لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتان بۆ سەر کوردستان

سیڤان سەعید

لەشکرکێشی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆسەر خاک و خەڵکی کوردستان، تا بۆمبابارانکردنی گوند و شار و چیاکانی کوردستان؛ تا سووتاندنی دارستان و سروشتی کوردستان، هەرهەمووی یەک پاکێجە و یەک مەرامی لەپشتەوەیە، ئەویش دژایەتیکردن و هەڕەشەی لەناوبردنی کۆمەڵگە و تاکی هزر ئازادە کە ئەمڕۆ خۆشبەختانە کورد و تەڤگەرەکەی ئاڵاهەڵگری ئەو رەوتە ئازادییخوازەن.

گەلێک ئازادیی بوێت، دەبێ نرخی ئەو ئازادییە بدات. ئەمە قسەی شەهید دوکتور قاسملووە. قسەکە مانایەکی قووڵی هەیە. تێگەیشتنەکەیشی ئاسانە. بەڵام سەر رێگاخستنی شۆڕشێک کە بتوانێ نرخی ئازادی بدات و لە ئەنجامدا ئازادی فەراهەمبکات؛ زۆر سەخت و نەکردەنییە. هەوڵدەدەم شیکردنەوەیەک بۆ ئەو وتەیەی سەرەوە بکەم. گەلێک ئازادی بوێت دەبێت چۆن گەلێک بێت؟ ئایا گەلی کورد ئازادیی دەوێت؟ بەرلەوە ئایا دەکرێ بە کورد بڵێن گەل؟ گەلێک کە گەیشتبێتە ئاستی خواستنی ئازادی و هەوڵدان بۆی؟ تەماشاکردنی ئەم سەد ساڵە ماڵوێرانکەرەی ناوچەکە زۆر فێرکەر و رۆشنکەرەوەدەبێ. رەنگە وەڵامی سەرپێیی بۆ پرسیاری ئەوەی ئایا کورد گەلێکە کە شایانی ئازادییە؟ یاخود گەیشتۆتە ئاستێک کە ئازادی بخوازێ؛ نەخێربێ. لە دوای گەڕان و خوێندنەوەی بوویەرەکانی ئەم سەد ساڵە و تێڕامان لە هەل و کۆسپەکانی بەردەم بزاوتی ئازادییخوازی کوردانیش؛ دیسان وەڵامەکە دەبێتەوە بە نەخێر. بەڵام نەخێرێکی رەها نیە.

ئەم وەڵامی نەخێرە نەک تەنیا بۆکورد، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکەیش هەر راستە. ئەو ئازادییەی کەپێویستە لە هزر رامانی مرۆڤدا دروستببێ و هانیبدا بۆ ئازادبوونی کۆمەڵگە؛ شتێکی زۆر نادر و ئەستەمە. مەخابن بۆتە ئەو تەیری عەنقایەی کە (بە قەولی قانیع) نەبینراوە لەڕووی دەورانی دەوران. نە ئەو گەلانەی کە لە ناوچەکەدا بێدەوڵەتن ( وەک کورد) و نە ئەوانەش کە لەسەر ناوی ئەوان چەندین دەوڵەت و دەوڵەتۆچکە دروستکراون، هیچیان بە مانای ئازادیی هزر و رامان و دواتر ئازادی ژیانی کۆمەلایەتیی و کۆمەڵگەکانیان؛ ئازاد نین. ئەوەی هەیە تەنیا رواڵەتێکە و پەراوێزێکی ئازادییە لە چوارچێوەیەکی تەسک و تاراددەیەکی زۆر بێمانادا. بۆ نموونە؛ لەلوبنان خەڵک دەتوانن لە هەڵبژاردنی ئاین و مەزهەب و شێوازی ژیان و جل و بەرگی خۆیاندا ئازاد بن. بەڵام لە گۆڕینی سیستەم و بڕینی دەستی زوڵم و رێگرتن لە تاڵانکردنی سەروەتی نیشتیمانەکەیاندا خاوەنی یەک حەرف نین. لە تورکیا و ئێران، مەودای ئازادییەکان بە فەرسەخ لەوەی لوبنانیش کەمترە. لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا ( بە میسر و تونسیشەوە) بوار و مەودای ئازادیییەکان هەزار و یەک  بەربەست و کێشەی لەبەردەمدایە.

کەواتە کێشەکە چیە؟ ئایا خەڵک ئازادییان ناوێت؟ یان بە فۆرمێکی درۆینەی ئازادیی خۆیان خەڵەتاندووە یان خەڵەتێنراون؟ یانیش هەر لە ئەساسەوە ئازادی وجوودی نیە و شتێکی نامومکین و بەدەستنەهاتووە؟

ئەگەر ئازادیی شتێکی ناوەکیی و مەعنەویی بێ و پەیوەندی بە هزر و قەناعەتی تاکە مرۆڤێکەوە هەبێ و بەتەنیا لە جوغزی تاکدا لێی بڕوانرێت؛ ئەوە دەکرێ بڵێین کە مرۆڤایەتی تەنیا چەند کەسێکی ئازاد ئەندێش و ئازاد هرزی بەخۆوە دییوە. بەلام کێشەکەی ئێمە لەسەر ئازادیی کۆمەڵگەیە، لەسەر مەودای فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵک. ئیدی لەم ساتەوە قسەکردن لەسەر ئازادیی تاک و گروپێک لەسەر حسابی ئازادی هەموو خەڵک دەبێتە کێشە نەک چارەسەر. ئەوەی دەوڵەتەکان و هێزە پاوانخوازەکان لە ناوچەکەدا بەرهەمیانهێناوە، ئازادییەکی سنووردارە بۆ نوخبە و گروپێکی دەسەلاتدار، نەک ئازادی بۆ خەڵک. لە دنیای ئەمڕۆدازۆر جار قسە لە دوو جۆر ماف دەکرێت. یەکەم، مافی یاسایی کە  بەرهەمی دەوڵەت و یاسا دروستکراوەکانی ئەم سەردەمەیە. دووەمیش مافی ئەخلاقی کە بەرهەمی هزر و سروشتی چاکەی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە. دەوڵەت و یاساکان مافی یەکەم فەراهمەدەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو توخمانەن کە یاساکان دەیانگرێتەوە. کەچی مافی دووەم پایماڵ دەکەن بەبێ گوێدانە ئەخلاق و راستینەی سروشت و هزری کۆمەڵگەکان. بۆ نموونە؛ هەموو دەوڵەت و یاساکانی دونیا لە نیگەرانییەکانی دەوڵەتی تورکیا تێدەگەن و بەهەق و مافی تورکیای دەزانن کە بەرگری لە سنوور و سەروەری وڵاتەکەی بکات، بەلام هیچ دەوڵەت و یاسایەک مافی ئەخلاقیی خەڵکی سیڤیل و بێ گوناهی کورد نابینێت و نەک لە نیگەرانیی و ترسی گەلی کورد تێناگەن، بەڵکو نیگەرانیش نین لە کوشتنی کوردەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە. ئەوە مافی یاسایی دەوڵەتی تورکیایە بەبێ گوێدانە مافی ئەخلاقیی و مرۆڤیی کەسانی دیکە. لێرەدا ئەو دەوڵەت و یاسایانەی کە کە ئەم واقیعەیان خولقاندووە؛ خەڵکانی ناو دەوڵەتێکیان ئیقناعکردووە کە ئەمە بژاردە راستەکەیە و ئەنجامی ئازادبوون و دەستکەوتنی مافەکانی ئێوەیە کە دنیا بەو جۆرە بەڕێوە دەچێ. لەم سۆنگەیەوە، چەندە گەلە بێدەوڵەتەکانی ناوچەکە (وەک کورد) بە نائازاد و دیل دەزانم، بەهەمان راددە ئەو گەلانەیش نائازاد و کۆیلەی دەسەڵات و دەوڵەتەکانیان دەبینم کە لەسەر ناوی ئەوان نوخبەیەکی پاوانخواز؛ دەسەلاتی خولقاندنی ئەو کارەساتە نامرۆیی و نا ئەخلاقییانەیان هەیە.

شەڕکردن لەگەڵ ئەو واقیعە و هەوڵدان بۆ فەراهەمکردنی مافە ئەخلاقیی و مرۆییەکان، ئەرکی کەسانی ئەندێشە و هزر ئازادە. کارە مەزنەکە بریتیە لە سەروەری بەخشینەوە بە مافی ئەخلاقیی کۆمەڵگە. هەوڵدانە بۆ جڵەوکردنی یاساکان و دەوڵەتەکان بۆ تەسلیمبوون بە ماف و ئەندێشەی ئازادی کۆمەڵگە و نوسینەوەی یاساکان لەسەر بنەمای مافی ئەخلاقی. ئەم کارە بە کەسانێک دەکرێ کە هەم سیاسی بن هەم ئەخلاقی. کۆمەڵگەیەک دەتوانێ ئازاد بێ کە لەسەر بنەمای سیاسەت و ئەخلاق بنیاتنرابێ. بووبێتە کۆمەڵگەی سیاسی و ئەخلاقی. بەلام لە دنیای ئەمڕۆدا دەبینین کە دەوڵەتەکان و هێزە پاوانخوازەکان لەهەوڵی سیتماتیکی بەردەوامدان بۆ دابراندنی کۆمەڵگە لە سیاسەت و لە ئەخلاق. ئەوە گەلی کورد و گەلی تورک نین کە یەکتر قردەکەن. ئەوە دەوڵەتی تورکە کە گەلی کورد قڕ دەکات و گەلی تورکیش گەمژە و هێڕ دەکا و دەیکاتە دوژمنی گەلی کورد. هەرجەندە لەم نێوەندەدا هەموو ئەوانەی کە هێڕ و گەمژە دەکرێن بەتەنیا تورکەکان نین. دەوڵەتی تورک کوردەکانیشی لەهەمان پرۆسەدا رەتاندووە. هەموو ئەوانەیش کە قڕدەکرێن بەتەنیا کوردەکان نین. بەڵکو هەرکەسێک لەهەوڵی ئازادبوون و شەڕکردندابێ بۆ سەندنەوەی روومەت و ناسنامەی مرۆیی و نەتەوەیی خۆی؛ بەر زەبری دەوڵەتی دڕندانەی تورک کەوتووە و دەکەوێ لە ناوچەکەدا، لە سەد ساڵی رابردوودا. بە قەولی دوکتۆر قاسملو، هەرکەس بیەوێت ئازاد بێ، دەبێ ئامادە بێ بۆ هێرش و هەڕەشەی قڕکردن. هەرکەس لە هەوڵی بە سیاسیی و بە ئەخلاقییکردنەوەی کۆمەڵگەدابووبێ، بەر زەبری دەوڵەتەکان کەوتووە و دەکەوێ.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاک و گەلی کوردستان، راستە و راست هێرشە بۆ سەر کەسانی هزر و ئەندێشە ئازاد کە لەهەوڵی فەراهەمکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی و ئەخلاقییدان کە تیایدا خەڵک بەرەو ئازادی هەنگاو بنێ. خەڵکانێکی زۆر پێیان وایە ئەم هێرشانە بۆ سەر گەلی کوردە نەک تەنیا بۆ سەر بزاوتی ئازادییخوازی گەلی کوردستان کە ئەمڕۆ پەکەکە نوێنەرایەتی دەکات. پێیان وایە دەوڵەتی تورک و ئێران دژی هەموو گەلی کوردن نەک تەنیا تەڤگەرە ئازادییخوازەکەی. خەڵکانێکی دیکەیش پێیان وایە ئەم هێرشانە تەنیا لە دژی گروپێکن بەناوی پەکەکەوە نەک دژی کورد و خەڵکانی سیڤیل و ئاسایی.  لە راستیدا هەردوو بۆچوونەکە لەوەدا کورت دەهێنن کە ماهیەت و خولقەتی هێز و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیان نەناسییوە. بەڵێ راستە ئەمڕۆ پەکەکە و کوردانی هزر و ئەندێشە ئازاد ئاڵا هەڵگری ئاڵای پرۆسەی بە سیاسیی و ئەخلاقییکردنەوەی کۆمەڵگەن. رەوت و پارتە وابەستەکانی ناو کوردانیش، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، ئاڵا هەڵگری وابەستەیی و دوورخستنەوەی کۆمەڵگەن لە سیاسەت و لە ئەخلاق. ئەمە بۆتە راستییەک و وردە وردە رۆشندەبێتەوە بۆ کوردان. بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان تەنیا بۆ سەر پەکەکە و تەنیا بۆسەر گەلی کوردیش نیە لە باشووری کوردستان. بەڵکو هەڕەشەی لەناوبردنی هەموو کەس و گروپ و کۆمەڵگەیەکە کە بیەوێ بیر لە ئازادیی بکاتەوەو بەتەمای هەوڵدانبێ بۆ گێرانەوەی بەها سیاسیی و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەکەی. ئەوەی دیارە و بەرچاوە کە دەوڵەتەکان دژایەتی کوردان دەکەن، لەراستیدا ئەوە هەواڵە خۆش و گرنگەکەیە. مانای وایە کوردان ئاڵاهەڵگری ئازادیی و هزری ئازادن بۆ کۆمەڵگەکان. لەشکرکێشی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆسەر خاک و خەڵکی کوردستان، تا بۆمبابارانکردنی گوند و شار و چیاکانی کوردستان؛ تا سووتاندنی دارستان و سروشتی کوردستان، هەرهەمووی یەک پاکێجە و یەک مەرامی لەپشتەوەیە، ئەویش دژایەتیکردن و هەڕەشەی لەناوبردنی کۆمەڵگە و تاکی هزر ئازادە کە ئەمڕۆ خۆشبەختانە کورد و تەڤگەرەکەی ئاڵاهەڵگری ئەو رەوتە ئازادییخوازەن.

بەشکردن: