بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان بەرهەمدار بن

ئاراس مەسیفی

خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی زاخۆ و رانیە و چەمچەماڵ و کەلار و سلێمانی و دەربەندیخان و هەڵەبجە درێژکراوەی بەردەوامیی نارەزایەتیەکانی وڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و لە داهاتوشدا ئەگەری زۆربون و توندوتیژبونیان زۆر زیاترە لە کۆتایی هاتن و دامرکاندنەوەیان، چونکە حکومەت نە لەرابردو، نە لە ئێستا، نە لە داهاتو هیچ وەڵامێکی ژیرانەی بۆ داوکارای خۆیشاندەران نەبوە و نابێت، جگە لە گرتن و تێهەڵدان و بریندارکردن و کۆشتنی خۆپێشاندەران، کە ئەمەش وادەکات هەم بازنەی نارەزایەتیەکان فراوانتر بێت، هەمیش هەڵسوکەوتەکانیان توندوتیژتر بێت. لەلایەکی ترەوە دەنگۆی دروستکردنی حزب و هێزی تازە دوبارە هاتۆتە ناو باسەکان. لە راستیدا دۆخی ئێستا بە تەواوی گەیشتۆتە بنبەستی سیاسی، نە بەو شێوازە خۆپێشاندانانەی ئێستا، نە بەدروستکردنی هێز و حزبی تازە چارەسەر دەبێت، چونکە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان نە هىچ بنەمایەکی فیکری هەیە، نە هیچ فەلسەفەیەکی بەرێوبەردنی هەیە، نە شەرعیەتی زۆرینەی جەماوەری هەیە، بەڵکو تەنها و تەنها  بە هۆی هێزی پارە و چەکدار و میدیا و پشتگیری دەوڵەتانی دەرەوە خۆی گرتوە. ئەمەش وادەکات کە هێزە دەسەڵات بەدەسەتەکان نە هىچ منەتێکیان بە خۆپیشاندەران هەبێت، نە هیچ حسابێکیش بۆ  هیچ بزوتنەوەیەک یان حزبێکی تازە دروستبو بکەن. پێکهاتەی ئەو سیستەمە وایە، کە نە بە خۆپیشاندانی پچڕ پچڕی ئێرە و ئەوێ چاک دەبێت، نە هیچ هێزێکی تازە دروست بو دەتوانێت چاکسازی تێدا بکات. تا ئێستا هەرچی خۆپیشاندان و گردبونەوە هەیە، سەرکوت و کپ کراون، هەرچی حزب و هێزی تازە دروست بو هەیە، قوت دراوە، بە شەریک کراوە، پەراوێزخراوە یان وەلانراوە، جا لە رێگەی پارە و دەسەڵات بێت، یان هێزی چەک، بەڵام هێزی چەک و هێزی پارەش سنوردارن و ناتوانن تاسەر وڵامە دروستەکە بن. توندوتیژیەکان بەڵگەی ئەوەن، کە ئەم جۆرە سیاسەتە وەکو زۆربەی سیاسەتەکانی رابردوی حکومەت شکستی هێناوە.

دۆخی ئێستا بە تەواوی گەیشتۆتە بنبەستی سیاسی، نە بەو شێوازە خۆپێشاندانانەی ئێستا، نە بەدروستکردنی هێز و حزبی تازە چارەسەر دەبێت، چونکە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان نە هىچ بنەمایەکی فیکری هەیە، نە هیچ فەلسەفەیەکی بەرێوبەردنی هەیە، نە شەرعیەتی زۆرینەی جەماوەری هەیە، بەڵکو تەنها و تەنها  بە هۆی هێزی پارە و چەکدار و میدیا و پشتگیری دەوڵەتانی دەرەوە خۆی گرتوە

ئەم دەسەڵاتە تەنها بە دو رێگا ناچاری گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکرێت. رێگەی یەکەم دروستبونی هێزێکە، کە  وەکو ئەوان پشت بە توندوتیژی ببەستێت، هیچ سلکردنەوەیەکی لە خوێن رشتن و مرۆڤ کۆشتن نەبێت و لەوان هەرزانتر خزمەتی حکومەت و وڵاتەکانی ناوچەکە بکات. هەر هێزێکیش بەو شێوەیە بێت، لە کۆتاییدا زیانەکانی بۆ وڵاتیان زۆر زیاتر دەبێت لە سودەکان. لەوانەیە بتوانێت ئەم دەسەڵاتە بروخێنێت، بەڵام زەحمەتە بتوانێت شتێکی باشتر لەوان بنیاد بنێتەوە.

کەواتە تەنها رێگە بۆ دەرچون لەم دۆخەی ئێستا رێگەی دوەمە، کە ئەویش بە چەند قۆناغێک دەکرێت. قۆناغی یەکەم دروستکردنی بەرەیەکی فراوانە لەلایەن هەمو ئەو کەس و لایەن و هێزانەی، کە خواست و ویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی و راستەقینەیان هەیە. هەر گۆڕانکاریەک بنەڕەتی نەبێت، کۆی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی ئێستا دەستکاری نەکات، ناچێتە خانەی گۆڕانکاری، بەڵکو لە کۆتاییدا دەبێتە جوانکاری بۆ ئەم سیستەمە و بەسودی هێزەکانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی بتوانرێت گۆرانکاری بنەڕەتی دروست بکرێت، پێویستە لە قۆناغی یەکەم هەمو ناکۆکیە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کەسیەکانیان وەڵاوە بنرێن و داواکاریەکان تەنها لە چەند خالێکی سادە بەڵام جەوهەری کورتبکرێنەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بانگەوازی زنجیرە خۆپیشاندانێکی رێكخراو و ئاشتیخوازانەی سەرتاسەری بکرێت، کە چەقەکەی بخرێتە شاری هەولێر.

دوای ئەوە پێداگیری لە دەست لەکارکێشانەوەی دەستبەجێ حکومەتی ئێستا و سازدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت، بەو مەرجەی کۆمیسیۆنی ئێستای هەلبژاردن هەلبوەشێندرێتەوە  و سەرلەنوێ لە رێگەی پێشکەشکردنی CV هەم بۆ پۆستە باڵاکان، هەمیش بۆ کارمەندی ئاسایی دروستبکرێتەوە. ئەوکات هەمو کەس و لایەنێک دەتوانن هێز و حزبی تازە دروست بکەن، هاوپەیمانی دروست بکەن و لە رێگەی خەباتی پەرلەمانی کار بۆ دەنگدەرانیان بکەن و هەنگا بە هەنگا پرۆسەی چاکسازی راستەقینە بخەنە سەر رێرەوەی خۆی.

هۆشیاری تەواوی ئەوەم هەیە، کە ئەو هەنگاوانەی لێرە باسکراون لە ئێستادا لە روی واقیعیەوە قورسن و کاری پێکەوەیی و پشودرێژی زۆری دەوێت، بەڵام لەو هەلومەرجەی ئێستادا تاکە دەرەچەیە، کە رێگە لە سوتانی تەڕ و وشک  بەیەکەوە دەگرێت، چونکە ئەم نەوەیەی ئێستا پێگەیشتوە، نەک تەنها لە دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکو لە ئۆپۆزیسۆن و سیاسەت و  هەڵسەوکەوتە کلاسیکیەکانیشی تەواو بێ ئۆمید بون و ئامادە نین یەک هەنگاویش بۆ دواوە بگەرێنەوە، بۆیە پیویستە هێز و لایەنە ئۆپۆزیسۆنەکان دو هەنگاو بۆ پێشەوە هەنگاو بێن بۆئەوەی ببنە جێگەی ئومیدی خۆپىشاندەران، چونکە حکومکڕانی هەرێم گەیشتۆتە بنبەستێک، کە نەدەتوانێت کۆمەڵگە بۆ پاشەوە بگەرێنێتەوە، نە توانا و ئیرادەی ئەوەشی هەیە، بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.

بەشکردن: