شکستی ئۆپەراسیۆنی ‘چنگی هەڵۆ’ی تورکیا دژی پەکەکە
کوردستان تایمز
لەکاتێكدا دەرپەڕاندنی داعش لە دوا مۆڵگەی لە ئازاری ساڵی پار لەلایەن کچ و کوڕانی رۆژائاڤای کوردستانەوە دەکرێت وەك هەستانەوەی یەکەمی سەربازی کورد لێکبدرێتەوە لە دوای شکستە سەربازییەکان لە کەرکوك و عەفرین و سەری کانیێ، هیچ سەیر نییە و دووریش نییە ئەم خۆپاراستنەی پەکەکە لەو هێرشە بەرفراوانە ئاسمانییە وەك دووەم هەستانەوەی سەربازی کورد لێکبدرێتەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر پەکەکە بتوانێت بەرانبەر ئەو هێرشە زەمینییەی کە دوێنێ تورکیا رایگەیاند خۆی بگرێ و بەرگریی بکات.
تورکیا یەكشەممە هێرشی ئاسمانی یەك لە دوا یەکی ئەنجامدا بۆ سەر ٨١ ئامانج لە هەڵمەتێكی فراواندا بە بەشداری چەندین بنکەی سەربازی هێزی ئاسمانی خۆی بۆ وەشاندنی “گورزێکی کەمەر شکێن” لە هێزە سەربازییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
هێرشەکە سەرانسەری ئەو ناوچانەی گرتەوە کە ناسراون گەریلاکانی پەکەکە تیایاندا چالاکن یان پێشتر لەو هەرێمانە بوونیان هەبووە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناوچە کێشە لەسەرەکانی عێراق کە بۆ ماوەیەکی کاتیی لە کاتی شەڕی داعشدا لە سەنگەرەکان بون.
ئۆپەراسیۆنەکەی ژەنڕاڵە تورکەکان ناویان لێنا “چنگی هەڵۆ” چڕترین و گەورەترین ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی بووە سوپا لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەنجامی داوە، کەچی دەرئەنجامەکەی شکست بوو نەك سەرکەوتن، چونکە توندوتۆڵی هێڵەکانی بەرگریکردنی پەکەکە نەك تێکنەشکێنران لە قوڵایی سەختی چیاکاندا بەڵكو هەر بەر نەکەوتن.
وەزارەتی بەرگری تورکیا دواتر پەنای بردە بەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساختە و دەستکاریکراو بۆ پیشاندانی ئەوەی گوایە گرتەیەکی هێرشەکە بووە، هەر وەك یەکەی پشتڕاستکرندەوەی ڤیدیۆیی کەناڵی روسیا تودەی سەر بە کرێملینی مۆسکۆ ئاشكرای کرد.
ئەو هێرشە پەیامی بۆ ناوخۆ و بۆ حکومەتی نوێی عێراق و ئەمریکاش پێبوو، بەڵام لە رووی سەربازییەوە مایەپوچییەکەی هەوڵ و هەڵمەت و هیمەتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ی باڵی سەربازی پەکەکەی دەرخست لە خۆ پاراستنیان لەو جۆرە هێرشە بەرفراونە ئاسمانییە کوشندانە.
هەپەگە وتی هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە لە بۆردوومانەکاندا و تەنانەت لە مەخمور و شەنگال ئەوان گەریلایان نییە، چونکە جگە لەو شوێنانەی گەریلای لێن لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤا شین و خواکورك و گوندەکانی قەندیل، کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و هێزێکی ناوخۆیی شەنگالیش لە پارێزگای نەینەوا کرانە ئامانج.
یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) وتی چوار شەڕڤانیان بریندار بوون لە هێرشە ئاسمانییەکەی چەندین شوێنی ئەو ناوچە زۆرینە ئێزدییەی لە چیا شەنگال و دەوروبەری پێکا.
ئەو گروپە ئیزدییە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە ئاپۆچییەوە لەسەر دەستی فەرماندارانی هەپەگەش راهێنانیان پێکراوە لە شەنگال لە کاتی شەڕی داعشدا و ئێستا بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق و وەك هێزێكی ناوخۆیی لە شەڕی داعش بەشداربو و ئێستاش ئەرکی پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکانی لەسەر شانە.
دووەم هەستانەوە
پوچەڵبوونی هێرشە ئاسمانییەکە دەریخست پەکەکە سەرکەوتووانە خۆی قایمکردووە لە قەندیل و سەلماندی تەکنیکی بەرگریکردن و خۆپاراستنی سەربازی گشتیی ئەو لە چیاکاندا خۆڕاگرە، تەنانەت لە بەرامبەر هێرشی زۆر توندی لەناکاویش کە بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی لە دژی ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە لە رابردودا لە هێرشەکانی تورکیادا لەسەر ئاستی تاک زیانی زۆری بەرکەوتوە.
دەیان فڕۆکە لەوانەش کە لە ئەمریکا درووستکراون بە هاوەڵی نوێترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی و لەگەڵیاندا دەیان فڕۆکەی دیکەی سوتمەنی گەیاندن بە پشتیوانی چەندین فڕۆکەی چاودێری هێرشەکەیان ئەنجامداوە بۆسەر ئەو ناوچانە.
لەکاتێكدا دەرپەڕاندنی داعش لە دوا مۆڵگەی لە ئازاری ساڵی پار لەلایەن کچ و کوڕانی رۆژائاڤای کوردستانەوە دەکرێت وەك هەستانەوەی یەکەمی سەربازی کورد لێکبدرێتەوە لە دوای شکستە سەربازییەکان لە کەرکوك و عەفرین و سەری کانیێ، هیچ سەیر نییە و دووریش نییە ئەم خۆپاراستنەی پەکەکە لەو هێرشە بەرفراوانە ئاسمانییە وەك دووەم هەستانەوەی سەربازی کورد لێکبدرێتەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر پەکەکە بتوانێت بەرانبەر ئەو هێرشە زەمینییەی کە دوێنێ تورکیا رایگەیاند خۆی بگرێ و بەرگریی بکات.
دەکرێت بەو شێوەیەش نەشکێتەوە، ئەو هێرشە چڕە لەوانەیە دەستپێکردنی شەڕێكی زۆر گران بێت و دەکرێت فشارێكی زۆر بۆ پەکەکە بێنێت، بەڵام لە ناوچوونی، وەك وەزیری بەرگری تورکیا حلوسی ئاکار دەڵێت “ئەمجارە بۆ پانکردنەوەی سەری ماری تیرۆریستەکانە”، ئەستەمە رووبدات.
بێئەنجامیی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بە گوژمە توندە ئەو بۆچوونەی پشتڕاستکردەوە کە تورکیا ناتوانێت بە هێزی سەربازی پەکەکە لەناو ببات، هەر ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازیی تورکییش، وا دەکات چەندین ساڵە ململانێی شەڕی ناوخۆیی بەدوادابێت کە زیاد لە تورکیاش بگرێتەوە. ئەو هێرشانەی پێشووتر تەنیا لێکەوتەی مەزن بوونی پەکەکە و پێگە و جەماوەرەکەی بووە لە ناو کورد و نەتەوەکانی دیکەشدا.
هەواڵگریی لاواز
تورکیا لە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی پەکەکە و رێکخراوە هەوادارەکانی لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆری تاکەکەسیدا تا رادەیەك سەرکەوتوو بووە لە چەند ساڵی رابردوودا، وەك چۆن چەند هەفتە لەمەوبەر ئەندامی کۆمیتە ناوەندی پەکەکە قاسم ئەنگینی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کردە ئامانج، پێش ئەویش تێکۆشەر گەڤەر لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی سپارد. گەڤەر فەرماندەی پاراستنی مەخمور بوو لە ٢٠١٤ ، ئەو کاتە سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی خۆی چووە لای بۆ سوپاسکردن و ستایشیکردنی گەریلاکان لەسەر سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا.
پێش ئەویش دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد کە لە بەشی پەیوەندییەکانی پەکەکە و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بوون لە سەر گۆیژە لە سلێمانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ژیانیان لەدەستدا. دیار غەریب کە ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە بوو لە هێرشێکی ئاسمانی پشت ئەستوور بە هەواڵگری میت لە تەمموزی پارساڵ گیانی سپارد. چەندین کادری باڵا و فەرماندار دیکەی پەکەکە و هەوادارەکانیان بە هەمانشێوە کراونەتە ئامانج، وەك چۆن زەکی شەنگالی و زەردەشت شەنگالی بوونە قوربانی هێرشە ئاسمانییەکان لە شەنگال.
لە چوار ساڵی رابردوودا تۆڕێكی سیخوڕی میت لە هەرێـمی کوردستاندا فراوان کراوە و بە گوتەی سەرچاوە هەواڵییەکانی نزیك دەزگا هەواڵگرییەکە نزیکەی ٢٠ بنکەیان لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی هەیە.
لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەم دوایین هێرشە ئاسمانییە دەریخست پێگەی پەکەکە زۆر لە تۆڕە هەواڵگرییەکەی تورکیا بەهێزترە لە هەرێمی کوردستاندا کاتێك کار دەگاتە سەر هێرشی بەرفراوانی چڕ و پڕ بۆ سەر بنکە و بارەگا سەرەکییەکانی. لە راستیدا تورکیا لە کردنە ئامانجی تاکە کەسەکانیشدا زۆرجار لەو کاتانەدا سەرکەوتوو بووە کە لە ناکاو و لە غافڵدا پێکاونی و ئەوان لەناو ژیانی مەدەنیدا بوون و بێچەك بوون.
لەم هێرشەدا دەرکەوت هەواڵگری تورکیا نەك لاوازە بەڵکو هیچی لەدەستدا نییە بۆ نزیك بوونەوەی لە دەماری سەربازی ئەو بزووتنەوەیە، دەنا هێرشەکان دەبوو هەر دار و بەردیان نەپێکایە لەو ناوچانەی گەریلایان تیادان و لە ئەدەبیاتی پەکەکەدا بە “هەرێمی پاراستنی میدیا” ناسراون.
گرنگیی هاوسۆزان
هۆکارێکی سەرەکی نەگەیشتنی میت بە شوێنی مەبەستیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرەی زۆری دانیشتووانە کوردەکە لەو ناوچانەی هەپەگەی پەکەکە تیایاندا هەڵدەسوڕێت هاوسۆزی گەریلان خۆشیان بە بەشێك لە دۆزەکە دژ بە تورکیا دەزانن.
ئەو هاوسۆزییە چەندە بەندە بە پەیوەندی گەرم و گوڕی چەند ساڵەی نێوان پەکەکە و دانیشتووانەکە ئەوەندەش پەیوەستە بەو راستیەی کە دانیشتووانەکە لەلایەن تورکیاوە خۆیان و خاك و ئاویان چەندین ساڵە دەکرێنە ئامانج.
درەختێك کە بۆ جووتیارێك وەك منداڵی وایە و بەری رەنجی چەندین ساڵ خزمەتکردن و لاوانەوەیە، کەچێ لەلایەن فڕۆکەیەکی بێرۆحی رۆبۆتی وەك فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە چرکە ساتێكداکە کە دەپێکرێت تەنیا تۆزی دەمێنێتەوە بەسەر ئەو زەوییەی پێشتر بە پیت و ئێستا قەقنەس رەنگی سوتێنراوە.
لە رووی مێژووییەش ئەو ناوچانە لانکەی کوردی یاخی بوون و هەناوی شەڕی دژ بە رژێمە یەك لە دوا یەکەکانی عێراق بوون، بۆیە بۆ ئەوان خۆ ئەژمارکردن لەبەرەی شۆڕشگێڕان دژ بە داگیرکەری پێویستی بە دووجار بیرکردنەوە نییە.
دەکرێت هەر بەهۆی ئەو هۆکارانەوە بێت لە چەند ساڵی رابردوودا تورکیا زۆربەی جار لە نزیك شار و لە کاتی ئەرکی مەدەنی و لەناو خەڵكی سیڤیلدا کادیرانی پەکەکەی کردۆتە ئامانج، جا لە سەر رێگای خواکوركی بادینان بوو بێت یان لە برادۆستی هەولێر یاخود لە سەر ئەزمەڕی سلێمانی.
پەیامە جیۆسیاسییەکان
ئەو هێرشە ئاسمانییە سێ رۆژ دوای سەردانی سەرۆکی میت هاکان فیدان بۆ بەغدا روویدا، کە تیایدا راپۆرتە هەواڵییەکان دەڵێن تورکیا پێداگری کردووە لە بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە.
ئەو سەردانەی هاکان لە کاتێکدا بوو ئەمریکا و عێراق تاوتوێی رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان دەکرد کە پێدەچێت ئەنقەرە بۆ جێکردنەوەی ئەجێندای خۆی لەو هاوپەیمانییەی نێوان بەغدا و واشینتۆن هاتبێت.
ئەو سەردانە هەفتەیەك دوای سەردانی فەرمانداری گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەزلوم عەبدی بوو لە رۆژئاڤای کوردستانەوە بۆ بەغدا، بۆ تاوتوێکردی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش لە سەر سنووری سوریا و عێراق.
سەرۆکی میت کە دەوترێت لەسەردانەکەیدا وەزیری بەرگری تورکیاش یاوەری بووە پێدەچێت بۆ هۆشداریدان هاتبێتە بەغدا. بەرپرسانی عێراق پێناچێت بە داواکانی تورکیا رازی بن لەبەر ئەوەی حکومەتی بەغدا باڵوێزی تورکیای بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی لێپرسینەوە کرد لەسەر هێرشە ئاسمانییەکە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کرد و وەکو وروژاندن و بنپێکردنی سەروەری عێراق ناساندی.
ئەگەر عێراق لە ناچاریشدا بە هێرشی سەر سنوورەکان رازی بووبێت لە کۆبوونەوەکاندا، پێناچێت داوای نەکردبێت لە ناو جەرگەی خاکی عێراق ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدرێت، وەك شەنگال و مەخمور لە پارێزگای نەینەوا.
بۆیە دەکرێت هێرشە ئاسمانییەکە پەیامێکی پێداگر و سەرەڕۆییانەی ئەنقەرە بوو بێت بۆ بەغدا و واشینتۆن کە ئەو بەردەوام دەبێت لە فراوانخوازی سەربازی خۆی لە باکوری عێراق چی جای ئەوان قایل بن یان نا.
راستە ئاسمانی عێراق لەژێر رکێفی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکادایە و پێدەچێت ئەوان وەك هەموو کاتێكی دیکە پێشتر ئاگادار کرابێتنەوە لەم هێرشە و گڵۆپی سەوزیان هەڵکردبێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەو ئاگادارکردنەوەیە هەلی ناچارکردنی تیادایە بە بەکارهێنانی کات و بەهانەکانی بۆ هێرشەکە تورکیا داویەتی بۆ نموونە رێگای تێدەچێت لە کاتێکی زۆر کەم بەر لە هێرشەکە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان ئاگادار کرابێتەوە، وەك چؤن چەند ساڵ لەمەوبەر لە شەنگال ئەوەی کرد و بە هەڵە پێشمەرگەی کردە ئامانج لە بری گەریلا، لە هەمانکاتدا لەودیو سنووریشەوە و لە چیای قەرەچوغ لە رۆژئاڤا ئۆفیسی رادیۆ و بنکەیەکی دیکەی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کرانە ئامانج.
لە ناوخۆی تورکیا حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر جارێك پێویستی بە کۆکردنەوەی پشتیوانی هەبووبێت یاری بە دەمارگیری نەژادپەرستی جەماوەرەکەی و دەنگەرەکان کردووە لە رێگای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەوە دژ بە پەکەکە.
ئەگەر پێشتر هێرشەکانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگدەرانی پەرلەمان و رەیفراندۆمی سیستەمی سەرۆکایەتییەکەی بەکارهێنابێت، ئێستا دوور نییە بۆ لێدانی زیاتر لە پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) قوڵکردنەوەی شەڕ بەکار بهێنێت، چونکە ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ئەندام پەرلەمان و کادیرانی هەدەپە دەستپێکردنی رێپێوانی سەرتاسەرییان بۆ ئەنقەرە راگەیاند، بۆ بانگەشە کردن بۆ مافی مرۆڤ و ئازدبوونی هەموو بەندکراوە سیاسی و رۆژنامەنووسەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کورد.
ئەو رێپێوانەی هەدەپە کە پارتەکە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی بنکە جەماوەرییەکەشی ئەنجامی دەدات لە سەرانسەری وڵاتدا، وێدەچێت جێگای ترسی لای ئەردۆگان و چواردەورەکەی درووست کردبێت و ویستبێتیان لە رێگای ئەو هێرشەوە – لە پاڵ پەیامە جیۆسیاسییەکاندا – لەناوخۆ خەنجەرێکیش لەو هەنگاوەی هەدەپە بدەن.