لە ژورە نهێنییەکانی کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ و دەوروبەری چۆن باسی کورد دەکەن؟

ئامادەکردنی: ڕێنوار نەجم، تایبەت بە کوردستان تایمز

رۆژی سێشەممە یاداشتەکانی راوێژکاری پێشووی ئەنجومەنی ئاساییشی ئەمریکی جۆن بۆڵتن بە ناوی “ئەو ژورەی کە تێیدا رویدا؛ یاداشتێکی کۆشکی سپیی” بڵاودەکرێتەوە. کوردستان تایمز کۆپییەکی کتێبەکەی دەستکەوتووە و گرنگترین ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە کورد، بەتایبەتییش پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و داگیرکردنی بەشێکی رۆژئاڤای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، لەو چاوپێخشاندنە خێرایەدا بڵاودەکاتەوە.

یاداشتەکانی بۆڵتن لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە و داوای راگرتنی کراوە، بەڵام دادگاکانی ئەمریکا رەتیانکردەوە. یاداشتەکان نهێنیی زۆر دەربارەی ترەمپ و ئیدارەی ترەمپ و بڕیارە نابەجێکانی بڵاوکردۆتەوە؛ لە باسی داواکردنی ترەمپ لە سەرۆکی چینەوە بۆ هاوکارییکردنی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتو دەربچێت، تا دەگاتە نهێنییەکانی پەیوەست بە کشانەوە لە سوریا. بۆڵتن لە یاداشتەکانی باسی زۆر کەسایەتیی دەکات، لەناویاندا سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان کە بە فاشیست و دیکتاتۆرەکان دەیشوبهێنێت.

یەکەم ناوی “کورد” لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن‌دا لە لاپەڕە 41ـدا دێت کاتێک لە جەژنی ئیستەری ساڵی 2018، کە دەکاتە مانگی نیسان، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ‌دا باس لە کشانەوەی هێزەکانیان دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سوریا بەتایبەتی. بۆڵتن دەگێڕێتەوە کە لەوکاتەی ترەمپ سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بووە لە کۆشکی سپی لەگەڵ خێزانەکەیدا، تەلەفۆنی بۆ ئەم کردوە و پێی وتووە: “دەمەوێت لەم جەنگە ترسناکانە [ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست] بێمە دەرەوە. ئێمە داعش بۆ ئەو وڵاتانە دەکوژین کە دوژمنی ئێمەن.” بۆڵتن دەڵێت کە پێی وابووە ترەمپ لەوێدا مەبەستی ڕوسیا، ئێران و سوریای ئەسەد بووە. هەروەها ترەمپ باسی لەوە کردووە کە ڕاوێژارەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، ئەوانەی دەیانەوێت “بۆ هەمیشە” بمێننەوە، ئەوانەشی دەیانەوێت “بۆ ماوەیەکی دیکە” بمێننەوە. بەڵام ترەمپ پێچەوانەی هەردوو بەرەکە بووە و وتوویەتی: “بەهیچ شێوەیەک نامەوێت بمێنینەوە. حەز بە چارەی کوردەکان ناکەم، ئەوان لەدەست عێراقییەکان ڕایانکرد، لەدەست تورکەکان ڕایانکرد. تاکە جارێک کە ڕاناکەن ئەو کاتەیە کە ئێمە هەموو دەوروبەریان بۆردومان دەکەین بە فڕۆکەی F-18.” دواتر ترەمپ لە جۆن بۆڵتۆنی پرسیووە کە چی بکەن باشە. بۆڵتن دەڵێت پێی وابووە جەژنی ئیستەر “باشترین کات نییە بۆ گفتوگۆکردنی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بۆ داوای کاتی زیاتری کردوو بۆ ئەوەی بیر لەو بابەتە بکاتەوە.

بەرگی کتێبەکەی جۆن بۆڵتن

بەشی دووەمی کتێبەکەی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەچڕوپڕی باس لە پەیوەندییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرەک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ دەکات. هاوکات بە وردی لەسەر بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژاڤای کوردستان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان دەوەستێت. بۆڵتن باس لەوە دەکات کە لە ڕۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2019 ترەمپ و ئەردۆغان لە پەراوێزی لوتکەی G20 لە شاری بۆینس ئایرس کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامداوە، کە تێیدا ئەردۆغان پاکانەی بۆ هالک بانکی وڵاتەکەی کردووە و وتوویەتی کەو ئەو بانکە بێتاوانە لە دۆسیەی پێشێلکردنی سزاکانی واشنتن بۆ سەر تاران، ترەمپیش پێی ڕاگەیاندووە کە ئەویش پێی وایە بەتەواوی هالک بانک بێتاوانە و “خۆی ئاگاداری شتەکان دەبێت” وەک ئاماژەیەک بۆ دەربازکردنی ئەو بانکەی دەوڵەتی تورکیا لە سزای یاسایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەروەها پێشی وتووە کە لە ئێستادا لێکۆڵەڕی دۆسییەکە “کەسانی سەر بە ئۆبامان، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت هەر کاتێک ئەو کەسانە لابران و لەشوێنیان خەڵکی خۆمان دانران.” جۆن بۆڵتن ئەو قسانەی ترەمپ بە “بێمانا” ناو دەبات و پێی وایە ئەو قسانەی بۆ ئەوە بووە کە پیشانی بدات ئەویش هێندەی ئەردۆگان تاکڕەوە لە بڕیاردان، ئەو ئەردۆگانەی، بە وتەی جۆن بۆڵتن “پێش 20 ساڵ وتبووی ئەوان دیموکراسی وەک شەمەندەفەرێک دەبینن، تا ئەو شوێنەی دەیانەوێت سواری دەبن و دواتر لێی دادەبەزن.” هەر لەو دیدارەی بۆینس ئایرس‌دا، ئەردۆگان ناڕەزایی خۆی پیشانداوە لەبارەی هێزە کوردییەکان لە سوریا، هاوکات دووبارە داوای ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەنی کردووە لە ئەمەریکا، ترەمپیش پێی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر گولەنیان ڕادەست بکەنەوە ئەوا یەک ڕۆژ زیاتر ناژی.

لە لاپەڕەکانی دواتری کتێبەکەیدا، جۆن بۆڵتن دەڵێت کە ڕۆژانی دواتر سەرجەم تیشکۆکان لەسەر هەڕەشەکانی تورکیابوون بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سوریا و کوردەکان، بۆڵتن دەڵێت: “ئەردۆگان وا خۆی دەردەخست کە دەیەوێت خەلافەت [ی داعش] لەناوببات، بەڵام دوژمنی سەرەکیی کوردەکان بوو، ئەوانەی کە ئەو بە هەندێک بەهانەوە باوەڕی وابوو هاوپەیمانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکەن لە تورکیا، کە ماوەیەکی زۆرە وەک گروپی تیرۆرستی پۆلێنکراون.” بۆڵتن باس لەوەش دەکات کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی داعش و فراوانبوونی هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا، ئەمەریکا ژمارەیەکی کەمی هاوپەیمانی بۆ مابووەوە، “ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی درێژ پاڵپشتی هەوڵەکانی کوردی کردبوو بۆ ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتر، تەنانەت سەربەخۆییش لە عێراق، دەوڵەتێکی کوردی پێویستی بە گونجاندنێکی زیاتری دەوڵەتانی ئێستای ناوچەکە هەیە. ئەوە ئاڵۆزبوو، بەڵام ئەوەی ئاڵۆز نەبوو هەستێکی بەهێزی وەفاداریی بوو بۆ کوردەکان، ئەوانەی لەگەڵ ئێمەدا شەڕی داعشیان کرد، ترسیشمان هەبوو کە فەرامۆشکردنیان نەک تەنها بێوەفایی بوو، بەڵکو دەشێت دەرەنجامێکی قورسیشی هەبێت لە جیهاندا کە لەداهاتوودا هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی بدەین لەگەڵ هەر لایەنێکدا و دواتر بە ئاسانی فەرامۆش بکرێن.”

لەڕۆژی 14ی کانوونی یەکەم، ترەمپ و ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەیان کرد. بۆڵتن دەڵێت پێش پەیوەندییەکە دۆخی سوریای بۆ ترەمپ شیکردووەتەوە و ترەمپ پێی وتووە: “پێویستە ئێمە لەم نەفرەتییە بچینە دەرەوە،” بۆڵتن دەشڵێت کە ئەوەی لێی ترساوە ئەوە بووە کە ترەمپ هەمان شت ڕاستەوخۆ بە ئەردۆگانیش بڵێت. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە سەرەتا بە باسکردنی کێشەکەی هالک بانک دەستی پێکردووە و ترەمپ بە ئەردۆگانی وتووە زۆر نزیکن لە چارەسەری ئەو كێشەیەوە، ئەردۆگانیش زۆر سوپاسی کردووە.  دواتر هاتوونەتە سەر باسی سوریا و ئەردۆگان گلەیی هەبووە لەوەی ناتەبایی هەیە لەنێوان ویستی سیاسیی ترەمپ و چالاکییەکانی سوپای ئەمەریکا لەسەر زەوی، ئەردۆگان وتویەتی کە دەیەوێت کۆتایی بهێنێت بە داعش و پەکەکە. بۆڵتن دەڵێت مەبەستی ئەردۆگان لەپەکەکە بە گشتی چەکدارە کوردەکان بووە. دواتر ترەمپ وتوویەتی کە ئامادەیە سوریا بەجێبهێڵێت ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی ئەو داعشدانە بێتەوە کە ماون، ئەردۆگانیش بەڵێنی ئەنجامدانی ئەو کارەی داوە و داوای پشتیوانی لۆجستی کردووە. ترەمپیش ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە کە دەستبەجێ کاردەکەن بۆ دانانی پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا. جۆن بۆڵتن نیگەرانی خۆی لەو بڕیارە دەردەبڕێت و دەڵێت کاتێک قسەی لەگەڵ جەمیس ماتیس‌-ی وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئەمەریکاش کردووە، بەهەمان شێوە دژی بڕیارەکە بووە. بۆڵتن لەوبارەیەوە دەنووسێت:

“ئەوە قەیرانێکی شەخسی بوو بۆ من. هەستم کرد کشانەوە لە سوریا هەڵەیەکی گەورەیە، لەبەر هۆکاری بەردەوامیی هەڕەشەی جیهانیی داعش و ئەو ڕاستیەی کە بە دڵنیاییەوە هەژموونی حەقیقیی ئێران زیاد دەکات. من لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووترەوە بە پۆمپیۆ و ماتیسم وت کە پێویستە سیاسەتی هەنگاو-بە-هەنگاو لە سوریا کۆتایی پێ بهێنین، واتە تەنها تەماشای یەک پارێزگا یاخود ناوچە بکەین لە یەک کاتدا (بۆ نموونە مەنبەج، ئیدلیب، زۆنی پارێزراوی باشووری ڕۆژهەڵات و هتد)، بەڵکو پێویستە تیشکۆ بخەینە سەر وێنە گەورەکە. لەکاتێکدا خەلافەتی داعش زۆرینەی خاکەکەی لەدەست داوە (هەرچەندە هەڕەشەی خودی داعش زۆر دوورە لە کۆتاییەوە)، وێنە گەورەکە وەستاندنی ئێرانە. بەڵام ئێستا گەر ئەمەریکا دەستبەرداری کوردەکان ببێت، ئەوان یان دەبێت لەگەڵ ئەسەد دژی تورکیا هاوپەیمانی ببەستن، کە کوردەکان بە ڕەوایی تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورەتر دەزانن (ئەوەش وا دەکات دەسەڵاتی ئەسەد زیاتر ببێت، کە وەکیلێکی ئێرانە)، یان کوردەکان بەتەنیا شەڕ بکەن و ڕووبەڕووی شکستێکی تاڕادەیەکی زۆر حەتمی ببنەوە، لەنێوان ئەسەد و ئەردۆگان گیریان خواردووە، چی بکەن؟”

دواتر جۆن بۆڵتن باس لەوە دەکات لەڕۆژی 18ی کانوونی یەکەم لەگەڵ جێمس ماتیس وەزیری بەرگری و جۆزێف دەنفۆرد سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و چەند بەپرسێکی تری ئیدارەی ئەمەریکا کۆبوونەوەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ چەکدارە داعشە زیندانیکراوەکان. بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕاوێژکارەکانی دەنفۆرد، هێزەکانیان 120 ڕۆژیان پێویستبوو بۆ کشانەوەی لە سوریا. دواتر بۆڵتن و ماتیس و دەنفۆرد و پۆمپیۆ دەستیان کردووە بە پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانەکانیانەوە لەبارەی بڕیاری کشانەوە لە سوریا، بەڵام هیچ پشتیوانییەکیان نەبووە. ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسایش دەستبەجێ ویستوویەتی لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ ترەمپ بکات، بۆڵتن لەوبارەیەوە لە کتێبەکەیدا نووسیوویەتی:

“ئەو پاشنیوەڕۆیە لە کۆشکی سپی بووم کە ماکرۆن پەیوەندیی کرد و دڵخۆش نەبوو. ترەمپ وەڵامی دایەوە و وتی کە کۆتاییان بە داعش هێناوە و تورکیا و سوریا ئاگاداری پاشماوەکانیان دەبن. ماکرۆن وەڵامی دایەوە کە تەرکیزی تورکیا لەسەر هێرشکردنە سەر کوردەکانە و سازش لەسەر داعش دەکات. داوای لە ترەمپ کرد کە نەکشێتەوە و پێی وت کە ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا سەردەکەوین و دەبێت کارەکە تەواو بکەین. ترەمپ ڕازی بوو کە دیسان ڕاوێژ لەگەڵ ڕاوێژکارەکانیدا بکاتەوە. بە منی وت کە قسە لەگەڵ کەسەکانی ماکرۆندا بکەم (کە پێشتر قسەم لەگەڵ کردبوون) هەروەها ماتیس و دەنفۆردیش قسە لەگەڵ هاوتاکانیاندا بکەن. دەستبەجێ، ماتیس پەیوەندی کرد تا بڵێ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا فلۆرێنس پارلی بەهیچ شێوەیەک دڵخۆش نییە بە بڕیارەکەی ترەمپ. باڵیۆزی ئیسرائیلیش ڕۆن دێرمیر پێی وتم کە ئەوە خراپترین ڕۆژی بووە لە ئیدارەکەی ترەمپدا.”

ترەمپ، بۆڵتن و پۆمپیۆ لە کۆشکی سپی

دوای فشارە زۆرەکانی میدیا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، ترەمپ بڕیاری دا پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆگان ئەنجام بدات بۆ گەیاندنی دوو خاڵ: یەکەم، هێرش نەکاتە سەر سەربازە ئەمەریکییەکان لە سوریا. دووەم، دڵنیا بێت لەوەی هێرش دەکاتە سەر داعش نەک کوردەکان. بۆڵتن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: “دوای سڵاوکردن و قسەی سەرەتا، ترەمپ بە ئەردۆگانی وت کە دەیەوێت کۆتایی بە داعش بهێنێت و ئەگەر تورکیا پێویستی بوو هاوکارییان بۆ دابین دەکەین. دووەم، ترەمپ فشاری لە ئەردۆگان کرد کە بەدوای کوردەکاندا نەچێت و نەیانکوژێت، چونکە خەڵکێکی زۆر هەیە ئەوانیان ۆش دەوێت لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعش دەکەن. تورکیا و کوردەکان پێویستە بەیەکەوە شەڕی هێزەکانی داعش بکەن. ترەمپ وتی کە ستراتیژییەکی لەو شێوەیە دەکرێت گۆڕانکارییەک بێت بۆ ئەردۆگان، بەڵام دووبارە دوپاتی کردەوە کە چەند پاڵپشتییەکی گەورە بۆ کوردەکان هەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.”

لەبارەی وەڵامی ئەردۆگان بۆ خاڵی دووەم، بۆڵتن دەڵێت: “ئەردۆگان پێی بەجەرگی خۆیدا نا و وتی کە ئەو کوردەکانی خۆش دەوێت و کوردەکانیش ئەویان خۆش دەوێت، بەڵام وتی کە یەپەگە-پەیەدە-پەکەکە (گروپە کوردییەکان لە تورکیا و سوریا، ئەو نۆ پیتەی ئەردۆگان وا دەیوت وەک ئەوەی ناوی خۆی بڵێ) کوردەکانیان هەڵفریواندووە و نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن.”  بۆڵتن لەبارەی قسەکانی ئەردۆگانەوە دەڵێت: “پێشتر هەموو ئەوانەمان گوێ لێ بووبوو، هەمووی پروپاگەندەیەکی ستانداردی ڕژێمەکەی ئەردۆگان بوو.”

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، جۆن بۆڵتن باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دەنفۆرد باسیان لە هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا کردووە و دەڵێت بەو پێیەی وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان باوەڕی وابێت کە “تەنها کوردی باش ئەو کوردەیە کە مردووە”، دەنفۆرد پێی وایە ئامانجی ‌سەربازیی دەستبەجێی تورکیا لە سوریا بۆ دەکردنی کوردەکان دەبێت بە درێژایی سنووری تورکیا-سوریا، دواتریش سەدان هەزار ئاوارەی سوریی لە تورکیاوە بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچانە.

“دەنفۆرد پێشنیازیکرد ئەویش هاوسەفەرییم بکات لە گەشەکەم کە بۆ سەرەتای مانگی کانوونی دووەم دامنابوو بۆ تورکیا و لەوێ بمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوپای تورکیا، کە منیش بۆ ئەوە رازیبوم. بەم جۆرە، تورکەکان گوێبیستی پەیامێکی یەکگرتووی حکومەتی ئەمەریکا دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای ئەوان بۆ قۆستنەوەی جیاوازییەکان لەنێو یاریکەرە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا. ئەمە هەمیشە ستراتیجێکی سیاسەتی دەرەوەی جێی پەسەندی حکومەتە. پوختەی ئەو گفتوگۆیانەم بە پۆمپیۆ راگەیاند، پێمگوت کە زاڵبووین بەسەر ئەنجامێکی زۆر خراپی سیاسەتی سوریا و ئێستا هەوڵدەدەین شتێکی پوخت و ماوەدرێژ رێکبخەین. پۆمپیۆ جەختی کردەوە کە نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەڵسوڕاندنی کاروباری سوریا جیم جێفری لە کۆبونەوەکانی تورکیا ئامادە بێت، کە بەنابەدڵیی ناڕازییبوم. ئەوە لەبەرئەوە بوو پۆمپیۆ خۆی دوو رۆژ پێش کریسمس پێیگوتبوم کە جیم جێفری، باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا بۆ تورکیا “هیچ خۆشەویستییەکی بۆ کوردەکان نییە و هێشتاش تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ناتۆ دەبینێت.” ئەوانە ئاماژەی ئاگادارکردنەوەی رون کە کەیسی نەخۆشیی “بریکارێتیی” توشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە کە دونیابینیی سیاسەتی دەرەوە لە خودی ئەمریکا گرنگتر دەبێت. پۆمپیۆ، شاناهان، دەنفۆرد و من رازیبوین کە “بەیاننامەیەکی مەبدەئیی” یەک لاپەڕەیی لەسەر سوریا بنوسین و خۆمان دوربگرین لە هەڵەتێگەییشتن، کە وەزارەتی بەرگری وای بیردەکردەوە کە بەتایبەتیی گرنگە.”

جۆن بۆڵتن باس لەوەش دەکات دوای ئەوەی لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەم سەردانی ئۆرشەلیمی کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەر کەس شانبەشانی ئەوان شەڕی کردبێت، بەتایبەتی کوردەکان، ئەوا بە کشانەوەی هێزەکانیان ناکەونە مەترسییەوە. دوای ئەو قسانە، ترەمپ پەیوەندی بە بۆڵتۆنەوە دەکات:

“ترەمپ کاتژمێر یازدە و چل و پێنج دەقیقەی شەوی 6ی کانوونی دووەم تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی “هێشتا بەخەبەری، وانییە؟” کە بەدڵنیایی بەخەبەر نەبوم. کەسێک پێیگوتبوو تورکەکان دڵخۆش نین بەرانبەر بە چەند لێدوانێکی من کە میدیاکان بڵاویانکردبوەوە. بێگومان، هیچ شتێکم نەگوتبوو کە تڕامپ بە ئەردۆگانی نەگوتبێت. بەهەرحاڵ، ترەمپ چەندان جار لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا چەندان جار گوتی “بنکە جەماوەرییەکەم دەیەوێت لە سوریا بچینە دەرەوە،” کە مانای وایە سەردانیکردنی تورکیا شتێکی خۆش دەبێت. بەراستی، رۆژی دواتر،  هەر کە لە ئۆرشەلیمەوە دەفڕین، باڵیۆزخانەکەمان لە ئەنقەرە گوێبیستی ئەوە بوبون کە ئەردۆغان زۆر توڕە بوە کە لەوانەیە ئەو کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە کە لەگەڵ من کاتی بۆ دیاریکرابوو. لە بازنە دیپلۆماسییەکاندا، ئەوە بە شتێکی ئاسایی دەبینرا، بەڵام من وام بینی کە ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە سیاسەتی سوریای ئێمە لەسەر خەتی راستە لە دونیابینیی ئەمریکییەوە، نەک هی تورکیا.”

دواتر جۆن بۆڵتن و دەنفۆرد سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام ئەردۆگان ئامادە نابێت بیانبینێت و بوونی وتارێکی لە پەرلەمان دەکاتە بیانووی کۆنەبوونەوە لەگەڵیاندا. دەنفۆردیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە تورکەکاندا بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان هێندەی ئەردۆگان بەپەرۆش نین بۆ هێرشکردنە سەر سوریا:

“لە هەمان کاتدا، زانیم کە دەنفۆرد وا بیری دەکردەوە کە فەرماندە سەبازییەکانی تورکیا کەمتر ئارەزوویان لە چونەناو سوریا هەبوو بەبەراورد بە ئەردۆغان و بەدوای ئەو هۆکارانەدا دەگەڕان کە خۆیان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باشوری سنورەکانی خۆیان بپارێزن، لە هەمان کاتیشدا دەیانگوت کە تورکیا لە هێرشە تیرۆریستییەکان دەپارێزن. بۆ ئەوان، دەنفۆرد گوتی، “ئەمە سنوری مەکسیکی ئێمەیە.” دەنفۆرد بەدانەبڕاویی بەگوێرەی مەبدەئەکانی بەیاننامەکە پلانەکەی جێبەجێکردبوو، ناوچەیەکی ئارامی بیست بۆ سی کیلۆمەتری خستبووە رۆژەڤەوە کە تێیدا کوردەکان چەکە قوڕسەکانی خۆیان دەکێشنەوە دواوە و لەلایەن هێزی نێودەوڵەتیی کە بەشی هەرە گەورەی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دەبێ پێکدێت، کە دڵنیاییدەدەن کە هیچ تەداخولاتێکی کوردیی بۆ سەر تورکیا لەو ناوچانە رونادات، بەپێچەوانەشەوە، هەروەک چۆن لە واشنتن گفتوگۆمان کردبوو”.

 

بەشکردن:
ڕێنوار نەجم