خۆپیشاندانی ئەلیكترۆنی و پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیكترۆنی!

سەنگەر حەسەن 

لەم سەردەمی پەتای كۆڕۆنادا و بەهۆی ئەوەی خەڵكی بەگشتی لەقۆناغی خۆپارێزیدان، هەروەها سەختی و دژواریی زۆر لەژیانی تاكی كوردا هەیە، بۆیە لێرەو لەوێ هاوڵاتیان؛ زۆر و كەم خەریكی ناڕەزایی دەربڕینن! شێوازی دەربڕینی ناڕازاییەكان جیاوازن و هەریەكەكێك بەجۆرێك! بەڵام دیارترینیان لە ئێستا بریتیی یە لە ناڕەزایی دەربڕین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ڕەنگە بتوانین ناوی بنێین “خۆپیشاندانی ئەلیكترۆنی”، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە چەندین خاسیەتی خۆپیشاندان لەخۆدەگرێت.

خۆپیشاندانی ئاسایی ئامانج و ڕێڕەو و ڕێكردنی خۆی هەیە و هەڵگری پەیام و دەربڕی جۆرێك لە ناڕەزایەتییە. لەڕابردوودا بەهۆی یاسای خۆپیشاندانەكانەوە تاڕاددەیەكی زۆر لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان تەواو سنوورداركرا و بگرە تا ڕاددەی قەڵاچۆكردنیش. لەگەڵ ئەوەشدا چەند دەنگیی دلێر و جوامێر بەناو و جۆری تر پەنایان بردە بەر ناڕەزایی دەربڕین. یەكێك لەم رێگەیانە “گردبوونەوە” بوو. گردبوونەوە جیاوازتر لە خۆپیشاندانی گەورە لەم چەند ساڵەی دوایی پەرەی سەندبوو، تا سەردەمی بەر لەكۆڕۆناش زۆرینەی دەستە و تاقم و فەرمانبەر و چین و توێژەكانی تر پەنایان بۆ دەبرد. گردبوونەوە هەموو خاسیەتەكانی خۆپیشاندانی لەخۆ نەدەگرت، ئەگەرچی هەڵگری دید و پەیام بوو، بەڵام ناڕەزاییەكی بچووككراوەو سنورداركراو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار گردبوونەوەكانیش فراوان دەبوون و نزیك دەبوونەوە لەوەی ببن بە خۆپیشاندان.

بەڵام لەگەڵ هاتنی كۆڕۆنا و كەنارگیربوونی هاوڵاتی و كەرەنتینەكردنی گشتی، ئەوەبوو هاوڵاتیان دەستیان دایە جۆرێكی تر لەناڕەزایی دەربڕین، ئەویش ناڕەزایی بەرفراوان بوو لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئەمەش وەنەبێت هەرتەنها شتێكی تایبەت بووبێت لەم كاتەدا، بەڵكو لەپێشتریش هەر هەبوو، وەلێ بەهیچ جۆرێك بەم چەشن و قەبارەیە گەورە نەبوو. ئەگەرچی لەپێشتریش چەندین كەسایەتی لەسەر تەنها پۆستێك ڕووبەڕوی سزادان و شكاندن بووینەوە، بەڵام هێشتا كاریگەری ئەم ناڕەزاییانە وەكو ئەوە نەبوو كە لەم دواییە بینرا. چوون خەڵكێكی ئێجگار زۆر هەموو بەیەكەوە لەم هەڵمەتە بەژداربوون. ئەگەر هاشتاگی 400 ملیار دینارەكە وەربگرین، دەبینین لەڕابردوو كاریگەرییەكی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا جێهێشت. ئەگەرچی تێبینی زۆر هەبوو لەسەر پەرت و بڵاوكردنی هاشتاگەكە، لەوەی كە هەریەكەو بەجۆرێك دەینووسی و ئەمەش وایدەكرد وەك خۆپیشاندانەكان پەرت و بڵاوەیان پێوە دیاربێت و ئامانجی تەواو نەپێكێت. هۆكارەكەشی بۆ درێژی هاشتاگەكە دەگەڕایەوە، بەوەی كە هێشتا زۆرێك لە كورتكردنەوە زمانەوانییەكان بەلای ئاخێوەرانی كورد نامۆیە، چوون بەنموونە دەكرا هەرتەنێ بنووسرێت (#400_ملیارەكە؟)… هەرچۆنێك بێت، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو كەم و كوڕییەش كەچی تا ڕاددەیەكی زۆر ئامانجی خۆی پێكا. تەنانەت بوو بەهۆی دەنگدانەوەی لەچەندین میدیای جیهانی و باسكردنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. هەر لەم سۆنگەیەوەش گەر بڕوانینە دواهەمین بەیاننامەی حكومەتی عێراقی كەتیایدا وەڵامی حكومەتی هەرێمی دایەوە، دەبینین یەكێك لەخاڵەكان بریتی بوو لەوەی كە “ئەو پارانەی ناردوومانن نەگەیشتۆتە دەستی فەرمانبەران”، ئەمە روون و ئاشكرا دیارە كە مەبەست لەچییە.

خۆپیشاندانی ئەلیكترۆنی وەكو سەلمێنرا، دەشێ كاریگەری گەورە و گۆڕانكاری ڕژد دروست بكات و ببێت بەهەوێنی چەندین دەستكەوت. چوون لەئێستادا ئاڕاستەی دەسەڵات بەلای كپكردنی هەموو جۆرە دەنگێكە كە ئاوازەكەی لەگەڵ ئەوەی خۆیدا نەیەتەوە.

حكومەتی هەرێمیش ئەوكات لەسەر ئاستی چەند بەرپرسی باڵا و بەناوی حكومەت و حیزبەوەش وەڵامی ئەم هاشتاگەی دایەوە. ئەمەش لەخۆیدا سەلمێنەری كاریگەری هاشتاگەكەبوو. بەڵام دەشێ بڵێین ئەم هاشتاگە كەم تا زۆر، بەرپرسانی توڕەكردووە و سەرەنجام وەكو دەبینین (پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیكتڕۆنی) لێكەوتەوە! كە ئێمە وەكو تۆڵەیەك دەیبینین لەبەرامبەر هەموو ئەو دەنگانەی ڕۆژانە بەرامبەر بێ باكیی دەسەڵات بەرز دەبنەوە. بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە بێت، كۆمێنت نووسین و تێرۆر هاوسەنگن! لەوەدەچێت بگەڕێینەوە نێو ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆڕوێڵ و تەنانەت لەمەوپاش لەماڵەوەش نەتوانیت هیچ قسەیەك بكەیت. ئاخۆ ئەم حكومەتە پەلەقاژەی چییەتی ئاوا كەوتۆتە نێو ئەم هەڵە گەورانە. یانی هەر بەڕژدی دەبێت ئەندام پەرلەمان هێندە بێ ئیش بێت و هیچ خەمێك نەبێت لەم وڵاتە ئەوە نەبێت!

ئەگەر هێشتاش بەهانەمان كۆڕۆنایە، ئەوا لەئێستادا دەكرێت خۆپیشاندانی ئەلیكتڕۆنی گەورە بەرێوەبچن و سەرلەبەری ئەم یاسایە پوچەڵ بكاتەوە. هەتا زووبیت درەنگە، چونكە وەك لەڕابردوو سەلمێنراوە ئەم دەسەڵاتە بۆ كاری لەمجۆرە هەرزوو دەیخاتە دەنگدان و جێبەجێكردن. لەوەش زیاتر هەر لەم ساتەوە قەڵەم بەدەستەكانی خۆی وەگەڕدەخا بۆ ڕازاندنەوە و میكیاژكردنی یاساكە.

خۆپیشاندانی ئەلیكتڕۆنی وەكو سەلمێنرا، دەشێ كاریگەری گەورە و گۆڕانكاری ڕژد دروست بكات و ببێت بەهەوێنی چەندین دەستكەوت. چوون لەئێستادا ئاڕاستەی دەسەڵات بەلای كپكردنی هەموو جۆرە دەنگێكە كە ئاوازەكەی لەگەڵ ئەوەی خۆیدا نەیەتەوە. سەرنج بدەن هەندێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی كە یاساكەیان ئیمزا كردووە، پێشتر خۆیان ڕۆژنامەنووس بووینە! ئاخۆ چی لەم بەڕێزانە كردبێت ئیمزا بۆ پڕۆژە یاسایەكی لەمجۆرە بكەن! ئەمە یەكەمجار نییە كە دەسەڵات بیەوێت تۆڵە لەهاوڵاتی بكاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە لە هەموو هەنگاوەكانی تری پێشوو جیاوازتر و ترسناكترە.

ئەم یاسایە زۆر لەوە ترسناكترە كە ئێمە لێرەدا وەكو تۆڵەیەك لەبەرامبەر هاشتاگی 400 ملیارەكە بیناسێنین. چوون ئەمە ئامانجی مەڵاسدراوی چەندان ساڵەی كپكەرانی دەنگی ئازادە. بەڵام پوختە، ئەگەر ئەمە هەنگاوێك بێت بەرەوە كۆنترۆڵكردنی میدیا، ئەوا سەد هەنگاوە بەرەو تاكڕەویی و تەسكردنەوە و قەڵاچۆكردنی ئازادی. ئەمە نە پڕۆژەیە و نەدەچێتە چوارچێوەی یاساش. لە تاریكی زیاتر، هیچیتر لەهەناوی ئەم یاساییەدا نییە.

بەشکردن: