پەیوەندیی نێوان کوردبوون و کوردایەتی

ئاراس مەسیفی

ماوەیەکە مشتومڕێکی فراوان و گەرم و زۆرجاریش توند دەربارەی پەیوەندیی نێوان کوردبوون و کوردایەتی دەستیپێکردووە. زۆربەی ئەوانەی لەو بارەوە قسەیان کردوە، تیشکیان خستۆتە سەر تەنها ڕەهەندێک یان چەند ڕەهەندێکی باسەکەوە، ڕەهەندەکانی تریان نادیدە گرتووە. دەتوانین بڵێین کە ئێستا دووبەرە دروستبوون: بەرەیەکیان پێی وایە، کوردایەتی و کوردبوون قابیلی جیاکردنەوە نین. لە کاتێکدا بەرەکەی تر پێی وایە، کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان کوردبوون و کوردایەتیدا نییە. بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی باسەکە، منیش لێرە تێڕوانینی خۆم دەربارەی ئەم پرسە دەخەمەڕوو، بێئەوەی ویستی ئەوەم هەبێت، لایەنگری بۆچونێک و دژایەتی بۆچونێکی تر بکەم. ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ فراوانترکردنی باسەکە بەهیوای دروستکردنی گوتارێکی زانستی و بابەتی هاوسەنگ دەربارەی ئەم پرسە گرنگە و زیاتر سوودمەندکردنی خوێنەری کوردی.

کوردبوون و کوردایەتی دوو چەمکی فرە ڕەهەندن و پەیوەندییان بە پرسەکانی شوناس و ئایدۆلۆژیاوە هەیە، باسکردن لێیان و شیکردنەوەیان کارێکە پێویستی بە زیاد لە بوارێکی زانستی هەیە. واتە بۆ تیشکخستنە سەر کۆی ڕەهەندەکان پێویستمان بە هەندێک تیۆریی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیەکان دەبێت، کە ئەوانیش هەر یەکەو بۆ خۆی چەندان چەمکی ناسراو نەناسراو لە خۆ دەگرن، کە پێویستیان بە شیکردنەوەی زیاتر هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکە نەبێتە دەقێکی تیۆریی وشک وەک ئەوەی لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان باوە، هەوڵ دەدەم لەو شوێنەی گونجا بۆ مەبەستی باشتر و ئاسانتر تێگەیشتنی خوێنەر چەمکەکان و تیۆرییەکان لەرێگەی نموونەی دیار و ناسراوی واقیعی کوردی بخەمە ڕوو.

کوردبوون چییە؟

ناوی کورد لە ڕووی زانستییەوە هێمایە بۆ ئێثنیستی (Ethnicity) کوردی (١)، کە بە هۆی خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی شوناسی ئێثنیستی وەکو زمان، ئاین یان کەلتور هتد، لە ئێثنیستیەکی تر جیادەکرێتەوە. بەو مانایە بێت، کە دەڵێین، کوردبوون، واتە بەڕووی دەرەوە جیاوازبوون لە ئەوەی تری وەکو، فارسبوون، عەرەببوون یاخود تورکبوون و بەڕووی ناوەوەش هاوبەشیبوون یاخود لێکچونی بەلایەنی کەمی یەک لە خەسڵەتەکانی وەکو زمانێکی هاوبەش، ئاینێکی هاوبەش، کەلتورێکی هاوبەش یاخود خاکێکی هاوبەش. لە ڕاستیدا نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا نەتەوەی کورد هەرگیز خاوەن یەک زمانی هاوبەش، یەک دەسەڵات، خاک، یان ئاینیێکی هاوبەشی تاکرەنگی سەرتاسەری نەبووە، لەبەر ئەوەش ناکرێت باس لە کەلتورێکی هاوبەشی یەکرەنگیش بکرێت، چونکە کە وتمان کەلتوری هاوبەش، ناکرێت تەنها ڕەنگدانەوەی بەشێکی واقیعی کۆمەڵگەی کوردەواری بێت و بەشەکانی تر نابینا بکات. جگە لەمەش ئاسان نییە کەلتوری کوردەواری بەهۆی هاوبەشی مێژویی و ئاینی و مەزهەبی لە کەلتوری گەلانی ناوچەکە جیابکرێتەوە. کۆمەڵگەی کوردەواری لە ڕابردوو و ئێستا نەک هەمیشە لە ڕووی ئاین و مەزهەب و شێوەزاری زمان و دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناوخۆی فرەرەنگ و هەمەجۆر بووە و جیاوازییەکانی نێوانی چەند باری لێکچوەکانە بەڵکو هاوبەشییە مێژویی و ئاینیی و کەلتوریەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکە گەر لەگەڵ هاوبەشیی یاخود لێکچووە ناوخۆیەکانی کوردبوون زیاتر و بەهێزتر نەبێت، ئەوا بەلایەنی کەم هاوتایە. کەواتە چ شتێک یان تایبەتمەندیەک کوردبوون لە عەرببوون و فارسبوون و تورکبوون جیادەکاتەوە و چ تایبەتمەندیەکیش خاڵی هاوبەش کوردبوونە؟ یاخود ئەم خەسڵەتە هاوبەشانە چین، کە تاکێکی کورد بە تاکێکی تری کورد دەبەستێتەوە، جگە لە ناوی کورد، زمانێکی هاوبەش، خاک و دەسەڵاتێکی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ئاینی هاوبەش و کەلتورێکی هاوبەش؟

کە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێت

ئەگەر هەر یەکێک لەمانە بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبی زانستیەوە، ئەوە ئەنجامەکەی ڕوونە، کە هاوبەشی یاخود لێکچویی ڕەهای هەر یەکێک لەم خەسڵەتانە، بە تەواوی، واتە بە شێوەیەکی ڕەها بەرجەستە نین، بەڵکو ڕێژەیین، چونکە نەتەوەی کورد خاوەنی زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری نییە، کە بە هۆیەوە هەموو کورد بتوانێت لە یەکتر تێبگەن. ئەوەی پێدەگوترێت زمانی کوردی، تەنها ئاماژەیە بۆ کۆکراوەی چەند شێوەزارێکی زمانی کوردی، نەک زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری، جگە لەمەش هەمو شێوەزارەکانیش لەژێر کاریگەری زمانی گەلانی تری ناوچەکە بوون و پێچەوانەکەشی هەر دروستە. نە لە ئێستا و لە مێژوی دوور و درێژی نەتەوەی کورد خاوەن جوگرافیایەکی هاوبەشی سەرتاسەری نەبووە، کە لە ڕووی ئیداری و سیاسیەکەیەوە دەسەڵاتی بەسەردا هەبووبێت. وەک ئاشکراشە کورد خاوەنی یەک ئاینی هاوبەش نییە، بەڵکو پێکهاتوە لە ئاین و مەزهەبی جیاواز. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باوەرپێکراویش دەربارەی بوونی ئاینێکی هاوبەشی سەرتاسەری لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی کورد بوونی نییە. ئەوەی هەیە تەنها بۆچون و خەیاڵە، نەک ڕاستی سەلمێندراو. ئەوەی پەیوەندیی بە هاوبەشی بایۆلۆژیش هەیە، کە کۆن پێدەوترا، نەژادی هاوبەش، بە زمانی ئاسایی هاوخوێن و هاوگۆشتی پێدەڵێن، ئەوا ئێستا باسکرن لێ بۆتە عەیبە، چونکە چەندان نموونەی مێژویی سەلمێنەری ئەوەن، کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و بە تایبەتیش ئەو خاکەی ئێمە پێی دەڵێن کوردستانی گەورە، لەوەتەی هەیە، مەڵبەندی تێکەڵابوونی نەتەوەو و کەلتوری جیاوازە.

کەواتە لە ئێستادا، کە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێت. باسی جیاوازی ئاینی و مەزەهەبی یاخود جیاوازی ناوچەی و خێڵەکی هەر ناکەم. کەواتە هاوبەشی یاخود لێکچویی کەسێکی خەڵکی دەرسیم لەگەڵ کەسێکی خەڵکی مەهاباد یان خانەقین زۆرترە یان جیاوازیەکان؟ ئەگەر شوناسێکی تری هاوبەش نەبێت، کە شوناسی نەتەوەیی کوردبوونە؟ شوناسی نەتەوەی کوردبوونیش وەکو هەر شوناسێکی تری نەتەوەیی، بیرێکی دروستکراو و خەیاڵکراوە لە ڕێگەی دروستکردن، یاخود وێناکردن و خەیاڵکردنی زمان و ڕەچەڵەک و مێژو و جۆگرافیا و هۆشیار و بیرەوەوری و چارەنوسی هاوبەش، هتد.

کەواتە شوناسی نەتەوەیی کوردبووون چییە؟

سەرهەڵدانی بیری کوردبوون، وەکو ئەوەی لە بیرەوەری و هۆشیاری هاوبەشی بەکۆمەڵی ئێستاماندا بەرجەستەیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نزیکی پێش و پاش ڕوخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەستپێکردنی داگیرکارییەکانی بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ناوچەکە لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم. بۆ تێگەیشتن لە بیری یاخود شووناسی هاوبەشی کوردبوون، دەتوانین لە ڕوە تیۆریەکەیەوە سود لە تیۆرییەکانی پەیوەست بە سەرهەڵدان و دروستبوونی بیری نەتەوەیی (Nationalism) ببینین، لە ڕوی واقیعیشەوە تیشک بخەینە سەر سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لە ئەوروپا و هاوردەکردن یاخود هێنانی بۆ ناوچەکە.

لە ڕوی تیۆرییەوە شوناسی نەتەوەیی بیرێکی هاوبەشی خەیاڵکراوە کە بەپلەی یەکەم بە پاڵنەری سیاسی و ئابوری و بە سوود وەرگرتن لە چەند فاکتێکی ئێثنیسیتی، بە دوو لۆژیکی هاوتەریب کاردەکات، کە ئەوانیش لۆژیکی لەخۆگرتن (Inclusion) و وەدەرنانە (Exclusion). ئەمەش خەسڵەت و بنەمای هاوبەشی هەموو شوناسێکی بەکۆمەڵە، کە مێژووی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناوە. چەمکی شوناس هەم لە سەر ئاستی تاک هەم لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ پرسێکی فراوان و فرەرەهەندە. لێرە تەنها تیشک دەخەمە چەند ڕەهەندێکی دروستبوونی شوناسی هاوبەش، کە بۆ بابەتەکە پێویستن.

هیچ شوناسێکی بەکۆمەڵ سروشتی نییە، بەڵکو هەمووی دروستکراوە و درێژکراوەی شوناسی پێش خۆیەتی لە فۆرمێکی تازەدا. ئەوەی وا دەکات کە پێمان وابێت، شوناسەکانمان سروشتین، تێروانینی تەسکمانە بۆ ئێستا و ئێرە

شوناسی هاوبەش واتە جیاکردنەوەی کۆمەڵێک مرۆڤ لە سەر بنەمای خەسڵەتی هاوبەش بۆ ناوەوە و جیاواز بەڕووی دەرەوە، “ئێمە” و “ئەوان”. مانا و تێگەشتن بۆ خەسڵەتی هاوبەش و جیاوازی شوناسی هەر کۆمەڵێکیش پەیوەستە بە شوێن و کات و هەلومەرجە کەلتوری و سۆسیو-ئیکۆنۆمی و دەسەڵات. واتە ئەوەی بەشێک مرۆڤ لە وانی تر جیادەکاتەوە، لۆژیکی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و سەربازییە، نەک فاکتی سروشتی، کە بەپلەی یەکەم بە پاڵنەری بەرژەوەندیخوازانە لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو کار بۆ زەقکردنەوەی یان دروستکردنی چەند خەسڵەتێکی هاوبەش بۆ ناوەوە دەکات و بەهۆی وێناکردنی چەند خەسڵەتێکی جیاواز بەڕووی دەرەوە دایدەخات و لە گروپەکانی یاخود کۆمەڵگەکانی تری دەوربەر جیایان دەکاتەوە. ئەمەش پێویستیەکی سروشتی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، کە تەنها دەتوانێت بەکۆمە: ژیان بکات، واتە کۆمەڵگە دروستبکات. ئاشکرایە ڕێکخستنی کاری کۆمەڵگەش بەبێ دەسەڵاتی سیاسی نابێت، دەسەڵاتی سیاسیش پێویستی بە دەسەڵاتی سەربازییە، بۆ ئەوەی بەرگری لێ بکات. هەمو دەسەڵاتێکیش پێویستی بە شوناسێکی هاوبەشە. بەو پێیەش شوناسی هاوبەش واتە وێناکردن، خەیاڵکردن یان دروستکردن خەسڵەتی هاوبەشی وەکو نەژادی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، کەلتوری هاوبەش، بەها و نەرێتی هاوبەش و چارەنوسی هاوبەش بۆ کۆمەڵێک لە مرۆڤ و ڕێکخستنیان لە کۆمەلگایەک لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا و داخستنی بەروی کۆمەڵگەکانی دەوروبەردا. پاڵنەری شوناسی هاوبەش بەشکردن و بێبەشکردنە لە بەرژەوندی و دەسەڵات لە ڕێگەی لە خۆگرتن و وەدەرنان. وەزیفەی شوناسی هاوبەش دروستکردنی هاوسۆزی و هاوبەندی تاکەکانە بە یەکەوە و پێدانی ڕەوایەتیە بە دەسەڵات و جۆشدان و بزواندنیانە (mobilizing) بەڕووی ئەویترکراو (Othering). پرۆسەی دروستبوونی شوناسی کۆمەڵگە پرۆسەیەکی مێژویی بەردەوامە، کە لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو، لە ئەنجامی چڕبوونەوەی کارلێکی هەلومەرجە کەلتوری و سۆسیۆ- ئیکۆنۆمیەکان لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا پەنگ دەخواتەوە و لە فۆرمێکی تایبەتی دەسەڵات خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، بەڵام چونکە نە دەتوانرێت شوێن دابخرێت، نە دەتوانرێت کات بووەستێندرێت، کارلێکە کولتوری و سۆسیو- ئیکۆنۆمیەکان هەمیشە بەهۆکارەکانی دەروبەر و ناوخۆیی بە پێی تێپەربوونی کات لە گۆرانکاری بەردەوام و لەسەرخۆ دان و لە شوێن و کاتێکی تردا دوبارە چڕ دەبنەوە، شوناس دوبارە پێناسە دەکەنەوە و خۆی لە فۆرمێکی تری دەسەڵات وێنا دەکاتەوە.

هیچ شوناسێکی بەکۆمەڵ سروشتی نییە، بەڵکو هەمووی دروستکراوە و درێژکراوەی شوناسی پێش خۆیەتی لە فۆرمێکی تازەدا. ئەوەی وا دەکات کە پێمان وابێت، شوناسەکانمان سروشتین، تێروانینی تەسکمانە بۆ ئێستا و ئێرە، بەوەی پێمان وایە، شوناسی تاک و کۆمان، بۆ نمونە شوناسی ئاینی و نەتەوەیمان، ڕاستیەکی سروشتیە، کە لە ڕێگەی لە دایکبوونەوە بە میرات بۆمان گوازراوەتەوە. دەرفەت نییە ئەم ڕاستیە لە سەرهەڵدانی مێژوی مرۆڤایەتیەوە تا ئێستا بە نمونەی مێژویی بسەلمێنین، بەڵام تەنها یەک قۆناغ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش سەرهەڵدانی شوناسی نەتەوەیی، بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان لەو بوارەوە پێدەبخشێت و بەڵگەی زیاترمان دەخاتە دەست. لە قۆناغی پێش سەرهەڵدانی بیری نەتەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵگەکان لە سەر بنەمای شوناسی ئاینی هاوبەش بنیاتنرابوون و ڕێکخرابوون. زۆربەی ئیمپراتۆریەتەکانی سەدەکانی ناوەراست کۆکەرەوەی دەسەڵاتی ئاسمانی و دونیایی بوون. پێوەرەکانی لەخۆگرتن و وەدەرنان لە شوناسی هاوبەش، خەسڵەت و فاکتی ئێثنیسیتی نەبوون، بەڵکو ئێنتیمای ئاینی بوون. بۆ زیاتر تێگەیشتن لە دروستبوونی شوناسی نەتەوەیی پێویستە بە کرۆنۆلۆژیای سەرهەڵدانی شوناسی نەتەوییە لە ئەوروپاوە و گەیشتنی بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست شۆربینەوە، بەتایبەت بۆ ئەو نەوەیەی ئاشنای ئەم مێژوە نین.

دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانی، مۆدێلی دەوڵەتی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کەلتور، یەک ئاڵا و یەک وڵات بووە دروشمی دەستەبژێری گەلانی ناوچەکە. هەڵسوکەوتی هێزە ئەوروپایەکانیش لەگەڵ گەلانی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئێثنیستی جیا جیا، ئاوی زیاتری خستە ئاشی نەتەوەپەرستانی ناوچەکە

ئاوابووونی شوناسی ئاینی، سەرهەڵدانی شوناسی نەتەوەیی

کەڵەکەبوونی دەسەڵاتی ئاینی لە دەست بازنەیەکی بچوک و خراپ بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە، گەشەی مرۆڤایەتی و سەرهەڵدانی شۆرشی پیشەسازی و ڕۆشەنگەری لە بەشێکی ئەوروپا بووە هۆی سەرهەڵدانی بیرێکی نوێ، کە کرۆکەکەی لێسەندنەوەی دەسەڵات بوو لە کەنیسە و پیاوانی ئاینی، کە ڕەوایەتیان لە ئاین و خوا وەردەگرت. لە سەروبەندی شۆرشی فەرەنسی ڕەوایەتی ئاینی لە دەسەڵاتی کەنیسە و پیاوانی ئاینی وەرگیرایەوە. چەمکی شکۆمەندی گەل (Popular sovereignty) وەکو سەرچاوەی ڕەوایەتی دەسەڵات جێگەی کەنیسە و خوای گرتەوە. کاروباری دین و دەوڵەت، بەلایەنی کەم لەسەر کاغەز لە یەکتر جیاکرانەوە. بۆ ئەمەش دەبوایە گەلێک دروست بکرێت، کە دوایی لە ژێر چەمکی نەتەوە (Nation) فۆرمی خۆی وەرگرت، چونکە دەسەڵاتی شۆرش پێویستی بە کەسانێک بوو بەرگری لێبکەن، بۆی بجەنگن، بەرێوەی ببن و هتد،. بۆ ئەمەش دروستکردنی شوناسێکی هاوبەش پێویست بوو، کە شوناسی نەتەوەیی بوو لەسەر بنەمای ئێثنیسیتی. لە دوای شۆرشی فەرەنسی، فەرەنسیەکان هەستان بە دانانی سرودی نەتەوەیی، ئاڵای نەتەوەیی، وێناکردنی گەلی فەرەنسی بە نەتەوەی مەزن (La Grande Nation) هتد، هەروەها چەسپاندنی بنەمای یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک وڵات. لە ڕاستیدا هەم لە پێش هەم لەدوای شۆرشی فەرەنسی هیچ وڵاتێکی یاخود شانشینێکی ئەوروپی خاوەنی یەک ئێثنیسیتی، یەک زمان، یەک ئاڵا نەبوون، بەڵکو زۆربەی شارە گەورەکانی ئەو دەم، خاڵی بەیەک گەیشتنی و کۆبوونەوەی گەلانی ئەوروپی و غەیرە ئەوروپی بوون، تەنانەت خێزانی پادشاکانی ئەوروپای ئەو دەمیش بەهۆی هاوسەرگیری ئەندامەکانیان لەگەڵ یەکتر، خزمی نزیکی یەکتر بوون. ئەو سنورانەی کە ئێستا بە دەوڵەتی نەتەوە ناسراون، دەرئەنجامی زنجیرەیەک شەڕ و شۆرشی گەلانی ئەوروپین لە دژی یەکتر، کە بە هۆیەوە ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستدا، ڕاگوێزران یاخود بە زەبری هێز لەناو شوناسی نەتەوە باڵادەستەکان توێندرانەوە، بەشێکیشیان توانیان لەسەر شوناسێکی هاوبەش ڕێککەوەن، کە هەموو ئێثنیسیتەکان لەخۆ بگرێت.

پێش داگیرکاریە ڕاستەوخۆکانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ناوچەکە، بیری نەتەوەپەرستی گەیشتبووە لای گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاریەکان، بەڵام تەنها لە بازنەیەکی بچوکی سیاسی و ڕۆشنبیری قەتیس مابوو، چونکە لەلایەک زۆربەی دانیشتوان خوێندەوارییان نەبوو، لەلایەکی تری هۆیەکانی ڕاگەیاندن و گواستنەوە و گەیاندن پێشنەکەوتبوون. هاتنی ڕاستەخۆی هێزە ئەوروپایەکان بۆ ناوچەکە هاوتەریب بوو لەگەڵ گەشەسەندنی بیری نەتەوەپەرستی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاری، بەڵام تەنها لەسەر ئاستی دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشەنبیری. دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانی، مۆدێلی دەوڵەتی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کەلتور، یەک ئاڵا و یەک وڵات بووە دروشمی دەستەبژێری گەلانی ناوچەکە. هەڵسوکەوتی هێزە ئەوروپایەکانیش لەگەڵ گەلانی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئێثنیستی جیا جیا، ئاوی زیاتری خستە ئاشی نەتەوەپەرستانی ناوچەکە. بە تایبەتی پەیماننامەی سیڤەر، کا تا ئێستاش بەشێکی نەتەوەپەرستانی کورد، وەکو بنەما و بەڵگەی نەتەوەبوونی کورد و مافی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بەکاریدەهێنن. لە سەروبەری ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی، شتێک نەبوو بەناوی بیری ئیثنیستی یاخود بیری نەتەوەی فارسی و عەرەبی و تورکی و کوردی، بە مانای یەک خاک، یەک زمان، یەک کەلتور و یەک دەسەڵات، بەڵکو تەنها جوڵانەوەی نەتەوەپەرستی ئەم گەلانە هەبوو لەسەر ئاستی بازنەیەکی بچوکی دەستەبژێری ڕۆشەنبیری و ئەدەبی و سیاسی و عەسکەری، کە بەشێکی زۆریان یان خۆیان لە ئەوروپا خوێندبویان یانیش لە دورەوە دەنگی دەهوڵی بیری نەتەوەپەرستیان بیستبوو. ئەوە پەیماننامەی سیڤەر و ئەوروپایەکان بوون، کە بیر و کۆنسێپتی ئێثنیستی و دەوڵەتی نەتەوەییان خستە سەر کاغەز و شەرعیەتی یاسایی و سیاسییان پێدا. بیری ئێثنیستی وەکو شوناسی دەوڵەتی نەتەوەیی.

نەتەوەپەرستی، بیرێکی هاوردەکراو و سەپێنراو

لە سەر ئاستی دەستەبژێر، ئێرانی قاجاریەکان، هەرچەندە خۆیان لە گەلی تورکزمان بوون، بەڵام زمانی فەرمی دەوڵەتیان فارسی بوو، دەستیان کرد بە زەقکردنەوە و سالارکردنی ئێثنیسیتی فارسی بەسەر گەلانی تردا و وەدەرنان و وەلانانی مێژو و کەلتور و زمان و شوناسی غەیرە فارسی زمان. دوای ئەوان شا ڕەزا لە چوارچێوەی ئێرانی مۆدێرن لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بو. دەستەبژێری تورکی پاشماوی دەوڵەتی عوسمانی دەستیان کرد بە داتاشینی ئێثنیستی تورکیی و وەدەرنان و وەلانانی مێژو و کەلتور و زمان و شوناسی هەمو ئەوانەی غەیرە تورکی زمانن. عەرەبی دورگەی عەرەبیش لەرێگەی ڕێچکەی وەهابیەوە ڕویان وەرگێرا بۆ مێژوی ئیسلامی سەردەمی زێڕێنی پێغەمبەر و جیاکردنەوەی خۆیان لە هەموو ئەوانەی، گوایە بە هەڵە لە ئاینی ئیسلام تێگەیشتون (٣)، بەمەش هەموو بەشداریی و سەروەریەکانی گەلانی ناوچەکە لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی شارستانییەتی پێش ئیسلام و ئیسلامیان نابیناکرد و وەلایان نا. بەشێکی دەستەبژێری کوردیش کەوتنە تەڵەی بیری نەتەوەپەرستی فارس و تورک و ئیسلامی و عەرەبی و بۆ جیاکردنەوەی شوناسی کوردبوون، دەستیان لە هەمو سەروەری و هاوبەشیە مێژوویی و کەلتوریەکانیان لەگەڵ گەلانی ناوچەکە هەڵگرت. لەسەر ڕێچکەی نەتەوەپەرستانی تورک و عەرەب و فارس دەستیانکرد بە وێناکردنی شوناسێکی هاوبەش بۆ کورد و چاویان بڕیە دەستی فەرەنسا و بەریتانیا بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆیان. بەڵام بەشە هەرە زۆرەکەی کورد تا دروستبوونی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەر دابەشکراوە، ئامادەنەبوون دەست لە شوناسی هاوبەشی کەلتوری و ئاینی و مێژوویی و جوگرافی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە هەڵبگرن، لەبەر ئەوەی شوناسی نەتەوەیی هەم بۆ بەشە زۆرەکەی گەلی کورد، هەم بۆ زۆرینەی گەلانی تری ناوچەکە بیرێکی نامۆ بوو بە مێژوو و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و کەلتوری ئەو دەم. ئەوە بەو مانایە دێت، کە شوناسی گەلانی ئەو سەردەمە زیاتر شوناسێکی ناوچەگەری و خێلەکی و ئاینی و مەزهەبی بوو، تا شوناسێکی ئێثنیستی، چونکە ڕاستە دەوڵەتی ئاینی هەرەسی هێنابوو، بەڵام شوناسی ئاینی و خێڵەکی گرنگی خۆی لەدەست نەدابوو، وەکو ئەوروپای دوای سەردەمی ڕۆشەنگەری و شۆرشی پیشەسازی. بیری نەتەوەپەرستی ئەوروپی دەرئەنجامی هەلومەرجێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ڕۆشەنبیری بوو، کە دەرئەنجامی سەرهەڵدانی شۆرشی پشەسازی و بیری سەرمایەداری بوو، بەڵام بیری نەتەوەپەرستی گەلانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست زیاتر چاولێکەری و لاساییکردنەوەی بەشێکی دەستەبژێری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری گەلانی ناوچەکە بوو. ئەمەش تەنها ئەو کاتە بوو بە کێشە بۆ کورد، کە دەستەبژێرێکی نەتەوەپەرەست جڵەوەی دەسەڵاتیان لەو دەوڵەتە تازە دروستکراوانە کەوتە دەست کە کوردی بەسەردا دابەشکراوە.

بەشە هەرە زۆرەکەی کورد تا دروستبوونی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەر دابەشکراوە، ئامادەنەبوون دەست لە شوناسی هاوبەشی کەلتوری و ئاینی و مێژوویی و جوگرافی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە هەڵبگرن

کوردبوون، شوناسێکی بە ئەویترکراو

لەگەڵ دروستبوونی یاخود دروستکردنی دەوڵەتانی مۆدێرن لە ناوچەکە یەکەم هاوبەشی کوردبوونیش دروستبوو، کە خەسڵەتی بە ئەویترکراوە (Othering). بەهۆی پەیروکردنی سیاسەتی یەک نەتەوە، یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک کەلتور لەلایەن دەولەتەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، گەلی کورد نەک تەنها لە مێژووی هاوبەش وەدەرنرا، بەڵکو لە کەلتور و شوناسی هاوبەشیش بێبەش کرا. نەک تەنها مافی خۆبەرێوبردنی لەناو سنورەکانی دەوڵەتی نوێ پێ ڕەوا نەبیندرا، بەڵکو ئەگەر کوردێک لەسەر ئاستی تاکیش هەوڵی بەشداری لە خێر و بێری دەوڵەت و دەسەڵات بدابوایە، دەبوایە فێری زمانی نەتەوەی سەردەست ببێت و پشت لە ئێثنیستی کوردبوونی خۆی بکات و بچێتە خزمەت ئێثنیستی سەردەست و بەرامبەر ئێثنیستی خۆی بووەستێتەوە. من ناوی ئەوە دەنێم، خەسڵەتی ناچارکردنی کورد لە خودبوون بێ جیاوازی ناوچەیی و ئاینی و شێوەزاری تاک و کۆمەڵی کورد. واتە ناچارکردنی تاکی کورد، بە پشتکردنە خود، پشتکردنە زمانی خۆی، مێژووی خۆی، کۆمەڵگەی خۆی، بۆ ئەوەی ببێت یەکێک لە ئێثنیستی نەتەوەی سەردەست، بۆ ئەوەی بگاتە پلەی باڵای ئێثنیستی سەردەست. لێرەدا گرنگترین خەسڵەتی هاوبەشی کوردبوون دروست دەبێت، جا ناوی دەنێن، بێبەش کردن لە مافێک کە ئێثنیستی سەردەست بە خۆی، بەڵام بە ئەویتری کورد ڕەوا نابێنێت، یاخود چەوساندنەوە یانیش بە کەم سەیرکردنی ئەوی تر، کە ئەمەش گرنگترین و بەهێزترین خەسڵەتی هاوبەشی شوناسی کوردبوونە، کە تا ئێستاش لە هۆشیاری بە کۆمەڵی مرۆڤی کورد بەرجەستەیە.

کوردایەتی و کوردبوون

کاتێک مرۆڤ، چ لەسەر ئاستی تاک، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە دەخرێتە دۆخێکی وا، ناچار دەکرێت بەدوای شوناسێک بگەرێت، کە مانا بەبوونی خۆی یان کۆمەڵگەکەی ببەخشێت و بتوانێت لەو ڕێگەیەوە بەرامبەر بە ئەویتر، خۆی پێ پێناسە بکات و لەو ڕێگەیەو داوای هەمان ماف بکات و هەمان بەرژەوندی پێ دەستەبەر بکات، کە ئێثنیستی سەردەست بەخۆی، بەڵام بەئەوەی تری کورد ڕەوا نابینێت. بزوتنەوەی کوردایەتیش لەسەر هەمان ڕێچکەی نەتەوەکانی سەردەست، هەڵسا بە داتاشینی شوناسی هاوبەش بۆ نەتەوەی کورد. ئاسان نییە پێوەرێک بۆ کاتی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی کوردایەتی دەستنیشان بکرێت، چونکە بیری کوردایەتی، وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکەی تر، پرۆسەیەکی درێژە و ڕەهەندی هونەری و ئەدەبی و سیاسی و سەربازیی هەیە، کە بە چەند قۆناغێک تێپەر دەبێت، کە قۆناغەکانی دروستکردنی شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، نوێنەرایەتی کردنی شوناسی نەتەوەی هاوبەش و بەشداریکردن یاخود گەیشتن بە دەسەڵات، جا لە ڕێگەی خۆبەرێوەبردن بێت لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتێکی دیاریکراو، یاخود جیاکردنەوەی سنوری نەتەوەی و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە.

لەگەڵ چڕبوونەوەی ژیان لە شارەکان، گەشەسەندنی هۆیەکانی خوێندن، گواستنەوە و گەیاندن و ڕاگەیاندن و نوسین لە ناوچە کوردنشینەکان لە کۆتایی بیستەکان و سەرەتایی سییەکانی سەدەی بیستەم، بیری کوردایەتیش توانی چەکەرە بکات و بەشێوەیەکی فراوان لەناو جەماوەر بڵاوبێتەوە

لەڕووی ئەدەبیەوە دروستکردنی هەستی شوناسی نەتەوەیی کوردبوون دەگەرێتەوە بۆ شیعرەکانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و هتد. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کات بەشێکی زۆر کەمی کورد خوێندەواربوون و هۆیەکانی گواستنەوە و گەیاندن و نووسین و بڵاکردنەوە زۆر کەم بوون، کاریگەریەکانیان تەنها لە سەر ئاستی بازنەیەکی بچوکی دەستەبژێر قەتیس بوون زۆر سنورداربوون. ئەمە بۆ بوارەکانی تری ڕۆشنبیری و سیاسی و چەکداری و هونەرییش دروستە، چونکە هەم ڕاپەرینە چەکداریەکان، هەم هەوڵە سیاسیەکان لۆکاڵی بوون و خاوەن شوناسێکی نەتەوەی هاوبەش نەبوون. لەگەڵ چڕبوونەوەی ژیان لە شارەکان، گەشەسەندنی هۆیەکانی خوێندن، گواستنەوە و گەیاندن و ڕاگەیاندن و نوسین لە ناوچە کوردنشینەکان لە کۆتایی بیستەکان و سەرەتایی سییەکانی سەدەی بیستەم، بیری کوردایەتیش توانی چەکەرە بکات و بەشێوەیەکی فراوان لەناو جەماوەر بڵاوبێتەوە. هاوتای بیری نەتەوەپەرستیی ناوچەکە، مێژوونوسانی کوردیش دەستیان کرد بە گەڕان بە دوای شکۆمەندی نەتەوەی کورد لە مێژوی کۆنی پێش ئیسلام و میدیای کەی خوسرەو و کاوەی ئاسنگەریان دۆزیەوە. بەرگی نەتەوەییان کردە بەر ڕاپەرینە لۆکالیەکانی شێخ و ئاغا و مەلاکان، گوایە شۆرشیان بۆ دەوڵەتی کوردی کردووە. نەورۆز، کە خوا نەبێت، کەس نازانێت چەند خاوەنی هەیە، هەر لە گەلانی کۆنی میزۆپۆتامیاوە بگرە، تا گەلانی ئێرانی و ئاسیای ناوەڕاست، کرا بە جەژنی نەتەوەی کورد و ئاگر کرایەوە. ڕۆژژمێری کوردی دۆزرایەوە، ئاڵای نەتەوەی دورا، سرودی نەتەوەیی نوسرایەوە، بانگی زیندویی قەومی کورد درا، شاعیران دەستیان کرد بە شیعر نووسین، گۆرانیبێژان دەستیان کرد بە گۆرانی وتن، شێوەکاران وێنەیان کێشا، سیاسیەکان پلانی خەبات و بەرگرییان دارشت. لە ئەنجامی شکستخواردنی دەوڵەتی گوایە مۆدێرنی نەتەوەکانی سەردەست، ئاغا و شێخ و مەلا و ڕۆشنبیر دەستیان خستە ناو دەستی یەک، هەر لایەک بە پاڵنەرێکی جیاواز لە ڕێگەی بزونتەوەی سیاسی و چەکداری و لە ژێر ناوی نوێنەرایەتی و پارێزگاری و پاراستی شوناسی نەتەوەیی کوردبوون بەرەوڕووی دەوڵەت وەستانەوە. کۆمار ڕاگەیندرا، ڕوخێندرا، خوێن ڕژا، بزوتنەوەی چەکداری سەری هەڵدا، لادێ و شار وێرانکران، حوکمی زاتی وەرگیرا، ئاشبەتاڵی لێکرا و هتد. بەم شێوەیەش، بیرەوەری هاوبەش هاتەکایەوە.

ئەوەی ئێستا کوردێکی عەفرین و مهاباد و دەرسیم و خانەقین بە بیری کوردبوون دەبەستێتەوە، نە زمانێکی هاوبەشە، نە مێژویەکی ڕاستەقینەی هاوبەشە، نە خاک و دەسەڵاتێکی هاوبەشە، نە کەلتور و ئاینێکی هاوبەشە، نە حزبێکی هاوبەشە، بەڵکو سرودی نەتەوەیی هاوبەشە، جەژنی نەتەوەی هاوبەشە، هەستی زۆڵملێکراوی هاوبەشە، بیرەوەری قوربانیدان و بەرگری و سەرکەوتن و شکستی هاوبەش و خەوەن و ئاواتی هاوبەشە. ئەمانەش بە پلەی یەکەم لە ئەنجامی زۆڵملێکراوەی لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە، بە پلەی دوو بە هۆی بیری نەتەوەیی کوردایەتی و بزوتنەوە سیاسی و چەکداریەکەی هاتۆنەتەکایەوە. لە ئێستادا گەر کوردایەتی لە کوردبوون جیابکەینەوە، جگە لە بیر و هەستی زوڵملێکراوی و مافخوراویی گروپێکی ئێثنیستی مۆزایکی فرەرەنگی ملیۆنان کەسی دابەشکراو بەسەر چەند دەوڵەتێک هىچی تری لێ نامێتەوە.

جیاکردنەوەی کوردبوون لە کوردایەتی

هیچ گومانی تێدا نییە کە بیری نەتەوەیی کوردبوون، تەنها دیوەکەی تری بیری نەتەوەیی فارسبوون و تورکبوون و عەرەببوونە، کە هەموویان لە ڕەحمدانی ئایدۆلوژیای نەتەوەپەرستیەوە هاتونەتەوە کایەوە، کە ئێمە بە کوردی پێدەڵێن کوردایەتی. ئەوەی ئەوان بە هێزی دەسەڵات سەپێندراوە، ئەوەی ئێمە لە بێ دەسەڵاتی بەسەرماندا سەپێنراوە. گومانی تێدا نییە، کە نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەبی عێراقی و سوریی چەند سوودیان لە دەوڵەتی نەتەوە بینیوە، کوردیش هەر ئەوەندە لە دەوڵەتی نەتەوەیی سودمەند دەبێت، بگرە خراپتریش دەبێت (٤). بەڵام چار چییە؟ وەک لەسەرەوە باسکرا، شوناسی نەتەوەیی کوردبوون، دەرئەنجامی بەئەویترکردنی شوناسی ئێثنیستی کوردبوونە لەلایەن دەسەڵاتی ئێثنیستی سەردەستەوە و فرێدانییەتی بۆ باوەشی کوردایەتی، کە ئەویش بە پێی هەلومەرجی قۆناغەکان بەخێوی کردوە و پەروەردەی کردوە و پێی گەیاندوە. لەبەر ئەوەش باسکردن لەوەی کە کوردبوون و کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە، دروست نییە.

شوناسی نەتەوەیی کوردبوون، دەرئەنجامی بەئەویترکردنی شوناسی ئێثنیستی کوردبوونە لەلایەن دەستەڵاتی ئێثنیستی سەردەستەوە و فرێدانییەتی بۆ باوەشی کوردایەتی، کە ئەویش بە پێی هەلومەرجی قۆناغەکان بەخێوی کردوە و پەروەردەی کردوە و پێی گەیاندوە. لەبەر ئەوەش باسکردن لەوەی کە کوردبوون و کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە، دروست نییە

گەر قسە لە سەر ڕەخنەگرتن لە شێوازەکانی بزوتنەوە سیاسی و سەربازیەکانی کوردایەتیە یاخود بەرنامە و سیاسەتی حزبەکانە، ئەوە باسێکی ترە و دەکرێت لە سیاقی مێژویی خۆی و بە پێوەرە زانستیەکان قسەی لەسەر بکرێت، نەک کۆی کوردایتی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە تەنها لە سەر حزبێک کورتبکرێتەوە. گەر قسە لە باشی و خراپی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و ڕەوایەتی بیری کوردایەتیە بۆ بەرێوەبردن، ئەوەش بابەتێکە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و دەستوری عێراقی، کە دانی بە شوناس و مافەکانی کورد و غەیرە کورد دا ناوە، بەدوای باشترین چارەسەر بگەرێن، نەک تێکەڵکردنی بابەتەکان، وەک ئەوەی بەشێکی لاینەگران و دژەکانی کوردایەتی دەیکەن، چونکە لە ئێستادا کوردایەتی وەکو ڕەوایەتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان خۆی لە قەیرانێکی قوڵدایە، زیادەرۆیی نییە، گەر بلێن لەسەرەمەرگدایە.

لە ئێستاد شوناس نەتەوەیی کوردبوون، کە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی مێژوویی خوێناوی هاتۆتە کایەوە، بۆتە هەست و بیرەوەری و سیمبولی شوناسی هاوبەشی نەتەوەیی کوردبوون، گەر وانییە، پەیکەری کاوەی ئاسنگەر کاری چییە بە عەفرین؟ گرنگی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز چیە بۆ ئامەد؟ ئەی ڕەقیب چ پەیوەندییەکی بە نمایشی سەربازی هێزەکانی پاراستنی گەلە لە قامیلشی؟ وڵاتیانی شارەکانی سنە و سلێمانی و دانیشتوانی دیاسپۆڕا بۆچی بۆ عەفرین و کۆبانێ دێنە سەرشەقام؟ پێشمەرگە بۆ دەچێت بۆ کوبانێ؟ پەکەکە و ئۆجەلان بۆ سەر و بنی زمانیان یەکێتی نەتەوەیی کوردە و هتد؟

نابیناکردنی پەیوەندنی نێوان شوناسی نەتەوەیی کوردبوون و کوردایەتی و کورتکردنەوەی کورتبوون لە چەمکی ئیثنیستی ڕووت، نەک تەنها واتە ڕەشکردنەوەی بیروەوری سەدساڵەی ڕابردوو لە هەست و هۆشیاری تاکی کورد، بەڵکو تەنها کاتێکیش دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت، کە سیاسەت و تێروانینی نەتەوەی سەردەستی ئەو وڵاتانەی کورد تیایاندا دەژیت، بەرامبەر کەمینەی کورد و مافەکانی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و پاراستی شوناسیان گۆرانکاری بەسەردا هاتبێت. ئەوەش جگە لە سوریا و عێراق، کە کورد بە پلەی یەک لە ئەنجامی شکستخواردنی ئەو دەوڵەتانە و بە پلە دوو بە هاوکاری هاوپەیمانان بۆتە خاوەن مافی نەتەوەیی و دەسەڵات، نە لە تورکیا و نە لە ئێران، نەک تەنها هىچ گۆرانکاریەکی بنەڕەتی ڕوینەداوە، بەڵکو بە هەردوکیشان خەرێکی دەستێوەردان و هەڕەشە و دروستکرنی کێشەن بۆ هەردو قەوارەکە.

گەر پرسی دەوڵەتەی نەتەوەیی لەگەڵ سەردەم و واقیعی ئێستای کورد ناگونجێت، ئەوە چەند بۆ کورد ڕاستە، کە دەست لە بیری دەوڵەتی نەتەوەی هەڵبگرێت، دوو ئەوەندەش بۆ دەسەڵاتی نەتەوی سەردەست پێویستە کە دەست لە سالارکردنی ئێثنیستی خۆی بەسەر گەلی کورد و گەلانی تر هەلبگرێت، چونکە لە ئێستادا دروست کردنی شوناسێکی هاوبەشی نەتەوەیی ئێرانی بۆ گەلانی ئێران، عێراقیش بۆ گەلانی عێراق و تورکی بۆ گەڵانی تورکیا و سووری بۆ گەلانی سوریا، کارێکی یەک لایەنە نییە و بە دەستهەڵگرتن لە شووناسی نەتەوەیی کوردبوون نەک هەر چارەسەر نابێت، بەڵکو کورد دەخاتە بۆشایی و قەیرانێکی تری شوناس. ئەمە کارێکی دولایەنە، بگرە فرەلاینەیە، تەنها ئەوکاتە دەکرێت، کە هەموویان دەستبەردای سالارکردنی ئێثنیستی خۆیان بەسەر کورد بن و شوناسێکی هاوبەشی عێراقی و ئێرانی و تورکی و سووریی لەسەر بنەمای مافەکانی هاوڵاتیبوون بۆ گەلانی خۆیان دروستبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە پاڵ یەکتر و لەگەڵ یەکتر، لە چوارچێوەی دەوڵەت ڕێز لە شوناسی یەکتر بگرن و مافی یەکتر پێشێل نەکەن، ئەوکاتیش شوناسی نەتەوەیی کوردبوون، بە دیوە باش و خراپەکەی هەر بەشێکە لە شوناسی کوردبوون، بەلایەنی کەم، هەر پارچەی، بەشە مێژوەکەی خۆی لە وڵاتەی کە تیایدا دەژی، چونکە نە مێژوو دەگەڕێندرێتەوە بۆ دواوە، نە هەست و بیرەوەریەکانیش ئەوەندە بە ئاسانی ڕەشدەکرێنەوە و لە یاد دەکرێن.

 

تێبینییەکان:

(١) لە زمانی کوردی هەرسێ چەمکی گەل و میلەت و نەتەوە بۆ کورد بەکاردەبرێت. ئەو زۆر چەمکیە لە زۆربەی زمانەکان بوونی هەیە و تا ئێستاش لە زمانی گشتی و ڕۆژانە هاومانا بەکاردەبرێن، بەڵام لە کایەکانی زانستی و سیاسی هەردو چەمکی Ethnicity)) و (Nation) جێگەی خۆیان گرتووە. چەمکی (Nation) چەمکێکی سیاسیەوە و بەواتای جەستەیەکی سیاسی ڕێکخراو لە چوارچێوەی دەوڵەت دێت. واتە بوونی دەوڵەت یەکێکە لە مەرجە یاسایی و سیاسیەکان، تا بە گلڵێک یاخود میلەتێک Ethnicity)) یان زیاتر بوترێت (Nation). بەڵام زۆر لە میلەتانیش چەمکی (Nation) بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، کە داوای مافی خۆبەرێوبردن لە فۆرمی سەربەخۆیی دەوڵەتی نەتەوە یانیش ئەوتۆنۆمی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەکەن. لە ئێستادا هەردو چەمکەکە هەڵگری مانا و ڕەهەند و پاشخانی جیاوازان. لە ئێستادا چەمکی ئێثنیستی (Ethnicity) تەنها بۆ ئەو گروپانە بە کاردەبرێت، کە گەوایە لە ڕوی زمان، کەلتور، ئاین هتد، لە یەکتر جیاوازن. لە کاتێکدا چەمکی نەتەوە (Nation) بووە بە شوناسی تێکرای هاوڵاتیانی وڵاتێکی دانپێدانراو.. زۆربەی کورد چەمکی نەتەوە وەکو پێناسەی کوردبوون بەکاردەهێنن. بەو هۆیەوە منیش لە ڕوە زانستیکەیەوە چەمکی ئێثنیستی Ethnicity)) و لەو شوێنەش پێویستی کرد، چەمکی نەتەوە (Nation) بەکاردەهێنم.

(٢) ئەو زمانە یەکگرتوەی گەلانی جیهان لە پرۆسەیەکی درێژی خوێندنی ئیلزامی دروستبوون. پێش دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن هەمو گەلان تەنها خاوەنی زاراوەی جیاواز بوون، تەنها چینێکی دەستەبژێر زمانی فەرمی دەسەڵاتی بەکاردەهێنا. ئەمە بۆ گەلانی ناوچەکەش ڕاستە، خەلکی ئاسایی شێوەزاری تابیەت بە خۆیان هەبوو.

(٣) بیری نەتەوەپەرەستی عەرەبی لە عێراق و سوریا لە سەرەتای چلەکان سەری هەڵدا. لە سالی ١٩٤٣ بۆ ١٩٥١ سوریا و عێراق یەکێتی عەرەبیان پێکهێنا، کە بەهۆی کودەتا لە سوریا شکستی خوارد. لە عێراق لە کۆتایی شەستەکان حزبی بەعس هاتە سەر حوکم. گەرچی کورد بە بەڵێنی وەرگرتنی مافی ئۆتۆنومی خرایە سەر عێراق، بەڵام دەوڵەتی مەلەکی لە بەڵێنەکانی پەشیمان بووەوە. سوریا ئامادەنەبوو ناسنامەش بداتە بەشێکی کوردی سوریا، بەشەکەی تریش لە هەموو مافێک بێبەشکرا.

(٤) بەپێی ئاماری فەرمانگەی پەنابەرانی کۆماری فیدرالی ئەڵمانیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هاوڵاتیانی سوریا لە پلەی یەکەم دێن، کە داوای مافی پەنابەریان لەو وڵاتە کردوە. عێراق لە پلەی دوەم دێت، دوای ئەفغانستان لە پلەی سێیەم، تورکیا پلەی چوارەم و ئیران پلەی پێنجەمی گرتووە.

بەشکردن: