باڵۆنەکەی یەکێتی

ئاراس مەسیفی

بەپێچەوانەی مەسرور بارزانی هاوسەرۆکانی یەکێتی دەرفەتێکی باشتریان لەبەردەمدایە و بۆیان ئاسانترە کە لە نەوەی پێش خۆیان هەڵبگرێنەوەو و بەشێکیشیان راپێچی بەردەم لێپىچینەوە بکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە توڕەیی جەماوەر بپارێزن و داهاتوی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەگەر نا، ئەو باڵۆنەی کە لەدژی پارتی و مەسرور بارزانی فویان تێکردوە، پێش هەموو کەس بە خۆیاندا دەتەقێتەوە.

دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەم یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مژدەی نوێبونەوە و هەستانەوەی بە ئەندام و هەوادارانی خۆی و بەشێکی وڵاتیانی هەرێمی کوردستان داوە. لەو کاتەوە ئەندامانی یەکێتی لەسەر ئاستی هەمو ئۆرگان و  رێکخستنەکان لە میدیای حزبی و سیبەر و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەوڵی وێناکردنی یەکێتیەکی تازە دەدەن کە  گوایە جیایە لە یەکێتی پێش کۆنگرە.

کێشەی زینی وەرتێ، داواکردنی لامەرکەزی بۆ پارێزگای سلێمانی و ملنەدان بۆ لابردنی پارێزبەندی سەر پەڕلەمانتار سۆران عومەر لەلایەک و ململانێکانی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی لە میدیای سێبەر و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و لێدوان و تۆمەتبەخشینەوەی بەردەوامی بەشێکی ئەندامانی پەرڵەمانی یەکێتی و پارتی دژ بە یەکتری لەلایەکی ترەوە، بونەتە هۆی ئەوەی  خەڵکێکی زۆری دەرەوەی یەکێتیش تا ئاستێک بڕوا بەوە بێنن، کە یەکێتی پێش کۆنگرە لە یەکێتی دوای کۆنگرە جیاوازترە. بەڵام دەنگدانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغداد بە فوئاد حسێن، بەربژێری پارتی بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نوێنەرایەتی کردنی وەفدی حکومەتی هەرێم لەلایەن قوباد تاڵەبانی بۆ بەغداد و بڵاوکردنەوەی ناوی بەربژێرانی یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم گومانێکی زۆریان لەلای وڵاتیان لەسەر گوتاری تازەی یەکێتیەکان دروست کردوە، کە گوایە یەکێتی دوای کۆنگرە چیتر بە برابچوکی پارتی رازی نیە.

گومان و دوودڵیی یەکێتیەکان و بەشێکی وڵاتیان لە سەرکردایەتی و هاوسەرۆکایەتی نوێ بێ هۆکار نیە، بەڵکو ئەنجامی چەند ساڵە لەگەڵ بەڵێنەکانی سەرکردایەتی کۆنی یەکێتی، کە لە ماوەی رابردودا چەندین جار لە پێناو بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکی بچوکی کەسیی و حزبی نەک تەنها دەستیان لە ویست و حەسرەتی ئەندامان و بەشێکی وڵاتیان هەڵگرتوە، بەڵکو بێشەرمانەش بون بە پاشکۆیەکی زەلیلی سیاسەتە قورغکاریی و خۆپەرستیەکانی پارتی دژ بە بەرژەوندیە گشتیەکانی وڵاتیان. نمونەکان زۆرن، لە تێپەڕاندنی یاسای دەستورەوە بگرە تا چاوپۆشی کردن و هاوبەشیکردن لە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری و  درێژکردنەوەی نایاسایی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و پاشکۆیی بڕیاری ریفراندۆم. ئەوەی وایکردوە، کە بەڵێنەکانی ئەم جارەی سەرکردایەتی تازەی یەکێتی بە ئاڕاستەی هاوسەنگ کردنەوەی هێز لە هەرێم تا ئاستێک گرەوی لەسەر بکرێت، دەرچون و هەڵگەڕانەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتیە لە سیاسەتی فەرمی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی و بەشێکی سەرکردایەتی یەکێتی لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، کە روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا و هەرەوەها کردنی بەرهەم سالح بە سەرۆکی عێراق، سەرەرای دژایەتی پارتی و نارەزایەتی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی کۆنی یەکێتی بۆ ئەم هەوڵەی هاوسەرۆکانی یەکێتی. ئەمەش پرسیاری ئەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەم جارەش ئامادەی بەزاندنی هێڵە سورەکانن لە دژی پارتی؟

لە ئێستادا دۆخی هەرێم رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو داروخان و شپرزەبونی زیاتر دەچێێت و بازنەی نارەزایەتی وڵاتیانىش بە شێوەیەکی خێرا فراوانتر دەبێت. دۆخی خرۆشاوی هەرێم پێناچێت چیتر بەرگەی ئەم سیاسەتە دورویەی یەکێتی بگرێت، کە لەلایەک وڵاتیان دژی حکومەت هانبدات و لەلایەکی ترەوە هەوڵی پرکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان بدات و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد بکات.  هەرچەندە کابینەکەی مەسرور بارزانی نیەتی چاکسازی بنەڕەتی لە حوکمڕانی هەرێم راگەیاندوە، بەڵام وەک لە نوسینێکی تریشدا باسم کردوە، بژاردەکانی بەردەم سەرۆک حکومەت بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر مەحاڵ نەبەن، ئەوا ئەستەمن. لە باشترین حالەتدا ئەگەری تۆڕەبون و تۆرانی چینێکی تری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی بەدواوە دێت، ئەگەر هاتو سەرۆکی حکومەت باری خواری حوکمڕانی هەرێم تەنها بخاتە سەر شانی چینی خاوەن پلەی تایبەت و باڵا و چینی لوتکەی دەسەڵات کە ماڵباتی خۆیەتی هەڵاوێرێت. ئەمەش ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە زۆر زیاتر دەکات، چونکە ئەم چینە تا ئێستا بڕبڕەی پشتی سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بون و بەهۆی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چاوپۆشیان لە هەمو گەندەڵیەکانی چینی باڵا دەست دەکرد، بەڵام لە کاتی لێدان لە بەرژەوەندیان ئەوە دور نیە کە ئەوانیش بچنە بەرەی نارازیی و سیستەم بە تەواوی توشی ئیفلیجبوون بکات.

تەقینەوەی دۆخەکە ئەمجارە ئەگەرێکی راستەقینەوە و ترسێکی قوڵی خستۆتە دڵ و دەرونی کابینەکەی مەسرور بارزانی کە لە وتار و کردارەکانیاندا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. لە ئێستادا پارتی هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە رێگە بە هیچ  هەوڵێکی نارەزایی دژی حکومەت لە ناوچەی زەرد نادات و هەر هەوڵێک بەو ئاڕاستەیە لە رێگەی هێز سەرکوت دەکات. لە ئەگەری روبەروبونەوەی پارتیش بەرامبەر دەنگی نارەزایی شەقام، یەکێتی هیچ رێگایەکی تری لەبەردەم نامێنێتەوە، جگە لەوەی هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەوەی یان هاوشێوەی پارتی هەمو دەنگێکی نارازی لە ناوچەی سەوز لە رێگەی هێز سەرکوت بکات، وەک ئەوەی ماوەی رابردوو لە سلێمانی رویدا، یاخود ببێتە پێشەنگی پشتگیری لە دەنگی ناڕازی شەقام بەرامبەر بە کابینەکەی مەسرور بارزانی، چونکە بەپێچەوانەی مەسرور بارزانی هاوسەرۆکانی یەکێتی دەرفەتێکی باشتریان لەبەردەمدایە و بۆیان ئاسانترە کە لە نەوەی پێش خۆیان هەڵبگرێنەوەو و بەشێکیشیان راپێچی بەردەم لێپىچینەوە بکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە توڕەیی جەماوەر بپارێزن و داهاتوی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەگەر نا، ئەو باڵۆنەی کە لەدژی پارتی و مەسرور بارزانی فویان تێکردوە، پێش هەموو کەس بە خۆیاندا دەتەقێتەوە. بەمەش ئەو متمانە و سەنگە کەمەی دوای کۆنگرە کۆیان کردۆتەوە بۆ هەتا هەتایە لەدەستی دەدەن و ناچار دەبن لە ترسی رقی جەماوەر ببنەوە بە هاوچارەنوسی پارتی بە باش و خراپ، کە پارتىش ئەوکات تەنها ئەوانی بە پاشکۆ قبوڵە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی زەلیلتر و ناشیرینتر لە رابردوو.

بەشکردن: