زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق

مەدیحە سۆفی 

دڵەڕاوکێی هێزە جۆراوجۆرەکانی ئێستای عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، لەبەر ئەوەیە نەوەك دەرئەنجامەکان ببنە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی دەسەڵاتیان، ئەوەش گەورەترین ڕێگریە لە یەکلاییکردنەوە و زانینی دروستی ژمارەی دانیشتوانەکەی، کە لە ژێر سایەی ئەو دەرئەنجامدانەدا دەتوانرێ کۆمەڵێ ڕێوشوێنی یاسایی، زانستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بخرێنە بواری گفتوگۆ و جێبەجێکردنەوە، دەتوانرێ نەخشەی چەندەها پرۆژەی بوژانەوە بکێشرێ، کە بتوانێ بناغەیەکی دروست و پتەو بۆ دابینکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و مۆدێرن فەراهەم بکات.

لە بابەتی پێشوودا ئاماژە بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان کرا لە جیهاندا، بێ گومان ئەو زۆربوونەی دانیشتوان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، کاریگەری لەسەر زیاتر بەکاربردنی وزە دەبێ بۆ ژیانی ڕۆژانە، نیشتەجێبوون، هاتوچۆ و بەرهەمهێنان، جگە لە بەکاربردنی ئاو و کەڵەکەبوونی خاشاك، پێویستی بە زیاتر بەرهەمهێنانی سەرجەم پێداویستیەکانی ژیان دەبێت، کە بەبێ سوتاندنی وزە هیچ بەرهەمێك بوونی نابێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر تێکچوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت.

بە پێی پێشبینیەکان، تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان لە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی چین زیاتر دەبێ، جگە لەوەی ژمارەی دانیشتوانی نیجیریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەڕازیل، ئیتیوبیا، کۆنگۆ و بەنگلادیش بە ڕێژەیەکی زۆر لە هەڵکشاندا دەبێ، بە پێچەوانەوە  ئەگەری زۆرە کە وڵاتانی وەکو ژاپۆن و ڕوسیا ژمارەی دانیشتوانیان کەمتر ببێتەوە، ئەوروپاش کە بە کیشوەرە پیرەکە ناوزەدە دەکرێ، لە زۆربەی وڵاتەکانیدا ژمارەی دانیشتوانی بەرەو پاشەکشە دەچێت، بەڵام لە کۆچڕەوەکەی ساڵی ٢٠١٥ دا بینرا، هەندێ وڵات لەوانە ئەڵمانیا بە پشت بەستن بەو دووربینیەی بۆ هاوسەنگکردنی دەستی کار و ژمارەی خانەنشینی لە دواڕۆژدا، دەرگای بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن کەسی وەکو پەنابەر کردەوە.

جگە لەو وڵاتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، بە پێی پێشبینیەکان عیراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە لەلایەکەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا ژمارەی دانیشتوانی بە خێرایی زیادی کردووە، لە لایەکی ترەوە  وا چاوەڕوان دەکرێ بۆ داهاتووش ئەو ژمارەیە هەر لە زیادبووندا بێت، بە جۆرێك کە شاری بەغداد دەچێتە ڕیزی یەکێك لەو شارانەی جیهان، کە ژمارەی دانیشتوانی لە دە ملیۆن کەس زیاتر بێت.

بە پێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بریتی بوو لە ٤،٧٩٩،٥٠٠ کەس، لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دا، ژمارەکەی بووە بە ٦،٣٠٠،٠٠٠ کەس، له‌ ئێستادا واته‌ پێشبینی ساڵی 2019 دا، ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق زیاتر لە ٤٠  ملیۆن که‌س ده‌خه‌مڵێنرێ، بۆ  ساڵی ٢٠٥٠ و بە پێی توێژینەوەکان، ئەو ژمارەیە نزیك دەبێتەوە لە پەنجا ملیۆن کەس، کە لەم بارودۆخە تێهەڵکێشراوە ئاڵۆزەدا، ئەگەری زۆرە ئەم زۆربوونە ببێتە زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی کێشە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، تائیفی و ئیتنیەکان لەو وڵاتەدا.

ئەو زیادبوونە لە ژمارەی دانیشتوان، پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزاری، خوێندنگا و پێداویستی ڕۆژانەی ژیان هەیە، کە لە ئێستادا کێشەی ئاو و کارەبا و کار هەن، هەروەها بەپێی پۆلینکردنی تەمەن، ٤٠٪ ی خەڵك لە ژێر تەمەنی پازدە ساڵیدان، ئەمەش لەلایەکەوە سامانێکی مرۆیی گەورە و پڕ لە توانای بەرهەمهێنانە ئەگەر قۆرخ بکرێ، لەلایەکی ترەوە نەبوونی سیستەمێکی زانستی هەمە لایەنە بۆ خستنەگەڕی توانا و دابینکردنی کار پاش تەواوکردنی خوێندن، یا هیچ نەبێ بوونی دەرفەتی فێرکردنی خوێندەواری، ئەم گەنجینەیە پێچەوانە دەکاتەوە و دەیکاتە پشت و پشتیوانی گروپە شەڕانگێز و توندڕەوە جۆراوجۆرەکان، پاشان هەڵکشانی ئەو نەریتە باوانەی نێو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو، کە مەودای هاوسەرگیری بۆ کچانی تەمەن ژێر هەژدە ساڵ واڵا دەکاتەوە، ئەو کچانەی، نە دەرفەتی خوێندن و نە کارکردنیان بۆ دەڕەخسێ، دواکەوتنی کۆمەڵگا لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و وشیاریەوە و سەرهەڵدانی نەریتە باوە نەرێنیەکان هاندەری سەرەکی ئەو جۆرە هاوسەرگیریەن، بەتایبەت هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا بۆ تەمەنە ڕێ پێنەدراوەکان، بە پێی زانیارییەکان لە عێراقدا، لە نێوان هەزار کچ لە تەمەنی نێوان ١٥- ١٩ ساڵدا، لەدایکبوونی نزیکەی ٥٤،٤٠٠ مناڵی لێ کەوتووەتەوە، کە بەڵگەی هاوسەرگیری خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، هەروەها دابڕانی کچان لە خوێندن و کارکردنن. بێ گومان، کارکردن و خوێندن دوو سیمای مۆدێرنی وڵاتە پێشکەوتووەکانە، کە وشیاری تیایدا بووەتە چەقی بڕیاردان بۆ ژیانێکی شایستە و ڕۆڵ لە هاوسەرگیری درەنگتر و پاشان کەمکردنەوەی مناڵبوون  دەبینێت، وەکو ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا هەیە.

لە کاتێکدا جگە لە کێشە سیاسیەکان، کە گەندەڵی، کێشەی تائیفی و ئیتنی سەرچاوەیەکی سەرەکییەتی، کێشە ژینگەیی و ئیکۆنۆمیەکانیش لەمپەڕێکی زیندوون بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، لەوانە کێشەی کەمی ئاوی شیرینە، ئەساڵەتی عێراق و بوونی وەکو پارچەیەکی هەمیشە زیندوو، ئاوەدان و مێژوویی کە بە هۆی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوە بە میزۆپۆتامیا ناوزەدە کراوە، مێژووی سەرهەڵدانەکەی لەگەڵ پەرەسەندنی کشتوکاڵ، دروستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەرهەڵدانی زانستی و ئەدەبی و بوونی ئەو ناوچەیە بە سەرچاوەی زیندوبوونەوە و پەرەسەندن و پەرەپێدان، بوونێکی نوێ نیە، ئەگەر گەڕێك، بە ناو هەموو کتێبە زانستی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی جیهاندا لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەکردنی شارستانیدا، بکەی، یەکسەر بە سەرەداوێکی ڕاست و دروست دەتگەڕێنێتەوە بەرەو چەق و دەستپێکێکی دێرین لە میزۆپۆتامیا، لەوێوە مرۆڤ فێری دارەدارەی ژیان و بوژانەوە، بەرهەمهێنان، ڕەواندنەوەی سام لە سروشت، دابینکردنی بژێوی بۆ زستان و گلدانەوەی ئاو بۆ هاوینی وشك و برینگ بووە، لەوێوە باری گەنم و جۆ و زادی دامرکاندنەوەی گرانی دەگەیشتنە گۆشە ساردوسڕ و کوێرە دێیەکانی دەوروبەری.

عیراق خاوەنی مێژوویەکی دێرین، وەلێ خاوەنی مێژوویەکی وێرانەی تازەشە، هەموو دەزانین، هێز لە دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لە خاوەندارێتی وزە و ئاو و سامانی سروشتیە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، عێراق خاوەنی هەموو ئەو سەرچاوە سەرەکیانە بوو، بەرەو سەرهەڵدانێکی ئابووری بێ وێنە چەکەرەی دەکرد، وەلێ ڕەگە شەڕانگێزە قووڵە نەك هەر ناسیۆنالیست، بەڵکو دژایەتیەکانی لەگەڵ ڕێڕەوە جیاوازەکانی عەرەبیش، نەیدەهێشت بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ بوارە سیاسیەکانیدا هاوتەریب گەشە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هێزیە سەربازیەکەیەوە، تورکیا ئەو بوێریەی نەبوو پەرە بە پرۆژەی (گاپ) و دروستکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بدات، کە زیانێکی درێژخایەنی، لەسەر ئێستا و دواڕۆژی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دیمۆگرافی عێراقیش بە گشتی دەبێت، کەمبوونەوەی ئاوی شیرین و زۆربوونی دانیشتوانی عێراق دوو ڕەهەندی پێجەوانەی یەکن، جوڵەی دوو هەڕەشەی بەهێزن بۆ بەرەو داڕوخان و دواکەوتن و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەو وڵاتە، بەدەر لە کەمبوونەوەی تەوژمی ئاوی دیجلە و فورات، ناهەمواری پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو لە عیراقدا بەتایبەتی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام و فرە خواوەنداری حکومەت و بەربڵاوی گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی بەرامبەر بەهای دەوڵەت و خزمەتکردنی دانیشتوانی، هەموو پێکەوە پایەی داکوتانی ڕەگی بەرەو دواوە چوونن.

جگە لە کەمبوونەوەی ئاوی شیرین، کە ئاسایشی خۆراك ناهاوسەنگ دەکات و کاریگەری لەسەر چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی و (الاکتفاء الذاتي) هەیە، کە ڕۆڵی گرنگی لە کەمبوونەوەی بەشە خۆراكی دانیشتواندا دەبێت، واتە تێکچوونی ئاسایشی ئاو، تێکچوونی ئاسایشی خۆراك بەدوای خۆیدا دەهێنی کە دەرئەنجامەکەی تێکچوونی باری ئاسایشی نیشتیمانیە، سەرهەڵدانی کێشە و تەنگژەی کەمی خۆراك، هۆکاری سیاسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و ناهەمواری بەڕێوەبردنی هەیە، بێ گومان زیادبوونی دانیشتوان، پاشان کەمی ئاو و بەفیڕۆدانی، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خۆراك و نەبوونی پلانی دروست بۆ شارەوانی و نیشتەجێبوون، دابین نەکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵیش، چمکێکی هۆکارەکانی کۆچ و ڕەون چ لە عێراق و چ لە جیهاندا، بەڵام لە هەندێ شوێنی وەکو عیراقدا؛ دۆخە ناهەموارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیشی لەگەڵ هاوپێچ دەبن.

هەر بە سەیرکردنی هەیکەلی داڕێژراوی سیاسی ئێستای عێراق، دەتوانین بزانین بۆ سەرلەنوێ سەرژمێری دانیشتوانی عێراق ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو وڵاتە شکستخواردووانەی خاوەنی کۆمەڵێ هێزی سیاسی، ئاینی و تائیفی جۆراوجۆرن، کە ترس لە لەدەستدانی هەیمەنەی دەسەڵات و کورسیەکەی، ڕێ لە پەیڕەوکردنی هەموو هەنگاوێکی نوێخواز و شیاو بۆ بەرەو پێشچوون دەگرێت، ترس لە دۆڕانی دەنگ و هەواداری هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی، کە بەرژەوەندی ئەوان سەرەولێژ بکات، ڕەت دەکەنەوە. دڵەڕاوکێی هێزە جۆراوجۆرەکانی ئێستای عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، لەبەر ئەوەیە نەوەك دەرئەنجامەکان ببنە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی دەسەڵاتیان، ئەوەش گەورەترین ڕێگریە لە یەکلاییکردنەوە و زانینی دروستی ژمارەی دانیشتوانەکەی، کە لە ژێر سایەی ئەو دەرئەنجامدانەدا دەتوانرێ کۆمەڵێ ڕێوشوێنی یاسایی، زانستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بخرێنە بواری گفتوگۆ و جێبەجێکردنەوە، دەتوانرێ نەخشەی چەندەها پرۆژەی بوژانەوە بکێشرێ، کە بتوانێ بناغەیەکی دروست و پتەو بۆ دابینکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و مۆدێرن فەراهەم بکات.

ئەوە ئەم عێراقی مێزۆپۆتامیایەیە، کە لە ئێستادا لەژێر باری کۆمەڵێ کێشەی نەزۆك، ناهەمواری باری کۆمەڵایەتی، دواڕۆژی بێ پلان و پەیڕەو، توندڕەوی ئاینی و تائیفیدا دەناڵێنێ، لە شوێنێکی وا بەپیتی جیهان، کە مێژوو جەخت لە سەر سەرهەڵەدانە دێرینەکەی دەکات و لە هەموو سەرچاوەکاندا وەکو دەستپێکی بوژانەوە ناودێر دەکرێ، وا لە داڕمان و ڕوخاندایە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیش، لە ژێر سایەی ئەم داڕمانە و ئەم حوکمڕانیەدا، ئەوەندەیتر عێراق دەکاتە خاوەن دانیشتوانێکی برسی و بێ ئاو، کە لەبەم زوانە وشیارکردنەوە بە ئاسانی بە هانایدا ناچێت.

بەشکردن:
مەدیحە سۆفی