شیرینیی نەوت و ژەهراوی سەربەخۆیی

ڕێبین فەتاح

بەدرێژایی ساڵانی پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ تا ئێستا، هەردوو پارتە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستان، لەسەر دوو هێڵی دژ و ناکۆک گوتاری خۆیان ئاراستە کردووە و هەردوو گوتارەکەیش بە دۆسیەی نەوت و سەربەخۆییەوە گرێدراوە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا، کۆنترۆڵی نەوت لە دەست کام حزبدا بووبێت، گوتاری سەربەخۆیی هەڵگرتووە، بە پێچەوانەوە حزبەکەی دیکە بەرەو عێراق ملی ناوە و هەموو بانگەشەکانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسیی بە موزایەدەی سیاسی لە قەڵەم داوە. هەریەک لە پارتی و یەکێتی، بەپێی بەرژەوەندییەکانی تایبەتییان، ڕۆژێک خاوەندارێتی لە گوتاری عێراقی و ڕۆژێک بانگەشەی کوردستانیبوون دەکەن. لەنیوەی یەکەمی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، یەکێتی ڕێبەرایەتی گوتاری کوردستانی و پارتی ڕێبەرایەتی گوتاری عێراقییانەی دەکرد. لەنیوەی دووەمیشدا، هەردوو حزب جێگۆڕکێیان کرد، یەکێتی پێداگیری لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و پارتی بانگەشەی کوردستانیبوونی دەستپێکرد.

“قاچێک لە هەولێر قاچێک لە بەغدا”

هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ڕاپەڕینی ١٩٩١ و پێش پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەر دوو ڕەوتی کوردستانی و عێراقی دابەش بوو. وەک چۆن لە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەعس، پارتی بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی دەدا ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی بەعس بکرێت و یەکێتی دژی ڕێککەوتنەکە دەوەستایەوە.

لەو سەرەتایەدا یەکێتیی نیشتمانی بانگەشەی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی دەکرد و لە بەرانبەردا پارتی دیموکرات گوتاری خۆی بەرەو عێراق ئاراستە دەکرد. پارتی بانگەشەی نەک سەربەخۆیی، بەڵکو (فیدراڵیەت)ی بە موزایەدەی سیاسی لە قەڵەم دەدا و لە زاری سەرکردە باڵاکانییەوە بیری جوداخوازیی و سەربەخۆیی ڕەت دەکردەوە. یەکێتی پێداگیری لەسەر فیدڕاڵیەت و پارتی لەسەر دروشمە کۆنەکەی “ئۆتۆنۆمی” مایەوە، ئەوەش لە گوتاری هەردوو حزبەکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩٩٢دا بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی هەبوو.

سەرەڕای ئەوەی دوای پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان، یەکەم بڕیاری پەرلەمان ڕاگەیاندنی فیدڕاڵیەتێکی تاکلایەنە بوو، بەڵام پاش ساڵێك لە ڕاگەیاندنی فیدڕاڵیەت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، پارتی لەچوارچێوەی کۆنگرەی یازدەمینی خۆی لە ساڵی ١٩٩٣دا، دروشمی ئۆتۆنۆمی کرد بە فیدراڵیەت.

ڕاستییەکەی، مەسعوود بارزانی دوای ساڵێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دانی بەوەدا نا؛ سەرەتا ئەو بۆچوونەیان هەبووە، لەئاستی دەرەوە کەس ئامادە نەبووە پاڵپشتی کورد بکات بۆ خاوەندارێتیکردن لە سیستەمی فیدراڵی، بەڵام پاش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا، بۆی دەرکەوتووە؛ “هەر سیغەیەک لەچوارچێوەی عێراقدا بۆ دیاریکردنی مافی گەلی کورد قابیلی قبوڵە”(١). واتە پاش لاری نەبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حزبەکە دروشمی فیدڕاڵی هەڵدەگرێت و زیاتر ئەو پاساوەیشی دەهێنایەوە کە فیدراڵیەت یەکێتی عێراق دەپارێزێت نەک هەڕەشە بێت بۆ سەر یەکێتی خاکی عێراق(٢). کاتێکیش لە کۆنگرەی یازدەمینی حزبەکەدا، دروشمی ئۆتۆنۆمی هەڵگیرا و فیدراڵیەت لەجێگەی داندرا، بارزانی پاساوی دواکەوتنیان لە داننان بە فیدراڵیەتی بۆ ئەوە گێڕایەوە؛ “لە دەسەڵاتی کۆنگرەیە دروشم بگۆڕێت”(٣)، بەڵام لە باسێکی وەک سەربەخۆیی، پێش کۆنگرەیش، سەرکردەکانی حزبەکە، بڕیاری ڕوونیان هەبوو؛ “لەو کۆنگرەیەشدا دووپاتی دەکەینەوە نیازی جیابوونەوەمان لە عێراق نییە”(٤).

یەکێتی بە توندی دژی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی دەوەستایەوە، جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ “ئێمە ڕێی نەهاتی بەغدامان کوێر کردووەتەوە و ڕێگەی ڕزگاری کوردستانمان گرتووەتەبەر”(٥). کاتێک (کوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی یەکێتی ڕایدەگەیاند؛ “هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو کاغەزەی نابێت کە لەسەری مۆر دەکرێت”(٦). پارتی لەڕێگەی رۆژنامەی (خەبات)ەوە دروشمی یەکێتی خاکی عێراقی دەگوتەوە؛ “پاراستنی یەکێتی خاکی عێراق ئەرکی ڕۆڵەکانیەتی”(٧). تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی دانوستانیش لەگەڵ بەعس، مەسعوود بارزانی بە هەڕەشەوە دەیگوت؛ “هیچ کەسێک یان هیچ لایەنێک بۆی نییە بە تەنیا مفاوەزات ڕابگرێت، مفاوەزات لەکاتێکدا دەپچڕێت کە میری هەڵوێستێکی وا پیشان بدات کە ئامادە نەبێت گفتوگۆ بکات”(٨).

بارزانی کە هێشتا بە ڕژێمی بەعسی دەگوت؛ (میری)، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد؛ “دونیا تا ئێستا لە ئۆتۆنۆمی زیاتر ڕازی نییە ئێمە داوای بکەین، لەوە زیاتر داوا بکەین پشتمان ناگرن، ئەمڕۆ سیاسەتی جیهان ئەوەیە کە نابێت هیچ گۆڕانێک بەسەر سنووری ناوچەکەدا بێت…ئێمەش نابێ دژی تەیاری دەولی مەلە بکەین”(٩). بەڵام لە بەرانبەر پێداگیری پارتی لەسەر ئۆتۆنۆمی/حوکمی زاتی، یەکێتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ “حوکمی زاتی دارێکی زڕە و قەت بەر ناگرێ”(١٠)، یان پێی وا بوو؛ “حوکمی زاتی کوردستان دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریەت و حوکمی چەکی کیمیایی و ئەنفال و گۆڕی بە کۆمەڵ”(١١).

میدیاکانی پارتی بەشێوەیەک لە گاڵتە و توانجەوە مامەڵەیان لەگەڵ باسی فیدراڵیەت و پشتکردنە بەغدا دەکرد. هەندێکجاریش بۆ ئەو گاڵتەجاڕییە، پشتیان بە گوتە و دەنگۆکانی سەرانی بەعس دەبەست، وەک ئەوەی گۆڤاری (گوڵان) بڵاوی کردەوە؛ “یەکێک لە مەرجەکانی مام جەلال بۆ ئاشتی لەگەڵ پارتی، ئەوەیە سەرکردایەتی پارتی بۆی ئیمزا بکات دژی بەغدان، هەر لێرەدایە قسەکەی تاریق عەزیزی کۆنە وەزیری دەرەوەی عێراقمان دێتەوە یاد کە لەکاتی گفتوگۆی بەغدا-کورد لە ساڵی ١٩٩٢ گوتبووی؛ هەڵوێستی مام جەلال زۆر تەنگاومان ناکات، من و مامە بە سندووق وێسکیمان پێکەوە خواردووەتەوە و باش یەکتر دەناسین”(١٢).

خودی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد؛ “کێشەی ئێمە لە بەغدا چارەسەر دەکرێت”(١٣)، یان وەک ئەوەی فرەنسۆ هەریری ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بەڕاشکاوی ئاماژەی بۆ دەکرد؛ “پارتیمان هیچ کات جوداییخواز نەبووە و واقیعییانە بیری لە مەسەلەکان کردووەتەوە”(١٤).

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی، کە سەرۆکایەتی شاندی بەرەی کوردستانی لەدوایین گەڕی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی-بەعس لە ساڵی ١٩٩١دا دەکرد، هەر هەوڵێکی دەدا تا ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکرێت. وەک ئەوەی بارزانی خۆی گوزارشتی لێدەکات، ئەو خۆی لەگەڵ کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ لەگەڵ بەعس نەبوو، بەڵکو ڕژێمی بەعس کۆتایی هێنان بە گفتوگۆی بەسەردا سەپاندوون؛ “ئێمە گفتوگۆمان نەپچڕاند، ئەوان گفتوگۆیان پچڕاند”(١٥).

مەیلی عێراقییانەی پارتی، هەوڵە ئاشکرا و شاراوەکانی حزبەکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی بەعس، گومان و تێبینییەکی زۆری لەسەر حزبەکە دروست دەکرد. مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی، دەیویست بەوە پاساوی هەڵوێستەکەیان بداتەوە؛ “بەدیلی ڕژێم گرنگترە لە ڕووخانی ڕژێم”(١٦). هەر لە ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕینیشدا، پارتی لە ڕێگەی میدیاکەیەوە، دەیویست ئەو تێگەیشتنە دروست بکات کە (دانوستان) یەکێک لە (پرەنسیپ)ەکانی خودی پارتییە و شێوازێکە لە شێوازەکانی خەبات(١٧)، و دواتریش ڕۆژنامەی (برایەتی/خەبات)ی زمانحاڵی حزبەکە، زنجیرەیەک وتاری بەناونیشانی (پارتی و گفتوگۆ) بە قەڵەمی فرەنسۆ هەریری بڵاوکردەوە(١٨). لەو وتارانەی ڕۆژنامەی زمانحاڵی فەرمی پارتیدا، ئاماژە بەوە دەکرا؛ حزبەکە لە هیچ بارودۆخێکدا دانوستان، گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە ڕژێمی بەعسیشەوە، ڕەت نەکردووەتەوە و لەسەر ئەو پرەنسیپەیش بەردەوام دەبێت، ئەوەش وەک پاساوهێنانەوەیەک بۆ هەڵوێستی حزبەکە بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ بەغدا.

یەکێتی هەموو کات بە گومانەوە سەیری پارتی و ئەگەری ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی بەعس دەکرد، هەر لەو ڕوانگەیەوە بوو کە جەلال تاڵەبانی لەو وتارەیەدا کە پاش کۆتایی هێنانی یەکەم گەڕی شەڕی ناوخۆیی لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٤ و بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کرد، پێداگیری لەسەر پێویستی دەرکردنی یاسایەک دەکرد کە هەموو هاوکارییەک لەگەڵ “داگیرکەرانی کوردستان” قەدەغە بکات و ڕای گەیاند؛ نابێت کەس لینگێکی لە بەغدا و لینگێکی لە هەولێر بێت، بەڵکو دەبێت هەردوو قاچیان لەلایەک بێت؛ پێیان خۆشە هەڵبژێرن؛ کەرکووک، بەغدا، مووسڵ، پێیان خۆشە هەڵبژێرن؛ دهۆک، هەولێر و سلێمانی(١٩).

“فیدراڵ و بەرمیلی بەتاڵ”

لە ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕینەوە، یەکێتی گوتاری خۆی لەسەر بنەمای سیاسەتی پشت بەخۆبەستن و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستان ئاراستە دەکرد. ئەو حزبە بانگەشەی دەرهێنانی نەوتی دەکرد و پێی وا بوو لەو ڕێگەیەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەربەخۆییەکی ئابووری مسۆگەر بکات و دواتریش بەرەو سەربەخۆیی سیاسی هەنگاوبنێت. جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی لە هەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ سەرخستنی لیستی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمان بۆ یەکەمجار بانگەشەی دەرهێنانی نەوتی لە کوردستان کرد(٢٠). لە چەندین خاڵی بەرنامەی لیستی یەکێتیشدا، دووپات لە؛ “سوودوەرگرتن لە داهاتی نەوتی کەرکووک و بەشەکانی تری کوردستان”(٢١) کرایەوە.

لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خوولی یەکەمی پەرلەمان، میدیای یەکێتی و ڕۆژنامەی “کوردستانی نوێ”ی زمانحاڵی فەرمی حزبەکە، ئاماژەی بە پرسەکانی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستان دەکرد، یەکێک لە مانشێتە سەرەکییەکانی (کوردستانی نوێ) لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەیگوت؛ “دەنگ بدە بە کەسک، تا ئابووری کوردستان ببوژێتەوە”(٢٢).

یەکێتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ لە ڕێگەی “بەگەڕخستنەوەی کارگەکان، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی باج و ڕسوومات و کرێی خزمەتگوزارییەکان”ەوە و دواتر لەڕێگەی دەرهێنانی نەوت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت خۆی لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق دەرباز بکات. تاڵەبانی دەیگوت؛ “داهاتی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لەماوەی حوکمی زاتی تەنیا ٤٧٥ ملیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا ئەگەر تەنیا کارگەی جگەرەی هەولێر بەگەڕبخرێتەوە، داهاتی مانگانەی ٩٠ ملیۆن دینار دەکات، ئەوە جگەلە داهاتەکانی لە باج و خزمەتگوزارییەکان دەست دەکەوێت”(٢٣).

گوتاری یەکێتی لەوەی پێوەست بوو بە باوەڕبوون بە تواناکانی ناوخۆیی کوردستان، تەواو پێچەوانەی تێگەیشتنی پارتی دەوەستایەوە کە وەک ئەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە گوزارشتی لێدەکرد؛ هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و ئەوەشی بە هۆکاری ناچاربوون بە گەڕانەوە بۆ بەغدا لێکدەدایەوە. مەسعوود بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی جەختی لەسەر بایەخی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ بەعس و بەغدا دەکردەوە، ئاماژەی بە دوو هۆکاری ڕوون و ڕاشکاو دەکرد؛ “یەکەم؛ لەڕووی ئابوورییەوە ناتوانین لەسەر پێ بوەستین. دووەم؛ جیابوونەوە لەگەڵ عێراق ناکرێ، سنوورمان لەگەڵ سوریا و تورکیا و ئێران و عێراقە. جا گەر هەموو ئەمانە لەدژی ئێمە بوەستن، چۆن دەتوانین سەربەخۆییمان بپارێزین؟”(٢٤).

ڕاستییەکەی، پارتی مامەڵەیەکی گاڵتەجاڕانەی لەگەڵ گوتاری یەکێتی دەکرد، کە لەسەر بنەمای نەوت و فیدراڵیەت هەڵچنرا بوو. لەو ساڵانەدا “فیدراڵ و بەرمیلی بەتاڵ”، گوزارشتێکی تەوسئامێزی پارتی بوو کە گوتاری نەوت و فیدراڵیەتیی یەکێتی، وەک گوتارێکی بۆش و بەتاڵ دەخستە ڕوو.

پارتی نەک هەر لە ڕێگەی میدیاکانییەوە، گاڵتەی بە پرۆژەی دەرهێنانی نەوت دەکرد، بەڵکو لەسەر ئاستی حکوومەتیشدا و بە دەربڕینی بەرپرسانی یەکێتی، ڕێگرییان لە پرۆژەی دەرهێنانی نەوت کردووە. بگرە وەزارەتی پیشەسازی و وزە کە لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمەوە دامەزرا بوو، وەزیرەکەی لە پشکی پارتی و بریکارەکەی لە پشکی یەکێتی بوو، هەرکات باس لە دەرهێنانی نەوت دەکرا، محەمەد مەولوود ئەمین وەزیری پیشەسازی و وزە، باسی خەڵووزی بەردینی دەکرد! (٢٥)، بەگوتەی حەمەجەزا ساڵح بریکاری پێشووتری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە کۆسرەت رەسووڵ بە ئەندازیاری نەوتی کوردستان ناوی دەبات، وەزیرەکەی پارتی، “بە بیانووی بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردین و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەم کارە، گورزی توندی لە پرۆژەی (دەرهێنانی نەوت) دا”(٢٦).

بە پێچەوانەی میدیای یەکێتییەوە، میدیای پارتی خۆی لە وروژاندنی دۆسیەی دەرهێنانی نەوت دەپاراست و بایەخێکی بۆ دانەدەنا، بەڵکو ڕووماڵی ڕاگەیەندراو و کۆنگرەکانی بەرپرسانی باڵای حکوومەتیشی لەوڕووەوە نەدەکرد. وەک ئەوەی لە ٦ی شوباتی ١٩٩٣دا، فواد مەعسووم یەکەم سەرۆک وەزیرانی هەرێم پرۆژەی دەرهێنانی نەوتی کوردستانی ڕاگەیاند و ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) مانشێتێکی سەرەکی خۆی بۆ تەرخان کرد(٢٧)، بەڵام جگە لە میدیاکانی یەکێتی، لەلایەن میدیاکانی پارتییەوە، ڕووماڵی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆک وەزیران نەکرا و ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)یش بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەو میدیایانە گرت کە ڕووماڵی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی سەرۆک وەزیرانیان نەکردووە کە تیایدا پرۆژەی دەرهێنانی نەوتی ڕاگەیاندبوو. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کرد؛ چەندین پڕوپاگەندە لەلایەن “دەوڵەمەندانی بەرەی دوژمن و قاچاغچییە گەورەکانی هێنانی سووتەمەنی” لە دژی پرۆژەی دەرهێنانی نەوت دەکرێت(٢٨)، لەکاتێکدا ڕۆژنامەکە، دەرهێنانی نەوت وەک پرۆژەیەکی “دوژمن تەزێن” ناودەبات و بە “بناغەیەکی بنەڕەتی بۆ گۆڕین و چاکبوونی بواری ئابووری” و “تیرێکی کوشندەیە و ئاراستەی دوژمنمان دەکرێت”(٢٩)، لێکدانەوەی بۆ دەکات.

قوڕگی کوردستانی عێراق

سروشتی ململانێی پارتی و یەکێتی خۆی لە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵات دەبینییەوە، دەستبردن بۆ دۆسیەی نەوت لە سەرەتاوە گرێدراوی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بوو لەسەر دەستگرتن بەسەر داهات و فرەوانکردنی قەڵەمڕەوی. ڕاستییەکەی، پاڵنەری یەکێتی بۆ دەرهێنانی نەوت، دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بوو لە بەرانبەر ئیبراهیم خەلیل کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم بوو، ئەو سەرچاوەیەش لەلایەن پارتییەوە دەستی بەسەردا گیرا بوو.

یەکێتی سەرەڕای ئەوەی سەرۆکایەتی حکوومەتی دەکرد و بە کرداریش هەولێر وەک پایتەختی سیاسی لەژێر کۆنترۆڵیدا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی داهاتی لەدەست نەبوو، نەیدەتوانی ئیدارەی حکوومەتەکەی بە تەواوەتی بدات. لەکاتێکدا پارتی دەستی بەسەر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا گرت بوو کە بە گوتەی کۆسرەت رەسووڵ دووەمین سەرۆک وەزیرانی هەرێم؛ ئیبراهیم خەلیل بەڕێژەی ٧٥٪ی داهاتی کوردستانی پێک دەهێنا.

ئەگەر یەکێتی بەهۆی نەبوونی سەرچاوەیەکی داهاتەوە بیری لە دەرهێنانی نەوت دەکردەوە، پارتی بەهۆی ئیبراهیم خەلیلەوە کە نەوشیروان مستەفا بە “قوڕگی کوردستانی عێراق”(٣٠) وەسفی دەکرد، ناچار نەبوو بیر لە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بکاتەوە.

لەو ساڵانەدا چۆن پارتی ئیبراهیم خەلیلی بە موڵکی خۆی دەزانی، بەهەمان شێوە یەکێتی نەوتی کوردستانی بە موڵکی خۆی دەزانی، تەنانەت پێش ئەوەی لەبیرەکانیشدا بهێنرێتە دەرەوە. لە بەرانبەر ئەو بانگەشەیەی پارتی کە دەیگوت: “یەکێتیی ئەو باوکەی مرد، جارێکی تر لە داهاتی ئیبراهیم خەلیل بەشی بدرێت”(٣١)، یەکێتییش بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ مادام پارتی ئامادە نەبێت داهاتی ئیبراهیم خەلیل رادەست بکات یان هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی بکات، کەواتە ئەگەر لە داهاتوودا کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەڕایەوە یان نەوت لە کوردستانی ئازادکراو دەرهات؛ نابێت پارتی داوای بەش بکات(٣٢).

کاتێک نەوت بۆ یەکەمجار دەرهات و ئاگر و دووکەڵەکەی بەرز بوویەوە، خەڵک و میدیای پارتی بە تەوسەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، “تایە دەسوتێنن و دووکەڵ دروست دەکەن”(٣٣)، لە بەرانبەردا تەلەفیزیۆنی (گەلی کوردستان)ی یەکێتی رای گەیاند: “بە کڵپە و گڕی ئاگری نەوتی شیواشۆک، کوردستان رووناک دەکەینەوە و ئەم گڕە لەناو دڵی دوژمنانی کورد و ناحەزان بەردەدەین”(٣٤).

لەو ساڵانەدا زنجیرەیەک کاریکاتێر و دەربڕینی تەنزئامێز لە میدیای پارتییەوە وەک گاڵتەجاڕییەک بەرانبەر بە پرۆژەی دەرهێنانی نەوت بڵاو دەکرانەوە، کە ئەوە بە تەواوەتی یەکێتی نیگەران دەکرد و لە رێگەی میدیای خۆیەوە بەشێوەی جیاجیا وەڵامی دەدانەوە. یەکێک لە بەربڵاوترین تەوسەکانی پارتی کە بە فرەوانی لەناو خەڵک بڵاو دەکرایەوە، ئەو دروشمە تەوسئامێزە بوو کە دەیگوت، “کەرناڵ… فیدراڵ و بەرمیلی بەتاڵ”. ئەو تەوسە بیرکردنەوەی یەکێتی بۆ فیدراڵیەت و پرۆژە چارەنووسسازەکەی کە دەرهێنانی نەوت بوو، دەخستە ژێر پرسیارەوە. رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە ئایاری ١٩٩٦دا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ میدیای پارتی، کاریکاتێرێکی بڵاو کردەوە کە ژمارەیەک گوێدرێژ بەرمیلی نەوت دەگوازنەوە و لە ژێر وێنە کاریکاتێرییەکەشدا نووسیویەتی: “سەدای کاروانی بەرمیل دێ/دەڵێن قافڵەی فیدراڵ ڕۆیی) (٣٥).

بەکارهێنانی دۆسیەی دەرهێنانی نەوت لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، هەر لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بەڕادەیەک گەیشت کە لە هەردوو بەرەوە نوکتەی جیاجیا لەسەر سەرکەوتن یان شکستی پرۆژەکە دروست دەکران و لەناو جەماوەردا زاروزاریان دەکرد. ئەو نوکتانەی لە لایەنی پارتییەوە بڵاو دەکرانەوە بۆ لێدانی پرۆژەکە و شانازی بەخۆکردنەکانی یەکێتی بوون لەوڕووەوە. بەربڵاوترین نوکتە و تەوس ئەو گوتەیە بوو کە بەناوی سەرکردەیەکی باڵا و ناوداری پارتییەوە دەیگوت؛ “نەوت لە دواوەی من بێتە دەرەوە لە شیواشۆک نایەتە دەرەوە!”. کاتێکیش نەوت دەرهات، لە لایەن یەکێتییەوە نوکتەیەکی دیکە بەرانبەر بە تەوسە جەرگبڕەکەی پارتی لە زاری جەلال تاڵەبانییەوە بەناو جەماوەردا بڵاوکرایەوە؛ جەلال تاڵەبانی لە یەکێک دەپرسێت؛ داخۆ خەڵک چۆن قسە لەسەر دەرهێنانی نەوت و پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی دەکەن؟ ئەو دەڵێ؛ خەڵک زۆرباش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و هەست بە سەرکەوتن دەکەن کە خۆمان نەوت بەرهەم دەهێنین، بەڵام گلەییان لەوە هەیە کە نەوتەکە بۆنی ناخۆشە و کاتێکیش لە سۆپا دەکرێت زۆرجار کڵپە دەکات. تاڵەبانی وەڵام دەداتەوە؛ ئەوە ئاساییە، نەوتێک لە دواوەی فڵانی بێتەوە دەرەوە، هەم بۆنی ناخۆشە و هەمیش کڵپە دەکات!”.

رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە ساڵانی ١٩٩٥-١٩٩٦دا چەندان ڕاپۆرت و بەدواداچوون و وتاری تایبەت بە پرۆژەی دەرهێنانی نەوتی بڵاو کردەوە و لەوڕووەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ دوو ئاراستەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا هەیە، یەکەمیان کە یەکێتی ڕێبەرایەتی دەکات، لە ڕێگەی پێڕۆیی کردن لە سیاسەتی (پشتبەخۆبەستن)ەوە دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق دەرباز بکات. ئاراستەی دووەمیان کە پارتی ڕێبەرایەتی دەکات، سیاسەتی ملکەچێتی و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستانە لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق دا(٣٦). یەکێتی پرۆژەی دەرهێنانی نەوتی لەسەر ئاراستەی سیاسەتی پشتبەخۆبەستن و سەربەخۆیی ئابووری لێکدەدایەوە، وەک جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکە لە بروسکەنامەیەکی کراوەدا بەبۆنەی دەرهێنانی نەوتەوە، ئەو ئومێد و چاوەڕوانییە دەخاتە ڕوو کە دەرهێنانی نەوت سەربەخۆیی بڕیار و ئابووری کوردستانی لێبکەوێتەوە و دەرهێنانی نەوتی بە سەروەرییەکی گەورەی نیشتمانی لە قەڵەم دەدا(٣٧).

جێگۆڕکێی پارتی و یەکێتی

ئەگەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق ٢٠٠٣، یەکێتی بانگەشەی مافی چارەخۆنووسین و سیاسەتی پشتبەخۆبەستن، دەربازبوون لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراقی دەکرد، لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، ئەو حزبە گوتار و سیاسەتی خۆی لە کوردستانییەوە بۆ عێراقی گۆڕی. جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکە، لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری عێراق دانیشت و لێرەوە ئیتر گوتاری کوردستانییانەی یەکێتی کاڵ بووەوە، لەکاتێکدا کە بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خودی تاڵەبانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا، پێویستی بەوە دەرکرد حزبەکە بوونی عێراقییانەی خۆی بەرجەستە بکاتەوە.

لە بەرانبەردا، پارتی پشتی لە گوتاری عێراقییانەی خۆی کرد و لەڕێگەی میدیاکانییەوە دەستی بە نمایشی گوتاری کورد و کوردستانی کرد. ئەوەش بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی حزبەکە و خودی بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا. ڕاستییەکەی لە پاش ٢٠٠٣ەوە، جێگۆڕکێیەکی تەواو لە نێوان پارتی و یەکێتی لە گوتار و پێگەی کوردستانیبوون و عێراقیبووندا ڕوویدا، یەكێتی بوو بە پارتی و پارتی بوو بە یەکێتی. یەکێتی گوتاری نەوت و سەربەخۆیی بۆ پارتی جێهێشت و پارتی گوتار و سیاسەتی بەرەو بەغدای پێشکەش بە یەکێتی کرد.

لە ڕێککەوتنی هەڵوەشاندنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا، جێگۆڕکێی پارتی و یەکێتی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت دیاریکرا، لەو ڕێککەوتنەدا، بڕیار لەسەر ئەوە درا کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دادەمەزرێت و لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبردرێت، لەکاتێکدا تا ئەوکات یەکێتی ئیدارەی دۆسیەی نەوتی دەکرد و جیا لە دەرهێنانی نەوت لە بیرەکانی ڕۆژئاوای کۆیە، لانیکەم چوار گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی نەوتی (تەقتەق، شاکەل، پولخانە و کوردەمیر) ئیمزا کرد بوو.

لە ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٦ەوە کە پارتی دۆسیەی نەوتی لە دەست گرت و مەسعوود بارزانی بە کورسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شاد بوو، ئیتر گوتاری نەوت و سەربەخۆیی، سیاسەتی پشتبەخۆبەستن و ئابووری سەربەخۆ، بووە گوتاری بەردەوامی پارتی، هەمان ئەو قەوانەی لانیکەم ١٥ ساڵ لەلایەن یەکێتییەوە لێدەدرا.

گوتار و هەڵوێستەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣ بۆ هەمووان ڕوون و هێشتا لە یادنەچوونەتەوە، پارتی لەڕێگەی دەرهێنانی نەوتەوە قەوانە سوواسەکەی یەکێتی پاتە دەکاتەوە؛ سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی و لە بەرانبەردا یەکێتی پێداگیری و خاوەندارێتی لە هەمان گوتار و هەڵوێستی پێشووی پارتی دەکات، گوتاری ئابووری سەربەخۆ و پشتکردنە بەغدا بە موزایەدەی سیاسی و گوتاری بەتاڵ لە قەڵەم دەدات. پارتی و بارزانی ڕێبەرایەتی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکەن و یەکێتی ڕێگە بۆ سوپای عێراق خۆش دەکات لە گرتنی کەرکووکدا. لەلایەن پارتییەوە، یەکێتی بە پاشکۆ و ملکەچی بەغدا لە قەڵەم دەدرێت و لەلایەن یەکێتییەوە وەها وێنا دەکرێت کە پارتی و بارزانی سواری شەپۆڵی خەیاڵپڵاوی و بەدوای کڵاوی بابردووی خۆیان کەوتوون.

لە گوتاری ئەو ڕۆژانەی پارتیدا؛ هەرێم دەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و لە گوتاری یەکێتیدا؛ هەرێم ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و ناچارە بۆ بەغدا بگەڕێتەوە. هەردوو گوتارەکە بەدرێژایی نزیکەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، بە جێگۆڕکێی پارتی و یەکێتییەوە وەبەرهێنانی سیاسییان تێدا کراوە. هیچ کام لە پارتی و یەکێتی، لە پشت گوتاری کوردستانی و عێراقیبوونیانەوە، بەرنامە و پرۆژەیەکیان نەبووە و وەک پرەنسپێکی جێگیریش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکردووە، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی حزبی، بنەماڵەیی و کەسییان ڕۆژێک عێراقی و ڕۆژێک کوردستانی بوون. هەر حزبێک سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵاتی کوردستانی کۆنترۆڵ کردبێت، خاوەندارێتی لە گوتارێکی کوردستانییانە کردووە و سەرنجی خەڵکی پێڕاکێشاوە، بە پێچەوانەوە حزبەکەی دیکە، ڕوو لە بەغدا ملی ناوە. ئەو یارییە ٣٠ ساڵەیە تا ئێستا درێژەی هەیە و کۆتاییەکەی دیار نییە.

سەرچاوەکان:

١-ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٧٤٠ی ڕێککەوتی ١٠ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٣.

٢- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٧٤٠ی ڕێککەوتی ١٠ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٣.

٣- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٧٢٢ی ڕێککەوتی ١٩ی ئابی ١٩٩٣.

٤- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٦٣٨ی ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ١٩٩٣.

٥- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٤٦٨ی ڕێککەوتی ٢٠ی ئابی ساڵی ١٩٩٣.

٦- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٦٦ی ساڵی یەکەم، ڕێککەوتی ١٤ی نیسانی ١٩٩٢.

٧- رۆژنامەی خەبات، ژمارە ٦٥١ی ڕێککەوتی ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٢.

٨- ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە ٦١٩ی ناوەڕاستی نیسانی ١٩٩٢.

٩- ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە ٦١٩ی ناوەڕاستی نیسانی ١٩٩٢.

١٠- رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٩٣ی ڕێککەوتی ١٥ی ئایاری ١٩٩٢.

١١- رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٥ی ڕێککەوتی ٦ی ئایاری ١٩٩٢.

١٢- هەفتەنامەی گوڵان، ژمارە ٧٧ی ڕێککەوتی ٢١ی ئابی ١٩٩٦.

١٣- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٦٢٥ی ڕێککەوتی ٢٠ی نیسانی ١٩٩٣.

١٤- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٦٣٨ی ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ١٩٩٣.

١٥- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٦٢٥ی ڕێککەوتی ٢٠ی نیسانی ساڵی ١٩٩٣.

١٦- هەفتەنامەی گوڵان، ژمارە ٦١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦.

١٧- رۆژنامەی خەبات، ژمارە ٦٢٧ی ڕێککەوتی ٩ی ئەیلوولی ١٩٩٢.

١٨- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٦٢٨ی ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ١٩٩٣.

١٩- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، بەرگی یازدەیەم، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٢٧٢.

٢٠- یەکەم هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، مەسعودی مەلا هەمزە، چاپخانەی هێڤی، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠١٧، لا؛ ٩٨.

٢١- دەقی بەرنامەی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کورداستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕوانە؛ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٨١ی ساڵی یەکەم، ڕێککەوتی ١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢.

٢٢- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٩ی ساڵی یەکەم، ڕێککەوتی ١١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢.

٢٣- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ١٤ی ساڵی یەکەم، ڕێککەوتی ١٠ی شوباتی ساڵی ١٩٩٢.

٢٤- ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ١٩ی ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٤.

٢٥- رۆژنامەی خەبات، ژمارە ٢٦ی ئابی ١٩٩٢.

٢٦- یەکەم هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، لا؛ ١٩١.

٢٧- رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٣١١ی ڕێککەوتی ٨ی ئابی ١٩٩٣.

٢٨- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٣٣١ی رێککەوتی ٣ی ئازاری ساڵی ١٩٩٣.

٢٩- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٣٣١ی رێککەوتی ٣ی ئازاری ساڵی ١٩٩٣.

٣٠- کێشەی یەکێتی و پارتی، نەوشیروان مستەفا، ١٩٩٥، لا؛ ١١٨.

٣١- کێشەی پارتی و یەکێتی، سەرچاوەی پێشوو، لا؛ ٦١-٦٢. یان ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٧١٣ی ڕێککەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤.

٣٢- کۆسرەت رەسووڵ و شەڕی ناوخۆیی، مەسعوود مەلا هەمزە. هەولێر، لا؛ ١٤٣-١٤٤.

٣٣- یەکەم هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت، سەرچاوەی پێشوو، لا؛ ٧٢.

٣٤- پەیامێک بەبۆنەی دەرهێنانی نەوتەوە بەناوی فەرمانبەران و کرێکارانی نەوتی شیواشۆک لە ١٧ی ئایاری ١٩٩٥.

٣٥- رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (١٢٨٨)ی رێککەوتی ٢٠ی ئایاری ١٩٩٦.

٣٦- رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (١٢٨٨)ی رێککەوتی ٢٠ی ئایاری ١٩٩٦.

٣٧- دەقی بروسکەی پیرۆزبایی جەلال تاڵەبانی بۆ کۆسرەت رەسووڵ بەبۆنەی دەرهێنانی نەوت لە ١٧ی ئایاری ١٩٩٦دا.

 

 

بەشکردن: