ئەگەری جینۆسایدی کورد.. نابێ مێژوو خۆی دووبارەبکاتەوە

نووسینی: فەیسی داخ
وەرگێڕانی: نەوزاد شوانی

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بەشێکن لە سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد.
لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، رەجەب تەیب ئۆردوغان بە دوای خەونە پان- ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی خۆیەوەیەتی و خەریکی لەناوبردنی بەشێکی بەرچاوی گەلی کوردە کە دڵسۆزی نین.
سوپای تورکیا لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئۆپەراسیۆنی “چنگی پڵینگ” و “چنگی هەڵۆ”ـی دژی چەکدارە کوردەکان لە باکوری عێراق دەستپێکرد. ئەوەش لە پاش ئۆپەراسیۆنی “کانیی ئاشتی” دێت لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دژی کورد لە باکوری سوریا و ئۆپەراسیۆنی “چڵی زەیتوون” لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨، سەرباری سەرکوتی بەردەوامی کورد لە ناو تورکیا. بەم دواییانە هێزی ئاسمانیی تورکیا بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لانی کەم دوو ژنی کوردی پەنابەری لە کامپی مەخمور کوشت و لە هاوینەهەواری کونەماسی ژمارەیەکی قوربانی خستەوە و ٥ کەسی سڤیلی لە شێلادزێ کوشت لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی ئێزیدی لە ناوچەی شەنگال لە عێراق. لەوەش زیاترە، سێ چالاکوانی کورد بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆبانی کوژران و لە عەفرین سوپای تورکیا سەدان خەڵکی سڤیلی کوشت و سەدەها هەزاری ئاوارە و دەربەدەر کرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیا بەشێکن لە سیاسەتی قەڵاچۆکردنی گەلی کورد و سەرەتاکەی لە لەناوبردنی سیاسەتوانان و رۆژنامەوانان و چالاکوانانی کورد لە تورکیا دەستپێدەکات.
بو تێگەیشتن لە سیاسەتی ئێستای تورکیا پێویستە سەرنجێک لە سیاسەتی “کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن” و “تورکە گەنجەکان” بدەین لە ساڵانی نێوان ١٩١٥ و ١٩٢٣. وەک نوێنەری پان- ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی تورک، “تورکە گەنجەکان” سیاسەتیکی پەڕگیریان پەیڕەوکرد کە گوێی بە یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامە جیهانییەکان نەدا. ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەربەست بوون لە بەردەم چێکردنی شوناسی تورکی و هەرەشە بوون بو پرۆسەی دووبارە وێناکردن و بنیاتنانی دەوڵەتی تورکیا بە توندی پەراوێزخران و لەناو دەبران. زیا گۆکئاڵپ کە کۆمەڵناسێكی ناودار و سەرۆکی “کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن” بوو بانگەشەی بۆ ئەو ئایدیایە ئەکرد کە “بۆ بوژاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا پێویستە گرووپە ناموسڵمانەکانن نەمێنن. ئەم ئاماژەیە سەرەتا بوو بۆ ئەوەی دواتر بەسەر ئەرمەن و ئاشوری و یەهودی و یۆنانییەکان هات.
لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا هێزەکانی تورک بە شیوازێکی سیستماتیک ئەرمەنییەکان و کریستیانەکانی تری وەک ئاشوری و یۆنانی قەڵاچۆکرد. ئەو دانیشتوانە فرەڕەنگە بوون بە خۆراکی کۆمەڵکوژی و وە‌‌حشیگەری تەنها لەبەر ئەوەی لە دیدی ئاینی و ناسیۆنالیستی “تورکە گەنجەکان” جێگایان نەبوو، ئەویش لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم: ئەو جڤاکانە ئامادەی سازش نەبوون لە سەر شوناسی خۆیان و هەڵگرتنی شوناسی ئیسلامی کە پێشمەرج بوو بۆ تورکاندنیان.
دووەم: داواکاری ئەو کۆمەڵگایانە بۆ رەخساندنی بوار بۆ جۆرێک لە نوێنەرایەتی خەڵکی ناموسڵمان لە تورکیایەک کە خەریک بوو لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای ٢٠ سەدەی شکڵی ئەگرت.

بۆ دەوڵەتی تورک، کورد بە هەمەڕەنگی خۆیان و فرە ئاینی و هەندی کات بیروباوەڕی عەلمانییان وەک مەترسی دەبینرێن بۆ سەر ئەو بەهایانەی دەوڵەتی تورکیا بەکاریان دەهێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی

داواکارییەکانی ئەرمەنەکان بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و فرەرەنگ کە بڕێک لە دەستەڵات بدات بە گرووپە ناموسڵمانەکان، هەڕەشە بوو بۆ ئامانجەکانی “تورکە گەنجەکان” و “کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن”. وەڵامی ئەو داواکاریانە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە درایەوە و کەمپینی جینۆسایدی سیستماتیک و دوورمەودا رێخرا، نەک تەنها بۆ پەراوێزخستنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جڤاکی ئەرمەنی، بەڵکو بۆ لەناوبردنی بوونی دەروونی و فیزیکییان. کۆمەڵگای نێەدەوڵەتی و یاسا و ڕێساکانی ئەوکات نەیانتوانی رێگری بکەن لە کوشتنی بە کۆمەڵ و تاڵان و دەستدرێژی سێکسی و کۆچی زۆرەملێی هەزاران ئەرمەن لە لایەن هێزەکانی تورک و بەکرێگیراوەکانیان، هاوشێوەی (سوارەی حەمیدی).
ڕژێمی ئەردۆغان کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانیی ناسیۆنالیستی پەڕگیر و ئیسلامیزمی رادیکاڵ، هەڵگری هەمان ئایدۆلۆجیای باو و باپیرانیانن لەمەڕ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی وەک بەربەست ئەیانبینن بۆ بەرجەستەبوونی دیدگای ئەوان بۆ پان-ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی تورک. هەمو ئەمە لە پێناو چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ئەردۆغان و ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان بۆ بوژاندنەوەی تورکیای نوێ لە سنوری (عەهدی میللی) کە بە رای سیاسەتکارانی تورکیا موسڵ و کەرکوکیش ئەگرێتەوە.
سەرۆکی تورکیا بەردەوام هەستی ناسیۆنالیستی تورک ئەبزوینێ بە گوتنەوەی درووشمی (یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان و یەک دەوڵەت) و ئاماژە دەکات بە تورکیایەکی یەکڕەنگ. بەردەوام دژایەتی خۆی بۆ ئەو سنورانە دەردەبڕێ کە رێکەوتنی لۆزان بەرهەمی هێناوە و دەڵێ ماوەی نێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٣ گرنگە بۆ ئەو تورکیایەی لە خەیاڵدانی ئەودایە.
لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا ئەو سنورانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە لە ساڵی ١٩٢٠ کیشراوون، خۆی بەرداوام دەستدرێژی دەکاتە سەر سەروەریی وڵاتانی دیکە بە سوود وەرگرتن لە ململانێی ناوخۆ و لاوازی حکومەتەکانیان. تورکیا چۆتە ناو خاکی سوریا و لیبیا و عێراقەوە و چالاکانە بەکرێگیراوی عەرەب و تورکمانی گرتووە و مەشقی پێ کردوون و بە بەکاری هێناون لە سوریا و لیبیا. ئەو گروپانە لە ژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سوریا کە بە سوپای ئازادی سەر بە تورکیا ناسراون دانیشتوانی سڤیلی ناوچەکە ئەکوژن و ئاوارە ئەکەن. ئەم سیاسەتی بەکرێگرتنەی ڕژێمی تورکیا هاوشێوەی ئەزموونی سوارەیی حەمیدی‌یە کە بە بێ دەستپاراستن ئەرمەنەکانیان کوشت و لاقەی ژنەکانیان کرد و شاربەدەریان کردن.
بەکرێگیراوەکان هاوشانی سوپای تورک چوونە قووڵایی سوریا و عێراق و هێرشیان کردە سەر هێزە کوردییەکان و خەڵکی سڤیل. سەدەها هەزار لە هاوڵاتیانی عەفرین و سەرێکانی ئاوارە بوون و لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا ژمارەیەک گوندی هەرێمی کوردستانی عێراق چۆڵکران. ڕژێمی تورکیا پاساوی ئەو هێرشانە دەدات بۆ جیهان بەوەی پەکەکە دەکاتە ئامانج. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیلە و پەکەکە لەو شوێنانە نییە. ئیبراهیم کاڵن وتەبێژیی سەرۆکی تورکیا دەڵێت ‘سەرۆک ستراتیجی لەناوبردنی دوژمن بەر لەوەی بواری هێرشیان هەبێت، پەیڕەو ئەکات”. ئەم بانگەشەیە جێگای سەرسوڕمانە چونکە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر تورکیا. پێدەچێ تورکیا بە مەبەست دوژمن دروست بکات، تا بە جیهان وا نیشان بدات کە وڵاتەکە لە ژێر هێرشدایە بۆ ڕەواییدان بە کوردکوشتن و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
بۆ دەوڵەتی تورک، کورد بە هەمەڕنگی خۆیان و فرە ئاینی و هەندی کات بیروباوەڕی عەلمانیان وەک مەترسی دەبینرێن بۆ سەر ئەو بەهایانەی دەوڵەتی تورکیا بەکاریان دەهێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. وا چاویان لێ دەکرێ کە بەربەست بن لە بەردەم کومەڵگایەکی لەیەکچوو و کولتوورێکی هۆمۆجین کە دڵخوازی دەوڵەتی تورکە و بنەمای ئایدیۆلۆجی پان-ئیسلامیزم و ناسیونالیزمی تورکە. کوردەکان دەیان ساڵە بە ئامانج گیراون لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە.
دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیاش بەکارهێنراون بۆ ملکەچپێکردن و سزادانی هاوڵاتیانی کورد لە ناو سنوری تورکیا. دەیان شارەداری کورد، کە بە شێوازێکی دیموکراسی هەڵبژێران، لە پۆستەکانیان دەرکران و شوێنەکانیان بە (قەیوم) پڕکرانەوە. یاساکانی خودی دەوڵەتی تورکیا پشتگوێخران یان بە مەبەست بازیان بە سەردا درا بۆ دەستبەسەرکردنی هەزارەها هاوڵاتی و سیاسەتوان و رۆژنامەوان و چالاکوانی کورد. لە ئێستادا تورکیا بەرزترین رێژەی زیندانی سیاسی هەیە لە جیهاندا کە زۆربەیان کوردن. سەرکوت و هەڵمەتێک کە دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر کوردەکان لە ناو سنووری تورکیا و سوریا و عیراق ئاماژەیە بو کردەی جینۆساید کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و دوورمەودا ئەنجامدراون. گووتار و کردار و خەونەکانی رژێمی ئێستای تورک هاوشێوەی سیاسەتەکانی “کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن”ـن کە بوون بە بنەمای جینۆسایدی ئەرمەنەکان.
گەلی کورد ملکەچ نەبوون بۆ سیاسەتی تورکاندنی رژێمی تورکیا کە لە سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیاوە پیادەکرا. بۆیە بەردەوام رووبەڕووی سیاسەتی جینۆساید دەبنەوە کە ئەگەری هەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە لوتکە، ئەو کاتەی تەمەنی رێکەوتننامەی لۆزان دەبێ بە ١٠٠ ساڵ.
لەکاتێکدا دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی خەریکی سەرکوت و لەناوبردن و پاکتاوی ڕەگەزیین، ناکرێت لایەن و کەسایەتییە کوردەکان سست و بێدەنگ بن. دەشێت گەلی کورد دووچاری هەمان چارەنوسی ئەرمەن و جووەکان نەبنەوە ئەگەر حیزب و کارەکتەرەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتی دابن و یەکڕیز شانی بدەنەبەر بەرانبەر دەوڵەتی تورک و هاوکارانی کە زۆر بێ رەحمانە هەڵمەتیان بۆ ناوچەکە هێناوە. بەرگری لایەن و کەسایەتیە کوردەکان لە بەرامبەر سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر رزگارکردنی گەلی کورد لە داگیرکاری تورک و لەوەش گرینگتر ژینگەیەکی سیاسی ئاسایش و سەقامگیر بەرهەم دێنێت بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی فرە رەگەز و فرە ئایین لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە کەمینەکان بتوانن ئاشتیانە پێکەوە بژین.

بەشکردن: