عەبدوڵا ئۆجەلان: چارەسەری من بۆ کێشەکانی تورکیا و سوریا و کورد

نووسینی: عەبدوڵا ئۆجەلان
وەرگێڕانی: زانا عوسمان

مۆدێرنەی سەرمایەداری بەردەوامترین و کوشندەترین قەیرانی شارستانییەتە. بەدیاریکراوی، وێرانکارییە گشتییەکەی دوو سەد ساڵی ڕابردوو هەزاران ڕایەڵەی پەرەسەندنی لە ژینگەی سروشتیدا پچڕاندووە. واپێدەچێت ئێمە بەباشی ئاگاداری ئەو وێرانکارییە نەبیین ئەم دیاردەیە تووشی جیهانی ڕووەک و ئاژەڵی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ڕوونە کە، هەر وەک کەش‌وهەوا، ئەو دوو جیهانە بەردەوام ئاماژەی (بەفریامان‌ بگەن) دەنێرن.
تا چەندێک مرۆڤایەتی دەتوانێت لە شاندانەبەر ئەم جۆرە لە مۆدێرنە بەردەوام بێت، کە بۆتە هۆی کاولکاریی ژینگەیی بەربڵاو و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگا؟ چۆن مرۆڤایەتی ئازار و ژانی جەنگ، بێکاری، برسێتی و هەژاری دەڕەوێنێتەوە؟

ئەو بانگەشەیەی کە دەوڵەت-نەتەوە کۆمەڵگا دەپارێزێت وەهمێکی گەورەیە. بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگا بەشێوەیەکی ڕوولەزیادبوو لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەوە بەسەربازی دەکرێت و تەواو نوقمی جۆرێکە لە جەنگ. من ئەمە ناودەنێم جەنگی کۆمەڵگاکوژ، کە بەدوو شێوە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراوە.

یەکەم، دەسەڵات و دەزگاکانی دەوڵەت هەڵدەستن بە جڵەوکردن و چەوساندنەوە و چاودێریکردنی کۆمەڵگا.
دووەم، تەکنەلۆجیای زانیاری (قۆرخکارییەکانی میدیا) لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای ڕاستەقینەی گۆڕیوە بۆ کۆمەڵگایەکی مەجازی. چۆن دەکرێت بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت لەدژی یاساوڕێساکانی ناسیۆنالیزم، ئاینگەرایی، سێکسیزم، زانستگەرایی، هونەرەکان، هەروەها پیشەسازی سەرگەرمی (لەنێویاندا وەرزش، درامای تەلەفزیۆنی، هتد.) کە لەڕێیانەوە شەو و ڕۆژ کۆمەڵگا لەلایەن میدیاوە هێرشی دەکرێتە سەر؟

ئەو ڕاستییە تەوا ڕوون بۆتەوە کە دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێکە لە ئامرازەکانی باڵادەستیی مۆدێرنەی سەرمایەداری. پەیماننامەی ڤێرسەیڵس (Treaty of Versailles) بۆ ئەوروپا چی بوو، ڕێکەوتننامەی سایکس‌بیکۆ-ی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا لە ساڵی ١٩١٦ دا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان شت بوو: “ئاشتییەک بۆ کۆتاییهێنانی هەموو ئاشتییەکان.”

جەنگی جیهانیی سێیەم لە ئاستی جیهانیدا لەئارادایە، ئەم جەنگەیان قووڵتر و درێژمەوداترە لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم. ئەنجامەکەش بریتییە لە پووکانەوە و لەبەریەک‌هەڵوەشان. تەنها لەڕێگای دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێی ناوچەیی یان جیهانییەوە دەکرێت ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت.

دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا هەمان ئەو مانایەیان هەیە کە فەرمانڕەواکانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی سەردەمانێک هەیانبوو، بەڵام ئەمان زیاتر هەماهەنگن لەگەڵ مۆدێرنەی سەرمایەداریدا_ زۆر زیاتریش دوورکەوتوونەتەوە لە نەریتە کلتوورییەکانی ناوچەکە. ئەم دەوڵەتانە لە ناوخۆدا لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیاندا و لە دەرەوەشدا لەگەڵ ئەوانی تردا لە جەنگدان. لەنێوبردنی کۆمەڵگا نەریتییەکان بەمانای شەڕ دژی خەڵکی دێت_هەروەها ئەو نەخشانەی بە ڕاستە کێشراون بانگهێشتێکن بۆ جەنگی نێوان دەوڵەتان. هیچکام لەو دەوڵەتانە کارامەیی پێویستیان نییە بۆ سەرکەوتن بەسەر قەیرانە قووڵبووەوەکاندا: لەڕاستیدا، بوونی خودی ئەو دەوڵەتانە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

بە تێڕوانینی من، جەنگی جیهانیی سێیەم لە ئاستی جیهانیدا لەئارادایە، ئەم جەنگەیان قووڵتر و درێژمەوداترە لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم. ئەنجامەکەش بریتییە لە پووکانەوە و لەبەریەک‌هەڵوەشان. تەنها لەڕێگای دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێی ناوچەیی یان جیهانییەوە دەکرێت ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت. من جەخت لەوە دەکەمەوە کە چارەنووسی جەنگی جیهانیی سێیەمی مۆدێرنەی سەرمایەداری لەلایەن بەرەوپێشچوونەکانی کوردستانەوە دیاری دەکرێت. ئەمە تەواو ڕوونە لەو دۆخەی ئێستا لە عێراق و سوریا دەگوزەرێت.

هەبوونی دەوڵەت-نەتەوەکان ناڕێکییەکە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا_پێداگری‌لێکردنیشیان سەردەکێشێت بۆ کارەسات. دەوڵەت-نەتەوەی تورکی باوەڕی وایە کە بە کۆمەڵکوژییەکی کۆتایی کوردەکان خۆی دەکات بە دەوڵەتێکی نەمر_دەوڵەت-نەتەوەیەک کە ئێستا خاوەنی وڵات و نەتەوەی خۆیەتی. ڕوونە، مەگەر تورکیا دەست لەم دونیابینییە هەڵبگرێت، دەنا دەوڵەتەکە دەبێتە گۆڕهەڵکەنێک بۆ کلتوورە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکانی ناوچەکە_لەنێویاندا خودی تورکەکان. بەهەمان شێوە، دۆخی داهاتووی ئێرانیش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ ناوچەکەش بەناڕوونی دەمێنێتەوە.

بەڵام بارودۆخی کوردان_کە لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەگەراییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پارچەپارچە کراوە و شێوازی جیاوازی پاکتاوکردن و توانەوە بەسەر هەر یەک لەم پارچانەدا دەسەپێنرێت_ تەواو کارەساتاوییە. بەشێوەیەک لە شێوەکان، کوردەکان تەوقی ژانێکی کوشندە و درێژخایەنیان لە ملدایە.

ڕۆژاڤا نموونەی چارەسەرێک هەم بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش بۆ دەوڵەت-نەتەوەکان دەخاتەڕوو. ئەوەی ئەم نموونەیە دەیخاتە ڕوو نکۆڵیکردن نییە لە دەوڵەت-نەتەوە، بەڵکوو دەیەوێت دەوڵەت-نەتەوەکان وابەستەی چارەسەرێکی دیموکراسی و دەستوری بن.

تێکۆشانی کورد
لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخەکە ئێستا گەشەی سەندووە_کوردەکانیش، لەڕێگای تێکۆشانیانەوە، دەتوانن لە هەڵمەتە فرەلایەنەکانی کۆمەڵکوژی خۆیان لابدەن. ئەمەش تەنها لەڕێگای پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتەوە ڕێی تێدەچێت_پڕۆژەیەک لەسەر بنەمای هاوڵاتیانی ئازاد و یەکسان کە پێکەوە بەیەکڕیزی دەژین و هەموو واقیعە ئاینی و کلتوورییەکان دەگرێتە خۆ. ئەم پڕۆژەیەش وا دانراوە کە پێکەوە لەگەڵ خەڵکانی تری ناوچەکەدا دابڕێژرێت. ڕێگاکانی بەدەستهێنای ئەم ئامانجە لەئێستادا هەنگاو بە هەنگاو لە بەرەوپێشچووندایە.

ڕۆژاڤا و هەموو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا_کە لەلایەن خۆسەرییەکی ئۆتۆنۆمی فرەنەژاد و فرەئایینەوە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن بەڕێوە دەبرێت_وەک مەشخەڵێکی ئازادی لە هەڵهاتندایە. ئەم قەوارەیەش نموونەی چارەسەرێک هەم بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش بۆ دەوڵەت-نەتەوەکان دەخاتەڕوو. ئەوەی ئەم نموونەیە دەیخاتە ڕوو نکۆڵیکردن نییە لە دەوڵەت-نەتەوە، بەڵکوو دەیەوێت دەوڵەت-نەتەوەکان وابەستەی چارەسەرێکی دیموکراسی و دەستوری بن. ئەمەش دڵنیایی دەدات لە پاراستن و سەربەخۆیی هەردوو نەتەوەی دیموکرات و “نەتەوەی دەوڵەت” _ئەو نەتەوەیەی لەلایەن دەوڵەتەوە چێکراوە.

کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی پێکهاتە نەژادی، ئایینی و مەزهەبییەکان و کلتوورە دەوڵەمەندەکانیان لەم ناوچەیەدا تەنها لەڕێگای ئەم عەقڵییەتە دیموکراتەوە دەتوانرێت پێکەوە کۆبکرێنەوە_عەقڵیەتێک کە ئاوی ئاشتی، یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی بدات. لەلایەکەوە، هەر کلتورێک وەک کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی دیموکرات خۆی بونیات دەنێت. پاشتریش، دەتوانن لە ئاستێکی باڵاتری یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتدا لەگەڵ ئەو کلتوورانەی تردا بژین کە خۆیان هەر ئێستا لەگەڵیان دەژین.

چارەسەری نەتەوەی دیموکرات کە لەلایەن کوردەوە خراوەتە بەردەست، توانای ئەوەی پێداون کە لەبری مرۆڤایەتیی، داعش_کە دەرئەنجامی تاکباوەڕی ئاینییە_لەناوبەرن. بێگومان ئەمە بەرئەنجامی دونیابینیی ئێمەیە کە بنەماکەی ئازادی ژنە، ئەمەش دەیکاتە نموونەیەکی سەرمەشق لە تەواوی جیهاندا.

دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم دوڕیانێکدایە. دەتوانێت یان لەسەر ڕێچکەی لێکترازان بەردەوامبێت هەر وەک دەوڵەت-نەتەوەکانی تری ناوچەکە، یان بچێتە نێو ئاشتییەکی بەقەدر و چارەسەرێکی دیموکراسیانەی مانادار.

خەبات بۆ داهاتوو
لە ئێستادا، بەرەوپێشچوونەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە خاڵێکی گرنگ. دانپێدانان بە (بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) و ئەو دیموکراتییە ناوچەییەی بۆ عەرەب و کورد و ئەرمەنی سیریانی و خەڵکان تر نوێنەرایەتی دەکات، دەبێتە بەرەوپێشچوونێکی گرنگ هەم بۆ سوریا و هەمیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. داواکاری ئێمە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی لە ئەوروپا و تورکیا و ناوچەکانی ترەوە کاتێک ڕێی تێدەچێت کە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا ڕابگەیەنرێت.

تێڕوانینی ئێمە دەربارەی ململانێی کورد و تورک کە نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە، تەواو ڕوونە. ئێمە هەر لە ساڵی ١٩٩٣ـوە چارەسەرێکی دیموکراسیمان پەرەپێداوە. ئەو هەڵوێستەی ئێمە کە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا لە دورگەی ئیمڕاڵی بینرا و، لە (بەیاننامەی نەورۆز)ـدا خرایەڕوو، کاتێک چووینە نێو پڕۆسەی گفتوگۆوە، ئەمڕۆ لە هەر ڕۆژ گرنگترە. ئێمە لەو بەیاننامە حەوت‌خاڵییەدا کە ساڵی ٢٠١٩ خستمانە بەردەست جەختمان لەم هەڵوێستەمان کردۆتەوە. ئێمە پێداگرین لەسەر پێویستیی ئاشتبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و دانوستانێکی دیموکراسی بۆ جێگرتنەوەی کلتووری دووبەرەکی و کێشمەکێش.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کێشەکان لەڕێگای ئامرازی فیزیکیی توندوتیژییەوە چارە نابن، بەڵکو لەڕێگای هێزی نەرمەوە. لەژێر هەلومارجێکی خواستراودا، دەتوانم هەنگاوی پێویست بنێم بۆ نەهێشتنی ململانێکان لەماوەی هەفتەیەکدا. ئەوەشی پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکیاوە هەیە، لە بەردەم دوڕیانێکدایە. دەتوانێت یان لەسەر ڕێچکەی لێکترازان بەردەوامبێت هەر وەک دەوڵەت-نەتەوەکانی تری ناوچەکە، یان بچێتە نێو ئاشتییەکی بەقەدر و چارەسەرێکی دیموکراسیانەی مانادار.

لەکۆتاییشدا، هەموو شتەکان لەلایەن ململانێی نێوان لایەنەکانەوە یەکلا دەکرێتەوە. سەرکەوتنی ئەو خەباتەی لەلایەن کوردەکانەوە لەڕێگای سیاسەتی ئاشتی و دیموکراسییەوە خراوەتە گەڕ دیاریکەری دەرئەنجامی کۆتاییە. ئازادیش سەرکەوتوو دەبێت.

تێبینی: بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی‌دا گۆشەگیرکراوە و ڕێگە بە پارێزەر و خێزانەکەی نادرێت هیچ سەردانێکی بکەن، ئەم وتارە لە لایەن هەندێک لە هاوکارییەکانەوە ئامادەکراوە بەرمەبنای ئەو کتێبانەی لە زینداندا نووسیوونی و ئەو ڕاگەیەندراوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە زیندانەکەیەوە ئاڕاستەی ڕای گشتیی کردوون. وتارەکە لە ماڵپەڕی جاکۆبین بڵاوکراوەتەوە، کە دەزگایەکی دیاری چەپەکانی ئەمەریکایە.

بەشکردن: