چۆن هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندیی سۆران عومەر رویدا؟

بەشکردن:

تایبەت بە کوردستان تایمز

ماڵپەڕی رەسمیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڵاویکردەوە کە “د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٤-٦-٢٠٢٠ بڕیاریدا هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵبوەشێنێتەوە.”
سەرەڕای ئەوەی وا دەردەکەوێت بڕیارێکی ئازایانەی سەرۆکی پارلەمان رێواز فایەقە، بەڵام ئەوەی لە پشتی پەردەوە رودەدات مەترسیی ئەوەی دروستکردوە کە بڕیارەکە نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە هۆی کەمتەرخەمیی سەرۆکی پارلەمان و لەبەرچاوگرتنی دۆخی پارتیی دیموکراتیی، هەروەها بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتیی لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نین، بەتایبەت کە بڕیارەکە تایبەتە بە ئەندامێکی پارلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی نەک یەکێتیی.
لە بنەڕەتدا دانیشتنی ھەلگرتنی پارێزبەندیی سۆران عومەر بە رێگەپێدانی سەرۆکی پارلەمان بوە، چونکە دەیتوانی وەک چۆن ئێستا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە، رێگرییش لە بڕیارێکی وا بگرێت. بەڵام بە ھۆی ناشارەزایی و تێنەگەییشتن و بێئاگایی فراکسیۆنەکان و ئەندامەکانی پارلەمان تێپەرێندرا، ئەگەرنا تەنھا سەرۆکی پارلەمان بەشداریی کۆبوونەوەکەی بکردبوایە، پارتی نەیدەتوانی پارێزبەندییەکە لاببات، فراکسیۆنەکانیش تەنھا لە ژوورە پێشێلی خاڵە پەیڕەوەکانیان بگرتبوایە بریارەکە نە دەدرا.
ئەوەی وای کرد سەرۆکی پارلەمان ئەو بڕیارە بدات، کارکردنی سۆران عومەر بو لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پارلەمان دوای ئەوەی سۆران عومەر لەگەڵ چەند کەسێک بەوردیی تەواوی لایەنە ناقانونیی لابردنی پارێزبەندییەکە و هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندییەکە و دیوە شاراوەکانی بڕیارەکە شیدەکەنەوە. دواتر سۆران عومەر یەکێتیی دەخاتە هەڵوێستێکی موحریجەوە بۆ ئەوەی دژی ئەو بڕیارە تاکلایەنەی پارتیی بوەستنەوە. ئەوەی بەختی سۆرانی زیاتر کرد، ناکۆکییەکانی مەسرور بارزانیی و لاهور تاڵەبانیی بو کە لاهور تاڵەبانیی بەتەواوی توانایەوە دژایەتیی ئەو بڕیارەی پارلەمانی کرد، بە رادەیەک لاهوڕ تاڵەبانی هەڕەشەی ناچارکردنی دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکی پارلەمان کرد ئەگەر بێت ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێنێتەوە.
دوای بریارەکە، سۆران عومەر تەواوی پێشێلکارییە قانونییەکانی پارلەمان دەخاتەڕو و بە نوسراوێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی پارلەمانی کرد. لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی کە هاوکات قوباد تاڵەبانیی و رێواز فایەقیش بەشدار دەبن، سەرەڕای ئەوە رێواز فایەق پاساوی قوڕسیی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەهێنێتەوە، بەڵام مەکتەبی سیاسیی بڕیاردەردەکات.
دوای ئەوەی کە پارلەمانتارێکی پارتیی راستیی ئەو روداوەی ئاشکراکرد، ئینجا پێگەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە.
لە کاتی بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، چەند کەسێک پەیوەندییان بە رێواز فایەقەوە کردوە بۆ دەستخۆشیی، بەڵام رێواز فایەق گوتویەتی کە ئەو “بڕیاری هاوسەرۆکانی یەکێتی جێبەجێکردوە،” و راشیگەیاندوە کە “باوەڕی بەوە نییە دادگا ئەو بڕیارەی سەرۆکی پارلەمان جێبەجێبکات و بڕیارەکەی دیکەی پارلەمان رەتبکاتەوە.”
ئەوەی پێویستە رێواز فایەق وەڵامبداتەوە ئەوەیە کە بۆچی رێواز فایەق پێیوایە ئەو بڕیارە جێبەجێناکرێت لە کاتێکدا خۆی ناقانونییەتی بڕیارەکەی پارلەمانی سەلماندوە و هەڵوەشاندۆتەوە؟
لێرەدا پێویستە سەرۆکی پارلەمان ئەو رێککارانەی خوارەوە جێبەجێبکات بۆ ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندییەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە:
یەکەم: دەبی بە هەواڵ لە سایتی پارلەمانی کوردستان بڵاوبکرێتەوە، نەک پی یو کێی میدیا. یان لای خۆی دەقەکە لە تویتەر و فەیسبوک بڵاویبکاتەوە.
دوەم: بەزوترین کات ئەو هەڵوەشاندنەوەیە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاوبکرێتەوە.
سێیەم: پێوێستە سەرۆکی پارلەمان بەڕەسمیی داوا لەو دادگایە بکا کە سکاڵای دادگاییکردنی سۆرانی تێدا تۆمارکراوە تەواوی پڕۆسێسی دادگایییەکە رابگرن چونکە سۆران عومەر ئێستا بۆتەوە خاوەنی پارێزبەندیی پارلەمانیی، تا پارلەمانیش پارێزبەندییەکە دیسان لانەباتەوە، دادگا ناتوانێت سۆران بانگهێشتی دادگا بکا.

سەبارەت بە ھەڵوەشانەوەی پارێزبەندیی سۆران عمر لە رووی سیاسی و یاساییەوە و بێکاریگەرکردنی بڕیارەکەی پارلەمان کە پارتی تاکلایەنە دەربازیکرد، سەرکردایەتیی یەکێتیی پێیوابوە کە هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی پارلەمانیی سۆران عومەر گارەنتیی ئەوە دەدات کە جارێکی تر پارتیی تاکلایەنە نەتوانێت بڕیارەکانی پارلەمان تێبپەڕێنێت. هەرچەندە پارتی لە ٢٠١٥ پارلەمانی بۆ دو ساڵ داخست لە بەرانبەر هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی دڵنیایە پارتیی ناتوانێت کارێکی وا لە ٢٠٢٠ دوبارەبکاتەوە هەم بە هۆی گۆڕانی هاوکێشەی هێز تا رادەیەک و هەمیش پارتیی نایەوێت هەڵەی وا گەورە دوبارەبکاتەوە.

لە هەمان کاتیشدا، پارتی هەمو توانا پارلەمانییەکانی خستنەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕیارە، بەڵام ئەگەر گروپێکی شارەزا و لێهاوت لە پارلەمان بن، یان لەپشتی پارلەمان بن، لەڕێی قانونەکانی پارلەمانەوە دەتوانرێ پارتیی تا رادەیەکی باش لە پارلەماندا سنوردار بکرێت، بەتایبەت کە سەرۆکی پارلەمان یەکێتییە. ئەوەی کە جێگەی مشتومڕیش بوە، ئەوە بوە کە ئەگەر بریارەکە ھەلوەشایەوە، ئایا پارتیی دەتوانێت هانا بۆ کام قانون و دەزگای قەزائیی ببات بۆ دژایەتیکردنی هەڵوەشانەوەکە، بەڵام رونە کە پارتی ناتوانێت دادگای شورا بەکاربهێنێت لەبەرئەوەی لە تایبەتمەندێتیی ئەو دەزگایە نییە تەداخول لە کاروباری پارلەمان بکات چونکە پارلەمان دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە. لەگەڵ ئەوانەشدا، جگە لەوە جێگر و سکرتێر ناتوانن نوسراو ئاراستەی دادگا بکەن چونکە تەنھا سەرۆکی پارلەمان دەتوانێ نوسراو بە ناوی پارلەمان بۆ دامەزراوەکانی دەرەوەی پارلەمان بنێرێت.
ئەو بڕیارە گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە چونکە ئەمە یەکەم جارە یەکێتیی دوای چەندان ساڵ لە بەرانبەر پارتییدا هەڵوێستێکی سەداسەد پێچەوانە وەردەگرێ و لە پاڵ خزمەت کردنی سیاسەتی یەکێتیی، خزمەتی دیموکراسییش دەکات. ئەوەی جێی نیگەرانییە هێشتا دیار نییە ئایا یەکێتیی سور دەبێت لەسەر بەرگریکردن لەو بڕیارە یان دیسان تەسلیم بە ئیرادەی پارتیی دەبێتەوە، بەتایبەت کە کوردستان تایمز زانیویەتی هەندێک بەرپرسی هەرە باڵای یەکێتیی لەڕێی پەیوەندییەکانی خۆیانەوە لەگەڵ پارتیی قسەیان کردوە و بێبەریبونی خۆیان لەو بڕیارەی یەکێتیی دەربڕیوە. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە گرنگیی خۆی هەیە بۆ ئەوەی دیموکراسیی وەک مەبدەئێک پارێزراو بێت و ئەندام پارلەمانان بێترس چاودێریی کارەکانی حکومەت بکەن و لێپرسینەوە ئەنجام بدەن و لە فۆرمولەکردن و داڕشتنی قانونەکان تەنها بەرژەوەندییەکانی گەل لەبەرچاوبگرن.

بەشکردن: