مستەفا كازمی لە یەكەم تاقیكردنەوەی دەوڵەتدا
یاسین تەها
ئەوەی لەم چەند رۆژە روویدا، ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی درێژ كە دەشێت لە رۆژانی داهاتوودا زیاتری لێ رووبدات، چونكە چیتر خەزێنەی بەتاڵ بەشی ئەو هەموو خەرجییە ئەمنییە ناكات، لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكاشدا واشنتۆن لەگوشاری زیاتردا دەبێت بۆسەر ئێران و باڵە چەكدارەكانی لەعێراق كە حیزبوڵڵا دڕترین و بێ منەتترینیانە
لەپاش ئازادكردنی 14 چەكداری “كەتیبەكانی حیزبوڵڵا”، زۆرلایەن توشی شۆك بوون كاتێك سەرجەمیان بەپێڵاوەكانیانەوە چوونە سەر وێنەكانی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیران كە دەكاتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لەرووی تیۆریشەوە دەبێت فەرماندەی ئەم گروپە چەكدارەش بێت كە خۆی لەسەر “حەشدی شەعبی” ئەژمار دەكات.
ئەم چەكدارانە بەشێوەیەكی كتوپڕ و درەنگانێكی شەوی 25 /26 حوزەیرانی 2020 دەستگیركران، بەفەرمی لەلایەن فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقەوە، تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەكرا كە “هێرشیان كردوەتە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغدا، بەنیازیش بوون هێرشی نوێ بكەن بۆسەر ئەوە ناوچانە” كە زۆرترین بەرژەوەندی بیانی لە خۆ دەگرێت لە عێراق. ئەركی هەڵكوتانە سەر بارەگاكەشیان لە ناوچەی “ئەلبوعێسە” سپێردرابوو بە دەزگای دژە تیرۆر كە ئێستا ژەنەراڵ عەبدولوەهاب ئەلساعیدی، سەرۆكایەتی دەكات و یەكێكە لەبەهێزترین دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و تێكڕای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەن متمانەو جەماوەری زۆرە بەهۆی كارنامە پرۆفێشناڵەكەیەوە لە ساڵانی جەنگی تایفی و شەڕی داعشدا.
ئازادبوونی پڕ لەگومانی ئەم چەكدارانە كە دەوترێت بەهەڕەشە و چاوسوركردنەوە لە دادوەرەكان بووە، تەنها سێ رۆژ پاش دەستگیردنیان، بە پاساوی “لاوازیی بەڵگەكان” لە كاتێكدا لەسەر بەرزترین ئاستی هەواڵگری و ئەمنی تۆمەتباركراون، بەدوای زنجیرەیەك،گرژی و بەریەككەوتندا هات لەناوچەی سەوزی بەغدا كە تاقیكردنەوەیەكی سەخت بوون بۆ مستەفا كازمی و بۆ بۆ دۆخی شڵۆقی عێراقیش كە گیرۆدەی كورتهێنانی زۆری بودجە و لێكەوتەكانی نەخۆشی كۆرۆنایە.لەم میانەیەدا كاروانی ئوتومبیلەكانی حەشد درەنگانێكی شەو بەدوای “ئەبو فدك”ی فەرماندەی حیزبوڵڵا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشد، هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز، لەكاتێكدا ئەوان دەبێت بەشێك بن لە “سیستمی بەرگری و ئەمنی عێراق”، ئەمەش دەخوازێت لێیان ملكەچی فەرمانی سەرۆك وەزیران بن نەك ببنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەستیارترین ناوچەی عێراق كە بارەگای حكومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەكان لە خۆدەگرێت لەناوەڕاستی پایتەخت.
لەولاشەوە باڵە ئیعلامی و چالاكەكانی “حەشدی وەلائی” و حیزبوڵڵا لەسەر تویتەر و سۆشیال میدیا كەوتنە تەشهیر بە مستەفا كازمی و راوێژكارەكانی، جگە لە تۆمەتباركردنی بە نۆكەری و ملكەچی بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل، ناتۆرەی ناشرینیان بەناوەكانیان كرد، هەڕەشەی كوشتن و دەستگیركردنیشیان لێكردن، یەكێك لەوانەش ئەبو عەلی عەسكەریی وتەبێژی سەربازییە بەناوی حیزبوڵڵا كە ئەگەرچی ناوەكەی خوازراوە بەڵام پۆستەكەی سیفەتی فەرمیی هەیە.
هەڵسەنگاندنی جیاجیا هەن بۆ هەنگاوەكەی كازمی و سەرەنجامە خێراكانی تا ئێستا، هەن ستایشی ئازایەتی دەستبردنی دەكەن بۆ مەترسیدارترین گروپی پاڵپشتیكراوی ئێران لەكاتێكدا عەبدولمەهدی لەپێش ئەوا دەستی واڵا دەكردن، هەشن نمایشە توند و زبرەكانی ئەم گروپە و ئازادبوونی خێرای گیراوەكانیان بە رووشانی وێنەی موخابەرات و دەزگای ئەمنی و قەزایی عێراق لەقەڵەم دەدەن لەسایەی سەرۆكایەتی كازمیدا، رایەكی سێیەمیش هەیە پێی وایە كازمی و ستافەكەی كە زۆربەیان مەدەنی و رۆشنبیر و میدیاكارن پێشر ئاكامی وەها هەنگاوێكیان هەڵنەسەنگاندووە و بەبێ بیركردنەوە لەئەنجام خۆیان خستۆتە گێژاوەوە.
لەدەرەوەی ئەم شیكارە دەست و دەمانەش راستییەك هەیە زۆركەس دانی پێدا دەنێت، ئەویش یەلاكبوونەوەی بەریەككەوتنی پرۆژەی دەوڵەت و پرۆژەی باڵە چەكدارە زۆر و بەرەڵاكانی عێراقە كە لەدوای داعش دەست خاڵی بوون بۆ بچڕینی پێگەو نفوز و ناوبانگ بۆخۆیان، لەم میانەیەشدا هەر خەریكی نمایشی باسك و تواناكانی خۆیانن بۆ قایمكردنی پێگەی خۆیان، بەم پێیەش ئەگەر رووداوەكەی “ئەلبوعێسە” ش نەبوایە، ئەم پێكدادانە هەر ڕوویدەدا، لەرۆژانی ئایندە لەم نمونە و حاڵەتانەش زۆرتریش دەبن بەتایبەت كە هەست دەكرێت زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی شیعە ژێر بەژێر و بەبێدەنگی خەریكی كنەكردنن لەكازمی و حەزیان بەسەركەوتنی نییە چونكە هەم بژاردەی دڵخوازی ئەوان نییە، هەم سەركەوتنیشی بە دەسكەوت بۆ “پرۆژەی نیشتمانی” ئەژمارە كە خەڵكانی وەك عەبادی و زورفی و هاوشێوەكانیان خۆیان بە نوێنەری دەزانن.
ئەوەی لەم چەند رۆژە روویدا، ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی درێژ كە دەشێت لە رۆژانی داهاتوودا زیاتری لێ رووبدات، چونكە چیتر خەزێنەی بەتاڵ بەشی ئەو هەموو خەرجییە ئەمنییە ناكات، لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكاشدا واشنتۆن لەگوشاری زیاتردا دەبێت بۆسەر ئێران و باڵە چەكدارەكانی لەعێراق كە حیزبوڵڵا دڕترین و بێ منەتترینیانە، گروپە چەكدارەكانیش لە پێشبڕكێی خۆنمایش كردندا دەبن بەسەر سەرۆك وەزیرانی نوێ بۆ سەلماندنی بێ دەسەڵاتی ئە و و ئازایەتی خۆیان، ئەویش لای خۆیەوە دروشمی بەهێزكردنی دەوڵەت و قەتیسكردنی چەكی لەدەستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەكاندا بەرزكردوەتەوە و ناكرێ هەروا تەماشاچی تەراتێتی سەربازیانەی حیزبوڵڵا و نوجەبا و هاوشێوەكانی بێت كە بەپارە و ئیمتیازات سەر بەدەوڵەتی عێراقن، كەچی بۆ فەرمان و گوێڕایەڵی دەگەڕێنەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی تاران، لەم نێوەندەشدا گرەو لەسەر دروستبوونی رایەگی گشتی و پاڵپشتی شیعە نیشتیمانی و عەرەب مەشرەبەكانە ببنە پشتیوان و هاوكاری كازمی لە تاقیكردنەوەی گێڕانەوەی شتێك شكۆ بۆ هەیبەتی دەوڵەت پاش ساڵانێكی زۆر لە وردو خاشبوونی بەفاكتەری جیاجیا.