لێکەوتە ئابووریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەر ئابووری هەرێم – نمونەیەک لە خراپ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان

ئارام قادر کۆکۆیی

ئابووری هەمەکی یان ئابووری ووڵات یان هەرێمیکی دیاریکراو دەتوانرێت بە چەندینشێوە  پۆلێن بکرێت. کۆی ئەو چالاکییە ئابوورییانەی کە لە نێو سنوری ووڵاتێک یان هەرێمێک ڕوودەدات لە سەربنەمای دەستیوەردانی حکومەت و دەستەڵاتی ئەو هەرێم و ناوچەیە لە بازارەکەی پۆلێن دەکرێت بە؛ ئابووری فەرمان یان ئابووری پلان بۆ داڕێژراو command Economy)) و ئابووری ئازاد(Market Economy)  یان ئەوەی لێرە بە بازاری ئازاد ناو دەبرێت. هەرچەندە دەستەڵادارانی ئەم هەرێمەی خۆمان  بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئابووریەکەمان  ئابوورییەکی ئازادە و کەرتی تایبەت، و سەرمایەداری سەربەخۆ، و کۆمپانیا دەرەکیەکان بەبێ هێچ بەربەستێک دەتوانن کاروچالاکیەکانیان لە بازاری هەرێمدا ئەنجام بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا خەسڵەتەکانی  ئابووری هەرێم خەسڵەتی ئابووریەکی داخراو و ئابووری فەرمانە لە بەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە؛

یەکەم: قەبارەی کەرتی گشتی لە هەرێم ، ئەوانەی فەرمانبەر و مووچەخۆری حکومەتن، زۆر گەورەیە بە بەراورد بە کەرتی تایبەت. بە پێی مەزەندەی دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم تا هەنوکە و ئەمساڵ واتە ٢٠٢٠ نزیکەی ٦١٧١٠٨٣ کەسە. لەم ژمارەیە ٧١٠٢٨٢ کەس فەرمانبەرە، و ٢٥١٥٧٥ کەس خانەنشینە، و ٩٨٨٨٦ کەس مووچەی خانەوادەی شەهیدان وەردەگرێت، ١٥٩١٧٦ کەس مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت واتە بە تێکرا ١٢١٩٩٩٢ مووچەخۆر بە پێ سیستەمی باێۆمەتری، بەڵام هەروەک حکومەت خۆشی دانیپێدا دەنێت لەم ژمارەیە زیاتر مووچەخۆری هەیە و بە نزیکەیی ١٤٠٠٠٠٠ کەس دەرامەتیان لە سەر کەرتی گشتییە، واتە بە نزیکەیی لە سەدا ٢٣ دانیشتوانی هەرێم. هەرچەندە پێدەچێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەو ژمارەی دەستەی ئاماری هەرێم ئاماژەی پێداوە کەمتر بێت چونکە لە ڕوپیویەکەیاندا پشتیان بە ژمارەی ئەندامانی خێزان لە سەر کۆبوونی خۆراک بەستووە،  ئەم ئامارە وورد نییە لە ڕووی تۆمارکردنی مردوان و ئەوانەی کە کوچیان کردووە بۆ دەروەی هەرێم. تەنها بۆ بەراورد کردن وولایەتەیکگرتووەکانی ئەمریکا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٨.٢ ملێون کەسە و حكوتی فیدراڵی تەنها ١٨٦٩٩٨٦ مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە. لە هەردوو ئامارەکەدا هەم ئەوەی هەرێم و هەم ئەوەی ووڵایەتەیەکگرتووەکان ژمارەی هێزە چەکدارەکانم ئەژمار نەکردووە.  لە بەر ئەوەی لە باسەکە لا نەدەین دەڕۆینە سەر خالێکی دیکە کە خەسڵەتی ئابووری داخراوی هەرێم دەردەخات.

دووەم: کەرتی تایبەت و بە تایبەتیش زۆربەی کۆمپانیا بەڵێندەرایەتیەکان لە سەر پاشخانی کەرتی گشتی دامەزراون و دەژین. زۆربەی ئەو کۆمپانیا بەڵێندەرانەی کە لە هەرێم تۆمارکراون تەنها بۆ ئەوە دامەزرێنراوەن کە کەڵک و قازانج لەو پرۆژانە بکەن کە حکومەت بەشێوەی تەندەر دەیخاتەڕوو، واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان وابەستەی حکومەتن وهەر دۆخێک کار لە گیرفانی حکومەت بکات کاریگەری ڕاستەوخۆشی لە سەر ئەمان دەبێت. بۆ نمونە، بە هۆی قەیرانی نەوت و کێشەی بودجە لە گەڵ بەغداد لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە تا ساڵی ٢٠١٨ لە کۆی ١٢٠٠ کۆمپانیا لە سلێمانی ٨٠٠ کۆمپانیا مایەپوچبوونی خۆیان ڕاگەیاندوە و ١٠٠٠ پرۆژەش کارکردن تیاندا وەستاوە.

سێییەم: ئەوەی کە دەمێنێتەوە لە کەرتی تایبەت تەنها بەشێکی کەمی لە لایەن بەرهەمهێنەر و خاوەنکاری سەربەخۆوە بەڕێوە دەبرێت، ئەمانە پەراوێزی قازانجەکەیان(Profit Margin)  کەمە واتە ئەو کومپانیا و کارگە و بازرگانیانەن قەباریان بچوکە. بەڵام ئەو کۆمپانیا و کارگە و کارانەی کە قازانجێکی هەیە، لە لایەن کەسانی سەر بەو پارتانەی لە دەستەڵاتن یاخود خاوەنداریتیان دەگەرێتەوە بۆ ئەو پارتانەی کە بەشێکن لە دەستەڵات. بە واتایەکی دی هەلی کاری یەکسان لە هەرێم بوونی نییە.

بە پوختی ئەو خاڵانەی سەرەوە نیشاندەری ئەوەن کە هەرێم ئابووریەکی داخراوی هەیە و حکومەت ڕاستەوخۆ دەستی خستوەتە بازارەوە، و بریارەکانی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان لە سەر بازار و ئابووری و دەرامەتی هاوڵاتیان هەیە.

ئایا ئەم دەستێوەردانەی دەستەڵادارانی هەرێم ئابووری هەرێمی بە ئاقارێکی باشدا بردووە یان خراپ ؟

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی یەکەم: سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ لە پێناو دەستگرتن بە سەر سامانی سروشتی،  و دووەم: ریفراندۆمێکی ڕەمزی لە کاتێکی نەشیاودا، کێشە کەوتە نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر بەشە بوودجە، و هەرێم بەهۆی نەگەراندنەوەی داهاتەکانی نەوت بۆ بەغداد و گرێبەستە گۆماناویەکانی لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بێبەریکرا لە بەشە بوودجەی ساڵانە، و ئەمە ش هاوتەریب بوو لە گەڵ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاری جیهاندا، کە دەرەنجامەکەی نوشست و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری هەرێم  بوو لە سەرەتایی ٢٠١٤. هەرچەندە بە درێژای ٥ ساڵی پاش ٢٠١٤ ئابووری هەرێم بەرەو بوژانەوە دەچوو، بەڵام هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئابووری جیهان و دووبارەش ئابووری هەرێم کەوتنە ناو گێژاوی قەیرانێکی ئابووری  کەوە، بانکی ناوەندی ئەمریکا کە بەیەکێک لەو دامەزراوانە دادەنرێت کاریگەری لە سەر ئابووری جیهان هەیە  لە رۆژی ١٠ ی ئەم مانگە رایگەیاند لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ئابووری ئەمریکا و جیهان لە قەیراندایە و بە هەمان شێوەش سندوقی دراوی نیودەوڵەتی ئاماژەی بەوە دا کە ئابووری جیهان بە رێژەی ٤% داکشاوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم بێبەری و بێتاوانە لەم دۆخەی کە ئابووری هەرێمی تێکەوتووە، بەڵکو بە هۆی خراپ بەرێوەبردنی قەیرانەکان و بەردەوام دەستخستنە کاروباری بازار بە ڕێکارە و پۆڵسییەکانی لە جی ئەوەی چارەسەری قەیرانەکان بکات قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە، تەنانەت بووەتە هۆی پوکانەوە و سستی ئابووری درێژخایەن. حکومەت و دەوڵەتەکانی دی جیهان هەریەکە و بە یاسا و رێسا و رێکار و پۆڵسی گونجاو و دراسە بۆکراو هەوڵی کورت کردنەوە و کەمکردنەوەی لێکەوتە ئابوویەکانی ئەم قەیرانەو بوژانەوەی بازارەکانیان دەدەن. هەندێک پێیان وایە ئەم قەیرانە هاوشێوەی قەیرانە ئابووریە گەورەکەی ساڵەکانی ١٩٣٠ سەدەی ڕابردووە وپێویستە دەکات هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بەرگری بکرێت لە زیاتر هەرسهێنانی ئابووری. لە هەرێم ئەو پرسیارانەی کە دەبێت بکرێن؛ ئایا لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە چین؟ و تا چەند دەخایەنیت؟ و ئایا ڕاستەوخۆ پاش کۆتایی هاتنی ئەم پەتایە، لە ڕێگەی پێکوتەوە چارەسەر یان بە شێوەیەکی سروشتی، ئایا ئابووری هەرێم دووبارە دەگەرێتەوە باری جارانی ؟ یاخود بڵێین دەبووژێتەوە؟

پێش وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە دەبێت؛

یەکەم؛ لە مانای تێکرای بەرهەمی خۆماڵی (یان تێکرایی گەشەی نیشتمانی)(GDP)  تێبگەین، و بزانین پێکهاتەکانی چین؟ تێکڕای بەرهەمی خۆماڵی بریتیە لە خەمڵاندی نەختینەیی تەواوی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزاییانەی کە لە ناوخۆی ووڵاتێکدا یان هەرێمێکدا بەرهەم هێنراون یان بەکارهێنراون لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا.  هەندی ئابوریناس پێانوایە ئەمە پێوەرێکی باش و ورد نییە بۆ پێوانی قەبارە و گەشەی ئابووری ووڵاتێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵام تا هەنوکەش وەک تاکە پێوەرێک لە گوتارە ئابووریەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، وەک نیشاندەرێکی ئابووریە بۆ هەڵسەنگاندی ئاستی تەندروستی ئابووری ووڵات یان هەرێمێکی دیاریکراو.  لە دۆخی ئابووری ئاسایی و لە کاتی گەشەدا ئەم نیشاندەرە هەمیشە ئەرێییە و ڕوو لە هەڵکشانە، هەر ڕووداوێک یان دۆخێک کاریگەری لە سەر ئەم هەڵکشانە هەبێت ئاماژەیەکە بۆ قەیران.

تێکرای بەرهەمی خۆماڵی بە کۆکردنەوەی تەواوی بەکارهێنان و وەبەرهێنان و پوختەی هاوەردە و هەناردە کردنی شمەک لە نێو سنوری ووڵاتێک یان هەرێمێکدا ئەژمار دەکرێت. لە بەرئەوەی یەکێک لە پێکهاتە ئابووری هەرێم بەکارهێنانە، و بەرهەم هێننان و هاوەردە و هەناردە بەشێبکی بچوکن لەو چالاکیە ئابووریانەی لە هەریم هەن بە بەراود بە بەکاربردن و بەکارهێنان، لە بەر ئەوە هەر گۆڕانکاریەک لەم پێکهاتەیەدا ڕووبدات، واتە یان بەکارهێنان زیاتر بێت یان کەمتر ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ئابووری دەبێت، بە واتایەکی کە  بە هۆی ئەوە ی توانای خەرجکردنی هاوڵاتی بەستراوەتەوە بەو مووچەیەی کە لە حکومەت وەری دەگرێت هەر گۆڕانکایەک لە مووچەدا کاریگەری لە سەر توانای خەرجکردنی هاوڵاتی دەبێت.

دووەم؛ شێواز و شێوەی هەڵکشان یان بوژانەوەی ئابووری کە ئەوانیش شێوەی زید (Z) شێوەی ڤی (V)  و شێوەی یو  (U)و شێوەی دەبلیو(W) یان نایک، یان پیتی (L)لاتینی دەبێت، کە لەمەودوا هەوڵ ئەدەم بە شێوەیەکی سادە باسی یەکەبە یەکەیان بکەم بیانبەستمەوە بە ئابووری هەرێمەوە،  ئەگەر هەوڵێکدرا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هەستانەوە و بوژانەوەی ئابووری هەرێم ئەوە بە یەکێک لەم سیناریۆیانەی خوارەوەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام کام سیناریۆیان لە دۆخی هەرێمەوە نزیکە؟

یەکەمیان کە دۆخێکی هیوا بەخش و گەشبینانەیە، ئەگەر بوژانەوەی و دەربازبوون لەم قەیرانە شێوە زید(Z)بێت.

واتە ئێستا کە ئابووری بە هۆی ئەم پەتایەوە توشی قەیران بووە، ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی کەمە و ئابووری دووبارە دەبووژێتەوە. ئەم بوژانەوەیە بە شێوەیەکە، تێکڕایی بەرهەمی خۆماڵ بۆ سەرو ئاستی  پێشبینی کراوی دۆخی ئاسایی بەرزدەبێتەوە. واتە خواست لە سەر خزمەتگوزاری و شتومەک و کەڵوپەل بە شێوەیەکی کاتی لە رێژەی ئاسایی خۆی تێدەپەرێت و زیاد دەکات پاشان ئاسایی دەبێتەوە. لەم سیناریۆیەدا هاوڵاتیان ئەو خواستەی هەیانبووە لە کڕین  و بە هۆی قەدەغەی هاتووچوو و داخستنی بازار و نەدانی مووچە و ناسەقامگیری بازار نەیانتوانیوە بەدیبهێنی و دوایانخستووە  وەک خواستی کڕینی ئۆتۆمبیل، خانوو و موڵک،  یان گەشتێک،  پاش قەیرانەکەو بۆ موودەیەکی کەم دەیانەوێت قەرەبووی ئەو گەشتە بکەنەوە کە نەیان کردووە، یان لەو ڕێستوڕانتە نان بخۆن کە ماوەیەکە تامەزرۆی خواردنەکەی بوون، یان لەو سەیرانگە سەیران بکەن کە چەند مانگێکە پلانینان بۆ داناوە، بەم هۆیەوە خواست زۆر دەبێت و نرخیش گران دەبێت و پاشان دەگەرێتەوە بۆ باری ئاسایی، بەڵام ئایا ئابووری هەرێم بەم سیناریۆیەدا تێدەپەرێت؟ با چاوەڕی بکەین و بزانین سیناریۆکانی کەی بوژانەوەی ئابووری چۆنن و چین و کامیان لەو دۆخە ئابوورییە نزیکە کە ئێنە لە هەرێم پێداتێدەپەرین.

دووەمیان کە هێشتا سیناریۆیەکی هیوا بەخشە ئەویش بوژانەوەی ئابووریە لە شێوەی ڤی (V)

لەم سیناریۆیەدا ئەم قەیرانە ئابووریەی تێکەوتوین قەیرانێکی کاتییە و تەواوی ئەو چالاکیە ئابووریانەی کە لەم ماوەیەدا بە هۆی قەدەغەکردنی هاتووچۆ و داخستنی بازار وەک ڕێگریەک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەو نەدانی مووچەوە دروستبووە، دووبارە و بە خێرای دەگەرێتەوە دۆخی جارانی. هەر لە گەڵ دۆزینەوەی پێکوتێک بۆ ئەم پەتایە و ئازادکردنی هاتووچۆ و کردنەوەی بازار و دانی مووچە هەموو شتێک دەگەرێتەوە سەر ئەو هێڵە پێشبینیکراوەی پێش پەتاکە. بە هۆی ئەوەی کەس دڵنیا نیە لەوەی هەرێم توانای دانی مووچەی هەیە یان نا، لە بەر ئەوە ئەم سیناریۆیەش نەک تاڕادەیەک بەڵکو ئەستەمە لە هەرێم ڕوو بدات.

سێیەم سیناریۆ ئەوەیە کە دۆخەکە و قەیرانەکە لە شیوەی یو (U)  یاخۆد نیشانەی براندی نایک دەبێت

ئەم سیناریۆیە تا ڕادەیەک سیناریۆیەکی ڕەش بینانەیە و تەنانەت پاش ئەم قەیرانە تەندروستییەش ئاستی تێکڕای بەرهەمی خۆماڵی بە ئاسانی ناگەرێتەوە دۆخی جارانی بەڵکو کاتیکی زۆری دەوێت تا هاوڵاتیان دووبارە متمانە بە دۆخەکە بکەنەوە و دەستبکەن بە بەکارهێنانان و وەبەرهێنان. ئەم سیناریۆیە تا ڕادیەک لە دۆخی هەرێمەوە نزیکە بەڵام هێشتا لە گەڵ زۆر هۆکاری تر رێگرن لە ڕوودانی ئەم سیناریۆیە لە هەرێم.

شێوی نایکیش کە هاوشێوەی براندی نایکە،  دۆخەکە وا پێناسە دەکات کە هەر لە گەڵ دۆزینەوەی پێکوت بۆ ئەم پەتایە دۆخی ئابووری بازدانێک بەخۆییەوە دەبینێت، بەهۆی ئەو هیوایەی لە لای هاوڵاتی وەک بەکاربەر دروست دەبێت لە تێپەڕاندنی دۆخەکە، بەڵام لە بەر ئەوەی حکومەت و خاوەنکارەکان بە حەزەرەوە هەوڵی کردنەوەی بازار دەدەن، تێکرایی بەرهەمی خۆماڵی بە کاوەخویی دەگەرێتەوە ئەو بارەی کە پێشبینی کراوە لە دۆخی ئاساییدا پێدا تێپەرێت، واتە کاتی پێدەچێت.

هەرێمی کوردستان هێشتا لەو قەیرانەی بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازارە جیهانیەکاندا و جەنگی داعش و کێشەی بوودجە لە گەڵ بەغداد تێنەپەراندووە و کە کەوتووەتە نێو ئەم قەیرانەوە، لە بەر ئەوە لە باشترین سیناریۆدا بوژاندنەوەی ئابووری هەرێم لە سەر شێوەی دەبلیو دەبێت.

چوارەم سیناریۆ بوژانەوەی ئابووری بە شێوەی دەبلیو (W)

حکومەتی هەرێم بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و کیشە بوودجە لە گەڵ بەغداد و جەنگی داعش  و گەندەڵیەکی لە ڕادەبەدەر لە کەرتی گشتی و بەرێوەبردنی کەرتی نەوتدا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ و سەرەتایی ساڵی ٢٠١٤ تووشی قەیرانی ئابووری بوو و توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەما، و زۆربەی پرۆژە وەبەرهێنەریەکان لە کوردستان وەستان، و ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا مایە پوچ بوون. بەڵام لە ساڵانی دواتردا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پێشکەوتنی لە ڕەوشی گفتوگۆکان لە گەڵ بەغداد، ئابووری هەرێم تا ڕادەیەک کەوتبووە سەر ڕێرەوی بوژانەوە،  بەڵام دووبارە دابەزینەوەی نرخی نەوت و بڵابوونەوەی پەتایی کۆرۆنا و لەخۆبایی بوونی دەستەڵاتدارانی هەرێم لە گفتوگۆکانیان لە گەڵ بەغداد، و خراپ بەرێوەبردنی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ، هەرێمی دووبارە خستە قەیرانیکی ئابووریەوەکەوە. ئەگەر وای دابنێن ئابووری جیهان بەمزوانە دووبارە دەبوژێتەوە و نرخی نەوت دووبارە بەرزدەبێتەوە و بەغداد و هەرێم دەگەنە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانیان ئەنجامی دبێت، وبەغدادش بەشە بوودجە دەنێرێت، بەمە دۆخی ئابووری هەرێم باشتر دەبێت ئەوا لەوانەیە ئەم سیناریۆیە وێنای ئابووری هەرێم بکات پاش سەرکەوتن بە سەر ئەم پەتایەدا.

بەڵام ئەم سیناریۆیە زۆر گەشبینانەیە، و واپێدەچێت هەرێم لە گفتوگۆکانی لە گەڵ بەغداد گرەوی لە سەر سێ گریمانە کردبێت یەکەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەڕانەوەی بۆ ئاستی ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢، کە ئەمە زیاتر لە خەیاڵ دەچێت، چوونکە زۆربەی ئەوە راپۆرتە ئابووریانەی لە لایەن دامەزراوە جیهانیەکانی وەک بانکی گۆڵدمن ساکس و بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن  لە باشترین دۆخدا نرخی نەوت تا ئاستی ٥٥ دۆلار بەرزدەبێتەوە.

دووەم: مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم بێدەنگ دەبن، و  لە بەرامبەر نەدانی مووچە لە پێناو ئامانجێکی گەورەتردا!! برسێتی و هەژاری پەسەند دەکەن و لەو مووچە خوراوانەی خۆیان خۆشدەبن.

سێیەم: بەغداد لە نیەت پاکی خۆی بە کەمترین مەرج بۆ هەرێم دادەنێت، بەشە بوودجەی هەرێم ڕەوانە دەکات،  بەوەش ئەمان هەم دەتوانن کۆنترۆڵی بەشێک لە داهاتی نەوتبکەن، وهەمیش داهاتی ناوخۆ بۆ خۆیان بچننەوە، هەمیش لە بەشە بوودجەی رەوانەکراو دەتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن،

لە بەر ئەوەی هەریەکە لەو گریمانانەی سەرەوە زیاتر نزیکە لە خەیاڵ تا لە راستی، و لە بەر ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان و موچەخۆرانی هەرێم لە سەر حکومەتی هەرێم کەڵەکە دەبێت، ئەم کۆتا سیناریۆیە کە لە خوارەوە باسی دەکەم زیاتر دەگونجێت لە گەڵ باری ئابووری هەرێم ئەویش؛

پێنجەم سیناریۆی شێوە ئێڵ (L)

ئەم پەتایە وئەم قەیرانە ئابووریەی کە دروستبووە و نەدانی مووچە و داخستنی بازار و قەدەغەکردنی هاتووچۆ کاریگەریەکی ڕاستوخۆی لە سەر توانای خەرجی هاوڵاتیانی هەرێم کردوو،ە و ئەگەر ئەم قەیرانە چەند مانگێکی کەش درێژە بکێشێت ئەوا کاریگەری لە سەر پاشەکەوت و سامانی خێزانەکان دەبێت، و گاپیکی گەورە لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار دروست دەکات، و دەبێتە هۆی نایەکسانی و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، و چینی ناوەندی کۆمەڵگە دەپوکێتەوە، دیاردەیەکی هاوشێوەی ساڵانی ١٩٩٠ ەکان ڕوودەداتەوە کە هاوڵاتیان پەنایان دەبردە بەر فرۆشتنی خانوو و موڵک و ئۆتۆمبیل و کەلوپەلی ناوماڵ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان.

ئایا حکومەتی هەرێم هیچ رێکار و پۆلسیەکی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بێتەوە تا زیاتر قوڵ نەبێتەوە، ئایا ئەو ڕێکار و پۆڵسیانە هەنگاوگەلێکی دروستن؟ بووەتە هۆی ئەوەی ئەو سەنگەی ئەم قەیرانە لە سەر شانی هاوڵاتی کەم بکاتەوە یان هەوڵی بوژاندنەوەی ئابووریەکەی بدات؟

هەرچەندە دەزگاکانی  حکومەتی هەرێم وشیوازی بەریوەبردنیان بەراورد ناکرێت بە هەر دەزگا و حکومەتیک کەی دونیا بە هۆی جیاوازی حکومرانی و عەقلیەتی حکومرانی لە هەرێم. بەڵام با بێن بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو ڕێکارانەی ئەم مۆدڵە گرتوویەتیە بەر بەرامبەر بەوی دەوڵەتانی جیهان گرتوویانەتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابووری؛

یەکەم: زۆربەی ووڵاتانی جیهان جگە لە یەدەکی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی ووڵاتەکەیان، وەزارەتی داراییان یەدەکی دراویی هەیە بۆ کاتی قەیرانەکان و جگە لەمەش چەندان سندوقی دیاری کراویان هەیە لەوانە سندوقی خانەنشینی کە دەتوانیێت لە کاتی نەبوونی نەختینەی پێویستدا قەرزیان لێبکات، بۆ نمونە حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی ڕابردوو پەنای بردە بەر سندوقی خانەنشینی. لە بەرامبەردا لە هەرێم نەک هەر بانکێکی ناوەندیمان نیە، بەڵکو وەزارەتی دارایی چاوی لە دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە و بوودجە و سامانی ئەو وەزارەتەش ناشەفافە، جگە لەوەش حکومەت نەک هەر سەندوقی خانەنشینی خاڵی کردووتەوە بەڵکو دەستی بۆ سندوقی کۆمەکی نەخۆشیەکانی شیرپەنجەش بردووە، و لە ئێستادا هیچ کام لەو سندوقانە نەک هەر ناتوانن پاڵپشتی حکومەت بکەن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بەڵکو چاوەڕیی دەستی حکومەت دەکەن کە ئەو بڕە پارەشیان بۆ بگەرێنێتەوە کە پێشتر و بە بیانوی جیاواز جیاواز لێ ڕاکێشاون .

دووەم: لە کاتی قەیراندا زەرەمەندی یەکەم خێزانەکانن، لەبەرئەوی ئەندامەکانیان بێکار دەبن، یان بەهۆی ڕاوەستانی بازارەوە ئەو دەرامەتەی کە پێشتر دەستیان دەکەوت کەم دەکات یاخود نامێنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر توانای کرینی ئەو خیزانانە دەبێت. ڕێژەی بەکارهێنانیان کەم دەبێتەوە و پاشانیش تێکرایی بەرهەمی خۆماڵی ووڵات کەم دەکات، بەم هۆیەوە حكومەتەکانی جیهان نەک هەر مووچی کەرتی گشتی تەرخان دەکەن لە کاتی خۆیدا، بەڵکو پارەش لە شێوەی پاکێجی جیاواز جیاوازدا دەخەنەسەر ژمارەی بانکی ئەو خێزانانەی کە دەرامەتیان لە سەر کەرتی تایبەتە، بۆ ئەوەی ئەو کەلێنە لە خەرجی خێزانەکاندا کەم بکەنەوە کە بەهۆی قەیرانەکەوە دروست بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم نەک هەر لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی نادات، بەڵکو هەر ٥٠ بۆ ٦٠ ڕۆژێک جارێک ئەو مووچەیە دابەش دەکات و لەو موچەیەش بڕیاری کەمکردنەوەی ٢١ لە سەدی داوە واتە فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە ٧١% مووچەکانیان کەمکراوەتەوە، و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش کەوتوونەتە بەر ڕەحمەتی بازار کە حکومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕێگرە لە کاروباری بازار لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ و داخستنی بەزۆری بازار. هەر ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەت ڕێژەی بێکاری، بە پێی ئەو ڕووپیویەی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی کردوویەتی ڕێژەی بێکاری لە هەرێم ٤٤% ە.

سێییەم: بە هۆی دابەزینی دەرامەتی خێزانەکان و کەمبوونەوەی توانای کرێنیان ئەوانەی لە کەرتی تایبەت و بە تایبەت ئەو  کۆمپانیا و ئەو کەسانەی لە بواری خزمەتگوزارییدا کار دەکەن زەرەمەندن. حکومەت بۆ ئەوەی رێگە لە زیاد بوونی رێژەی بێکاری و مایەپوچبوونی ئەو کۆمپابیا و کەسانە بگرێت، قەرزی بێ سود و پاکیجی  جیا جییا دارایی پێشکەش دەکات،  تا ببیێتە هۆی بوژانەوەی ئەم کەرتە و لەو قەیرانە دەرباز ببن، بەڵام حکومەتی هەرێم بە پێچەوانەوە سەڕەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا مایەپوچبوون، فشاری لە سەر ئەو کۆمپانیانەی کە سەر بە پارتەکان نین بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان کۆمپانیا و شوێنە خزمەتگوزایەکانیش بۆ ئەوەی ئەم قەرزانە بدەنەوە، بە شێوەیەکی سروشتی ناچار دەبن یان بەکەمکردنەوەی هێزی کاریان و بێکارکردنی ژماریەکی زۆر هاوڵاتیان یان کەمکردنەوەی مووچەکانیان بەڕێژەیەک کە کار لە هێز و توانای کڕین و بەکاربردنیان بکات.

لە کۆتاییدا دەمەوێت چەند خاڵێک بخەمەڕوو:

یەکەم: ئەگەر وای دابینێن لە چەند هەفتەی ئایندەدا پێکوت لە لایەن یەکێک لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانەوە دروست دەکرێت و دەخرێتە بازارەوە، یەکەم کڕیار حکومەتی ئەو وڵاتانە دەبن بۆ ئەوی هاوڵاتیانی خۆیانی پێبکوتن و پاریزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیانی خۆی پێبکەن. پرۆسەی بەرهەمهێنان و کۆتانی هاوڵاتیان کاتێ پێدەچێت و بەمەش کاتی دەوێت تا ئابووری بگەرێتەوە دۆخی جارانی،  و جارێکی دی خواست لە سەر نەوت زیاد بکات. بۆ ئێمەش، دەبێت چاوەڕیی رێکخراوێکی خێرخوازی بکەین کە ئەو پێکوتە بگەیەنێتە دەستمان چوونکە دڵنیام حکومەتی هەرێم کە مایە پوچە توانای کرێن و دابین کردنی ئەو پێکوتەی نابێت، لە بەر ئەوە کاتێکی زۆری دەوێت تا سەرجەم هاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگەیە بەرگری بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە دروست دەکەن و ژیان دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

دووەم: ئەو حکومەتانەی شکستیان هێناوە لە حکومڕانیدا هەمیشە پەنا بۆ هێزو هێزی چەکداری دەبەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، بۆ نمونە بەشی ناوخۆیی خوێندکاران کە سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵایە کێشەی تێبکەوێت وەزارەتی ناوخۆ تەداخول دەکات، هاوڵاتیان نارازین لە خزمەتگوزارییەکان کە سەر بە وەزارەتی شارەوانییە، وەزارەتی ناوخۆ تەداخول دەکات بۆ کپ کردنەوەی دەنگی هاوڵاتیان، هاولاتیان گلەیی و گازەندەو ڕەخنەیان هەیە لە وەزارەتی دارایی دژ بە پێنەدانی شایستە داراییەکانیان وەزارەتی ناوخۆ دێتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردن  وکپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان.  کێشەی تەندروستی هەیە و سیستەمی تەندروستیەکت (نەک کارمەندانی تەندروستی و پزیشکەکان) خراپە، پەنا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەبرێت بۆ چارەسەی کێشەکە. هەر لە بەر ئەوەشە لەم دۆخە دا بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە هێندە وەزیری ناوخۆ و وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی بازار و شوینە گشتیەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن هێندە وەزارەتی تەندروستی جێ دەستی دیار نیە. بەم کارەش وەزارەتی ناوخۆ نەک قەیرانەکەی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت بەڵکو قەیرانە ئابوورییەکەشی قوڵتر کردووەتەوە.

سێیەم: لەم قۆناغەدا تاکە دەرەچە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری هەرێمی تێکەوتووە، داننانە بەو هەڵە ئابووریە گەورانەی کە کراوەن، و لێکتێگەیشتنە لە گەڵ بەغداد بۆ گەیشتەنە چارەسەرێکی بنەڕەتی چونکە عێراق توانای قەرزی هەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر ئەم قەیرانە بەڕێوە بەرێت، و ڕێگە لە داڕمانی ئابووری هەرێم بگرێت. وەرگرتنی قەرز لەم کاتەدا بۆ هەرێم بژاردەیەکی باش نیە، و ئەستەمە دامەزراوەیەک رازی بێت بە پێدانی قەرز بە حكومەتێکی هەڵشکاو ئەگەریش ڕەزامەند بوو ئەوا بە سوودێکی زۆر دەبێت و قەرزەکە نەک لە سەر حکومەت بەڵکو لە سەر هاوڵاتیانی هەرێم گران دەکەوێت.

بەشکردن: