یازدە ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی هیواکوژ

کەمال چۆمانی

رۆژانی دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩، لەگەڵ نوسەر و رۆماننوس کاروان کاکەسور لەبارەی سیاسەت و ئۆپۆزسیۆنەوە تێڕوانینەکانمان ئاڵوگۆڕکرد. ئەوکات من، وەک زۆر لە رۆژنامەنوسان و نوسەران، پێموابوو دەرفەت بدەین بزوتنەوەی گۆڕان و کەمتر رەخنەی لێ بگرین تا کەمێک بەهێز ببێت بەرانبەر یەکێتیی و پارتیی کە ٢٠ ساڵ بوو گۆڕەپانی سیاسییان داگیرکردبوو و هیچ هیوایەک نەبوو کە ئەو دوو هێزە ببنە دوو هێزی دیموکراتخواز و حوکمڕانیی چاک پێشبخەن. کاروان کاکەسور بەپێچەوانەوە گوتی: ”نا، پێویستە ئەگەر زیاتر رەخنەی ئۆپۆزسیۆن نەکەین، لای کەم بە ئەندازەی هێزە حوکمڕانەکان رەخنەیان بکەین ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆن بە ئاراستەی ئەو هێزانە دەڕوات کە چەندین ساڵە رەخنەیان لێ دەگرین.”

من هەڵە بووم، تێڕوانینەکانی کاروان کاکەسور بەجێبوون، سەرەڕای بەهێزیی پاساوەکانی من و نوسەر و رۆژنامەنوسانی تریش. لەگەڵ ئەوەشدا، رەخنەی من و نوسەران و رۆژنامەنوسان لە بزوتنەوەکە زوو دەستیپێکرد، بەڵام رەخنەکردنی بزوتنەوەکە دادی ئەو بزوتنەوەیەی نەدا، چونکە لە بنەڕەتەوە کاراکتەرەکانی ئامانجی دیکەیان هەبوو. لەوانەشە درەنگ بزوتنەوەکە بەجددیی رەخنەکرابێت.

سیاسەت گەمەیەک نییە تەنها چوار ساڵ لە هەڵبژاردنەکاندا دووبارە ببێتەوە. هەرگیزیش سیاسەت تەنها هەڵبژاردن و دروستکردنی حیزب و بزوتنەوەی سیاسیی نییە. دروستبوونی هەر حیزبێکی سیاسییش بێ هەبوونی پڕۆژەیەکی بەدیلی درێژ-مەودا و خاوەن فیکر و پۆڵسیی و ستراتیژ، لەوانەیە بتوانێت چەند کورسییەک لە هەڵبژاردنێک بباتەوە، یان تەنانەت هەڵبژاردنیش بباتەوە، بەڵام ناتوانێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیستەمی سیاسیی و ئیداریی و ئابووریی دروستبکات. ئەگەر زوو ئامانجت لە سیاسەت بردنەوە بێ لە هاوڕێیانی پێشوو و نەیارانی ئێستا و رابردووت، بردنەوەش لات تەنها بردنەوەی ژمارەی ئەو کورسییانە بێت کە لە هەڵبژاردندا بۆ پارلەمان دیاریکراون، لەوانەیە بیانبەیتەوە، بەڵام داهاتوو دەدۆڕێنیت.

نە نەوشیروان مستەفا توانی ستراتیژێکی درێژمەودا بۆ بزوتنەوەکە دابڕێژێت، نە بزوتنەوەکەش توانی تەنانەت لەسەر ئەو بنەڕەتانەش بەردەوام بێت کە بزوتنەوەکەی لەسەر بنیاتنرا. لە پڕۆسەی سیاسییدا دەتوانی بدۆڕێیت، بەڵام هەرگیز نابێت جەماوەر بدۆڕێنیت.

نەوشیروان مستەفا کە بزوتنەوەکەی دامەزراند، بزوتنەوەیەکی دامەزراند کە ئامانجی دەستکەوتی خێرا بێ، بتوانێت بە دۆست و نەیارانی رابردووی بڵێت کە ئەو چۆن سەرکردەیەکی باڵای شۆڕش بووە، ئاواش سەرکردەیەکی باڵای سیاسەتە. بێگومان جەماوەریش هەمیشە دەیەوێت بەرهەمی پڕۆژەیەکی سیاسیی زوو ببینێت، بەڵام ئەوە عەقڵی سیاسیی سەرکردەکانی پشت بزوتنەوەکە و فەلسەفەی سیاسیی بزوتنەوەکەیە کە وا دەکات باڵانسێک دروستبکات لەنێوان ویستی خەڵک بۆ بینینی ئەنجامەکانی هەوڵەکانیان و ویستی درێژخایەنی بزوتنەوەکە بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی گشتگیر. نە نەوشیروان مستەفا توانی ستراتیژێکی درێژمەودا بۆ بزوتنەوەکە دابڕێژێت، نە بزوتنەوەکەش توانی تەنانەت لەسەر ئەو بنەڕەتانەش بەردەوام بێت کە بزوتنەوەکەی لەسەر بنیاتنرا. لە پڕۆسەی سیاسییدا دەتوانی بدۆڕێیت، بەڵام هەرگیز نابێت جەماوەر بدۆڕێنیت. ئەوەی گۆڕانی دروستکرد، ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانی خەڵک بوون، کەچی لە بزوتنەوەکەدا، ناڕەزایەتییەکان فرۆشران بەوانەی کە هۆکاری ناڕەزایەتیی خەڵک بوون. دۆڕانی جەماوەر دۆڕانی کۆی یارییەکەیە.

دۆڕان، نەبردنەوەی هەڵبژاردن نییە، تەنانەت نەبردنەوەی کورسیی زیاتریش نییە لەدوای ئەوەی لە هەڵبژاردنێک باش دەبیت و دوواتر خراپ. دۆڕان لە سیاسەتدا بریتییە لە وازهێنان لەو مەبدەئانەی حیزبێک یان بزوتنەوەیەکی سیاسیی لەسەری دامەزراوە و نوێنەکردنەوەی بزوتنەوە و حیزبەکەیە. یەکێتیی و پارتیی ئەو رۆژە دۆڕان کە نەیانتوانی عەقڵییەتی چەکداریی و میلیشیایی و فیوداڵیی و دەستەڵاتخوازیی و تۆتالیتێری خۆیان بگۆڕن بە عەقڵییەتێکی دیموکراتیک تا “شۆرش” لە بزوتنەوەیەکی چەکداریی یاخیبوونەوە بگۆڕن بە رەوتێکی دیموکراتیکی نیشتیمانسازیی و حوکمڕانیی چاک. گۆڕان لە خۆیەوە دەستیپێنەکرد، لە پارتیی و یەکێتییەوە دەستیپێکرد. راستە بۆ هەڵبژاردن پێویست بوو یەکێتیی و پارتیی هەڵبووەشێنرێنەوە، بەڵام ناکرێت دووای چوار ساڵ، دووای هەشت ساڵ، هەمان کەس و هەمان دوونیابینیی و هەمان سیاسەت و هەمان کارکردن بزوتنەوەکە رابکێشێت. دۆڕان تەسلیمبوونە بەو نەیارە سیاسییانەی کە لەدژیان دروستبوویت. دۆڕان پشتکردنە جەماوەر و روکردنە دەستەڵاتە تەنها لەپێناو دەستەڵات و قازانجەکانی، کە بێگومان بە گەندەڵیی دەستپێدەکات و بە توانەوە کۆتایی دێت. دۆڕان سازشکردنە لەسەر کۆی باوەڕ و دوونیابینییەکان و بەجێهێشتنی جەماوەر و رووکردنە کۆشکەکانی سوڵتانەکانە. دۆڕانی هەرە گەورە تەسلیمکردنی ناڕەزایەتیی گەلە بە فەرمانڕەوا نادیموکرات و گەندەڵەکان.

بەهای گۆڕان و ترس لە گۆڕان لەوەدا نەبوو کێن و چی دەڵێن و چۆن سیاسەت دەکەن، لەوەدا بوو کە گۆڕان پشتئەستورە بە ناڕەزایەتیی گەل. ئەو ناڕەزایەتییە هەمو دەستەڵاتێکی نادیموکراتیک و گەندەڵ لێی دەترسێ.

بەهای گۆڕان لە سیاسەتی کوردییدا، لەوەدا بوو بزوتنەوەیەکی ناڕازیی بوو، ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی بوو. ئەگەریش ئەو بزوتنەوەیە ناتوانێت ویست و ئامانج و ستراتیژەکانی لەناو حکومەتدا جێبەجێ ببن، پێویستە هەر بە بزوتنەوەیەکی ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی بمێنێتەوە. خۆ ئەگەریش بچێتە ناو حکومەتەوە، دەبێت تا ئەو کاتە بێت کە دەزانێت گۆڕانکاریی ریشەیی دەکرێت نەک چەند پۆستی سیاسیی لەناو حکومەتدا پێدەدرێت. خەڵکیش متمانەی پێبەخشیبوو، بۆئەوەی نوێنەرایەتیی ناڕەزایەتییەکان بکات. بۆ خودی هەردوو هێزی فەرمانڕەواش، بەهای گۆڕان و ترس لە گۆڕان لەوەدا نەبوو کێن و چی دەڵێن و چۆن سیاسەت دەکەن، لەوەدا بوو کە گۆڕان پشتئەستورە بە ناڕەزایەتیی گەل. ئەو ناڕەزایەتییە هەمو دەستەڵاتێکی نادیموکراتیک و گەندەڵ لێی دەترسێ. فەرمانڕەوایەتیی هەر وڵات و حکومەتێک تا تواندنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە، هەموو ئامراز و میکانیزمێک بەکاردێنێت بۆ کوشتنی. دەستەڵاتدارێتیی یەکێتیی و پارتیی نەیدەتوانی سەرکەوتوو بێ بەسەر ناڕەزایەتیی گەلدا ئەگەر خودی گۆڕان تەسلیمی نەکردبووایە.

لەوانەیە دەربڕینێکی قورس بێ، هەندێک بە ناڕەواشی دابنێن، بەڵام دووای یازدە ساڵ لە دروستبوونی گۆڕان، بەڵام وەک چۆن دوای سی ساڵی یەکێتیی و پارتیی گەورەترین مەترسیین لەسەر حوکمڕانیی چاک و دیموکراتیک، ئاواش گۆڕان بووەتە گەورەترین مەترسیی لەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی و تەنانەت میدیای ئازادیش لە هەرێمی کوردستاندا. نە پارتی و نە یەکێتی هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات رۆژێک شەقامی ناڕازیی هەرێمی کوردستان بەو بێدەنگییە ببینن، پارلەمان ببێتە ئەو دۆڵەی کوند تێیدا دەخوێنێ و میدیاکان بەتەواوی کۆنترۆڵکراون و مزگەوت و تەکیە و تەنانەت کڵێساکانیش لە خزمەتی دەستەڵاتی سیاسیی دان.

ئەو حیزبانەی بێ ئایدیۆلۆژیان، بێ هێڵێکی فیکری سیاسیین، بزوتنەوەی پۆپیولیستین، مژدەی گەورە دەدەن و ناتوانن بەجێیان بگەیەنن، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە خۆی ژێرخانی ئابووریی و سیاسیی لاوازە و دیموکراسییەکەی تازەلەداییکبووە. زوو دەردەکەون و زوو دەڕۆن.

ئەو بزوتنەوەیە لەسەر بنەمایەکی فیکریی جێگیر و قووڵ دانەمەزرا، ئایدیۆلۆژیایەکی قوڵی رون و ئاشکرای نەبوو، ئێستاش نییەتی. کەوتە داوی هەندێک کەسەوە کە گوایە ئەمڕۆ لە دوونیا حیزبی سیاسیی ئایدیۆلۆژیای و هیچ هێڵێکی سیاسیی رونیان نییە. گۆڕانیان وا رێکخست و داڕشت کە بزوتنەوەیەکە داواکاریی چاکسازیی هەن، نەک دوونیابینییەکی سیاسی بۆ گۆڕانی سەرلەبەری حکومڕانیی و سیستەمی سیاسیی و ئابووریی کوردستان. ئەو حیزبانەی بێ ئایدیۆلۆژیان، بێ هێڵێکی فیکری سیاسیین، بزوتنەوەی پۆپیولیستین، مژدەی گەورە دەدەن و ناتوانن بەجێیانبگەیەنن، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە خۆی ژێرخانی ئابووریی و سیاسیی لاوازە و دیموکراسییەکەی تازەلەداییکبووە. زوو دەردەکەون و زوو دەڕۆن. کۆمەڵگا بەگشتی خۆپارێزە، ئاسان تەسلیمی دیدی نوێ نابێت، کەچی کۆمەڵگای کوردیی زۆر بەفراوانیی و بەگەورەیی پێشوازیی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، بەڵام چونکە بزوتنەوەی گۆڕان تەرکیزی لەسەر پرسە رۆژانەیییەکان بوون نەک ستراتیجییەکان، نەیتوانی بەردەوامیی بە گەشەکردنی سیاسیی خۆی بدات. پرسە رۆژانەیییەکان هەر رۆژ قوڵتر و زۆرتر دەبوونەوە، گۆڕانیش هەر رۆژ بچوکتر. گۆڕان بە رادەیەک بووە حیزبی پرسە رۆژانەیییەکان و سۆشیەڵ میدیا، لە پرسە گەورەکاندا هیچی نەبوو بۆ گوتن جگە لەوەی بەدووای یەکێتیی و پارتیی بکەوێت. گۆڕان هەرگیز لە بەغداد جیاواز نەبووە، بە ئێستاشەوە. گۆڕان نە لە ریفراندۆم و نە لە دووای ریفراندۆم، زیادەیەکی نەبوو، تەنانەت هێزێکی زۆر ترسنۆک و مەترسییداریش بوو چونکە جەماوەرەکەی لە چاوەڕوانییدا بەجێهێشت و رێینەدا لە دیدی ئەوانیدیەوە سودببینن. ئەمە خەڵکی هێندەی تر بێهیوا کرد لەو بزوتنەوەیە. گۆڕان پرسە ستراتجییەکانی تەنها بۆ ناچارکردنی یەکێتیی و پارتیی بەکاردەهێنا تا هەم دانوستانی لەگەڵ بکەن، هەمو حیسابی بۆ بکەن، هەمیش خەڵکی پێ تەیار و هانبدا دژیان. پرسی دەستور و قانونی خۆپیشاندان و نەوت و پێشمەرگە و سیستەمی سەرۆکایەتیی و پەیوەندییە هەرێمیی و ناودەوڵەتییەکان و چاکسازیی ریشەیی، پرسی ستراتیجیی بوون، کەچی گۆڕان هەمویانی وەلانا تەنها بۆ ئەوەی پارتیی لێ رازیبێت.

ئەگەر ئەو بزوتنەوەیە فیکری هەبووایە، لەسەر ئایدیۆلۆجیایەکی پتەو و هێڵێکی سیاسیی رون و رەوان بووایە، نە کەسەکانی دەبوونە پارتیی، نە بزوتنەوەکە تەسلیمی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەکرا. ئەوەی نەوشیروان مستەفا کردی کە بزوتنەوەکەی تەسلیمی کوڕەکانی کرد، نیشانیدەدا ئەو بزوتنەوەیە خاوەنی هیچ ستراتیژێکی دوور نەبوو، هەر بۆیە یەکێتیی و پارتییش زوو دەیانتوانی بە رێککەوتنی درۆیینە، وەک ئەو رێککەوتنەی ئێستا گۆڕان لە حکومەتدا کردوویەتی و بوونەتە فەرمانبەری مەسرور بارزانیی، گۆڕان مڕاوەغە بکەن. گۆڕان بەدووای دەنگەوە بوو، هەر کە دەنگیشی لەدەستدا، هیوای لەدەستدا. گۆڕان نەدەکرا تەنها بەدووای دەنگەوە بێ. گۆڕان تا ئەمڕۆش یەکلانەبۆتەوە چ سیستەمێکی ژیانی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی دەوێ. کاریگەرترین وەزارەت لە دوو حکومەتدا بەخشرایە گۆڕان، کەچی گۆڕان تەنها گلەیی هەیە. تەواوی ستراتیژی گۆڕانیش بۆ ئابووریی و دارایی کوردستان ئەوەیە کەی ئێن ئێن بتوانێت پێدانی موچە بە هەواڵی بەپەلە لە کەناڵەکەی بڵاوبکاتەوە. ئەو بزوتنەوەیە رەوتێکی پۆپیولیستانەی هەبوو، بەڵام لەو رۆژگاردا پۆپیولیزم پێویست بوو، بەڵام ئەو پۆپیولیزمە نەکرا ببێتە پڕۆژەیەکی جێگیر.

گۆڕان چیی جیاواز بوو لەگەڵ پارتی و یەکێتی؟

گۆڕان نەیتوانی مۆدێلێکی حیزبی سیاسیی دروستبکات، خۆ ئەگەر لەڕوی شکڵیشەوە جیاواز بووبێت، لە جێبەجێکردن و ژیانی سیاسییدا، هەمان میکانیزم و هەمان جێبەجێکردن بوو. گۆڕان لە یەک کاتدا شێخ و مەلا و روناکبیر و پێشمەرگەی کۆن و بازرگان و گەنج و چەپ و فێمینیست و پاتریارک و ئیخوانیی و سۆفیی پێکەوە کۆکردنەوە، بەڵام تەنها نەخشەی بۆ کۆکردنەوەیان هەبوو نەک فیکر و ستراتیژێک دابڕێژێت هەموان پێکەوە کاربکەن و هەموان ئەو سیاسەتە پێشبخەن کە وردە-وردە کۆی پڕۆژەکە لە خزمەتی هەموان و گەل بێ. ئەزمونی زۆر هەن لە دوونیا؛ لە حیزبی دیموکراتیی ئەمریکییەوە بۆ هەدەپە لە تورکیا کە هاوبەشییەکان چەندان رەوت و دوونیابینیی جیاواز لە یەک کۆدەکاتەوە، بەڵام هەموان لەناو بزوتنەوە و حیزبەکەدا خۆیان دەبیننەوە بێئەوەی ئەویان ببێتە مەترسیی بۆ سەر ئەمیان، یان ئەویان ئەم بتێوێنێتەوە یان پەراوێزبخات، بەڵام هەموانیش لەسەر ستراتیژە سیاسییەکە رێکدەکەون و بڕوایان بە پرسەکان هەیە. ناڕەزایەتییەکان دەبنە پڕۆژە نەک تەنها لە “تۆپخانەکەوە قەسف بکەیت.”

گۆڕان نەک هەر تەنها دەیەوێت لەگەڵ پارتیی لە حکومەتدا بمێنێتەوە، بەڵکو هەمو هەوڵێکیش دەدات مەسرور بارزانیی لێیان توڕە نەبێت.

گۆڕان تەنانەت لە کارکردن لە بەغدادیش نەیتوانی بەتەواوی جیاوازییەوە لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی کاربکات. ئەوەی گۆڕانی بەتەواوی جیادەکردەوە لە پارتیی، داواکردن بووە بۆ سیستەمێکی پارلەمانیی، کەچی دوواتر خۆیان قبووڵیان کرد و ئەو جیاوازییەشیان کوشت. بۆ نمونە، گۆڕان ئێستا لەناو حکومەتدایە، بەڵام لەسەر کارنامەی پارتیی کاردەکات نەک کارنامەیەکی هاوبەش.

ئێستا ئەگەر بپرسین گۆڕان ئێستا لە پارلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چی لە یەکێتیی و پارتیی جیادەکاتەوە؟ بەدڵنیایی شتێک نییە جێی ئاماژەدان بێت، هەربۆیەشە گۆڕان نەک هەر تەنها دەیەوێت لەگەڵ پارتیی لە حکومەتدا بمێنێتەوە، بەڵکو هەمو هەوڵێکیش دەدات مەسرور بارزانیی لێیان توڕە نەبێت.

کە گۆڕان نەیتوانی یەکێتیی و پارتیی تێبپەڕێنن، یەکێتیی و پارتیی بەهێزتر بوون، ناڕازییانی ناو پارتیی و یەکێتیی بۆ ماوەیەکی دوورتر بێدەنگ بوون چونکە بە بیانوی گۆڕانبوون، یەکێتیی و پارتیی هەرچی دەنگی ناڕازاییە کوشتیان لە ناوخۆیاندا، لە دەرەوەی خۆشیاندا، گۆڕانیان کوشت، لە کوشتنی گۆڕاندا پارتیی و یەکێتیی ناڕازیی دەرەوەی حیزبەکەیان ئامانج بوو نەک خودی گۆڕان. گۆڕان بە رادەیەکی گەورە نەک هەر جێی ناڕازییانی دەرەوەی یەکێتیی و پارتیی بوو، تەنانەت جێی هوای ناڕازییەکانی ناو یەکێتیی و پارتییش بوو، هی حیزبە ئیسلامییەکانیش، بەڵام دووای ئەوەی گۆڕان بەتەواوی شکستیهێنا لە بەردەوامییدان بەوەی بۆی دامەزرابوو، یان بانگەشەی بۆ دەکرد، ناڕەزایەتییەکانی ناو پارتیی و یەکێتیی و حیزبەکانی دیش بچوکتر بوونەوە. کۆمەڵگای کوردستان دوای بیست ساڵ توڕەیی و گومانکردن و پرسیارکردن لە حوکمڕانیی یەکێتیی و پارتیی، متمانەی بەخشییە بزوتنەوەیەکی سیاسیی چاکسازیخواز، بە فرۆشتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە یەکێتیی و پارتیی لەلایەن گۆڕانەوە، رەوتی ناڕەزایەتیی توشی تڕاومایەک بووە هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوی هەڵسێتەوە. هەستانەوە لەو تڕاومایە پەیوەستە بەوەی کە خەڵک چیتر بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی و ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و بەدیلی سیاسیی نەبینێت، بەڵکو پێویستە بەتەواوی وەک بزوتنەوەیەکی ناو سیستەم ببینرێت، وەک حیزبێکی سیاسیی کە بەرژەوەندییەکانی ئەو کڵاسە سیاسییە دەپارێزێک کە لە دەوری کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کۆبوونەتەوە و ئەوان بڕیاردەدەن کێ لە گردی زەرگەتە ژوری هەبێت و کێ بۆی نەبێ سەردانی گردەکە بکا و کێ لە پارلەمان دەبێ و کێ لە حکومەت دەبێت.

مستەفای سەید قادر کە وەزیری پێشمەرگە بوو، بڕیار بوو حیزبایەتیی نەهێڵێ کەچی لە دامەزراندنی ١١ هەزار پێشمەرگەدا، نۆ هەزاریان پارتیی بوون و بە ناوی بێلایەنەوە دایمەزراندن. کادیرەکانی گۆڕان بوونە وەزیرەکانی گۆڕان لەناو حکومەتدا کە هەڵبژاردەی خودی نەوشیروان مستەفا بوون، کەچی ئەو وەزیرانە بەشێکیان بوونە پارتیی، بەشێکیان گەندەڵ بوون. دەیان دۆکیومێنت لەسەر هەندێ بەرپرسی باڵای گۆڕان لەناو حکومەت کۆکرانەوە، بەڵام خودی مەسعود بارزانی قبووڵی نەکرد ئەوکات دۆکیومێنتەکان بجوڵێنرێن. نەجوڵاندنی دۆکیومێنتەکان لەلایەن مەسعود بارزانییەوە پەیوەست بوو بەوەی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان وێنەیەکی جوانیان بەخشیبووە حکومەت، بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە، لەلایەن کۆمەڵەگای نێودەوڵەتییەوە؛ بۆ نمونە وەزیری پێشمەرگە کە ئێستا جێگری سەرۆکی هەرێمە کۆنە پێشمەرگە بوو، و گۆڕانیش بوو. ئەو سەرمایە شۆڕشگێڕییە و ریفۆرمخوازییەی مستەفای سەید قادر، وایکردبوو هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی بۆ تێكشکاندنی داعش بەهایەکی دی بداتە وەزارەتی پێشمەرگە. لەولاشەوە، پارتیی و یەکێتیی باشتر جێ پێی میلیشیاییی خۆیان دەچەسپاند. کەچی گۆڕان پێیوابوو چاکسازیی دەکرێت، بێئاگا لەوەی تەنها هێزێک بوو بەکاردەهێنرا.

بە خودی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفاشەوە، لەو شکستە تراژیدییە بەرپرسیارن. ئێستا گۆڕان بووەتە بارێکی قوڕس بەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. بۆشایییەکی گەورەی سیاسیی تەنها لەڕوی شكڵییەوە پڕکردۆتەوە بێ ئەوەی بتوانێت لە ئاست ئەو چاوەڕوانییانەی خەڵک بێت.

کە شنگال لەلایەن پێشمەرگەکانی پارتییەوە بەجێهێلدرا و داعش جینۆسایدی ئەنجامدا، پارلەمان بە سەرۆکایەتیی د یوسف محەمەد نەیتوانی لیژنەیەک پێکبێنێت بە بیانوی ئەوەی مەسعود بارزانی خۆی لیژنەی پێکهێناوە، لە کاتێکدا مەسعود بارزانی خۆی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان بوو، چۆن دەبێ پێكهێنانی لیژنە و لێکۆڵینەوە لە کارەساتێکی وا گەورە بۆ خودی ئەو کەسە بەجێبهێڵدرێ کە پێویستە لێی بپرسرێتەوە. (باسکردن لەو دوو نمونەیە تەنها لەبەرئەوەیە بەڕێوەبردنی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتیی پارلەمان لەلایەن گۆڕانەوە بە دوو باشترین ئەزمونی گۆڕان دادەنرێن لەناو حکومەت و پارلەماندا، تا ئێستاش). ئەو دوو نمونەیە، دوو نمونەن کە کەمتر لە میدیا باسکراون، من لێرە ناگەڕێمەوە سەر دەیان روداوو بۆ ئەوەی نیشانیبدەم گۆڕان لەناو حکومەت و پارلەماندا، نەیانتوانی بانگەشەکانی گۆڕانکاریی ریشەیی بەردەوامیی پێبدەن.

لەگەڵ ئەوەیدا دەیان هۆکار ریزدەکرێن بۆ ئەوەی بۆچی گۆڕان بە ئەمڕۆ گەییشت، هۆکاری سیاسیی، نێودەوڵەتیی، عەسکەریی، دارایی و رێکخراوەیی، بەڵام هیچ لەو هۆکارانە لەوە ناگۆڕێت کە تەنها خودی گۆڕان و سەرکردەکانی گۆڕان، بە خودی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفاشەوە، لەو شکستە تراژیدییە بەرپرسیارن. ئێستا گۆڕان بووەتە بارێکی قوڕس بەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. بۆشایییەکی گەورەی سیاسیی تەنها لەڕوی شكڵییەوە پڕکردۆتەوە بێ ئەوەی بتوانێت لە ئاست ئەو چاوەڕوانییانەی خەڵک بێت.

گۆڕان هیوای گەورەی دروستکرد، هەر خۆشی هیواکانی کوشت.

بەشکردن: