چەند رێنماییەک لە دانانی بزنسدا

نیاز نەجمەدین

رۆژئاواییەکان لە زۆر شتدا لە ئێمە جیاوازن. یەکێکیان ئەوەیە ئەوان وەك ئێمە بە لای ئازارەكانەوە شیوەن ناكەن و چۆك دانادەن، بەڵكو لە ئازار بزنس دروست دەکەن. بزنس هیچی تر نییە جگە لەوەی رێگايەكە بۆ چارەسەری کێشەیەکی خەڵک یان گروپێک لە خەڵک بە نرخێکی کەمتر لەوەی خۆیان پێیان چارەسەر دەکرێت (دروستکردنی قاپشۆر و جلشۆر بۆ ماڵان لە دوای وەڕسیی و بۆڵەبۆڵی ژنەوە هات).

ئەوە روونە كە ئازادی تاك رۆڵی هەیە لە دروستكردنی ئەم جیاوازییەدا و شیوەن و گریانیش تا سەر بەشی ئێمە نابێت. هەلومەرجی نوێ، لەوانە شکستی حکومەت لە دابینکردنی داهاتێکی سەقامگییر بۆ کارمەندان و موچەخۆرانی و بەرتەسکبونەوەی رێگای کۆچکردن، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و دایکان و باوکانیان بکەونە کەڵکەڵەی دامەزراندنی بزنس و نایانەوێت چیتر لە میحنەتی هەژارییدا بژین و بەلایەوە شیوەن بکەن، یان دەست لەم و لەو پان بکەنەوە. لە دانانی بزنسدا، چیی بکەن؟ لە کوێوە دەستپێبکەن؟ چۆن خۆیان لە زەرەری گەورە بپارێزن؟

سەرلەنوێ خوێندنەوەی حیکایەتی رەجەب

حیکایەتی رەجەب وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانمان دەداتەوە.

رەجەب (رەجۆ) کەسێکی تەممەڵە تا ئەو رادەیەی حەزی لە هەنجیر بێت، لە بن دارەکەیدا پاڵ ئەکەوێت و چاوەڕێیە بکەوێتە ناو دەمییەوە. رەجەب گێلیشە، زوو زوو قۆڵی دەبڕن. لە کاتێکدا ئەو باوەڕی بە تەواوی چواردەوری هەیە، کەچی باوەڕی بە خۆی نییە. ئەو رۆحی سەرکەشبوون تیایدا سەرکوت کراوە، وادەزانێت هەروا ژیاوە و تازە دەبێت هەرواش بژی.

بەو مەرجەی کۆڵنەدەیت و بەردەوام بیت، رێگاکان دەرفەتی دڵخۆشکەریشت بۆ دەکەنەوە. لە هەر ئانوساتێکدا بێت، رێت دەکەوێتە ئەو مرۆڤە بەخشندانەی بەبێ مەرامی پیس دەستت دەگرن، لێڵییەکان رۆشن دەکەنەوە و بەردەبازت بۆ دادەنێن

پیاوێکی کڵۆڵ و گێل و لاواز لە ناو میللەتی کوردا بژی چی لێ دەکەن؟ ئەگەری زۆر ئەوەیە ناووناتۆرەی دنیا بخەنە شوێنی، خۆ قابیلە دەستی ناگرن و بیخەنە سەر رێی خۆی؟ بەڵام هەمیشە دەستێکیش هەیە بە هانای تاکەوە بێت، یارمەتیی بدات کەسایەتیی خۆی دروست بکاتەوە و رزگاری بکات. ئەو بەختی دەبێت ژنێکی ژیر و دانا دەبێت بە هاوسەری، وادەکات رەجەب لە کەسایەتییە داگیرکراوەکەی ناخی رزگاری ببێت، باوەڕبون بە خۆی تیایدا زیندوو ببێتەوە و بە دوای زانین و زانیارییش بگەڕێت.

دنیا پڕە لە مرۆڤی نەخۆش و نەفرەتیی. رەجەب لە گەڕان بە دوای زانین و زانیارییدا لە هەندێک کات و شوێندا رێی دەکەوێتە ئەو جۆرە مرۆڤە نەفرەتییانەی شتێکی تر نازانن و ناتوانن جگە لەوەی پوچیی و دەستبەتاڵیی خۆیان بە مرۆڤە کەمبەخت و بەستەزمانەکان پڕ بکەنەوە. لە گەشتەکەیدا بەدوای زانین و زانیارییدا، چەندین جار رەجەبی بەستەزمان دەگریەنن و دڵشکاوی دەکەن وەک ئەوەی پارچە پەڕۆیەکی بێ گیان و بێ هەست بێت.

بەو مەرجەی کۆڵنەدەیت و بەردەوام بیت، رێگاکان دەرفەتی دڵخۆشکەریشت بۆ دەکەنەوە. لە هەر ئانوساتێکدا بێت، رێت دەکەوێتە ئەو مرۆڤە بەخشندانەی بەبێ مەرامی پیس دەستت دەگرن، لێڵییەکان رۆشن دەکەنەوە و بەردەبازت بۆ دادەنێن. هەر ئەم جۆرە مرۆڤە جوانانەن رەجەب دەکەن بە خاوەنی مەعریفەیەک تەنانەت پاشای وڵاتیش لە بەردەمیدا چۆک دادەدات.

چیرۆکەکەی رەجەب هەنگاوەکانی خۆدۆزینەوە و پاشان دانانی بزنسیشمان بۆ دەستنیشان دەکات.

هەنگاوەکان

هەنگاوی یەکەم ئەوەیە باوەڕت بە خۆت هەبێت کە تۆش دەتوانیت چارەنوسی خۆت بگۆڕیت. رەنگە نیوەی تەمەنت لە باوەڕبون بەوانی دیکەدا برد بێتەسەر، ناکرێت بۆ جارێکیش بێت باوەڕت بە خۆت هەبێت کە نەک دنیای خۆت بەڵکو هی ئێمەش بەرەو باشتر ئەگۆڕیت، دوو کەس دەخەیتە ئیشەوە، ژینگەیەکی باشتری کارکردنیان بۆ دروست دەکەیت… هتد؟

هەنگاوی دووەم کۆکردنەوەی زانیارییە. لێرە بەدواوە تەرکیزم لەسەر کۆکردنەوەی زانیاریی و هەندێک لایەنی تەکنیکیی دەبێت.

 

ئەگەر لەناو سەنتەری شارەکاندا دەژیت، بزانە ئەو کەسانەی دێنە شارەکەتەوە حەزیان دەکرد چی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک هەبوایە؟ ئەگەر لە شارۆچکەکان دەژیت، بزانە رێبواران و موسافران حەزیان دەکرد چیی لەسەر رێگاکەیان بوایە؟

کۆکردنەوەی زانیاریی

کۆکردنەوەی زانیاریی ئیشێکی ئاسان نییە لەبەر زۆر هۆکار. ئەگەر گەیشتیتە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاریی، ئەم رێنماییانە رەچاو بکە:

یەکەم، زانیارییەکی زۆر لەسەر ئەو بوارەی دەتەوێت بچیتە ناوی کۆبکەرەوە.

دووەم، هەموو زانیارییەکت ناوێت. زانیاریی هەڵە پلانی هەڵەت توش دەکات. هەوڵبە زانیاریی راست لە کەسی راست کۆبکەیتەوە و پشت بە یەک سەرچاوەی زانیاریی مەبەستە. رەجەب پشتی بە قۆڵبڕێک بەست و سەتڵێکی بە پارە پێ فرۆشت گوایە سەتەڵەکە دەتوانێت چیت بوێت لە بیردا بۆت دەربهێنێت.

سێیەم، زانیاریی دەبێت چێک بکرێتەوە (ئایا راستە یان هەڵە؟). فرەسەرچاوەیی لە زانیارییدا کاریگەریی ئەم گرفتە کەم دەکاتەوە.

چوارەم، ئەو بزنسەی لە خەیاڵتدایە بزانە خزمەت بە کێ دەکات، تیرێکە دەتەوێ چ گروپێک بپێکێت؟ بەمە دەڵێن گروپی نیشانەلێگیراو(targeted group). واتە نیشانەت لە چ گروپێک گرتۆتەوە؟ کە زانیت بۆ کێیە، بڕۆ زانیاریی لای ئەو گروپە کۆبکەرەوە.

پێنجەم، چ زانیارییەک لەسەر ئەو گروپە؟ ئاستی تەمەن و جێندەر وخوێندەوارییان دیاریی بکە. بزانە حەزوئارەزوییان چییە، چ تەمەنێکن، چ جێندەرێکن (نێر یان مێ)، منداڵن یان تازەپێگەیشتوو یان بەساڵاچوو؟، هتد. بپرسە زیاتر سەرسامن بە کام مارکەیە؟ خۆماڵیی یان بیانیی؟ ئەگەر بیانییە، چ وڵاتێک زیاتر و چ مارکەیەک؟ گلەیی و گازندەیان لە دەستی فرۆشیاری هاوشێوە چییە؟

شەشەم، بزانە کێ بڕیاریان بۆ دەدات؟ ئەگەر منداڵە، ئەوا دایک زیاتر لە باوکیش. تۆ بۆ ئەوەی بزانیت منداڵ چیی دەوێت، دەبێت بزانیت دایک چ خەمێکی منداڵەکەی هەیە (ئایا حەزی ئەکرد یانەیەکی تۆپی پێی منداڵان هەبوایە؟ یان یانەی وەرزشیی بە گشتیی؟ ئەگەر حەز ئەکات، ئامادەیە بە چ پارەیەک منداڵەکەی بێنرێتە دەورەیەک؟).

حەوتەم، بگەڕێ بزانە کێی تر ئەم ئیشەی تۆی کردووە و لە چ شوێنێک؟ رکابەرەکانت کێن؟ دەشێت خزمێکت لە شارۆچکەیەکی دیکە ئەم بزنسەی کردبێت. پرسیاری لێ بکە، گوێی لێ بگرە و لە ئەزمون و هەڵەکانییەوە فێرببە.

هەشتەم، ئەگەر لەناو سەنتەری شارەکاندا دەژیت، بزانە ئەو کەسانەی دێنە شارەکەتەوە حەزیان دەکرد چی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک هەبوایە؟ ئەگەر لە شارۆچکەکان دەژیت، بزانە رێبواران و موسافران حەزیان دەکرد چیی لەسەر رێگاکەیان بوایە؟ بۆ نموونە شیرەمەنیی (وەک ماست) خۆماڵیی؟ ئەگەر هەیە، بۆ نایکڕن؟ لە پاکوتەمیزیی دەترسن؟ ئايا تۆ ئەتوانیت ئەو کێشەیە چارە بکەیت و متمانەت پێ بکەن؟

نۆیەم، قۆناغی یەکەم تا دەگاتە فرۆشتنی بەرهەمەکەت چەند پارەی دەوێت (واتە تێچووی نەگۆڕ)؟ ئەی لە دەستپێکی بزنسەکەوە مانگانە چەند خەرج دەکەیت (واتە تێچووی گۆڕاو)؟ ئەو پارەیەت چۆن پێ پەیدا دەبێت؟ ئەی پێشبینیی دەکەیت چەندت دەستبکەوێت و بە چەند پارەکەت دەستدەکەوێتەوە و دەگەیتە قۆناغی قازانج؟ (لە دروستکردنی یانەی وەرزشییدا، دەشێت سەرەتا خولەکە رابگەیەنیت و بڕێک پارەش وەربگرێت).

دەیەم، ماددەی خام و کەرەستەی دیکە هەن یان نا و بە چەند دەست تۆ دەکەون (بۆ نمونە هێزی کار، یان قوماش، هتد)؟ لە نمونەی یانەی وەرزشییدا، ئایا مامۆستای بیانیی دەهێنیت یان ناوخۆ؟

یانزەهەم، ئەوەش گرنگە بزانیت کاڵا یان خزمەتگوزارییەکەی تۆ، پێداویستییە یان کەمالییە؟ ئەگەر کەمالییە (وەک گەشتوگوزار، یان ئیشی جوانکاریی)، ئەوا لە نرخی بەرز زەرەر دەکەیت مەگەر مارکەیەکی تایبەت بێت و بۆ گروپێکی تایبەت بێت.

کۆتا خاڵ، لە سەروو هەموویەوە، بەبێ رەزامەندیی کەلتوریی و شەرعیی و یاسایی مەچۆرە بزنسەکەتەوە.

کارکردن بە زانیاریی

زانیاریی چەند ئیشێکی گرنگمان بۆ دەکات، لەوانە:

یەکەم، ئەتوانیت بەم زانیارییانە شیکاری سوات بکەیت (SWOT analysis)، واتە خاڵی لاواز و بەهێز و دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەمت دەستنیشان بکەیت. لە نمونەکەی سەرەوەدا، رەنگە یانەی وەرزشیی لە شارۆچکەکەی ئێوە بۆ منداڵان هەر نەبێت، بەڵام لە شارۆچکەیەک یان ناو شار هەبێت و بڕۆ دوای بکەوە و زانیاریی لەسەر وەربگرە. رەنگە هەبێت بەڵام دایکان و باوکان متمانەیان بە مامۆستاکە (راهێنەرەکە) و ئیدارەکە نییە. بڕۆ شتێک بدۆزەرەوە ئەو متمانەیە چارەسەر بکات. رەنگە پارەیەکی زۆر داوا بکەن، تۆ لە گەڕانەکەتدا ئاڵتەرناتیڤێک بدۆزەرەوە بە نرخێکی کەمتر بتوانیت بۆیان دابین بکەیت تا بگونجێت لەگەڵ داهات و ژمارەی كڕیارەكانتدا. لە خاڵی لاوازی رکابەرەکانت خاڵی بەهێز بۆ خۆت دروست بکە.

دووەم، پیشانی دەدات ئایا کاڵاکەت (یان خزمەتگوزارییەکەت) بۆ ساغ دەکرێتەوە؟ واتە بەو نرخە کڕیارت دەبێت؟

ئەم هەنگاوانەی سەرەوە تەنها مەترسیی زەرەرکردن کەم دەکەنەوە و ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکەن. لە وڵاتێکدا مەترسیی زۆرە، تۆ دەبێت وردتر تێچوو و زەرەری خۆت هەڵسەنگێنیت. پلانی بزنسەکە لە ئەوەڵەوە (سەرەتاوە) بە هەڵە هات، راستکردنەوەی زەحمەت دەبێت.

خشتەدانان

نیگارکێش پارچەی وێنەیەک لە خەیاڵیدا دەسوڕێتەوە، بەڵام ماوەیەکی دەوێت تا وێنەکە کامڵ دەبێت. هەر رۆژە و پارچەیەکی بۆ زیاد دەکات یان لێی لادەبات. کارکردن لەسەر وێنەکە هێشتا لە مێشکیدا روودەدات، نە دەستی بردووە بۆ فڵچەکەی و نە بۆیاخ و کەرەستەکانی دیکەی کڕیوە. تا رۆژێک دێت و ئیدی دەست دەکات بە کێشانی وێنەکە. تەنانەت نوسینی جدييش ئەبێت ئەم قۆناغانە ببینێت بەر لەوەی شەیری بکەیت، دەنا وەک ئەوەیە کاڵەکێک بەر لە وادەی خۆی لێ بکەیتەوە.

بزنسیش وایە. سەرەتا ئایدیایەک دێتە مێشکتەوە. دەبێت کات و وزەی لەسەر خەرج بکەیت بەر لەوەی پارەی لەسەر خەرج بکەیت. خشتە بۆ ئەم قۆناغە دابنێ، بنوسە:

هەفتەی یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاریی لە بازاڕی نزیکی خۆم.

هەفتەی دووەم: کۆکردنەوەی زانیاریی لە بازاڕی دوورتر

هەفتەی سێیەم: پرسیارکردن دەربارەی لایەنی کەلتوریی و شەرعیی و یاسایی

هەفتەی چوارەم: داڕشتنی تەواوی ئایدیاکە، بڕیاردان و دەستکردن بە جێبەجێکردن.

دانانی خشتە هاوكارت دەبێت تا بزانیت لە كوێدایت، دواكەوتویت یان چیت ماوە بیكەیت؟

ماوە بڵێم،

ئەم هەنگاوانەی سەرەوە تەنها مەترسیی زەرەرکردن کەم دەکەنەوە و ئەگەری سەرکەوتن زیاد دەکەن. لە وڵاتێکدا مەترسیی زۆرە، تۆ دەبێت وردتر تێچوو و زەرەری خۆت هەڵسەنگێنیت. پلانی بزنسەکە لە ئەوەڵەوە (سەرەتاوە) بە هەڵە هات، راستکردنەوەی زەحمەت دەبێت. بەهیوای بەختێکی باش بۆ تۆ.

 

بەشکردن: