دانانی پارتی و یه‌کێتی و کۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراقی له‌ لیستی ڕەشی ئەمریکا

بەشکردن:

فازڵ کوردی

“پۆڵ بڕیمەر بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری بێ له‌م مانگانه‌ بڕیارده‌دا ڕێککه‌وتنێک مۆر بکرێ له‌نێوان عه‌ره‌به‌کان و پارتی و یه‌کێتی که‌ ڕێژه‌ی پاره‌ی داهاتی نه‌وتیان بۆ زیاد بکرێ له‌ ١٣./’ بۆ ١٧./’  له‌جیاتی ما‌نگانه‌ی پاره‌ی کاش به‌ مه‌رجێک هێزه‌ چه‌کداره‌کانی پارتی و یه‌کێتی له‌ هێلی ٣٦ بمێننەوە و نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ که‌ ده‌کاته‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی ئه‌مڕۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومه‌تی عێراقی که‌ ناونراوه به‌‌ مادده‌ی ١٤٠.”

له‌سه‌ردانانی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کۆنگره‌ی نیشتمانی عیراقی له‌ لیستی ڕه‌شی ئەمریکا و چۆنییه‌تیی مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان، توانرا هه‌ندێ سه‌ره‌داو ئاشکرا بکرێن، ئه‌ویش له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندیکردن به کۆنه‌ دیپلۆماتێکی ئه‌مریکیی که‌ کاتی خۆی ده‌ستڕۆیشتووی هه‌ر یه‌ک له جه‌ی‌ گارنه‌ر و پۆڵ برێمه‌ر بووه‌ پاش ڕزگارکردنی عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپەیمانان‌.

ئه‌م کۆنه‌ دیپلۆماته‌ له‌ قسه‌کانی باس له‌وه‌ ده‌کا که‌ به‌ر له‌ هاتنی ئه‌مریکا پلانێک داڕێژرابو که‌ چۆن ئه‌و هێزه چه‌کدارانه‌ی له عێراقن به‌ عه‌ره‌ب و کورده‌وه کۆنترۆل بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه‌‌ نه‌بنه‌ به‌رهه‌ڵستکار یان تێکده‌ری پرۆسه‌ی ئازادکردنی عێراق پاش له‌ناوچوونی ڕژێمی به‌عس‌،‌ به‌ شێوه‌ێک له‌ شێوه‌کان بێدەنگبکرێن ئینجا به‌هێزی سەربازی بێ یان به‌ پاره‌. بۆ ئه‌مه‌ش یاسای (پاتریۆد ئاکت ئاماده‌بوو، لیستی ئه‌م هێزه‌ چه‌کدارانه‌ ئاماده‌کرابوو لەدوای رووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر لەلایەن وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، له‌ کۆنگریسیش ده‌رچوبوو و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌نگی زۆرینه‌ی پێدرابوو وه‌کو یاسا جێگیر کرابوو.
بەم یاسایە پارتی و یه‌کێتی و کۆنگره‌ی نیشتمانی عیراقی خرابوونە لیستی ڕەش.

ئه‌مریکییه‌کان‌ پێشبینی ئه‌وه‌یان کردبوو که‌ چه‌ند هێزێکی به‌رهه‌ڵستکاری سوننی له‌ ناوچه‌ سوننه‌نیشینه‌کان دروستدەبن، له‌ هه‌مان کات‌ هه‌رسێ هێزی چه‌کداری پارتی و یه‌کێتی و کۆنگره‌ی نیشتمانی عیراقی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا بوون، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌مریکییه‌کان که‌وتنه‌ نێوان دوو بژارده:‌
یان هێزێکی زۆر ڕه‌وانه‌ی عیراق بکه‌ن، یان به‌ پاره‌ ڕازییان بکه‌ن و چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه‌ بکه‌ن. پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆران و شاره‌زایان له‌ کاروباری عێراق بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌م هێزانه‌ هێزی فشۆڵ و چاوچنۆکن. لەبەر ئەوە بژارده‌ی دوه‌میان هه‌ڵبژارد به‌پێی ئه‌وه‌ی کە زۆر لە عێڕاقییەکان ئاسانه‌ ملکه‌چی پاره‌ بن.

پاش هاتنی هێزەکانی ئه‌مریکا و کۆنترۆلکردنی عێراق له‌ یه‌کێک له‌ کۆشکه‌کانی سه‌ددام له‌ به‌غدا هێزه‌کانی ئه‌مریکا پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر ده‌دۆزنه‌وه‌.
جه‌ی گارنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی پارتی و یه‌کێتی بدا چونکه‌ دۆستی نزیکی تاڵه‌بانی و بارزانی بوو، له‌لایه‌کی تریش بۆ ئه‌وه‌ی تووشی لێپرسینه‌وه‌ نه‌بێ له‌لایه‌ن گه‌لی ئه‌مریکا -باجده‌ر-تاکس پەیەر- بڕیار ده‌دا که‌ مانگانه‌ ٣٠ ملیۆن دۆلار له‌م پاره‌یه‌ بدرێ به‌ پارتی و یه‌کێتی و دابه‌شبکرێ به‌یه‌کسانی (١٥ ملیۆن بۆ پارتی و ١٥ ملیۆنیش بۆ یه‌کێتێ). وردەکاری پارەی تەرخانکراو بۆ کۆنگرەی نیشتمانی لای من گرنگ نییە. مانگانه‌کە‌ به‌رده‌وام ده‌بێ تاوه‌کوو جه‌ی گارنه‌ر ده‌ڕوا و پۆڵ برێمه‌ری جیگرەوەی ده‌ستبه‌کارده‌بێ.

برێمه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری بێ له‌م مانگانه‌ بڕیارده‌دا ڕێککه‌وتنێک مۆر بکرێ له‌نێوان عه‌ره‌به‌کان و پارتی و یه‌کێتی که‌ ڕێژه‌ی پاره‌ی داهاتی نه‌وتیان بۆ زیاد بکرێ له‌ ١٣./’ بۆ ١٧./’  له‌جیاتی ما‌نگانه‌ی پاره‌ی کاش به‌ مه‌رجێک هێزه‌ چه‌کداره‌کانی پارتی و یه‌کێتی له‌ هێلی ٣٦ بمێننەوە و نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ که‌ ده‌کاته‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی ئه‌مڕۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومه‌تی عێراقی که‌ ناونراوه به‌‌ مادده‌ی ١٤٠.

بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ لە وەرگرتنی ئەم بڕە پارانە، باشترین که‌س بایز تاڵه‌بانیی رەحمەتیی دەبوه که‌ ئەوکات لێپرسراوی دارایی یەکێتی بوو و لە کابینەی حەوت وه‌زیری دارایی بوو، چونکه‌ ئه‌م هه‌موو مانگێک به‌شی یه‌کێتی وه‌رده‌گرت له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێری کۆن. ئەگەر بایز تاڵەبانی نکوڵی کردبوایە، بەڵگەی ئاشکرای لەسەرە لەلایەن ئەو کەسەی کە بەشە مانگانەکەی تەسلیمکردوە.
زۆر سەرەداوی هاستیاری تر هەن لەبارەی دانانی پارتی و یەکێتی و کۆنگرەی نیشتمانی لە لیستی ڕەش لەلایەن ئەمریکاوە، پێویست بە هەڵوەستە دەکات و شیکردنەوەی بابەتییانەی دەوێ بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکان.
هۆی سه‌ره‌کی پارتی و یه‌کێتی له‌ لیستی ڕه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڕیاری‌ خودی ئه‌م دوو حیزبه که‌ له‌کاتی خۆی داویانه، به‌تایبه‌تیش پاش ڕزگارکردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌‌‌، چونکه‌ خۆیان ڕازیبوون ناویان له‌م لیسته‌ بێ به‌رامبه‌ر به‌ چەند ملیۆن دۆلارێک کە لەسەرەوە باسمان کرد.‌

لایەنە شاراوەکەی دروست بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان

هەڵەیە ئەوەی پێیوایە حکومەتی هەرێم بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری چەندین ساڵەی خەباتی سیاسی کوردە، بێگومان راپەڕینی خەڵک و شۆڕشی چەکداریی کاریگەریی خۆیان هەبوە.

لەگەڵ ئەوەی کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکا کە میللەتی ئێمە بەدرێژایی سەدەیەکە خەریکی خەباتی سیاسی و چەکداری بووە و بە هەزاران کەس شەهید بووە، بەڵام دروستبوونی ئەم هەرێمە و پەیوەستکردنی بە شۆڕشی کورد رەنگە زۆر لە جێی خۆی نەبێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەرهەمی لێکەوتەی شەڕی ڕزگارکردنی کوێتە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بە تایبەتی لە پاش ڕزگارکردنی عیراق لە دەستی دیکتاتۆریەت و نووسینەوی دەستوری عیراق بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەستخستنە ناو سیاسەت لە عیراق بە گشتی، ئەمە بوو بە بەرهەمی دروستبوونی ئەو هەرێمە.

ئاشکرایە میللەتی ئێمە لەدوای ئەنفال، بەعس کۆنترۆڵی هەموو کایەی سیاسی میللەتی ئێمەی کردبوو، دەستیشی خستبوە ناو رێکخستنەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشەوە و هەموو ئەو هێزە سیاسییانە پەناهەندەبوون لە وڵاتانی دی، بەتایبەتی لە ئێران.
ئەوەی کە ئەم هەرێمەی دروستکردوە گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز بو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەی سەرەوە بیرەوەری برادەرێکم بیردەخاتەوە (ج ث) کە لە ١٩٩١ فەرماندەیەکی باڵایی سەنتەری هاوکاری سوپای ئەمریکا بوو لە زاخۆ بە هاوکاری هێزی سوپای ئینگلتەرا ئەم سەنتەرە بەڕێوەدەبرا.

(ج ث) دەگێڕتەوە کاتێ ئاوارە کوردەکان بە دەیان هەزار ئاوارەی ئیران و تورکیا بون، فشارێکی زۆر هەبو کە چۆن ئەم هەمو ئاوارەیە بگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە و وەک هەنگاوی یەکەم، بیرۆکەی دو چادرگەی گەورە لە فرۆکەخانەی بامەڕنی و فڕۆکەخانەی هەریر دروستبکرێ بۆ گەیاندنی پارمەتییە مرۆیییەکان. ئەو دەگێڕێتەوە و دەڵی: “ترسی عێراقمان هەبو لە بۆردومانکردنی چادرگەکان بەتایبەتی ڕای ئاوەرەکان وەرگیرابوو کە ترسیان لە چەکی کیمیای و کیمیاباران هەبو.” پەیوەندی دەکەن بە حکومەتی عیراقی بەتایبەتی تاریق عەزیز بۆ ئەم دوو چادرگەیە و گەرەنتی وەرگرن کە هیچ هێرشیکی سەربازی ئەنجامنەدرێ لەلایەن عیراق. تاریق عەزیز ئاگاداریان دەکاتەوە کە سەدام حسێن فەرمانی کردوە کە نەک هەردوو چادرگەی بامەڕنی و هەریر بەڵکو سوپای عیراقی لە هەرسێ شاری هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە ناوچەی ئۆتۆنۆمیە پاشەکشە پێدەکا بە مەرجێک ئەمریکا سەرپەرشتی بکا بەڵام بەبێ کەرکوک، چونکە بە قسەی سەدام، ئەگەر کەرکوک بخرێتە ناو ئەو پلانە ئەوا کوردەکان داوای جیابونەوە لە عیراق دەکەن لەبەرئەوەی دەبن بە خاوەنی ئابورییەکی بەهێز کە سامانی نەوتە.
لەبەر ئەمە، دووبارەی دەکەمەوە هەڵەیە ئەوەی پێیوایە حکومەتی هەرێم بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری چەندین ساڵەی خەباتی سیاسی کوردە.

بەشکردن: