کاریزمای سیاسی، ئەوەی ئێمە نیمانە

مەدیحە سۆفی 

لە نیشتیمانێكدا، کە خاوەنی یەك زمان، یەك ڕەنگی پێست، یەك ئامانج بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێت، وەلێ ڕەنگی جیاوازی حیزبەکان، زۆر لە ڕەنگی جیاوازی پێستەکان کاریگەرتر بوون، هەر ئەو جیاوازیی ڕەنگی حیزبەش، بووە منداڵدانی لەدایکبوونی چەندەها جیاوازی کە تێکڕا ڕق و کینە و کێبڕکێی ناپەسەندی بەدوای خۆیدا هێنا

لە ئێستادا هەموو خەونی کورد لە باشوری کوردستاندا، لە بوونی لەتێك نان، مشتێ ئاو و سەعاتێك کارەبادا کورت کراوەتەوە، هەر ئەوەندەش بەسە بۆ ئەوەی دڵنیابین؛ ئێمە لە کام خولگەی گۆڕڕانەکانی جیهاندا دەسوڕێینەوە.

بەرهەمی شۆڕش و قوربانی لە باشوری کوردستاندا ئەوەندە ناجۆرە, لە جیاتی پاراستنی شکۆ، دابینکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، کۆکردنەوەی هێزە ئەرێنیەکان، بەرزڕاگرتنی یەکسانیی ڕەگەز و بەگەڕخستنی سامانی مرۆیی لە بەرهەمهێناندا، لە جیاتی جەختکردنە سەر پشتبەستن بە هێزی کار و بەرهەمی خۆماڵی، هێزی گەلی لەتلەت کرد، هزر و ڕۆشنبیری بەرەو دواوە برد، ئینتیما و وابەستەبوونی بە خاکەوە سست کرد، کۆچ و کۆچڕەو بووە هەلێك بۆ دەرباز بوون بەرەو ژیان، کۆمەڵگا دابەش بووە سەر دوو چینی تەواو لەیەك دوور و تۆراو، چینێکی تەنکی دەوڵەمەندی سیاسی و بازرگان لەگەڵ چینێکی ئەستوری هەژار، بێکار و نەدار، ئەو چینەی گەیشتن بەرەو ئەودیوی سنووری نیشتیمان یا خۆکوشتن، تەنها دەرفەتی ڕزگار بوونیەتی لە مەینەتیەی پێی دەڵێن نیشتیمان.

لە نیشتیمانێكدا، کە خاوەنی یەك زمان، یەك ڕەنگی پێست، یەك ئامانج بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێت، وەلێ ڕەنگی جیاوازی حیزبەکان، زۆر لە ڕەنگی جیاوازی پێستەکان کاریگەرتر بوون، هەر ئەو جیاوازیی ڕەنگی حیزبەش، بووە منداڵدانی لەدایکبوونی چەندەها جیاوازی کە تێکڕا ڕق و کینە و کێبڕکێی ناپەسەندی بەدوای خۆیدا هێنا، نیشتیمانێك خاوەن زۆرترین قەرز و زۆرترین ڕێژەی هەژاری بێت، ئەو هاوکێشەیەی، هەتا ئەم سەرمایەدارە سیاسەتمەدارانە حوکمڕانی بن، هەر بە ناهاوسەنگی دەمێنێتەوە.

فیلمی (Invictus) (نەبەزیو) فیلمێکی ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٩٩ دا بەرهەمهێنراوە و بۆ چەندەها خەڵات پاڵێوراوە، لەم فیلمەدا باس لە کاریزمای نیڵسن ماندێلا دەکات، باس لەو دووربینی و ڕێگا چارەسەرە دەکات کە لە کاتی حوکمڕانی خۆیدا، بۆ بنبڕکردنی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقادا پەیڕەوی کردووە.

لە ڕۆژی یازدەی شوباتی ساڵی ١٩٩٠، پاش بیست و حەوت ساڵ زیندانی، نیڵسن ماندێلا ئازاد کرا، لە یەکەم لێدوانی جەماوەریدا گوتی ” ئیدی دەبێ سەردەمی ڕەگەزپەرستی بەسەرچێت”.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٤ دا، ماندێلا بوو بە یەکەم سەرۆکی پێست ڕەش لەو وڵاتەدا و یەکسەر پەیامەکەی خۆی ڕاگەیاند و گوتی” لەمەودوا کاتی تەبایی و سارێژکردنی برینەکانە”.

نێلسن ماندێلا کەسایەتیەکی قاڵ و سیاسیەکی زیرەك بوو، هەمیشە لە هاوبەشێك دەگەڕا، کە زۆرترین جەماوەری تیادا کۆبکاتەوە، دۆزینەوەی خاڵێکی هاوبەشی بەهێز، کە بتوانێ بەو هۆیەوە سەرنج و سۆز و ئینتیمای زۆرترین هاونیشتیمانی ڕاکێشێت، هەوڵێکی ئاسان نەبوو، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکو باشوری ئەفریقادا، کە هاوڵاتیەکانی ڕەشپێست و سپیپێست بوون و ڕەگەزپەرستی لە مۆخی کەسایەتیاندا چەقی بەستبوو.

بەهۆی لەتبوون و دابەشبوونی ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرەی سپیپێست و ڕەشپێستدا، ڕەگەزپەرستی لەوێ ببووە سیمایەکی ئاسایی، تەنانەت جۆری وەرزشەکەیان جودا بوو، لەو وەرزشانەی لە باشوری ئەفریقادا باون، پێست ڕەشەکان زیاتر وەرزشی دووگۆڵی و پێست سپیەکانیش وەرزشی ڕەگبی دەکەن، لە ساڵی ١٩٩٥ دا باشوری ئەفریقا ئەو دەرفەتەی پێ بەخشرا، کە یاریی جامی جیهانی ڕەگبی لەو وڵاتەدا بکرێ، هەرچەندە تیپەکەی باشوری ئەفریقا لە تیپە زۆر بەهێزەکان نەبوو، بەڵام خاوەنی کاریزمایەکی وەکو ماندێلا بوو.

بە هاندانی ماندێلا، تیپی باشوری ئەفریقا گەیشتە دوا گەمەی ئەو جامی جیهانیە، لە دوا گەمەدا تیپەکەی باشوری ئەفریقا کەوتە بەرامبەر تیپی نیوزیلاندا، ماندێلا داوای لە پێست ڕەشەکان کرد، بۆ هاندانی تیپی ڕەگبی (تیپی سپی پێستەکان) ئەوان لە یاریگاکەدا ئامادەبن و بەشداربن لە هاندانی تیپی ڕەگبی وڵاتەکەیان، پێست ڕەشەکان ویستیان یاخی بن، بەڕای ئەوان چۆن دەبێ ئەوان بۆ هاندانی کەمینەیەکی وەکو تیپی ڕەگبی سپی پێست بەشدار بن، بەڵام ماندێلا ئەو هەلەی بۆ سارێژکردنی برین و تەبایی قۆزتەوە، باشترین خاڵی هاوبەشی دۆزیەوە کە سۆزی زۆربەی هاوڵاتی خواروی ئەفریقا بگرێتەوە، گۆڕەپانی یاریگاکە پڕبوون لە هاوڵاتی ڕەش پێست و تێکەڵ بە هاوڵاتی سپی پێست بوون، ئەو ڕۆژە وەرزش جوانترین ئەرك و گرنگترین خاڵی هاوبەش بوو کە سپی پێست و ڕەش پێستەکانی پێکەوە کۆکردەوە، ڕوحی ئەو هاندانەش بوو، کە تیپەکەی باشوری ئەفریقای کردە پاڵەوانی ئەو جامی جیهانیە و ماندێلا خۆی جامەکەی پێشکەش بە کاپتنە پێست سپیەکەی تیپەکەی ڕەگبی کرد و گوتی ”وەرزش باشترین ئالیەتی چەکەرەکردنی تەبایی و کوژانەوەی ڕەگەزپەرستی بوو”.

چاکردنەوەی درزەکان، ڕایەڵکردنی توێژەکان پێکەوە، هۆنینەوەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بۆ بنیاتنانێکی ئەرێنی، ئاشتکردنەوەی جەماوەرە تۆراوەکان کاریزمای دەوێت، کاریزمای سیاسی دەوێت، کاریزمایەك کە پەیڕەوی فەلسەفەیەکی زیندوو بکات، دابەشبووەکان لە یەکتەر نزیك بکاتەوە، جیاوازیەکان لە یەك هاوبەشدا کۆکاتەوە، بەرژەوەندی جەماوەر، لە سیستەمێکی نوێخوازدا پێش بەرژەوەندی حیزب بخات، بتوانێ تەبایی، نەك ڕق و ڕەنگی حیزب بکاتە پەیام، بتوانێ خەونی خەڵك لە بوونی لەتێك نان و تەنەکەیەك نەوتدا کورت نەکاتەوە.

باشوری کوردستان، یەك ڕەنگی پێست، یەك زمان و یەك کولتور، وەلێ خاوەن چەندەها ڕەنگی دوبەرەکییە. لەبەر ئەوەی کاریزمایەکی سیاسیی کامڵی نییە، خاوەن فەلسەفەیەکی زیندوو نییە، خاوەن سەرکردەیەکی خۆنەویست نییە، نەتوانرا بنەمایەکی تۆکمەی، بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن تێدا بنیات بنرێت، کە تیایدا بەرژەوەندی تاك، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگی حیزب، بپارێزێت. ئه‌وه‌ی له‌ باشووری کوردستاندا له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌دا به‌رهه‌م هێنرا، کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ بنه‌ماڵه‌ و زیندووکردنه‌وه‌ی چه‌نده‌ها عه‌شیره‌ت بوو،‌ که‌ هیچ پیرۆزیه‌کی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شیان نییه‌، هیچ لێکچوویەکی ڕوحی تێدا نەچێنرا، هیچ سوێندێکی پاراستنی گه‌ل و خاکیان نه‌خواردووه‌، به‌ڵام سوێندی پاشکۆبوونی ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوو و گه‌ندڵیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پیرۆز کردووە‌، ئێمە لە باشوردا لەبەر ئەوەی قەیرانی کاریزمای سیاسیمان هەیە، قەیرانی فەلسەفەیەکی زیندوومان هەیە، بۆیە خاوەنی کۆمەڵێ قەیرانی نەزۆك و نامۆین.

بەشکردن: