەی ئەوانە بکرێت کە بەکۆیلەکراون لەڕابردوودا. هەروەها دەبێت کۆمەڵگا وەک خۆی نەمێنێتەوە و پێویستیشە وەک پێشتر نەمێنێتەوە. بەڵام نیولیبراڵیزم بەرگری کرد لەمانەوەی بەھۆی بەتاک-کردنەوە، هەروەها وایکرد کە تاکەکان لەگەڵ مەرجەکانی سەرمایەداریدا ڕابێن، لەگەڵ مەرجەکانی ڕەگەزپەرستیدا ڕابێن.

پرسیار: لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ تۆ وتبوت کە دەنگ بەھیچ یەک لە کاندیدەکانی ھەردوو حیزبەکە نادەیت، بۆ ٢٠٢٠ چی دەڵێیت؟

ئەنجێلا دەیڤس: ئێستاش ھەمان شت دەڵێمەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم سیستمی ھەڵبژاردنە ناتوانێت گۆڕانی ڕادیکاڵانە دروستبکات بەڵام ھەڵبژاردن نابێت لەبارەی ئەوە بێت کە کێ سەرۆکایەتی وڵات دەکات لەبەڕێوەبردنێکی باشترانەی داھاتوی وڵاتدا، بەڵکو دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە چۆن دەتوانین خۆمان بەھێز بکەین و خۆمان بونیاد بنێین و بەردەوامی بە بونیادنانی دامەزراوە و دەزگای فشار بدەین لەبەرابەر ئەوانەدا کە دەچنە دەسەڵات، هەروەها دیسانەوە دەبێ باوەڕمان وابێت شوێنەکانی دەنگدان شوێنی باش نین بۆ گۆڕانی ڕیشەیی لەسیاسەتدا، چونکە ھەردوو کاندیدەکە دەمێننەوە لەبەردەوامیدان بە داگیرکاری و سەرمایەداریدا، بۆیە من نامەوێت پشیگیری ھیچ کاندیدێک لەو دوو کاندیدە بکەم.

 

 

بەشکردن: