بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەترسێت؟
روەیدە مستەفا
حكومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییە سەرەكییەكان هەمووشتێکیان قۆرخکردووە و تەنانەت توانیویانە كۆنترۆڵی رۆژنامەنووس و چالاكوانەكانیش بکەن. ئەو حیزبانە چەندان ملیۆن دۆلاریان لە دامەزراوە میدیاییە بچووك و گەورەكاندا خەرجكردووە لە پێناو ئەوەی دەنگیان بڵند بێت و بگات بە زۆرترین شوێن. هەر كاتێكیش نەیانتوانی بێت چالاكوانان كۆنترۆڵ بكەن، ئەوا زۆریان بۆ دێنن و هەڕەشەیان لێدەکەن.
سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، ئەو حیزبانە هێشتا نەیانتوانیوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو بابەتانەی بڵاودەبنەوە، كۆنترۆڵ بكەن. لەراستییدا، سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راستەوخۆدا وەك نوكتەیەك گوتی ئەگەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەمێنن، ئەوا كێشەكانی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵیدا نامێنن و کۆتاییان دێت.
بۆچی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرنگن؟
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمان رۆڵی مەیدانی شەڕ دەگێڕن، کە تێیدا هەموو کەس گرنگیی خۆی هەیە. هەمووان خاوەنی دەنگی خۆیانن. كاتێك ئەوانەی هەمان بیروبۆچونیان هەیە دەچنە نێو گرووپەكانەوە، ئەوا دەنگیان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت. توێژینەوەکان نیشانیان داوە كە چۆن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یارمەتیدەرن لە رەخساندنی هەل و ژینگەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان، هەر بۆیە لەتەواوی جیهاندا حكومەتەكان بەردەوام ترسیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە. هەر لەم هەفتەیەدا، لە بەریتانیا خۆپیشاندانی نارەزایی قوتابیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەكاندا حكومەتی ئەو وڵاتەی ناچار بە پاشگەزبوونەوە کرد لە سیستمی نمرەدانانی قوتابخانەکاندا.
توێژینەوەکان نیشانیان داوە كە چۆن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یارمەتیدەرن لە رەخساندنی هەل و ژینگەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان، هەر بۆیە لەتەواوی جیهاندا حكومەتەكان بەردەوام ترسیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە
لە جیهاندا پلاتفۆرمە تۆڕە كۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و چالاكەكان، ئاستی دەرگیربوون (engagement) و تێكەڵاویی مەدەنییان بەرزکردووەتەوە. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتوانن نارەزایەتیی جیهانی دروستبكەن. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستکەری بزوتنەوەی بێ-ڕابەرەکانن. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەهێزن چونكە دەتوانێت سەرنجی خەڵك بۆ كێشە و بابەتە هاوبەشەكان رابكێشن. كاتێ گەنجانی كورد تویتەر، فەیسبووك یان ئینستاگرام بەکاردەهێنن، ئەوا لە توانایاندایە داهاتووی هەرێمی کوردستان دیاریی بکەن، بە مەرجێک لەدەوری یەک کۆببنەوە.
بۆچی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان مەترسیدارن؟
هەموو كەسێك باس لە پەیجی ساختە و گاڵتەپێكردنی ئۆنلاین دەكات، بەڵام كەمن ئەوانەی تێدەگەن زانیاریی هەڵە چۆن دروست دەکرێت. ئەگەر پێنج ساڵ لەمەوبەر لەرێگەی دروستكردنی ئەكاونتی ساختەوە زانیاری هەڵە بڵاوكرابێتەوە، لە ئەمرۆدا خەڵكی ئاسایی ئەو كارە دەکەن و وادیارە لەم بوارەشدا زۆر زیرەك و لێهاتوون، بەڵام لەراستییدا هەوڵ و كاری بەردەوامی ئەمانە بۆ برەودانە بە پارتە فەرمانەڕەواکان. بە رواڵەت، ئەو كەسانە هەڵگری هەمان بیروبۆچوونەکانی ئێمەن، بەڵام لەودیو دەرگاكانەوە پاڵنەری دیکەیان هەیە.
دەرگیربوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چییە؟
دەتوانی تەنها بە 50 دۆلار هەزاران فۆلۆوەر و لایک بکڕیت. دەتوانی لەڕێی هەندێک خزمەتگوزارییەوە بە مانگانەی تەنها 100 دۆلار پۆستەکانت سەدان جار ریتویت و لایک و کۆمێنتی بۆ بکرێت. بەو پێیەش ئەکاونتەکان زۆر چالاک و زرنگ دەردەکەون. بەڵام وێنەی سەر ئەو ئەکاونتانە هەمووی دروستكراون، بەو مانایەی وا دەردەکەوێت کە ئەو وێنانە هی كەسی راستەقینەی خاوەن ئەكاونتەكە بێت، بەڵام لەراستییدا ئەمانە لەلایەن تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (artificial intelligence) دروستكراون. ئەمە بەشێوەیەك دروستكراوە گەر بتەوێ بەدوای وێنەی سەر ئەو ئەكاونتە بگەڕێی، ئەوا دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ هاوشێوەیەکی وێنەکە نادۆزیتەوە.
لێرەدا كێشەكە ئەوە نییە ئاخۆ ئەو پۆستەی دەیكەیت یەك جار یان هەزار جار شەیر دەکرێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە و جێگەی بایەخە ئەوەیە ئاخۆ دەتوانی لەرێگەی گرووپەکانی فەیسبووك و وەتس ئەپ کۆببیتەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا دەرگیرببیت. لەم رێگەیەوە دەكرێت چاكسازی لەنێو كۆمەڵگەدا بکرێت و هێزی پاڵنەری گەورە بنیات بنرێت.
لێرەدا كێشەكە ئەوە نییە ئاخۆ ئەو پۆستەی دەیكەیت یەك جار یان هەزار جار شەیر دەکرێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە و جێگەی بایەخە ئەوەیە ئاخۆ دەتوانی لەرێگەی گرووپەکانی فەیسبووك و وەتس ئەپ کۆببیتەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا دەرگیرببیت
دەرگیربوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەم درککردنە بە چالاکوانیی مانادار درووست دەکات، بەڵام ئەمە ڕووکەشە. ئەگەر خەڵکی كوردستان بەراستی دەیەوێت چاكسازی لە كۆمەڵگەكەیدا بکات، ئەوا پێویستە فێری ئەوەبن کە تەماشای ئەودیو ئەو ژاوەژاوە بەرزە بکەن کە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە و پێکەوە کاربکەن لەپێناو هەرێمێكی پێشكەوتوودا.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە چۆنیەتی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەندان هەڵەم كردووە. لەوەدا هەڵەم کردووە کە ناسیۆنالیزم و نیشتیمانپەروەرییم تێكەڵ کردووە. بڕوانە، ناسیۆنالیزم نەخۆشییەكە وا لە خەڵك دەكات چاوی راستییەكە نەبینێت. ئەگەر خەڵك كوردستانیان خۆشدەوێت و دەیانەوێ هەرێمەکەیان بەرەوپێش بچێت، ئەوا پێویستە بەدوای چارەسەرێك بگەڕێن بۆ ئەو كێشە و ئاریشانەی رووبەرووی كۆمەڵگەكەیان دەبێتەوە، هاوكات پلانێكی جێگرەوەشیان بۆی هەبێت.