چۆن بەرهەم ساڵح داوای لە ئەمریکییەکان کرد بۆ نەهێشتنی پەکەکە؟

تایبەت بە کوردستان تایمز

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح نزیکەی 17 ساڵ لەمەوبەر، کە ئەوکات سەرۆك وەزیرانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان [ئیدارەی سلێمانی] بووە، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا داوای لە ئەمریکییەکان کرد کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنورییەکان نەهێڵن. کوردستان تایمز شیکردنەوەیەک بۆ وردەکارییەکانی چەند دانیشتنێکی بەرهەم ساڵح لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکیی و تورکییەکان دەکات و دەیبەستێتەوە بەو بێدەنگییەی بەرهەم ساڵح کە ئەرکی دەستورییەتی سەروەریی عێڕاق بپارێزێت.

دو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر گرێ سپیی و ناوچەکانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، پشتیوانییەکی بێوێنە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رۆژئاڤای کوردستان نیشاندرا. کەچی ئەمساڵ، هەمان سوپا کە بەشێکی رۆژئاڤای کوردستانی داگیرکردوە و لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوە خەڵک دژایەتییەکی بێوێنەی نیشاندا، چەندان کیلۆمەتری لەناو دڵی کوردستاندا داگیرکردوە و بێدەنگییەکی بێوێنە باڵی بەسەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیشدا گرتوە. کورد بەشانازییەوە دەڵێت “تەنها شاخەکان دۆستمانن،” کەچی ئێستا شاخەکان داگیردەکرێن و کورد بێدەنگە.

ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە کە لەگەڵ جێگری بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە تورکیا لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە ئەنجامیداون لەلایەن ئەمریکییەکانەوە تۆمارکراو بووە، دواتریش ئەرشیفکراوە و بە نهێنی پارێزراوە، بەڵام لەلایەن ماڵپەڕی ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2010 و 2011 لەگەڵ سەدان هەزار فایلی دیکەی نهێنی باڵوێزخانەکانی دیکەی ئەمریکا لەسەرانسەری جیهان دزەیان پێکرا و بۆ رای گشتیی بڵاوکرانەوە.

بەرهەم ساڵح لەو وتوێژانەدا بە نوێنەرەکانی واشینتۆنی لە ئەنقەرە راگەیاندووە کە پەکەکە بە مەترسی دەزانێت و پێشنیاری “نەهێشتنیان” دەکات

بەرهەم ساڵح لە ئەمریکاوە بە سەردانێك چووەتە تورکیا بەر لەوەی بگەڕێتەوە عێراق، لەو کاتەشدا 6 و 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2003ی لە تورکیا بەسەربردووە و راوبۆچوونی خۆی لەگەڵ ئەمریکییەکان و دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورك گۆڕیوەتەوە لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە لە عێراقی دوای رووخانی سەدام.

بەرهەم ساڵح لەو وتوێژانەدا بە نوێنەرەکانی واشینتۆنی لە ئەنقەرە راگەیاندووە کە پەکەکە بە مەترسی دەزانێت و پێشنیاری “نەهێشتنیان” دەکات، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری پروپاگەندەیی بۆ تەسلیمبوونەوەی ئەندامانی ئەو پارتە کوردییە بە دەوڵەتی تورکیا، ئەمەش لە کاتێکدا بووە ئەمریکییەکان ئامادەبوون رێگا بدەن بە سوپای تورکیا بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ لێدان لە پەکەکە و لەناوبردنی ئەو بزووتنەوە سیاسییە یان لێکهەڵوەشاندنەوەی تا ئاستی بێکاریگەر بوون.

لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە تۆماری کۆبوونەوەیەکی دیکەی بەرهەم ساڵح و ئەمریکییەکانە و لە ساڵی 2005 دا ئەنجامدراوە، ناوبراو ئەو کاتە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ناوەندیی کاتیی عێراق بووە، لەو دانیشتنەشدا بەئاشکرا بە ئەمریکییەکانی گووتوە کە “پەکەکە مەترسییە لەسەر سەرکردایەتیی کورد لە عێراق، پێویستە هەڵوەشێنرێتەوە.”

بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بێگومان جێگای پرسیارگەلێکی زۆرە، بە تایبەتی چونکە لە شەقامی کوردیدا ئێستا ئاشكرایە زۆربەی زۆری میدیاکان بە مەبەست لە سەنگەری لایەنێك و کەسێكەوە لە لایەنێکی دیکە و کەسایەتییەکی دیکە دەدەن.

بەرهەم ساڵح: پەکەکە مەترسییە لەسەر سەرکردایەتیی کورد لە عێراق، پێویستە هەڵوەشێنرێتەوە

بەڵام کوردستان تایمز دەیەوێت رون و رەوان بێت کە پەخشکردنی ئەم بەڵگەنامانە لە ئێستادا لەم پێگەیەوە بە هۆی نرخی هەواڵیی ئەم بەڵگەنامەیەوەیە پەیوەست بە کەسێک کە دەتوانێت زۆر زیاتر بکات لەوەی ئێستا وەک سەرۆکی عێڕاق هەم بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیلی بێتاوان، هەم بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێڕاق. هەرچەندە بەڵگەنامەکان پەردە هەڵدەماڵن لەسەر هەندێك بۆچوونی بەرهەم ساڵح لە رابردوودا لەسەر پەکەکە، ئێستاش کە شەڕێکی ستراتیژی خوێناویی بەرۆکی کوردی گرتووە لەلایەن تورکیاوە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆک کۆماری عێراق نادیاە و بۆتە جێی رەخنەی توند.

زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێـمی کوردستان پێگەی سیاسییان ئاشكرایە لەسەر ئەو شەڕەی ئەمڕۆ تورکیا لە سێ پارچەی کوردستاندا دژ بە هەموو بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی کورد بەڕێوەی دەبات، چ لە باکوری کوردستان یا رۆژاڤا و ئەمڕۆش لە چیا هەرە گرنگەکانی سنوورەکانی باشووری کوردستان کە ئەو ناوچانە پێکەوە دەبەستێتەوە.

راستیشە کە سەرۆکایەتیی عێراق وەك ئەرکێکی تەشریفاتی خۆی بەیاننامەیەکی سادەی دەرکردووە لەسەر سنوور بەزاندنی تورکیا بۆ ناو دڵی ستراتیژیی کوردان لە باکوری عێراق، بەڵام بۆچوونی خودی سەرۆك کۆمار لە هیچ کوچەیەکی شەقامی عیراقی و کوردی و ناوچەکە و جیهاندا نابینرێت، لە کاتێکدا لە پۆستێكی باڵای دەوڵەتیدایە و خۆشی سیاسییەکی کوردە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیتوانی نەک هەر پێگەکەی، بەڵکو پێگەی عێڕاقیش لە نەتەوە یەکگرتوەکان بەکاربێنێت بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی عێڕاق، کە ئەمە ئەرکی هەرە سەرەکیی سەرۆک کۆمارە.

ئەوەی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس دەیخەنەڕو پەیوەندییان تەنیا بە کارەکانی بەرهەم ساڵحەوە نییە لەگەڵ ئەمریکییەکان و دەزگا سەربازیی و هەواڵگرییەکانی تورکیا، بەڵكو دەریدەخەن بەرپرسە کوردەکان بە گشتی چەندە نزیکن لە ترۆپکی دەسەتڵاتی سیاسی و هەواڵگری و سەربازی ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەی چاویان هەڵنایە بە هیچ فۆڕمێک لە ستاتۆی سیاسیی کورد لە ناوچەکەدا ئەگەر لە بەرژەوەندی تاکتیکی و ستراتیژی خۆیاندا نەبێت.

تورکیا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە رەوانترە و نەیانشاردۆتەوە کە بە پلانسازی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خۆسەری رۆژاڤای کوردستانە و چل ساڵە نەوەستاوە لە کوشتن و بڕین دژ بە هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازیی کە کونجە ستراتیژییەکانی چیاکانیان بۆ دۆزی کورد و هاوپەیمانە ناوخۆییە ناکوردەکان لە ناوچەکە دەپارێزن.

خوێندنەوەی ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامانە دەکرێت خوێنەر دابەش بکات بەسەر دوو بەرەوە لەسەر ئەوەی بەرهەم ساڵح ئایا بە راستی بڕوای بە لێدانی پەکەکە هەبووە کە ئەم دەربڕینانەی بۆ ئەمریکییەکان بێپەردە ئاشكرا کردووە لە ساڵی 2003 و دواتر لە ساڵی 2005 دا، یاخود ئەو گەمەیەکی سیاسیی کردووە و بە هەڵوێستەکانی گۆڵێکی کردووە لە خزمەت بەرژەوەندی باڵای ستراتیژی بزووتنەوە کوردییەکان سەرباری هەموو جیاوازییە قووڵەکان. بەڵام بێدەنگییەکەی گومان دەخەنە سەر هەڵویستی سیاسیی خۆی پەیوەست بە چارەنوسی داهاتووی کورد لە ناوچەکە.

دوور لە میدیاکان 

بەڵگەنامەکەی ساڵی 2003 بەوە دەستپێدەکات کە سەردانەکەی بەرهەم ساڵح چاوی میدیکانی تورکیای زۆر بەلای خۆیدا راکێشاوە و ناوبراو زیاتر رۆشنایی چاوی کامێراکانی چووەتە سەر دوای ئەوەی بە پەیامنێرانی راگەیاندووە: “یەکێتی هێزی تورکیی ناوێت لە عێراقدا”، بەڵام لە کۆبوونەوە نهێنییەکەدا چەندین بۆچوونی دیکەی لەسەر پەکەکە دەربڕیوە وەك لەوەی لە میدیاکاندا باسی لێوە کردووە، رەهەندەکانی ئەو بۆچوونانەشی راشکاوانە بۆ ئەمریکییەکن شیکردۆتەوە دوور لە چاوی میدیا و رای گشتی.

نووسەری دۆکیومێنتەکە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە پەی بە گۆڕینی بۆچوونەکانی بەرهەم ساڵح بردووە بەوەی کە شرۆڤەی زیاتری کردووە وەك لەوەی لە میدیاکاندا باسیکردووە و بۆ بەرپرسەکانیشی لە واشینتۆن نووسیویەتی کە لە کۆبوونەوەکەدا “ساڵح وا دەردەکەوت لە بۆچوونە رەسەنەکانی دووربکەوێتەوە”، لەسەر ئەوەی بۆ یەکێتی تورکیای لە عێراقدا ناوێت، هەرچەندە ئەو بە میدیاکانیشی وتبوو هەروەك لە کۆبوونەوەی باڵیۆزخانەش باسیکردووە کە ناردنی هێزی تورکیا دەرئەنجامەکەی دژی بەرژوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە دەبێت.

بەرهەم ساڵح ئامادەیی یەکێتی و سکرتێری گشتیی کۆچکردوی یەکێتیی بۆ ئەمریکییەکان دەربڕیوە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا

لەو کۆبوونەوەیەدا بەرهەم ساڵح ئامادەیی یەکێتی و سکرتێری گشتیی کۆچکردوی یەکێتیی بۆ ئەمریکییەکان دەربڕیوە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها جەختی لەوەش کردۆتەوە کە بە سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان (پدک) مەسعود بارزانی راگەیاندووە کە دەبێت کوردانی عێراق دژی هاتنی سوپای تورکیا نەوەستنەوە ئەگەر هاتنیان ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو رووداوانەی دەکرێت قوربانی لە هێزەکانی ئەمریکا لێبکەنەوە، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە هاتنی سوپای تورکیا لەو ئان و ساتەدا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان گونجاو نییە و بە پێچەوانەوە دەکرێت سەرئێشەی سەربازیی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاد بکات.

لێردەدا گرنگ خوێنەر بیری بکەوێتەوە کە ئەوە بەتەنیا بەرهەم ساڵح نییە کە لە میدیاکاندا شتێك دەدرکێنێت و لە پشتی پەردە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتاندا بابەتەکان پانتایی قوڵتر دەگرن و زۆر زێدەتر شیتەڵ دەکرێنەوە لەوەی رای گشتی لێی ئاگادارە. ئەوە ستانداردی سیاسەتی هێزە دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەتانی سەردەمە، کە کار لەسەر ئەوە دەکەن کۆمەڵگە لە سەرەداوێك زیاتر هیچ شتێکی دیکەی دەستنەکەوێت لەسەر ئەو بابەتانەی لە ژووری پشتەوەی سیاسییەکان و داڵانە تاریکەکانی دەوڵەت و لە بنمیچەکانی پەیکەری دەستەڵاتە سەربازییەکاندا رۆژانە تاوتوێدەکرێن.

لەناوبردنی پەکەکە 

لە بەڵگەنامەکەی 2003 هاتووە کە بەرپرسە ئەمریکییەکە بەکراوەیی دووپاتیکردۆتەوە واشینتۆن پابەندە بە نەهێشتنی مەترسیی پەکەکە لە عێراقدا و بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە ئەو یاسایەی تورکیا دەریکردووە بە ناوی “یەکخستنەوە” بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە تەسلیم دەبنەوە، هەلێکی باشە بۆ زۆربەی کادیر و گەریلاکانی پەکەکە ئەگەر بیانەوێت لە تورکیا ژیان دەستپێبکەنەوە دوای خۆ رادەستکردنیان. پرسی ئەوەشی کردووە کە یەکێتی دەتوانێت چی بکات تاوەکو ئەو کادیرانەی پەکەکە تێبگەیەنێت چیدی لە خاکی عێراقدا جێگایان نابێتەوە.

بەرهەم ساڵح لە وەڵامدا گوتویەتی کە “ئەو سەرسامە بەو کۆنتڕۆڵە توندەی سەرکردایەتی پەکەکە هەیەتی بەسەر ئەندامەکانیانەوە،” تەسلیمبوونەوەی ژمارەیەکی زۆریشیان بە تورکیا پێویستی بە هاوکاری نزیکی نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەیە.

داوای لە ئەمریکییەکانیش کردووە بژاردەی سەربازی بەکارنەهێنن چونکە باڵانسی ئارامیی هەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق تێكدەدات، پێی گوتوون ئەگەر ئەمریکا بتوانێت قەناعەت بە ئەندامانی پەکەکە بێنێت کە لە دوای تەسلیمبوونەوەیان بە تورکیا پێشوازییەکی باشیان لێدەکرێت و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی رێکخراوێکی ناحکومی دەبن یان نەتەوە یەکگرتووەکان یاخود ئەمریکا، ئەو کاتە دەکرێت ژمارەیەکی زۆریان تەسلیم ببنەوە.

بەرهەم ساڵح لەبارەی پەکەکەوە گوتوویەتی: “سەرکردەکانیان پیاوانی خراپن، شوێنکەوتووەکانیان کوێرن لە ئاست واقیعدا. من بڕوایان پێناکەم، ئەوان درۆزنی هەلپەرستن، ئەگەر ئێوە وابکەن ئەوان نەمێنن، بۆ ئێمە باشترە.”

“ئێمەش لە عێراق نامانەوێن” بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەدا وای بە ئەمریکییەکان گوتووە، زیاتریش گوتوویەتی: “سەرکردەکانیان پیاوانی خراپن، شوێنکەوتووەکانیان کوێرن لە ئاست واقیعدا. من بڕوایان پێناکەم، ئەوان درۆزنی هەلپەرستن، ئەگەر ئێوە وابکەن ئەوان نەمێنن، بۆ ئێمە باشترە.”

بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەنامە نهێنییە ئەمریکییەکە دەڵێت بەرهەم ساڵح پێشنیاری کردووە دەنگی ئەمریکا وەك میدیایەك بۆ پروپاگەندەکردن بەکاربهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی چەندین پەیام لەسەر ئەو هەلانەی یاسای “یەکخستنەوەی” تورکیا بۆ تەسلیمبوونەوە بۆ ئەندامانی پەکەکەی دەڕەخسێنێت. بەڵگەنامەکە دەشڵێت بەرهەم ساڵح “بەڵێنی داوە یەکێتی و تاڵەبانی هاوکاری ئەمریکا بن لە هەوڵەکان دژ بە پەکەکە.”

بەرهەم ساڵح گوتوشییەتی مەسعود بارزانی بە هەمان شێوە دەکرێت هاوکار بێت، بەتایبەتی ئەگەر پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بە مانای نەمانی پێگەی سەربازی تورکیا بێت لە باکوری عێراقدا، لێ ئەوەشی درکاندووە بۆ ئەمریکییەکان کە پارتی و بارزانی دەبێت تێبگەیەنرێن کە هەبوونی پەکەکە وەك فشار لەسەر تورکیا نە بە کەڵك دێت نە ئەو جۆرە جوڵە سیاسییە هاوکاری رەوشەکە دەکات.

بەڵگەنامەکە دەشێڵت بەرهەم ساڵح گوتوویەتی: “لە ئەوروپاش خەڵك هەیە یەکێتی دەتوانێت قسەیان لەگەڵدا بکات لە دژی پەکەکە و تورکیاش دەبێت هەوڵبدات تاوەکو وا بکات ئۆجەلانیش هاوکار بێت.”

پاشان بەرهەم سالح گوتویەتی کە لە یەکەم هەنگاودا پێویستە حەوانەوەی زیاتر دابینبکرێت لە یاساکەی تورکیادا بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە تەسلیم دەبنەوە ئەگەر نا ژمارەیەکی زۆر خۆیان رادەست ناکەنەوە، بۆیە پێشنیاری کردووە “لە سەرەتاوە فشاری زۆر بەکارمەهێنن”، چونکە بە بڕوای بەرهەم ساڵح فشارە سەرەتایییەکان وا دەکات کورد وا بیربکاتەوە ئەوە تورکیایە فشار لە ئەمریکا دەکات بچێتە پێکدادانەوە تاوەکو لەنێوان کورد و ئەمریکا کێشە بێتە ئاراوە.

بژاردە سەربازییەکان 

بەرهەم ساڵح گوتوویەتی کە ئەو کاتەی تێیدان بە گونجاوی نازانێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دژی پەکەکە چونکە سەقامگیری لە باکوری عێراق تێکدەدات و ئەمریکییەکان کە پێیان راگەیاندووە ئەوان لەو بڕوایەدان هاتنی هێزی سەربازی تورکیا باشە، ئەو لە وەڵامدا گوتویەتی کە “باشترە ئەگەر عێراقییەکان ئەو بژاردەیە ئەنجامبدەن” دژ بە پەکەکە شەڕ بکەن نەك تورکیا.

ستایشی هێزە ئەمریکییەکانی کردووە بەوەی “زێدە ناوازەن” بەڵام تورکەکان ناچنە دڵی دانیشتووانانی کوردستانەوە. هەروەها دەستنیشانی کردووە دڵسۆزانی رژێمی سەدام هێزەکانیان هێرشدەبەنە سەر تورکیا ئەوەش وا دەکات و تورکە توندڕەوەکان یەکێتی و پارتی و پەکەکە تۆمەتبار بکەن، لەو رەوشەشدا هێزە تورکییەکان ناتوانن وەك ئەمریکییەکان کۆنتڕۆڵیان هەبێت بەسەر رووداوەکاندا، ئەوەش دەرئەنجامی سیاسی و ئەمنی بۆ تورکیا و هاوپەیمانان و عێراق لێدەکەوێتەوە.

بەرهەم ساڵح بە ئەمریکییەکانی راگەیاندووە کە لێدان لە هێزەکانی تورکیا لەلایەن هێزە عێراقییە ناسیۆنالیستەکانەوە ئەگەرێکە لە ئارادایە، بەرپرسێکی ئەمریکاش لە وەڵامدا گوتویەتی کە سەرانی تورکیا پێیانی راگەیاندووە کە عەرەبە سوننەکان بە ئەنقەرەیان راگەیاندووە ئەوان پێشوازی لە هێزی تورکیا دەکەن، لەو کاتە بەرهەم ساڵح دەڵێت “سوننەکان ئەو پەیامەیان داوە کە تورکیا خوازیار بووە گوێبیستی بێت،” واتە راستی رووداوەکانیان بۆ ئەنقەرە شینەکردۆتەوە.

لێرەدایە خوێنەر دەکەوێتە گومانەوە لەوەی کە بەرهەم ساڵح لەو کاتەدا گەمەیەکی سیاسی کردبێت بۆ رێگرتن، نەك رێگە خۆشکردن، بۆ هێرشەکەی تورکیا، چونکە پێشنیارەکەی بەتاڵە لەسەر ئەوەی عێراقییەکان لە دژی پەکەکە بوەستنەوە لەکاتێکدا چەند مانگێك بووە سەدام رووخاوە و هیچ هێزێكی سەربازی عیراقی بوونی نەماوە و چەندین ساڵیشی ویستووە درووستبکرێنەوە و یەکبخرێنەوە، ئەمە ئەگەر مەبەستی ئەوە نەبووبێت وەك سەرەتای ساڵی 2000 ەکان و ساڵانی نەوەدەکان پارتی و یەکێتی لە پەکەکە بدەن.

ڕوانینە دژەکان

بۆچوونی ئەوەی کە هێزی ناسیۆنالیستی عەرەبی عێراقی هێڵی سوننی دژ بە هێزەکانی تورکیا بوەستنەوە، بۆچوونێكی سەیرە، لە گۆشەی ئەو راستییەی هیچ هێزێكی عێراقی لەو شێوەیە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە نەبووە لەو کاتەدا، هەر هیچ هێزێكی سوپاکەی سەدام و دەوڵەتانی ناوچەکەش بەدرێژایی سەدەی رابردوودا نەگەیشتوونەتە بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانە، مەگەر تەنیا هێزی ئاسمانییان بەسەریاندا تێپەڕبووبن.

بەرهەم ساڵح پێی وابووە عێراق پێویستی بە هاوپەیمانیی تورکیایە و ئەو دەوڵەتە نموونەییە بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە، بەڵام بژاردەی سەربازی لەم کاتەدا وا دەکات ناسیۆنالیستە عێراقییەکان لەگەڵ تورکەکاندا پێکدابدەن

ئەم بۆچوونەشی لەو کۆبوونەوەیەدا جێگای پرسیارە، ئەوەش دیسان لە کاتێکدا ئەگەر مەبەستی ئەوە نەبووبێت تورکیا بێتە ناو قوڵایی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان دژ بە پەکەکە و مەبەستی ئەوە بووبێت تورکیا لە مەخمور و بەعشیقە و کەرکوك و دوزخورماتوو لێی بدرێت لەلایەن عەرەبەکانەوە، لەو ناوچانەی تا ئەمڕۆ تورکیا بە خاکی تورك و ویلایەتی موسڵی عوسمانی دەیانناسێنێت.

دوای دەربڕینی ئەو بۆچوونانە بەرهەم ساڵح پێی وابووە عێراق پێویستی بە هاوپەیمانیی تورکیایە و ئەو دەوڵەتە نموونەییە بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە، بەڵام بژاردەی سەربازی لەم کاتەدا وا دەکات ناسیۆنالیستە عێراقییەکان لەگەڵ تورکەکاندا پێکدابدەن ئەوەش لەسەرو هەموو لایەکەوە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیماناندا نییە.

دۆکیومێنتەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە باس لەوەش دەکات کە بەرهەم ساڵح پێی راگەیاندوون کە سەرانی ئەنجوومەنی باڵای سەربازی تورکیا و دەزگای هەواڵگری دەبینێت بەڵام چیتر ناخوازێت ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام بن، لەبەرئەوەی شێوازی پەیوەندییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت چونکە ئەم دەخوازێت ئیتر لە بری کوردستان لە بەغداد کاری سیاسیی بکات.

دوو سال دواتر لە بەڵگەنامەی دووەمدا بەرهەم ساڵح بۆتە وەزیری پلاندانانی حکومەتی عێراق، بەڵام دیار نییە کە بەردەوام بووە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرانی سەربازیی و هەواڵگری تورکیا یاخود لە کاتی ئەو پۆستەیدا ئەو دیمانە تایبەتییانەی هەڵپەساردووە.

هەڵوێست لە بەرەی قوربانییەوە 

ئەو هێرشە خوێناوییانەی ئەمڕۆ تورکیا ئەنجامیان دەدات جیا لە کورد بۆ زۆر لایەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا و یەکێتیی ئەوروپا روونبۆتەوە کە بەشێکی لێنەبڕاوەی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیایە، کە ئایدۆلۆژیایەکی نیۆ-عوسمانیی-ناسیۆنالیزمی تورکیی بە سەرکردایەتیی ئەردۆغانی لە پشتەوەیە، بەڵام ئەوە کوردە کە بەرکەوتەی یەکەمی هەنگاوە سەرەتایییە تاکتیکییەکان و دەرهاویشتە سەربازییەکانی ئەم سیاسەتە خوێناوییەی ئەنقەرەیە.

دوڵەتی تورکیا لەدوای لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی هێرشەکانی سەرەتا لە ناوجەرگەی شارەکانی باکوری کوردستان دەستپێکرد و بە بەرچاوی دنیاوە بە تانک و تۆپ و هەلیکۆپتەر باشترین شارە زۆرینە کوردییەکانی وەك نوسەیبن، کە با پاکژی ناسرابوو، کردە خۆڵەمێش دواتر کەوتە وێزەی رۆژاڤا و ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستانە.

بەرهەم ساڵح بخوازێت یان نا لۆبییەکی کوردە لە بەغداد، بۆیە هەڵوێستەکانی لەسەر رێکارەکانی حکومەتی عێراقی دەیگرنە بەر لەم رەوشەدا ئەو بەشێكە لێی بە قازانج یان زیانی ستراتیژی کورد بن

هەڵوێستی بەرهەم ساڵح بەئاشكرا یان لە داڵانەکانی سیاسەتدا بێت دژ بە جوڵە ماڵوێرانکەرە خوێناوییەکانی ئەنقەرەی ئەردۆگان گرنگن و چاوەڕوان دەکرێت بە بانگهێشتنامەکانی سەرۆکی تورکیا وەك کوردێک و سەرۆک کۆماری وڵاتێکی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فریو نەخوات. هەڵویستی ئەو گرنگە بەتایبەتی کە کۆمکاری عەرەبی دژ بە هێرشەکانی تورکیا دەنگیان هەڵبڕیوە، ناوبراویش تاکە کوردە لەو کۆمکارەدا وەك کوردێك و سەرۆکی دەوڵەتی عێراق، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت، لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵک نەبوە و نییە.

لەلایەکی ترەوە بەرهەم ساڵح بخوازێت یان نا لۆبییەکی کوردە لە بەغداد، بۆیە هەڵوێستەکانی لەسەر رێکارەکانی حکومەتی عێراقی دەیگرنە بەر لەم رەوشەدا ئەو بەشێكە لێی بە قازانج یان زیانی ستراتیژی کورد بن.

بەغدا هوشیارە لەوەی کە نە ئێران و نە دنیای عەرەبی و نە ئەمریکا و ئەوڕوپاش خۆشحاڵ نین بەم هێرشانەی تورکیا لە دژی پەکەکە، بەڵام ئەگەر بۆچوونی سەرانی حکومەتەکەی سەرۆك وەزیران مستەفا کازمی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەوە گومانی تێدا نییە پەنجەی تۆمەت بۆ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح رادەکێشرێت بە ئاستی ئەوەش قەپانی مێژوو دەیکێشێت لەم بابەتە ستراتیژییەدا، ئەوە جگە لەوەی خودی کازمی و بازنە نزیکەکەی کەسانێكن هاوڕێیانە لە بەرهەم ساڵحەوە نزیك بوون و شەونشینییان چەندین ساڵەیە.

بە هەمان شێوە هەر گۆڕانکارییەك لە هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبیدا بکرێت دەگەڕێتەوە بۆ عێراق وەك وڵاتی خاوەن کێشەکە، باری گرانی ئەو جۆرە گۆڕانکارییانەش دواجار لە ئەستۆی کۆشکی کۆماریی و دراوسێ نزیککانییەتی لە بەغداد.

 

بەشکردن: