داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان بکەین؟

بەشکردن:

ئاراس مەسیفی

هەڵەیەکی مێژوىی و فیکری و سیاسی و مەعریفییە قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنها وەکو دەستکەوت و موڵکی چەند بنەماڵەیەک و حزبێک لە قەڵەم بدرێت، چونکە قەوارەی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی لە روی خەباتی مێژویییەوە بەرهەمی خەباتی چەندان نەوەی یەک لە دوای یەکە، کە لەپێناو بەدیهێنانیدا ژیان و تەمەنی لاویەتی خۆیان کردۆتە قوربانی، لە روی فەلسەفەی سیاسی و ئیداریش کە بنەماکەی مەبدەئی  فیدراڵییە، لە چەندان وڵات نمونەیەکی سەرکەوتوی بەرێوەبردنە. هەروەها لە دو- مەوداش تاکە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوندیی و شوناس و ناسنامەی گەلی کوردە لە عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتودا.

شکستی سێ دەیەی رابردوی حوکمڕانی کوردی قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستۆتە بەردەم مەترسی داڕمانی ناوخۆیی و  هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی دەرەکی. ئەگەر لە روانگەی سەرەتاییترین پێناسەی زانستی سیاسی بۆ هەر قەوارەیەکی سیاسی دەستپێبکەین، کە خۆی لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکیی، دابینکردنی ژیان و گوزەران و فەراهەمکردنی خزمەتگوازییەکان دەبینێتەوە، ئەوە وەک مانگی چواردە هاواردەکات، کە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لە بەجێگەیاندنی ئەرکە بنەڕەتییەکانی بەتەواوی شکستیخواردوە. خۆ ئەگەر باسی بەدیهێنانی خەونە سەردەمیی و دیموکراتیەکانىش بکەین، کە خۆی لە دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و سەربەست و ئاسودە بۆ وڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سەروەربونی یاسا و سەربەخۆبونی دادگاکان و رۆژنامەگەریی ئازاد و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەستەڵات دەبینێتەوە، ئەوە حوکمڕانیی هەرێم نەک تەنها سەرکەوتو نەبوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی کردۆتەوە کابوسێکی ئەبەدی بۆ بەشە هەرە زۆرەکەی وڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە لە ژێر ترس و مەترسی دەزگا داپڵوسێنەرە ئەمنییەکان و قورخکاری کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان رۆژ لە دوای رۆژ لە ئێستا و داهاتوی هەرێمی کوردستان بێهیواتر و بێئومێدتر دەبن. لە ئێستادا ئەگەر بە یەک ڕستە پێناسەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین ئەوە زیادەرۆیی تێدا نییە کە ئەگەر بلێن؛ هىچی تر نییە جگە لە کۆکراوەی چەند دەزگایەکی ئەمنی و دارایی و میدیایی دو حزبی سەرەکی بۆ بەرژەوەندیی چەند بنەماڵەیەک و دەستەیەکی سیاسی چاوچنۆک. رۆلی دەزگاکانی پارلەمان و دادەوەری و  جێبەجێکردنیش بچوککراوەتەوە بۆ رەوایەتیدان بەو پاوانخوازی و قورخکاریەی بنەماڵە سیاسییەکان. قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ نییە جگە لە چوارچێویەکی یاسایی و ئیداری بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی چەند بنەماڵەیەکی سیاسی، کە بێڕەحمانە سامانی سەر زەوەی و ژێر زەویی هەرێمی کوردستانیان بۆ چەندین ساڵی تر قورخکردوە و بەمەش نەک تەنها نەوەی ئێستا، بەڵکو نەوەی داهاتوشیان لە خێر و بێری زۆری ئەم وڵاتە بێبەش کردوە.

ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە نارەزایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ خەریکە بەرامبەر بە حوکمڕانی هەرێم سەرهەڵدەدەن. لەم نێوەندەشدا ئەو دەنگانەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەتا دێت بەرزتر و زۆرتر دەبن. بێئومێدی و بێهیوایی و نارەزاییی وڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هەمو ئەو دەنگانەشی کە داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن جگە لە بەرهەم و دەرئەنجام و درێژکراوەی شکستی سێ دەیەی رابردویی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، هىچی تر نییە. قەوارەی هەرێمی کوردستان بە هۆی بێتوانایی و ناشارەزایی و کورتبینی و بێروئیایی سیاسی بڕیاربەدەستەکانی رابردو و ئێستا گەیشتۆتە لێواری داڕوخان.

لە راستیدا داواکاری و رەخنەی بەشێک لە رەخنەگران بە هەمویان بەقەد حوکمڕانی ئێستا مەترسیان لەسەر داروخانی قەوارەی هەرێم لە ناوەوە دروستنەکردوە. لەگەڵ ئەوەشدا داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەرکەسێک بێت، هیچ نییە جگە لە خۆلادان و خۆدزینەوە لە کرۆکی کێشە بنەڕەتییەکانی وڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو دەنگانە جگە لەوەی هیچ بیرێک و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ هەمو ئەو کێشە و ئاریشە بنەڕەتییانەی کە لە سەرەوە باسکراون نەخستۆتەڕو، پاساوێکی هەرزانیشیان داوەتە دەست حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە ناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خۆیان لە چارەسەریی کێشەکان بدزنەوە.

هەڵەیەکی مێژوىی و فیکری و سیاسی و مەعریفییە قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنها وەکو دەستکەوت و موڵکی چەند بنەماڵەیەک و حزبێک لە قەڵەم بدرێت، چونکە قەوارەی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی لە روی خەباتی مێژویییەوە بەرهەمی خەباتی چەندان نەوەی یەک لە دوای یەکە، کە لەپێناو بەدیهێنانیدا ژیان و تەمەنی لاویەتی خۆیان کردۆتە قوربانی، لە روی فەلسەفەی سیاسی و ئیداریش کە بنەماکەی مەبدەئی  فیدراڵییە، لە چەندان وڵات نمونەیەکی سەرکەوتوی بەرێوەبردنە. هەروەها لە دو- مەوداش تاکە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوندیی و شوناس و ناسنامەی گەلی کوردە لە عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتودا. داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوە تەنها زوڵمێکی ئەخلاقی نییە بەرامبەر ئەوانەی لە رابردودا گیان و خوێنی خۆیان و کەسوکاریان لە پێناو بەدیهێنانیدا بەختکردوە، بەڵکو زوڵمێکی مەعریفیشە لە ئێستا و داهاتوی هەرێمی کوردستان و عێراق و بنەماکانی حوکمڕانیی چاک، چونکە لە روی فەلسەفەی سیاسی و ئیداریشەوە، مەبدەئی فیدراڵی تەنها رێگە واقیعی و گونجاوەکەیە بۆ کێشەی کورد و کێشەکانی دیکەش لە عێراق، ئەگەر بمانەوێت بەرژەوندی و شوناس و ناسنامەی وڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و داهاتوی عێراق پارێزراو بێت.

شکستی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە جەوهەری مەبدەئی فیدراڵی لە عێراق و گەرەنتی دەستوری قەوارەی هەرێمی کوردستانەو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کۆڵەواری و  نەزانی و چاوبرسییەتی دەستەبژێری سیاسی هەرێمی کوردستانە، کە ئەویش دەرئەنجامی راستەوخۆی شکستی کۆی پرۆسەی سیاسی و ئیداری عێراقە لە ساتی دروستبونیەوە لە بەسرەوە تا زاخۆ. چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێمیش لەبەر ئەوە بە داواکاری هەڵوەشاندنەوەی مەبدەئی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان نابێت، بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خستنەگەڕی هەمو ئامرازە مەدەنی و دەستورییەکانەوە دەبێت و لە سەر ئاستی عێراقیش لە رێگەی قوڵکردنەوەی مەبدەئی فیدراڵی، جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان و پتەوکردنی دامەزراوە دەستورییەکانی تری دەوڵەتی عێراقەوە دەبێت. هەر هەوڵێکی پێچەوانەی نادەستوری نەک تەنها قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەخاتە بۆشایی دەستوری، کە مەترسی بنکۆڵکردنی زیاتری دامەزراوەکانی دەوڵەتی لە هەرێم و ناوەند بەدواوە بێت، کە لە کۆتاییدا بە زیانی وڵاتییانی و سودی دەستەبژێری حوکمڕانانی هەرێم و عێراق تەواو دەبێت.

بەشکردن: