کوردستان تایمز گەندەڵییەکی دیکەی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات

تایبەت بە کوردستان تایمز

بەپێی دو دۆکیومێنتی تایبەت کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیی ئیمزای کردون، بارزانی دژ بە قانونە کارپێکراوەکان و بنەماکانی حوکمڕانیی چاک و پڕۆژەی چاکسازیی، لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای ئاسکۆ ئینتەرناشناڵی نزیک لە خۆی “بەدەر” لە قانونەکان بڕیاری دەرکردون و ئیستیسنای بۆ ئەو کۆمپانیایەی نزیک لە خۆیەوە کردوە لە دەرەوەی بڕیارەکانی کابینەی پێشو و ئێستا.
بڕیارەکان پەیوەستن بە ئەنجومەنی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنەکە پێکهاتوە لە سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری بازرگانی، وەزیری شارەوانی، وەزیری دارایی، بەڵام سەرۆکی حکومەت نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەنەکە و تاکلایەنە بڕیارەکانی دەرکردون. بارزانی نە لەگەڵ هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە گفتوگۆی ئەو بڕیارانەی نەکردوە، نە لەڕێی کۆبونەوەیەکی رەسمییشەوە ئەو بڕیارانەی دەرکردون، بەڵکو ویستی خۆی بوە و سەپاندویەتی.

١٩ی تەموزی ٢٠٢٠ بارزانی بڕیارێکی دەرکردوە کە تێیدا دەڵێت: “سەبارەت بە پڕۆژەی ئاسکۆ کە بریتییە لە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی و بازرگانیی کە سێ باڵەخانەی ٧٠ نهۆمیی و هۆتێلێکێ پێنج ئەستێرە و چەند باڵەخانەیەکی بازرگانیی لەگەڵ بەشی خزمەتگوزاریی لەسەر پارچە زوی ٣/١ک ٨٥ کلکین و٦،٧٠/٦٣ک٩٠ پیرزین بە روبەری ١٠٥٨٤٧م٢ کە خاوەنی مۆڵەتی ژمارە ١٣٧ هەولێر لە ١٧ی ١٦ی ٢٠١٤ بەپێی فەرمانی دەستە ژمارە ٤٢٦٩ لە ٣ی ١١ی ٢٠١٥ پێکهاتە و سێکتەری نیشتەجێبون زیادکرا.
بڕیاردرا:
١- بە زیادکردنی سێکتەری نیشتەجێبون بۆ پڕۆژەی بارزگانیی و گەشتیاریی ئاسکۆ ئینتەرناشناڵ وەبەرهێنەر کۆمپانیای ئاسکۆ خاوەنی مۆڵەتی ژمارە ١٣٧ لە ١٧ی حوزیەرانی ٢٠١٤.
دوەم: ئەو مۆڵەتە دەدرێت بەدەر لە هەرسێ بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە ١٠٩ لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٢ و ژمارە ١٥٤ لە ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ و ژمارە ١٩٩ لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤.
سێیەم: لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بڕیارە لە رۆژی دەرچونیەوە جێبەجێبکەن.

بەپێی بەدواداچونەکانی کوردستان تایمز، ئەو بڕیارەی بارزانی دژی سێ بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە و دەرکردنیان لە بەرژەوەندیی ئەو کۆمپانیایە تەنها بە هۆی نزیکایەتیی ئەو کۆمپانیایەیە لە بارزانیی خۆیەوە. لە ئێستادا پڕۆژەکانی نیشتەجێبون لە هەرێمی کوردستان وەستاون و مۆڵەت نادرێتە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ، هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی ناتوانرێت بگۆڕدرێت، بەڵام بارزانی دەستەڵاتەکانی خۆی بەناقانونیی بەکارهێناوە بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە خۆی. بەپێی ئەو بڕیارانەی کابینەکانی پێشوتر و کابینەی نوێ دەریکردون پڕۆژەکانی نیشتەجێبون وەستاون بە هۆی چەندین کێشە تێیاندا، بەڵام بارزانی ئیستیسنای بۆ ئەو کۆمپانیایە کردوە کە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵیان یەکانگیرن.
ئەگەر پاساوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک لە رونکردنەوەی پێشوتریان بۆ یەکێک لە بەدوداچونەکانی کوردستان تایمز لەبارەی گەندەڵییەکانی دامەزراندن لەلایەن بارزانییەوە رایانگەیاندوە، ئەوە بێت کە سەرۆکی حکومەت دەتوانێت دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربێنێت، ئەوا کێشەیەکی قوڵتری حوکمڕانیی چاک و تەندروست لە کوردستان هەیە کە ویستی سەرۆک وەزیران لە قانونەکان بەهێزترە، بەتایبەت کاتێک کە قانونەکان خۆیان پڕ کێشەن. ئەگەر بارزانی ویستی چاکسازیی هەیە، دەبێت چاکسازیی تەنانەت لە قانونەکانیش بکا، نەک قانونەکان و بڕیارەکان لە بەرژەوەندەیی کۆمپانیاکانی نزیک خۆی بەکاربێنێت.
هەر بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکە کە ژمارە ٥٧٥ رۆژی ١٩ی تەموزی ٢٠٢٠ لەسەرە، بارزانی ئیمزای لەسەر بڕیارێک کردوە کە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی زاخۆ و سۆران دەبەستێتەوە بە دەستەی وەبەرهێنان، واتا دو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەکاتەوە کە لە ئێستادا جگە لە زیادکردنی قوڕسایی لەسەر بودجەی گشتیی پێوێستییەکی بەپەلە نین، هەروەها ئەو بڕیارە دژ بە قانونە چونکە تەنها پارێزگاکان و هەردو ئیدارەی گەرمیان و رانیە دەتوانن بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان هەبێت نەک قەزاکان چونکە بەپێی قانون تەنها گەرمیان ئیدارەی سەربەخۆیە و بەپێی بڕیاریش تەنها راپەڕین ئیدارەی سەربەخۆیە. سۆران و زاخو دەمێکە دەبوایە بکرابونایە ئیدارە بۆ شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکان، بەڵام بارزانی لە کاتێکدا ئەو دو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە دەکاتەوە کە هیچ پێویست نین بۆ ئەو دو قەزایە لە ئێستادا و پڕۆژەی دیکەی جدیی هەن کە پێویستە جێبەجێبکرێن، بەڵام ئەو دو پڕۆژانە بۆ جێبەجێکردنی ویستی بارزانیی خۆیی و فراوانکردنی نفوزی خۆیەتی. کاتێکیش بارزانی عەلی تەتەر، کەسی نزیکی خۆی لە پارتیی، کردە پارێزگاری دهۆک، ویستی هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو بدات بۆ ئەوەی بتوانێت دڵی خەڵکی پارێزگاکە بباتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، بارزانی بە گوژمەی ٥٠ ملیۆن دۆلاریش پڕۆژەی بۆ ئەو پارێزگایە تەرخانکردوە لە دەرەوەی بڕیارەکان تەنها بۆ ئەوەی کەسە نزیکەکەی خۆی لە دهۆکدا جێبکاتەوە کە پێشتر کەسێکی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی پارێزگاری ئەو پارێزگایە بوە.
کردنەوەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی بێ پلان و ستراتیژ دژ بە تەرشیقی ئیداریی دەبێت، هاوکار دەبێت بۆ بەهەدەردانی بودجەی گشتیی و قوڕسکردنی خەرجیی گشتیی کە لە ئێستادا حکومەت دەیەوێت خەرجییەکان کەمبکاتەوە.

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە کە سیاسەتی سککوشین و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و جێبەجێکردنی قانونی چاکسازیی جێبەجێبکا، کابینەکەی بارزانیی زیاتر هەوڵی فراوانکردنی بزنسی بارزانیی دەدات و حکومەت بەکاردەهێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە ناو حیزبەکەی و هەرێمی کوردستاندا.
بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت چاکسازیی بکا، دەبێت قانون و بڕیارەکانی پێشو پێداچونەوەیان بکرێت بخرێنە خزمەت سیاسەتی گشتیی و چاکسازیی، نەک سەرۆک وەزیران قانون و بڕیارەکانی خۆیی و هی پێش خۆییشی پێشێل بکا.

بەشکردن: