جووتیار چۆن پەروەردە دەکرێت؟

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب

بە دڵنیاییەوە جووتیار ئازار دەکێشێت کە بەروبوومە نەفرۆشراوەکەی فڕێ بدات و تەفروتونای بکات، بەڵام ئەو هەڵوێستەش ئاسانتر لای ئەوانە سەر دەکات کە فەرهەنگی مووچەخۆرییان هەیە و نرخی بەروبوومەکەیان تەنها لە هاتنەدەستی پارەی نفت و خێرادا دەبینن.

کشتوکاڵ و جووتیاری خۆیان جۆرێکن لە ژیان. پێوەر و نرخە ماددی و مەعنەوییەکان لای جووتیار جیاوازن لەوانەی لای کرێکار و بازرگان یان مووچەخۆرن. کرێکار لە بنەمادا دەبێت پێش وشکبوونەوەی عارەقی نێوچاوانی حەقی خۆی وەربگرێت و، مووچەخۆریش بڕیارە پێش تەواوبوونی مانگەکە. بەڵام جووتیار بەپێی جۆری بەرهەم و وەرز و زۆرجاریش ساڵەوساڵ چاوەڕێی هاتنەدەستی بەری ڕەنجەکەی دەکات.

جۆر و وردەکارییەکانی هەر پیشەیەک کار لە ناوەڕۆک و دەروون و دنیابینیی مرۆڤ دەکەن. تۆ وەرە بە کرێکارێک، بە مووچوخۆرێک بڵێ، چاوەڕێی هیچ مەکە تا کۆتایی وەرز و ساڵ، یان ساڵ نا ساڵێک یان زیاتر، بزانە لە ژیانیدا جووتیاری دەکات؟ مووچەخۆر ژیانی خۆی و خانەوادەکەی بە پلانی مانگەومانگ داڕشتووە. کارێکی ئاسان نییە ئێستە بێت پلانی وەرزی و ساڵانە دابڕێژێت. ئەمە بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداریش ڕاستە. من دڵنیا نیم کە کوردستان کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی هەیە یان نا، بەڵام لەوە دڵنیام کە لەسەر خەیاڵ و خولیای سەرمایەداری پەروەردە کراوە و دەکرێت. خەیاڵی سەرمایەداری ئەوەیە کە چاوەڕێ بیت ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەمت زیاد بێت و سەرمایەکەت چین لەسەر چین زیاد بکات و ئەوەی ئەمڕۆ هەتە سبەینێ زیاتر بێت.

زۆر سەختە بۆ جووتیار سەرمایە کۆ بکاتەوە، چونکە پیشە و دنیای کشتوکاڵ زۆر لایەنی گۆڕاو و چاوەڕواننەکراوی هەیە، بە تایبەتی کە سیستەمێکی تەکنەلۆجی و دەستەڵاتێکی سیاسیی تۆکمەی لە پشت نەبێت. جا، جووتیار کە هەر لە منداڵییەوە لە قوتابخانە خەیاڵدانی پڕ دەکرێت لە وادە و پەیمانەکانی سەرمایەداری و بنەماکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە و زیادکردنی بەرهەم و بەرەوپێشچوونی بەردەوام، ئاساییە کاتێک بەرهەم کەم بکات یان کە سەرمایەی ئەمساڵی لە هیی پار کەمتر بێت، دەکەوێتە سەر دووڕیانێک: یان بەرهەمەکەی لە ئاقار و سەر جادە و شەقامەکان هەڵدەڕێژێت و بە سەیارەکەی دەیانهاڕێت و کفری نیعمەتی زۆریی بەرهەمەکە و کەمیی نرخەکەی دەکات، یانیش بە هەڵەداوان دەچێتەوە باوەشی دەستەڵاتدارانی مووچە و کۆیلەیی سیستەمی پارەی مانگانە و دەستکەوتی خێرا.

جیهانی کشتوکاڵ و ژیانی جووتیار فەرهەنگ و دنیابینیی تایبەت بە خۆی هەیە. بەشێکی گرنگیی ئەو فەرهەنگ و دنیابینییە ئەنجامی سروشتی پیشەکەیە کە حاڵەتە سروشتییەکانی کەشوهەوا و وەرزەکانی ساڵ و خاک و تۆ و ئەمانە کاری لێ دەکەن. چاوەڕوانی و پشوودرێژی، بە نموونە، بەشێکی گرنگی ئەو فەرهەنگەن. پێگەیشتنی هەر بەروبوومێکی کشتوکاڵ کاتی خۆی هەیە و، تەکنەلۆجیی نوێ تا ڕاددەیەکی دیاریکراو پڕۆسەی پێگەیشتنەکە خێرا دەکات. ئەوی دی بە سروشتی بەروبوومەکەوە پەیوەستە. لە هەر حاڵێکدا، بەراورد بە کرێکاری یان مووچەخۆری یان دوکانداری، کاری جووتیار چاوەڕوانی و ناڕوونیی کۆتایی پڕۆسەکەی زیاتر تێدایە. ئەم ژیانە، وەک هەر ئاراستەیەکی دیکەی ژیانی کۆمەڵگە، پێویستی بە بەرچاوڕوونی و فێربوون و خووپێوەگرتن و دەوڵەمەندکردنی ئەزموون هەیە. بە مانایەکی دیکە، کشتوکاڵ پێویستی بە کەسانێکە هەڵوێستی جووتیارانەیان هەبێت. ئەم هەڵوێستەش پەروەردە دەکرێت و پەرەی پێ دەدرێت. کشتوکاڵ لە دەستی کەسانێکدا کە هەڵوێستی مووچەخۆریان هەبێت گەشە ناکات. پێوەرەکانی ڕۆژانەی جووتیار جیاوازن لەوانەی مووچەخۆر و فەرمانبەر. مووچەخۆر و فەرمانبەر بە گشتی لە شاردا دەژین و لەسەر بنەما و پێوەرەکانی شار ڕۆژ دەکەنەوە و دەیکەنە شەو. جووتیاران لە پەنای باخ و زەویوزارەکەیاندا دەژین و لەسەر بنەمای کار و پێویستییەکانی کشتوکاڵ ڕۆژ و شەویان دەگوزەرێنن.

زانینی ئەم جیاوازییە بۆ گرنگە؟

سیستەمی پەروەردە و فێرکاری بۆ پەرەدان بە مووچەخۆری و کاری نێو فەرمانگەکان جیایە لە سیستەمی پەروەردە و فێرکاری بۆ پێگەیاندنی کرێکار و کارمەندی پیشەسازی. هیچکام لەم سیستەمانە ناتوانن پەرە بە هەڵوێستی جووتیارانە و پێشخستنی کشتوکاڵ بدەن. بەوەی سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە شێوازی داڕشتنەکەیدا بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازییە و لە واقیعدا مووچەخۆر و فەرمانبەر پەروەردە دەکات، بە هیچ جۆرێک کارێکی ئیجابی ناکاتە سەر پێشخستنی کشتوکاڵ و پەروەردەکردنی هەڵوێستی جووتیارانە. تۆ بڕوانە، لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرندا سەعات هەشت بەدواوە پڕۆسەی خوێندن دەست پێ دەکات چونکە کاری فەرمانگەکانیش هەر لەو کاتەدایە. منداڵ هەر لە شەش ساڵییەوە لەسەر ئەم خشتەیە فێر دەبێت و خووی پێوە دەگرێت و، تا کۆتایی خوێندنی ڕەسمی و هەڕەتی لاوێتی بۆ یەکجۆر ژیان و هەڵوێست و فەرهەنگی کارکردن ئامادە دەکرێت. مرۆڤی وا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە جووتیار. ڕۆژی جووتیار زۆر جار پێش خۆرهەڵاتن دەست پێ دەکات و بەپێی پێویستیی بەروبوومەکەی ڕۆژەکەی کۆتایی دێت. وەرزی کارکردن و وەرزی پشووی جووتیار جیاوازە لە هیی فەرمانبەر و کرێکار. جووتیار ناتوانێت بە بڕیاری ڕەسمی پشوو وەربگرێت، بەڵکە سروشت و پێویستییەکانی بەرهەم و بەروبووم بڕیار لەوە دەدەن. پشووی وەرزیی منداڵە جووتیار لەوانەیە لە زستاندا مانای هەبێت و، دەبێت هەر لە زستاندا بێت. بەڵام لە قوتابخانەی ڕەسمیدا بڕیار دراوە لە هاویندا بێت. بۆیە سیستەمی سەرتاسەری بۆ پەروەردە کۆمەڵگەیەکی لارسەنگ و یەکجۆر و لە واقیعدا سەرلێشێواو و دەستوپێسپی دێنێتە گۆڕێ.

ڕاستییەکەی، پەرەدان بە کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە وڵاتدا بە پارەبەخشینەوە و کڕینی تراکتۆر و پیکاب و دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاراندا یان بە برسیکردنی خەڵک و بڕین و کەمکردنەوەی مووچەکەیان بە تەنها ناکرێت گەر هەڵوێستی جووتیارانە لە جڤاتی کشتوکاڵیدا تۆکمە نەبێت. حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوانەیە بە بڕ و بە ژمارە، جارجار، بڕیار و فرمانی ڕەسمی و پارە و سەیارە و تۆ و ئەمانەیان دابێتە جووتیاران، بەڵام بە هیچ شێوەیەک گرنگییان بە پەروەردەکردنی جووتیاران نەداوە. بە پێچەوانەوە، لەڕێی سیستەمی پەروەردەی ڕەسمی و سەرتاسەرییەوە هەڵوێستی جووتیارانە لە منداڵە جووتیار دەسڕنەوە و هەڵوێستی مووچەخۆری و خولیای ژیانی شار و پەیمانە فشەڵەکانی خۆشگوزەرانی و سەرمایەداری لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەدا دەچەسپێنن. بۆیە ئاساییە زۆر کەس کە پیکاب بەناوی جووتیارییەوە وەردەگرن یەکسەر بە کاش دەیفرۆشنەوە، کە زەوییان پێ دەدرێت یان لە باوانیانەوە بۆیان دەمێنێتەوە، بیر لەوە دەکەنەوە ئیفراز بکرێت و بە پارچە بۆ فراوانکردنی تخووبەکانی شار و دانانی بناغە و هەڵچنینی دیوارەکانی گوندە مۆدێرنەکان و گەڕەکی نوێ بە پارەی کاش بفرۆشرێن. بە دڵنیاییەوە جووتیار ئازار دەکێشێت کە بەروبوومە نەفرۆشراوەکەی فڕێ بدات و تەفروتونای بکات، بەڵام ئەو هەڵوێستەش ئاسانتر لای ئەوانە سەر دەکات کە فەرهەنگی مووچەخۆرییان هەیە و نرخی بەروبوومەکەیان تەنها لە هاتنەدەستی پارەی نفت و خێرادا دەبینن.

 

بەشکردن: