پێشمەرگە و ئاسایش؛ گەندەڵی و بە سەربازگەکردن

ڕێبین فەتاح

 

لەوەتەی پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمەوە، دۆسیەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بە نادامەزراوەیی و ناڕێکخراوەیی ماونەتەوە. پارتی و یەکێتی هەر لە سەرەتاوە هەوڵیاندا لە ڕێگەی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆوە، هەم کۆنترۆڵی خەڵک و هەم پەرە بە گەندەڵی بدەن، بە کەمتر لە دوو ساڵی تەمەنی حکوومەتی هەرێم، ژمارەی پێشمەرگە بۆ سەرووی ٣٥ هەزار هەڵکشا و ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ ٢١٧ هەزار و  ٩٧٩ پێشمەرگە، لەپاڵ ١٠٤ هەزار و ٦٩٩ کارمەندی هێزەکانی ناوخۆ بەرز بووەتەوە و نەک هەر قورساییەکی بێوێنەی لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووە، بەڵکو سروشتێکی سەربازی و ئەمنی بە ستراتیژیەتی بودجەی هەرێم بەخشیوە.

(پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن)

وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمەوە دامەزراوە، ئامانج لە پێکهێنانی وەزارەتەکە ڕێکخستن، یەکخستن و بە نیشتمانیکردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حزبەکان بوو؛ پارتی، یەکێتی، شیوعی، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست، بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەوانی دیکە کە لە شاخەوە بۆ شار دابەزیبوون. ئەگەر پاش ٢٨ ساڵ لە تەمەنی حکوومەتی هەرێم، هێزە چەکدارەکانی زۆرینەی حزبە سیاسییەکان خۆیان لە چوارچێوەی (هێزی حکوومەت)دا تواندەوە، پارتی و یەکێتی زیاتر و زیاتر هێزی چەکداریی حزبییان کۆکردەوە. لێرەوە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەک ئەرکی پڕچەککردنی هێزەکانی پارتی و یەکێتی و لەلایەکی دیکە ئەرکی چەکداماڵی حزبەکانی دەرەوەی جووتحزبەکەی لە ئەستۆ گرت.

بە دوو ساڵ پاش پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە سەنگەریان لە یەکتر گرت و شەڕێکی ناوخۆییان بەرپا کرد، شەڕەکە چوار ساڵی ١٩٩٤-١٩٩٨ خایاند و تیایدا هەزاران لە پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی و بەشێک لەو حزبانەی لە شەڕەکەوە گلان، بوونە قوربانی. لێرەوە ئەرکی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرەوە بۆ سەپاندنی حوکمی میلیشیا لە ناوخۆی کوردستاندا گۆڕا.

هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، تەنیا پەرەپێدان لە ژمارە و قەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، لە دەرەوەی هەر ڕێکخستن و بە دامەزراوەییکردنێک. هەڵکشانی قەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە، هیچ کات بەگوێرەی پێویست و بە ئامانجێکی نیشتمانی نەبوو، بەڵکو هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەیانویست لەو ڕێگەیەوە چەند ئامانجێکی دیکە بپێکن، وەک؛ خۆسەپاندن لە ڕێگەی هێزی سەربازیی و ڕاکێشانی وەلائی خەڵک بۆ حزب(کڕینی دەنگ)، ئەو پرۆسەیەش هەر لە سەرەتایەکی زوودا شەڕی ناوخۆیی و بە سەربازگەکردنی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە.

ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم، پارتی و یەکێتی زۆرترین سەرنجیان لەسەر خۆچەکدارکردن و پڕچەککردن چڕکردەوە، لەو ڕێگەیەوە کۆنترۆڵکردنی شار و دەڤەرەکان و سەرچاوەکانی داهاتیان مسۆگەر دەکرد. لێشاوی چەکدارکردن، ترسێکی گەورەی بۆ زۆر کەس و لایەن دروست دەکرد، خودی بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتییش، هیچ کات نکوڵییان لەو ڕاستییە نەکردووە. لە سەرەتای ١٩٩٤دا، جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانپێدانانێکی ڕاشکاوانەی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان و دەزگەکانی ڕاگەیاندن پاتە کردەوە؛ هەردوو حزب دەستیان کردووە بە دروستکردنی میلیشیا و لیوای تایبەت و ئەو هێزانەی لە دژی یەکتریان کۆکردووەتەوە؛ “بەشی ڕزگارکردنی مووسڵ و کەرکووک دەکات”(١).

ئامانجی هەردوو حزبەکە، لە گەشەپێدانی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هیچ کات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر و دوژمنێکی دەرەکی نەبوو، بگرە هەر لە سەرەتایشەوە هەموو هێزە چەکدارەکانیان لە ناوەندی شارەکان و لەسەر ڕێگە گشتییەکانی نێوان شارەکاندا جێگیرکرد، نەک لە سنوورەکانی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستاندا. سەرەتای ساڵی ١٩٩٤، کۆسرەت ڕەسووڵ دووەمین سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (برایەتی) زمانحاڵی پارتی دیموکرات، ململانێ و کێبڕکێی پارتی و یەکێتی بە (پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن) پێناسە کرد(٢).

ڕۆژنامەی برایەتی؛ ژمارە ٢٠٠١ی ڕێککەوتی ٢٥ی تەمووزی ١٩٩٤

ئەو پێشبڕکێیەی پارتی و یەکێتی لە خۆچەکدارکردن و پڕچەککردندا، بەدرێژایی تەمەنی حکوومەتی هەرێم تا ئێستا بەردەوامی پێدەدرێت. لەو ٢٨ ساڵەدا، پێشکەوتنی بێوێنە لەڕووی چەندایەتییەوە لە هێزەکانی پێشمەرگەدا دروستبووە. بەپێی تۆماری بایۆمەتری ژمارەی هێزە سەربازییەکان بۆ ٢١٧ هەزار و  ٩٧٩ پێشمەرگە هەڵکشاوە، جگەلە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس، بەڵام لەڕووی چۆنایەتییەوە، کە خۆی لە بە دامەزراوەییکردن و بە نیشتمانیکردنی هێزە سەربازییەکان دەبینێتەوە، هێشتا چەکدارەکان بڕیار لە حزب و کارەکتەرە باڵادەستەکانی حزب وەردەگرن، بگرە دەیان هەزاریان تەنانەت وەک هێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیش تۆمار نەکراون، لەناویاندا یەکەکانی ٧٠ و ٨٠  کە بەپێی ڕاگەیەنراو و لێدوانەکانی بەرپرسانی پێشمەرگە، ژمارەیان ١٢٠ هەزار پێشمەرگەیە و ڕاستەوخۆ فرمان لە پارتی و یەکێتی وەردەگرن. بەو شێوەیە ژمارەی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتەکە زیاترن.

  حکوومەتی چەککراو

بەدرێژایی تەمەنی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێم، هیچ کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، لەژێر فرمانی حکوومەتدا نەبوون، لەکاتێکدا بوونی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتدا، پاساوێک بووە بۆ (ڕەوایەتیدان و پارەدارکردن)ی هێزە چەکدارەکانی حزب.

بوونی هێزی چەکدار بەدەست حزبەوە، وایکردووە حکوومەت یان هەر دەسەڵاتەکان بەگشتی نەتوانن پارێزگاری لە یاسا و بڕیارەکان بکەن و هەر کاتێکیش لەلایەن خەڵک و لایەنەکانەوە، فشار بۆ سەر پارتی و یەکێتی دروستبووبێت، ڕاستەوخۆ هێزەکانی سەربازی و ناوخۆیان لە ململانێ و کپکردنەوەی فشارەکان بەکارهێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، پارتی لە ڕێگەی هێزی چەکدارەوە، ڕێگریی لە گەڕانەوەی د. یوسف محەمەد سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان (لە پشکی گۆڕان) بۆ هەولێر کرد و کۆتایی بە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هات، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە سەرۆکی پەرلەمان مکوڕبوو لەسەر درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. پێشتر و لەساڵی ١٩٩٤دا یەکێتیی نیشتمانی، باڵەخانەی پەرلەمانی بەڕێگەی هێزە چەکدارەکانی خۆیەوە کۆنترۆڵ کرد، کە ئەوکات پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و لە هەندێک بابەتی وەکوو مووچە و بودجەدا، گوشاری بۆ حکوومەت دەهێنا کە لەلایەن یەکێتییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و یەکێتییش بە هێزی چەک پەرلەمانی ڕاگرت.

ئەوەش پەیوەندی بە مامەڵەی هێزەکانی چەکدارەکان لەگەڵ خەڵک هەبێت، هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، سەدان مانگرتن، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لەلایەن چەکدارانی حزبەوە و بە زەبروزەنگ کۆتایی پێهێنراوە. لە خۆپیشاندانەکەی هەولێر لە ساڵی ١٩٩٢دا، بە گولەی هێزەکانی ئەمنی لانیکەم سێ کەس کوژران کە ئافرەت و منداڵیان لەناودا بوو. لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواتریشدا هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی بە ئاشکرا ژمارەیەک خۆپیشاندەریان کوشت و چەند منداڵیش لەناو کوژراوەکاندا هەبوون.

بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان لە یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان و کپکردنەوەی داخوازی و نیگەرانییەکانی خەڵک، دەرکەوتەیەکی نوێ نییە و لەگەڵ یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمەوە تا ئێرە درێژ بووەتەوە. بەوەش پارتی و یەکێتی هەم ڕێگەیان لە دەرفەتی یەکسان و دیموکراسییانە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسیی گرتووە و هەمیش خۆیان بەسەر شار و دەڤەرەکان لە شێوەی مۆڵگەی سەربازییدا سەپاندووە.

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧٩٨ی ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٤

کاتێک پارتی لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانییەوە دەستی بەسەر پارێزگای دهۆک و یەکێتی دەستی بەسەر پارێزگای سلێمانیدا گرت و یەکتریان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا کردە دەرەوە و بە کردەوە حوکمێکی میلیشییان بەرپا کرد، هەولێر تەنیا شارێک بوو کە چەکدارانی هەردوو حزبەکەی تێدا مابێتەوە. پێش ئەوەی لە ١٩٩٥دا هێزە چەکدارەکانی یەکێتی، چەکدارانی پارتی بە تەواوەتی لە ناوەندی هەولێر بکەنە دەرەوە، نزیکەی ٢٠٠ بارەگای هێزە چەکدارەکان لە ناوەندی هەولێر کۆکرابوونەوە، ژمارەی چەکدارانی ئەو بارەگایانە بە دوو هەزار چەکدار دەخەمڵێندرا(٣). بگرە بەپێی هەندێک سەرچاوە تەنیا پاسەوانی پەرلەمانتار و وەزیرەکان لەناو شاری هەولێر خۆی لە دوو هەزار چەکدار دەدا(٤). بەو حالەیشەوە هەولێر لەڕووی ئاسایشەوە لە دۆخێکی ئەوەندە شلۆق بوو کە بەدەربڕینی کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت چەند گەڕەکێکی شارەکە کەوتبووە دەست؛ “عەسابە و پیاوکوژان”ەوە(٥). ئەوە لە ڕۆژێکدا کە بە ژمارە ٣٥ هەزار پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەشت هەزار پۆلیس تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر مووچەیان وەردەگرت، بەڵام وەک خوسرەو شێرە پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر (لە پشکی پارتی) دەیگوت؛ “ئەگەر داوای تەنیا ١٠ پۆلیس بکەین، دەڵێن نییە”(٦). پێدەچێت ڕوونترین گوزارشت لە دۆخی حکوومەت و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی میلیشیای حزبدا، گوزارشتکردنەکەی کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم بێت(١٩٩٢-١٩٩٦)؛ “حکوومەت تەنیا (سەنەوی)ەکەی بەناوی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، دەنا وەکو ئۆتۆمبێلێک بووە خەڵکی تر لێیان خوڕیوە و تاوانی پێکردووە و سەنەوییەکەشی لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران حیساب بووە(٧).

لەسەرەتایشەوە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەی نیوە بە نیوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دابەشکرابوون نەک دامەزراندن لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی و ڕێکخراو، چەکدارەکان بەناوی حزبەوە دادەمەزران نەک حکوومەت، لەبەرئەوە فرمانیشیان هەر لە حزب وەردەگرت. وەک جەلال تاڵەبانی پاتەی دەکردەوە؛ “هەرکاتێ ئێمە ئەمرمان پێکرد ئەوا هەریەکە دەچێتەوە بن دەستی حزبی خۆی”(٨).

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ؛ ژمارە ٧٥٩ی ڕێککەوتی ١٦ی ئابی ١٩٩٤

لەبارێکدا حکوومەت هەم داهات و هەم هێزی ئاسایش و سەربازی لە حزب وەردەگرێت و بەخۆی خاوەنی نییە، وەک ئێستا و لە سەرەتاوە، ئەو هێزانەی لە سەربازی و ناوخۆ ڕادەستی حکوومەت کراون، لەڕووی ڕاهێنان و چەک و پێویستییەکانەوە، زۆر بچووکتربوون لەو هێزە چەکدارە تایبەتانەی لەلایەن حزب و کارەکتەرە باڵادەستەکانەوە سەرپەرشتی دەکران. یونس ڕۆژبەیانی وەزیری ناوخۆ(سەر بە پدک) لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەیگوت؛ ئەو هێزە چەکدارانەی بەنایاسایی هەن لە ڕووی ژمارە و جۆری چەکەوە لە ژمارەی پۆلیس و ئاسایشی سەر بە حکوومەت زیاترن و چەکی قورستریشیان بەدەستەوەیە(٩).

هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە

هیچ کاتێک حکوومەت و پەرلەمان دەسەڵاتێکیان بەسەر پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ نەبووە، بەڵکو بە بڕیاری سەرکردایەتی باڵای پارتی و یەکێتی هەتا ژمارەی پێشمەرگە و مووچەکەی دەستنیشان کراوە. ساڵی ١٩٩٤ بە ژمارە ٣٥ هەزار پێشمەرگە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە تۆمار کرا بوون(١٠)، مووچە و خەرجی ئەو هێزەش تا ٢٦٪ی هەموو بودجەی هەرێمی کوردستانی پێک دەهێنا(١١). ئەوە جگەلە پۆلیس و ئاسایش کە ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوو، بە دانپێدانانی جەلال تاڵەبانی؛ “بەشی چوار وڵات دەکات، کەچی هیچی پێ ناکرێ”(١٢).

لە گفتوگۆکردنی پرۆژەبودجەی ساڵی ١٩٩٤دا، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتاران لەگەڵ تەرخانکردنی ئەو بودجە زەبەلاحە نەبوون بۆ پێشمەرگە و هەتا گومانیان لە ژمارەی ڕاستەقینەی پێشمەرگە هەبوو، بەڵام چونکە دۆسیەکە لەژێر دەسەڵاتی سەرکردایەتی باڵای یەکێتی و پارتی بوو، پەرلەمان نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە بودجەکەدا بکات و خەرجییەکانی تەرخانکراو بۆ بواری سەربازی کەم بکاتەوە(١٣).

هەبوونی چەکدار و میلیشیای حزبی، لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا شەڕی ناوخۆیی و دووئیدارەیی بەدوای خۆیدا هێنا و لە دۆخی ئەمڕۆشدا هەرێمی کوردستانی بە کرداریی بۆ دوونیمچە هەرێم دابەشکردووە، بە ئێستایشەوە زۆرترین بنکە و بازگەکانی هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ کەوتوونەتە قوڵایی هەرێم و ڕوونتر سنووری نێوان هەردوو زۆنی کەسک و زەرد.

لەبەرئەوەی هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ لەلایەن حکوومەت و لەسەر بودجەی گشتی پارەدار دەکرێن، بەشێوەیەکی ئاسایی لە هەر قۆناغێکدا ئەو حزبەی سەرۆکایەتی حکوومەتی کردووە، بودجەی گشتی لەپێناو گەشەپێدانی هێزی چەکداریی خۆی بەکارهێناوە، هەم خۆی پڕچەک کردووە و هەمیش وەلائی خەڵکی لەڕێگەی چەکدارکردنەوە بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

تا ئەوکاتەی حکوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە بەدەست یەکێتییەوە بوو(١٩٩٢-١٩٩٦)، پارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد یەکێتی داهاتی حکوومەت لە پڕچەککردنی خۆی بەکاردەهێنێت و ئەوەشی دەکردە پاساوێک بۆ دەستگرتن بەسەر داهاتی ئیبراهیم خەلیل کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم بوو. وەزیری دارایی و ئابووری کە لە پشکی یەکێتی بوو لەلایەن پارتییەوە بەوە تۆمەتبار دەکرا؛ “(ینک)ی قەڵەو کردووە و بە پارەی وەزارەت پڕچەک و تفاقی کردووە”. وەزارەتەکەش دانی بەوەدادەنا هەردوو حزب وەک یەکیان وەرگرتووە و خەرجکردنی پارە بۆ هەر حزبێک بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو مەکتەبی سیاسی (پدک و ینک) بووە؛ “جا یەکێتی چەکی پێ کڕی بێت و پارتی بە جۆرێکی تر سەرفی کردبێت، ئەوە کاری ئێمە نییە”(١٤).

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧١٥ی ڕێککەوتی ٢٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤

ساڵی ١٩٩٤ پارتی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەئاشکرا ڕایگەیاند؛ ئامادەنین داهاتی ئیبراهیم خەلیل بخەنە بەردەستی حکوومەت، بەپاساوی ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن یەکێتییەوە بەکارهێنراوە و داهاتی حکوومەتی هەرێم بۆ بنیاتنانی هێز و دەسەڵاتی سەربازی تایبەت بە یەکێتی خەرجکراوە(١٥). کە لە ڕاستیدا پارتییش دەیویست داهاتی ئیبراهیم خەلیل بۆ خۆی گل بداتەوە لەپێناو بنیاتنانی هێز و پڕچەککردنی خۆی.

دواتریش مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕوونتر گوزارشتی لە بابەتەکە کرد؛ “یەکێتی هەموو داهاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا، چونکە سەرۆک وەزیران، وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی، هەموویان سەر بە یەکێتی بوون، ئەوانەش سامانی گەلیان بۆ بەرژەوەندی یەکێتی خستەگەڕ و حزبەکەی خۆیان پێ قایم کرد، بۆیە داهاتی ئیبراهیم خەلیل نابێ بۆ بەهێزکردنی یەکێتی بەکاربهێنرێت”(١٦).

پارتی پێشنیازی ئەوەی دەکرد دەزگایەکی چاودێری دارایی دابمەزرێت و پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد؛ “یەکەم وەزارەت کە دەبێ حیساباتی بپشکنرێت وەزارەتی پێشمەرگەیە کە بەڕای ئێمە گەلێک سەرپێچی دارایی تیادا ئەنجامدراوە. بودجەکەی بۆ مەبەستێک خەرجکراوە بەدەر لەو ئامانج و مەبەستەی کە ئەم وەزارەتەی بۆ دامەزراوە”(١٧). ئەو نیگەرانییەی پارتی بەرانبەر بە پێشمەرگە، لە ١٩٩٥دا سەریکێشا بۆ پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ ئەو مەبەستەش فراکیسۆنی پارتی پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، بەڵام کاتێک لە ١٩٩٦دا حکوومەت و شاری هەولێر کەوتە دەست پارتییەوە، یەکەم کارەکانی جارێکی تر لە ڕێگەی هەمان ئەو پەرلەمانتارانەی پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیان پێشکەش بە پەرلەمان کردبوو، پرۆژەی دروستکردنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوو(١٨). چونکە ئیتر هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی پارتی دەشکایەوە و حزبەکە ئەو دەرفەتەی بۆ دروستبوو لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە شەرعیەتێکی یاسایی بە بەر هێزە چەکدارەکانی بدات و پارەداری بکات.

ڕۆژنامەی برایەتی؛ ژمارە ١٩٧٤ی ڕێککەوتی ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٩٤

بگرە لە بودجەی سێ مانگی کۆتایی ١٩٩٧ی حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی هەولێر، وێڕای ئەوەی ١٢٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکرا بوو، بەڵام تەنیا وەزارەت بوو وردەکارییەکانی خەرجکردنی بودجەکەی ڕوون نەکرایەوە، بەپاساوی ئەوەی دەبێت کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە نهێنی بمێننەوە(١٩). پەرلەمان لەو قۆناغەدا کە بەتەواوەتی لەلایەن پارتییەوە کۆنترۆڵ کرا بوو، نەک هەر کێشەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بودجەکەی نەبوو، بەڵکو پێداگیرییان لەسەر زیادکردنی بودجەکەیشی دەکرد(٢٠).

ستراتژیەتی بودجە، سیاسەتی سەربازیی و ئاسایش

ئێستا پاش تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر تەمەنی یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێم، ژمارەی هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ بە تەواوەتی هەڵکشاوە. بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٣، ژمارەی هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ ٢٧٨ هەزار و ٣٨٠ کارمەندە لەکۆی ٦٢٨ هەزار و ٨٤٩ فەرمانبەری هەرێمدا. وەزارەتی پێشمەرگە ١١٨ هەزار و ٦٤٢، وەزارەتی ناوخۆ ١٢١ هەزار و ٨٤١، دەزگای ئاسایش ٣١ هەزار و ٤٢١ کارمەند و ئەنجوومەنی ئاسایش شەش هەزار و ٤٧٦ کارمەندی هەیە. بەوەش ژمارەی کارمەندانی سەربازی و ئەمنی بەڕێژەی (٤٠.٧٧٪) لەکۆی گشتی فەرمانبەرانی سەر بەحکوومەتی هەرێم پێکدێنێت(٢١).

لەچوارچێوەی تۆماری بایۆمەتریشدا ژمارەی هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ بە ٣٢٢ هەزار و ٦٧٨ کەس دیاریکراوە، لەکۆی ٧٥٢ هەزار و ٩٠٩ کارمەندی هەرێمدا؛ سەربازی ٢١٧ هەزار و ٩٧٩ کارمەند و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە ١٠٤ هەزار و ٦٩٩ کارمەند دەستنیشان کراون. لەسەر ئەو بنەمایە هێزەکانی سەربازی و ناوخۆ ڕێژەی (٤٢.٨٦٪) لەکۆی گشتی فەرمانبەرانی هەرێم پێکدێنێت.

ژمارەی هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ لە تۆماری بایۆمەتری بەراورد بە بودجەی ٢٠١٣، بە ٥٥ هەزار و ٣٩ کارمەند لە کورتی داوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی کاروباری ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا، تەنیا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جگەلە ژمارەی ئەو کارمەندانەی لە خشتەی بودجەدا ئاماژەی بۆ کراوە، هەزار و ٣٣٢ کارمەندی دیکەیان هەبووە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن حزبەوە مووچەیان پێدراوە(٢٢).

هەرچی پەیوەندی بە ژمارەی هێزەکانی سەربازی لە تۆماری بایۆمەتری بەراورد بە بودجەی ٢٠١٣ هەبێت، ژمارەی هێزە سەربازییەکان بۆ ٩٩ هەزار و ٣٣٧ کەس زیاتر هەڵکشاوە، ئەوەش پێدەچێت بە خستنەسەری ژمارەی هێزەکانی یەکەی ٧٠ و ٨٠ بۆ سەر ژمارەی ژمارەی لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بێت.

هەرچی پەیوەندی بە خەرجییەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایشەوە هەبێت، بڕی سێ ترلیۆن و ٧٩٤ ملیار و ٣٠ ملیۆن دیناری لە بودجەی بەگەڕخستنی ٢٠١٣ بۆ تەرخانکراوە؛ وەزارەتی پێشمەرگە؛ یەک ترلیۆن و ٣٣٣ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار بەڕێژەی (١١.٤٩٪)، وەزارەتی ناوخۆ؛ یەک ترلیۆن و ٣٥٧ ملیار و ٩٧٠ ملیۆن دینار بەڕێژەی (١١.٧٠٪)، دەزگای ئاسایش؛ ٤٨٧ ملیار و ٤٤٣ ملیۆن دینار بەڕێژەی (٤.٢٠٪) و ئەنجوومەنی ئاسایش ٣٤٤ ملیار و ٦٣٠ ملیۆن دینار بەڕێژەی (٢.٩٧٪) کە دەکاتە ڕێژەی (٣٠.٣٦٪)ی بودجەی بەگەڕخستن لەساڵی ٢٠١٣دا. جگەلە بودجەی خانەنشینی سەربازی کە بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە تا ئەو ساڵە زیاتر لە ١٠٥ هەزار خانەنشینی سەربازی کراوە و بەپێی هەندێک لە پەرلەمانتارانیش ئێستا ژمارەی خانەنشینی سەربازی بۆ ١١٥ هەزار خانەنشین هەڵکشاوە و گومان دەکەن زیاتر لەنیوەی ئەو ژمارەیە، بە نایاسایی خانەنشین کرابێت.

سەرەڕای داتاکانی بودجەی ٢٠١٣ کە دوایین بودجەی پەسندکراوی کوردستانە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن لە قۆناغی ئێستادا بەڕێژەی زیاتر لە ٤٠٪ی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ بواری سەربازی و ناوخۆ دەچێت، بەو شێوەیە خەرجییەکانی سەربازی و ئەمنی قورساییەکی گەورەیان لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووە، لەبەرئەوەی بەشێکی گەورە لە بودجەی کوردستان بۆ بواری سەربازی و هێزەکانی ناوخۆ دەچێت، کەمترین بودجە بۆ پەرەپێدانی سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریی دەمێنێتەوە، بۆنموونە بودجەی تەرخانکراو بۆ بواری سەربازی و ئاسایش زیاتر لە پێنج ئەوەندەی بودجەی تەندروستی و شەش جار لە بودجەی خوێندنی باڵا زیاترە. بگرە بە تەنیا بودجەی دەزگای ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش پێکەوە لە هەموو بودجەی تەندروستی زیاترە.

حکوومەتی هەرێم خۆیشی ئەو ڕاستییەی نەشاردووەتەوە کە خەرجییەکانی سەربازی و ئاسایش “بارگرانییەکی زۆری لەسەر بودجەی هەرێم و کەرتە خزمەتگوزارییەکان بەگشتی دروستکردووە”، بەڵام بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی عێراقەوە بەهۆی ئەوەی پابەندنەبووە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە کە لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠١٣ بە بڕی حەوت ترلیۆن و ٦٩٦ ملیار و ٤٧٨ ملیۆن دینار دادەنرێت(٢٣). لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق کێشەی لەگەڵ ژمارەی زۆری پێشمەرگەدا هەیە و ئامادە نییە خەرجییەکانی هەموو ئەو ژمارە زۆرە دابین بکات و لەبنەڕەتیشدا گومان لە ڕاستی ژمارەکە دەکات.

لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە هیچ چاکسازییەک بەبێ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی سەربازی و ئاسایش، ناتوانێت چارەسەریی قەیرانی ئابووری هەرێم بکات، بەو هۆیەوە کە بنەڕەتی کێشەکە گرێدراوی سیاسەتی بەڕێوەبردنی داهات و خەرجییەکانە کە لە داڕشتنی بودجەی ساڵانەدا ڕەنگدەداتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ستراتیژیەتی داڕشتی بودجەی هەرێم سروشتیکی سەربازی و ئەمنی بەسەریدا زاڵە.

 

سەرچاوەکان

١-پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی یازدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، لا؛ ٥٦٢. یان ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧٥٩ی رێککەوتی ١٦ی ئابی ١٩٩٤.

٢- دیدارێکی تایبەت لەگەڵ کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەی برایەتی؛ ژمارە ٢٠٠١ی ڕێککەوتی ٢٥ی تەمووزی ١٩٩٤.

٣- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی دوانزدەیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا ٥٣.

٤- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی دوانزدەیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا ٢٧٢.

٥- پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی یازدەیەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، لا؛ ٤٦٦.

٦- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧٩٨ی ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٤.

٧- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، بەرگی دوانزدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٤٣٦.

٨- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ؛ ژمارە ٧٥٩ی ڕێککەوتی ١٦ی ئابی ١٩٩٤.

٩- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی دوانزدەیەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٦٠٥.

١٠- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی یازدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٧، لا؛ ٧٥.

١١- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی یازدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٧، لا؛ ٧٨.

١٢- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی یازدەیەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٥٦٣.

١٣- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی یازدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٧، لا؛  ٧٨-٨٤ و ٣١٢.

١٤- دەقی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤دا، یان بروانە؛ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧١٥ی ڕێککەوتی ٢٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤.

١٥- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٩٧٤ی رێککەوتی ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٩٤.

١٦- هەفتەنامەی گوڵان، ژمارە ٦٠ی ڕێککەوتی ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٦.

١٧- (ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و خاڵگە گومرگییەکانی تری هەرێمی کوردستان)، بڕوانە؛ ڕۆژنامەی برایەتی؛ ژمارە ١٩٧٤ی ڕێککەوتی ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٩٤.

١٨- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦، بەرگی سیانزدەیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا ٥١.

١٩- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٧، بەرگی چواردەیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٣٧.

٢٠- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٧، بەرگی چواردەیەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٦٣.

٢١- خشتەی تەرخانکراوەکانی بەگەڕخستن/پاشکۆی بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان.

٢٢- کۆنووسی ژمارە (٣٥٣)ی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ لە ڕێککەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣.

٢٣- (ستراتیژیەتی دانانی بودجەی ٢٠١٣)، ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لەبارەی داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠١٣، بە نووسراوی ژمارە (١٣٥٦٤)ی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوە.

بەشکردن: