حکومەتی کازمی لە نێوان کۆپیکردنی ڕابردوو و چاککردنی داهاتوو
نووسینی: فارس کەمال نەزمی
وەرگێڕانی: نەوزاد شوانی
ئیستا پاش تێپەڕینی دوو مانگ و نیو بە سەر متمانەبەخشین بە حکومەتەکەی کازمی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە ٦ی ئایاری ٢٠٢٠، لەوانەیە پرسیاری گرنگ و بنەڕتی کە پێویست بێت بکرێت ئەوە بیێت ئایا حکومەتی کازمی قوناغێکی ڕاگوزەری بابەتییە وەک دەرهاویشتەی بزواتە شۆڕشگێڕانەکەی تشرین و خوێنی قوربانیانی بۆ جاکسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی سیاسی لە ڕێگەی هێنانەدی لای کەمی ئامانجاکانی شوڕش؟ یان بژاردەیەکی عەقڵانی ڕژێم بوو بەکاری هێنا بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە ئەگەری ڕووخان؟ یا تێکەڵەیەکە لە هەردووک لە چوارچێوەیەکی کارلێکیی زۆر ئاڵۆز لە نێوان فاکتەرگەلێکی دژبەیەک کە هەوڵی (تەهجین)ی یەکتر ئەدەن.
بە دەربڕینێکی تر، ئایا ئام حکومەتە بەشێکە لە هەناوی ڕژێمدا پەیدابووە و ناتوانی لێی جیابێتەوە و ناوکی ببڕێت؟ یان بونەوەرێکی جیاوازە دەیەوێ لە دەرەوەی سیستەمەکە گەشە بکات؟
ئەگەر ئەم حکومەتە لە جەوهەردا ڕیفۆرمیستە، کوا قاعیدە کۆمەڵایەتیەکەی؟ تیۆرییەکەی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و ئایدۆلۆجیای حوکمڕانی کامەن؟ نوینەرانی کوان لە ناو بکەرە سیاسیەکاندا؟ ڕۆشنبیرەکانی کێن؟ ئەی کوا ئەو خەیاڵدانە ناڕازییەی هیوای لە سەر هەڵچنیوە؟ ئەو خەیاڵدانەی پێویستی بە حوکمڕانێکە کە کەمێک شانازی نیشتمانیی بۆ بگێڕێتەوە.
ئەی ئەگەر بژاردەی ڕژێمی حوکمڕانە بۆ ڕزگارکردنی خۆی، بۆچی ڕێگا بەو گرووپانە ناگرێ کە ئەیدۆشن، تا لانیکەم بۆ ماوەیەک دەستدرێژی نەکەنە سەر شکۆی دەوڵەت و بەدناوکردن و بێهێزکردنی بە چەندەها شێوازی سەربازی و سیاسی و ئایدۆلۆجی و میدیایی، وەک ئەوەی پێشوەختە حکومەتێکی مەحکوم بێت بە شکست و ملکەچکردن؟
زۆر سەختە ئەگەر مەحاڵ نەبێت لە ئێستادا هەڵسەنگاندنێکی سەنگین ئەنجامبدرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە. چونکە شۆڕشە نائامەکانی وەک شوڕشی تشرینی ٢٠١٩ بوار و ئاسۆیەکی فراوان واڵا ئاکات و ئاراستەی جیاواز بەرهەم دەهێنێت کە دەکرێت ڕوداوەکان هەرکامیان بگرنە بەر، سەرباری ناڕوونی ئێستا و کورتیی تەمەنی حکومەت بۆ هەڵسەنگاندنێکی لەو تەرزە.
بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لە چاودێریکردنی بە کاوخۆی ڕووداوەکان وەک هەوڵێکی وەسفیی نەک شیکاری کە زیاتر پرسیاری گومانکردن بخاتە بەردەست وەک لەوەی هەوڵی بەرهەمهێنانی ئانجامگیری و وەڵامی کۆنکرێت بدات، لە دۆخێکی سۆسیۆسیاسی ناسەقامگیر و دەڵەمەیی کە دەکرێ هەر ئاراستەیەک بگرێتە بەر لە ژێر کاریگەریی ئەو زەمینلەرزانەی دەکرێ ڕووبدەن.
حکومەتەکەی کازمی لە کەشتیەکدایە لە نێوان دوو کەناردا، سەرکەوتنیان بە ویستی خۆیان بوو، بەڵام لە توندوتۆڵی کەشتیەکە و ئاراستەی با و جوڵەی شەپۆلەکان و دەستنیشانکردنی زۆربەی دەریاوانەکان قسەیەکیان نەبوو. بۆیە ئەمە سەفەرێکە بۆ نادیار لە کەشێکی زریاناویدا
دوالیزمێکی شکسپیری
گریمانەی سەرەکیمان ئەوە دەبێت کە حکومەت لە ڕەحمی ئەم سیستەمە ئەتەنی-تایفیەوە هاتۆتە دەرێ وەک وەڵامێک بۆ ناڕەزاییە ڕادیکاڵەکانی تشرین کە بێ پێشینەیە لە مێژووی هاوچەرخی عیراق، بۆ گرتنەبەری هەندێک کردەی ڕزگارکەر بۆ ڕژێمی ئێستا کە لەوانەیە لە ڕووی پەیکەریی و وەزیفیەوە لە توانای حکومەتدا نەبێت. بەڵام ئەم گریمانەیە مانای ئەوە نییە کازمی و تاقمەکەی ویستی چاکسازییەکی مامناوەندی و نزمتر لە داواکاری شۆڕشگێڕانیان نییە جودا لە ویستی ڕژێم بە دوورخستنەوەی وڵات لە بە ئیسلامیبوون و گەندەڵی و توندڕەوی و پاشکۆیی. حکومەتەکەی کازمی لە کەشتیەکدایە لە نێوان دوو کەناردا، سەرکەوتنیان بە ویستی خۆیان بوو، بەڵام لە توندوتۆڵی کەشتیەکە و ئاراستەی با و جوڵەی شەپۆلەکان و دەستنیشانکردنی زۆربەی دەریاوانەکان قسەیەکیان نەبوو. بۆیە ئەمە سەفەرێکە بۆ نادیار لە کەشێکی زریاناویدا.
بابەتێکی نوێ نییە هەندێ ڕژێم کە لە لێواری ڕووخاندان خۆیان بەرهەم بێننەوە بە شێوازی جیاواز، کاتێک کە نارەزایی و شۆڕشە ناکامەکان ناتوانن ئامانجی تەواوی خۆیان بپێکن بە کۆتاییهێنان بەو ڕژێمانە. شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە میسر و تونس و دواتر جەزائیر و سودان نمونەی بەرچاون لەگەڵ تایبەتمەندی هەر یەکەیان. ئەزموونەکانی گواستنەوە لە دکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسی لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە هەمان تەرز بوون. پێدەچێ تێزەکەی گرامشی (درێژخایەنیی سەرەمەرگی کۆن و سەختیی لەدایکبوونی نوێ) ئێستاش لە عیراق کاری خۆی بکات.
حکوومەتی ئێستا لە ڕووی دەروونییەوە دوو گرفتێکی دووسەرەی هەیە. بە بەرچاویەوە کۆن لە سەرەمەرگدایە بێ ئەوەی ئازایەتی مامانیکردنی لەدایکبوونی نوێی هەبێت، یا دۆزەی ڕێگاکان بکات بۆ ئانجامدانی کارێکی وا سەرباری ویستە ڕیفۆرمیستەکانی. ئەمە بۆ چاودێر وەک جۆرێک لە ترسنۆکی دەرئەکەێ یا چاوپۆشیکردنە (یا لە باشترین حاڵەتدا جۆرێک لە چاوەڕوانی) لەهەمبەر تۆڕە مشەخۆرەکان کە دەستیان خستۆتە بینەقاقای دەوڵەت لە لایەک و لە لایەکی تر لە ئاستی گوتاردا سەقفی بەرز بۆ سیاسەتەکانی دەستنیشان ئەکا بۆ خواستنی ڕەزامەندی خەڵکی تووڕە و نارازی، بێ ئەوەی ستراتیجێکی داڕێژراو و گونجاوی هەبێت بوو جێبەجێ کردن. بێجگە لە بڕیارگەلی ناتەواو کە نیەتی باشیان تێدایە بەڵام دوورن لە هەردید و پلانێکی هەمەلایەن بۆیە خێرا لەبار دەبرێن بەهۆی فاکتەرگەلی بۆماوە لە ڕابردوو وەک قەیرانی دارایی و ئابوری و گەندەڵی و دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا. یاخود لە لایەن گرووپە مشەخۆرەکانەوە بەتاڵ دەکرێنەوە سەرباری گرووپگەلی ترلە دەرەوەی دەوڵەت کە لە ڕووی ئایدۆلۆجیەوە پەیوەستن بە ململانێ هەرێمێکانەوە وەک پرۆکسی. (نموونە زۆرن بۆ بڕیاری چاکسازیانە کە کاریگەری هەیە بۆ سەر توێژە کۆمەڵایەتیە لاوەکیەکان بێ ئەوەی کاریگەری هەبێت بۆ لوتکەی هەرەمی گەندەڵی).
ئەزموونەکانی گواستنەوە لە دکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسی لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە هەمان تەرز بوون. پێدەچێ تێزەکەی گرامشی (درێژخایەنیی سەرەمەرگی کۆن و سەختیی لەدایکبوونی نوێ) ئێستاش لە عیراق کاری خۆی بکات
بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەتی ئێستا پێوەستە بگەڕێینەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەهدی کە بەر لە بوونی بە سەرۆک وەزیران لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ گوتاری توندی ئەنووسی دەربارەی پێویستی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەگەری ڕیفۆرمی ڕژێم لە ناوەوە. بەڵام کە بوو بە سەرۆک وەزیران ئاراستەیەکی سیاسی پێچەوانەی پەیڕەوکرد لەوەی کە پێشتر بانگەشەی بۆ ئەکرد تا ئاستی داهینانی دیاردەیەک کە ئەکرێ ناوبنرێ (سیندرۆمی هەلپەرستی). چونکە شێوازی حوکمڕانییەکەی کارێکی وایکرد گرووپە دەستەڵاتدارە گەندەڵەکان خۆیان ساز بدەنەوە بی هیچ بەهەڵستکاریەک، لەگەڵ کڵۆڵی خۆی لە درکپێکردنی ماناکانی سەروەری دەوڵەت و نیشتمان. سەرباری ویستێکی بەهێز بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیانەش بێت تا ئاستی نەمانی (رێزی خودی سیاسی) بێ هیچ ویستێک بۆ پۆزشهێنانەوە یاخود داننان بە بەرپرسیاری لە هەمبەر خوێنی بە ناهەق ڕژاوی کوژراو و برینداران وسەرنگومکراوانی خۆپیشاندەرانی تشرین. ئەمە سوکایەتی نییە بە عەبدولمەهدی لە سەر ئاستی شەخسی، بەڵکو وەسفی مەنزومەیەکی سیاسی هەمەگیرە کە تاک لە هەناوی خۆیدا دەتوێنێتەوە و وای دائەرێژێتەوە کە ویست و فەرمانەکانی ئەوان جێبەجێ بکات هەتا ئەگەر پێچەوانەی کارەکتەری خۆی بێت.
ئەم سیندرۆمە سیاسیە تەشەنەی کرد بە هەموو جومگەکانی سیستەمی داڕزیویی حوکمڕانیدا و تا ئێستاش مۆتەکەی عەبدولمەهدی خۆی مەڵاس داوە و هەرەشەیە بۆ ئەدای حکومەتی ئێستا کە هێشتا شوناسێکی دیاریکراوی نییە بە هۆی کەمتەمەنیی. چونکە پاشماوەی عەبدولمەهدی وەک مۆزەخانەیەک وایە کە چاوەڕوانی لە کەڵککەوتنی ئەوانەی پاش خۆی ئەکات تا بیانگرێتە خۆی و بە حوکمی ئەوەی چوارچێوەی سیاسی گەندەڵ لە کۆتاییدا سەردەکەویت بەسەر ویستی ئایدیاڵ و ڕۆمانسی کەسایەتیەکی سیاسی ڕیفۆرمیستی ناشۆڕشگێڕ کاتێک لە فەزای شەخسی خۆی دەردەچیت و دەچێتە فەزای سیستەمێکی گشتی.
حکومەتی ئێستا و سەرۆکەکەی لەبەردەم ئەم ئیشکالیەتە گرفتئامێزەدان. دۆخێکی دوالیزمیی چارەنووسسازیی شەکسپیری کە بژاردەی سێهەم قبوڵ ناکات (ئەگەر بژاردەی دەستلەکارکێشانەوە بخەینە ئەولاوە) بێ ئەوەی ئەمە بژاردە لاوەکیەکانی تر بەتەواوی بنبڕ بکات کە بە بەراورد لە گەڵ دوالیزمەکە بەهایەکی ئەوتۆیان نییە. یان ئەوەتا حکومەت کات بکڕێت بە چەکی هەلپەرستی سیاسی کە دەیکات بە شاهیدێکی درۆزنی ترلە شاهیدەکانی ماڵوێرانی و کۆتاییهێنان بە چەمکی دەوڵەتی نیشتمانی بۆ دوورماوە. یا پەنابردن بۆ سایکۆلۆجیای جەنگاوەری ڕزگارکەر و کردەی قارەمانانە کە جۆرێک لە ڕەمزیەتی شۆڕشگێڕی پێئەبەخشێت تا ئاستی تەماهی لە گەڵ ویژدانی کۆمەڵگا هەرچەند دەرهاویشتەکانی تراجیدی بن. (کازمی ناوی شەهیدی زیندوی لە خۆی نا).
لە نموونە زیندووەکانی ڕووبەرووبوونەوەی شۆرشگێڕانە ئەوەبوو کە سەرۆکی هەڵبژێراوی چیلی سلڤادۆر ئەیێندی لە ساڵی ١٩٧٣ کردی کاتێ کە بە خودەی جەنگەوە کوژرا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە کاتی بەرگریکردن لە ڕەوایی دژی فاشیستەکان کە کودەتایەکی سەربازیان دژی ئەنجامدا بە هۆی پێداگریی لە سەر سیاسەتی سۆشیالستی ئاشتیانە لە خۆماڵیکردنی سامانی کانزایی وڵات و چاکسازی کەرتی کشتوکاڵ و پابەندبوون بە دیموکراسی. ئەو بژاردە تراجیدیە ئاسۆیەکی ڕزگاری بێسنوری لە خۆیدا هەڵگرتبووکە دواتر سەرمایە ڕەمزیە کەڵەکەبووەکەی خۆی مانیفێست کرد دوای ٢ دەیەی تاریک لە دکتاتۆریەت کاتێک کە وڵات گەڕایەوە بۆ دیموکراسی. لێرەدا مەبەست بەراوردکردن یا لێکچواندنی هیچکەس نییە لە گەڵ ئەیێندی یا بەراوردکردنی دوو سەردەمی جیاواز، بەڵکو مەبەست ڕوناکی خستنە سەر ڕەمزیەتێکە کە بریتییە لە بەرگریکردن لە ڕەوایی (شەرعیەت) دژی هێزگەلێکی یاخی لە ناوەوەی دەوڵەت یا لە دەرەوەی و جەنگان تا ئاستی ڕووبەرووبوونەوەی یەکلاکەرەوە کە مەرج نییە مەحکوم بێت بە کۆتایی تراجیدی چونکە هەر ڕووداوێک مەحکومە بە فاکتەرە ڕێژەیەکانی و چوارچێوەکەی و تایبەتمەندیەکانی.
لە هامان کاتدا لە بەرامبەر ئەو دوالیزمە شکسپیریەی (عەبدولمەهدی و ئەیێندی) هەندێک پێیان وایە بژاردەیەکی سێهەمی مامناوەندی هەیە کە کازمی پەیڕەوی ئەکات، ئەویش سیاسەتی ئیحتوای نەیارانە لە ڕێگەی دابەشکردنی پۆستە گرنگ و کاریگەرەکان لە نێوان گەندەڵەکان و دەستپاکەکاندا و ئەنجامدانی چاکسازی لە بوارێک و ئارامگرتن لە بوارێکی تر. یاخود تاقیکردنەوەی کاردانەوەی ئەو تۆڕانەی سەروەری دەوڵەت ئەشکێنن لە ڕێگەی فشاربۆهێنانیان تاوێک و بێ دەنگی لێکردن تاوێکی تر. ئەمە پێی ئەوترێ وەهمی ئیحتیوا. پێچەوانەی (رووبەرووبوونەوەی جدی) واتای پیادەکردنی پرۆسەیەکی دانوستانی ناڕوون لە گەڵ جەمسەرەکانی گەندەڵی و گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت کە پایەکانی دەوڵەت لاواز ئەکەن، بە گریمانەی ئەوەی چاکسازی پراکتیزایکی سیاسی زیرەکانەی مامناوەند ئەخوازێت بۆ بێلایەنکردنی هەندێک و بە دۆستکردنی هەندێکی تر و سەرقاڵکردنی ژمارەیەک تا بتوانرێت مەنزومەکانی گەندەڵی یەک لە دوای یەک هەڵبوەشێنرێتەوە.
خەریکە دیاردەکانی نکوڵی و چاوپۆشین و گۆڕینەوەی کردار بە گووتار دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاوە لە سایکۆلۆجیای گوتاری سیاسی و ڕاگەیاندنی حکومەت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی هەندێک لە ئەندامانی حکومەت کە توێژەر و ئاکادیمی پایەبەرزن هێشتا هەر هەڵگری گوتارێکی واقیعی زانستین لە بەرامبەر شێوازی وەهمی گوتاری فەرمی حکومەت
دەکرێت ئەم ستراتیجیە لە وڵاتانی سەقامگیر سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە دەوڵەتە شەکەتەکان بە ململانێی ئەتنۆ-تائیفی و توندڕەوی سیاسی و گەندەڵیی هەمەگیرو ئیفلاسی تەواو وەک عیراق، پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئیحتیوا کارێک ناکات بێجگە لە ڕازیکردنی دەروونی خاوەنەکەی و بوار ڕەخساندن بۆ مەنزوومەکانی گەندەڵی بۆ خۆسازدانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆیان. واتای بە پێچەوانەوە ئەوان حکومەت ئیحتیوا ئاکەن.
نموونەیەکی تری ئەم سیاسەتی ئیحتیوای بێ بەرهەمە بریتی بوو لە هەوڵی حکومەت لە ڕۆژانی سەرەتا کە پەیوەندیی درووست بکات لە گەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان و تەوزیفکردنی هەندێکیان لە کردەیەکی سەرەڕۆیانە کە هیچ پێوەرێکی دیاریکراوی نەبوو لە هەڵبژاردنی کەسەکان، لە هەوڵێکدا بوو بە ئەقڵانیکردنی ئەو ئاراستانە و جێکردنەوەیان لە ناو کایەی حوکمڕانی تا گەیشتن بە ئاستی ئیحتوای هەموان بێ جیاوازی کە ببێتە هۆی ئەوەی کردە سیاسیەکانی حکومەت لە داهاتوودا دووچاری نارەزایی فراوان نەبێت.
ئەم سیاسەتە بەرهەمی پێچەوانەی لێ کەوتەوە چونکە بوو بە هۆی دابەشبوون و یەکتر تەخوینکردن لە نێوان جەمسەرە جیاوازەکانی نارەزاییەکان لە بەغداد و پارێزگاکان باشوور. بەوەش حکومەت ڕووبەرێکی فراوانی بزواتە نارەزاییەکانی لەدەستدا کە ئەکرا پشتگیری لێ بکەن. چونکە ئیتر بە گومانەوە تەماشای ئەکەن و وەک چنگی گرووپە دەسەڵادارەکان چاوی لێ ئەکەن کە لە هەوڵی دەستخستنە ناو بزوتنەوە نارەزاییەکان بوون بۆ لە بەریەکهەڵوەشاندن و کۆتایی پێهێنانی. زۆر باشتر بوو لە جیاتی ئەوەی هەندێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی حکومەت سەرقاڵ بن بە وەهمی ئیحتوای خەڵکی نارازی، خەریکی پلانی مەیدانی بن بۆ ڕاکێشانی کۆی بزواتی تشرین بوو پشتگیری حکومەت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی عەدالەتی ڕاگوزەر بوو قوربانییەکانی خوپیشاندانەکان و دەستپێکردن بە ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و هەنگاونانی بە پلان بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ڕێژەیی سامانی بە تاڵان براو (مووچە، باج، گومرگ، کۆمپانیاکانی تێلیکۆمەنیکەیشن و دادگاکانی گەندەڵی) و ئامادەکاری کردەیی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک لە ماوەیەکی کورتدا. سەرباری ئەمانە تێبینی ئەوە ئەکرێت کە خەریکە دیاردەکانی نکوڵی و چاوپۆشین و گۆڕینەوەی کردار بە گووتار دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاوە لە سایکۆلۆجیای گوتاری سیاسی و ڕاگەیاندنی حکومەت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی هەندێک لە ئەندامانی حکومەت کە توێژەر و ئاکادیمی پایەبەرزن هێشتا هەر هەڵگری گوتارێکی واقیعی زانستین لە بەرامبەر شێوازی وەهمی گوتاری فەرمی حکومەت.
ئەم وەهمیەتەش ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار: یەکەم، زۆری و فرە چڵوپۆپیی ئاو ئامانجانەی سەرۆکی حکومەت دەستنیشانی کردووە بۆ حکومەتەکەی لەو ماوە کورتە کە بۆی دیاریکراوە کە ٢ ساڵە یا کەمتر. ئەوەش پێویستی بە میکانیزمی بەرگری وەهمگەرای جیاواز هەیە بوو خۆخەڵەتاندنی نەستیی کە ئەو هەموو ئامانجە وەهمیانە بواری جێبەجێبوونیان هەیە. دووهەم، لاوازی واقیعیەتی سیاسی لای ئەندامانی حکومەت بە هۆی کەم ئەزموونی ونەبوونی میکانیزمی کاریگەریدانان لەسەر ڕوداوەکان بە هۆی دابڕانی ڕێژەیی لە مەنزومەی ئەتنۆ-تائیفی حوکمڕان و تاوانباربوونی بە بەکریگیراویی ڕۆژئاوا لە لایەن هەندێک لایەنی لۆکاڵی کە خەریکی دروستکردنی جۆرێکن لە دوژمنکاریی ئایدیۆلۆجی ساختە بۆ بەهێزکردنی حیکایەتی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا کە کارێکی وا ئەکات حکومەت پەنا بەریتە بەر وەهمەکانی قەرەبووی دەروونی بۆ سەرکەوتن بە سەر بەربەستاکاندا.
بە شێوازیکی تر، بەردەوامی حکومەت لە پەیڕەونەکردنی ستراتیجێک بۆ ڕووبەرووبونەوەی دەسپێشخەرانە و جێگیر سەرباری بوونی دوخێکی نارازی لە بەرژەوەندی کردەیەکی وەها و کورتکردنەوەی سیاسەتی حکومەت لە ئیحتواکردن لە گەڵ کەمێک بەرەنگاری ڕێژەیی و گوتاریک بە تامی وەهم و نکۆڵی لە کۆتاییدا خزمەت بە هێزی شۆڕشی چەواشە ئەکات دژی بزواتی تشرین لە ڕەواییدان بە دۆخی ئێستا و بە ئەهریمەنکردنی هەرکەس کە دژایەتی ئەکات و شوێنێک بوو حکومەتی ئێستا لە مۆزەخاناکای عەبدولمەهدی دەستنیشان ئاکات.
هەڵویست لە نارەزایەکانی داهاتوو چین؟
سەرکیترین دەستکەوتی شۆرشی تشرینی ناکام ئەوەیە کە قەناعەتی بە نەوەیەکی تەواوکرد کە نزیکەی ٢/٣ کۆمەڵگا پێکدەهینن کە سیاسەتی نەریتی و ئاینی سیاسی وەڵامێکیان پێ نییە بۆ دوارۆژی ئەوان. بەڵکو قیبلەنمای کۆنترۆڵ بە شێوازێک جوڵاوە لە ئێستادا تەنها ویست و توانا و خەونی گەنجانەیان ڕۆڵی سەرەکی ئەبێت. بە دەربڕینێکی تر، “پیرۆزی” کاریگەری و کردار و گۆڕان (لە خەیاڵدانی سیاسی ئەواندا) جوڵاوە لە غەیبیاتی دەرەوەی زاتی کۆمەڵایەتی بۆ ئیرادی کردار لە ناو کۆمەڵگا و لە قووڵاییدا. لە سایەی دۆخی قەیراناوی وڵات و نەبوونی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان ئەم نارەزاییانە سەرهەڵئەدەنەوە بە شێوازی نوی، پاش کەڵەکە بوونی بێهیواییەکانی ئێستا و دوای کوتایی هاتن بە دۆخی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بە هۆی پەتای کۆرۆنا. گەرچی هەر ئێستا نارەزاییەکان سەریان هەڵداوەتەوە لە هەندێک ناوچەی نێوان بەغداد و بەسرە. هەروەها تێبینی ئەوە دەکرێت کە هەندێک لە چالاکوانانی بزواتی تشرین قسە لە سەر دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی وەک (حیزب و هاوپەیمانی) ئەکەن لە ڕێگەی گفتوگۆ یا تەنسیقی کرداری. هەرچەند ئەمە هەندێک دواکەوت، بەڵام هوشیاریەکی نوێیە کە پێی وایە پەیکەر و ڕێکخستنی سیاسی دوو مەرجی بنەڕەتین بوو خەباتێکی بەرهەمدار لە بەرانبەر دەزگاکانی دەستەڵات.
ئایا حکومەت قەناعەت دەکات بە وەهمی ئێستای لە هەوڵەکانیدا بۆ ئیحتوای هەردوو مەنزومە گەندەڵەکە لەگەڵ بزواتی تشرین کە دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆی ئەو ململانێ مێژووییەی لە تشرینی ٢٠١٩ سەریهەڵدا لە نێوان کۆن و نوێدا، لە نێوان جەماوەی توڕە و ئۆلیگارشیەک کە توانای خۆگونجاندنی هەیە لە گەڵ هەرەشە و مەترسیەکان
لێرەدا دەکرێت حکومەتی ئێستا لە حاڵەتی بێتوانایی بەردەوامی لە داڕشتنی دەستپێشخەری چاکسازی و هەڵخڕاندنی ڕای گشتی بۆی، بزوتنەوە نارەزاییەکان بەرەو ئاقارێکی ڕادیکاڵی توندوتیژ پاڵبنی تا ئاستی دابەشبوونی وڵات بۆ ژمارەیەک جەمسەری نارەزایی دابڕاو لە یەکتر و دوور لە شوناسێکی کۆکەرەوە وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری (هەر ئێستا ئەمە ڕووئەدات لە هەندێک پارێزگا لە ڕێگەی لەکارخستنی شەعبی و داخستنی ڕێگاوبانەکان و چوونە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت). یاخود ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ لە یەکخستنی توڕەیی دەستەجەمعی کۆمەڵگا لە دەوری پڕۆژەیەکی چاکسازی کە شێوازی ڕووکەشی تێپەڕینێ بۆ بیرۆکەی ڕزگاریبەخش بە جەختکردنەوە لە سەر بژاردەی دەوڵەتی نیشتمانی کۆکەرەوە و خاوەن سەروەری، تا ببێتە پشت و پەنا بۆ حکومەت و دەریبهێنێت لە ناروونی ئینتمای سیاسی ئێستای و قووڵاییەکی جیۆسیاسی پێ ببەخشیت وەک درێژەی ئەوەی لە پاش نارەزاییەکانی ٢٠١٥ هاتۆتە دی لە چوونە پێشی کولتوری نیشتمانی لە بەرامبەر کاڵبوونەوەی بەردەوامی پرۆژەی ئەتنۆ-سیاسی.
ئەم دوو ڕۆڵەی حکومەت بە سادەیی لە نێوان ئەودوو بژاردەیەدان کە پێشتر باسکران، یا وەهمی ئیحتوابوو مانەوە و شوێنێک لە مۆزەخانەکانی میژووی لەناوچوو لەگەڵ بەهێزکردن و بەردەوامیپێدانی شیرپەنجە کۆمەڵایەتیەکان. یان ڕووبەرووبوونەوەی پێداگر بە پشتگیری بزواتی تشرین کە دەکرێ هەڵخڕێنرێ سەرباری مەترسیەکانی تا توونێلێک بکاتەوە لەم دۆخە قەتیسماوە بۆ داهاتوویەکی جیاواز.
هەر بە بەکارهێنانی چەمکەکانی گرامشی، ئایا حکومەت قەناعەت دەکات بە وەهمی ئێستای لە هەوڵەکانیدا بۆ ئیحتوای هەردوو مەنزومە گەندەڵەکە لەگەڵ بزواتی تشرین کە دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆی ئەو ململانێ مێژووییەی لە تشرینی ٢٠١٩ سەریهەڵدا لە نێوان کۆن و نوێدا، لە نێوان جەماوەی توڕە و ئۆلیگارشیەک کە توانای خۆگونجاندنی هەیە لە گەڵ هەرەشە و مەترسیەکان بە شێوازێک کە بێگۆڕێ لە ململانێیەکی چارەنووسسازەوە بوو شەڕێکی لێرەولەوێی لاوەکی و ناوچەیی و دوری بخاتەوە لە مەرکەزیەتی پێویست بۆ گۆرانکاری. یا دەکارێ ڕۆڵ بگێڕێ لە باڵادەستکردنی بزواتی تشرین (بە سیفەتی ئەوەی کە بنیاتە نەک تاکەکان) کە بتوانێت کاریگەری بگاتە ناو مەنزوومەی سیاسی و ئایدیۆلۆجی دەستەڵات تا کاریگەری ڕیفۆرمیستی خۆی بخاتە سەر کۆی پەیکەری دەستەڵات (هەژمونی کولتوری) بە ئامرازی ناڕەزایی فشاربەر و هەڵبژاردنی بێگەرد. بە گوزارشتێکی تر حکومەت ببێت بە ئامرازێك بۆ پیادەکردنی جەنگی پێگەکان (war of positions ( لە نێوان کۆن و نوێ.
بۆیە چۆن بە پرسیارێکی بنەڕەتی دەستمان پێکرد بە پرسیارێکی تر کۆتایی پێ ئەهێنێن: “ئایا کازمی بۆ کوێ دەچێ؟ بۆ مۆزەخانەکەی عەبدولمەهدی کە پڕە لە مۆمیای سیاسیی بە نرخێکی هەرزان؟ یاخود بۆ ئاسۆی ئەیێندی و کارکردن لەسەر داهاتوو بە نرخی زۆر بەرز؟ یا دەست لەکارکێشانەوە و دەست پێلەکێشانەوە.”