چۆن نەوتی هەرێم کەوتە دەست “کۆمپانیا پڕوپووچەکانەوە؟”

ڕێبین فەتاح

لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانی، یەکێتی و پارتی چەند گرێبەستێکی نەوتییان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتی ئیمزا کرد. زۆرینەی ئەو بلۆکە نەوتییانەی گرێبەستیان لەسەر کرا، پێشتر نەوتیان تێدا دۆزرابوویەوە یان بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندرا بوو. لەو گرێبەستە سەرەتاییانەدا، سەرەڕای ئەوەی قازانجی زەبەلاح بۆ کۆمپانیاکان مسۆگەر کرا، خودی کۆمپانیاکانیش بە دانپێدانانی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان “کۆمپانیای هیچ و پووچ بوون”. ئێستا ئەو کۆمپانیایانە دەستیان بەسەر زۆرترین کێڵگەی نەوتی هەرێمدا گرتووە.

ئیمزاکردنی یەکەمین گرێبەستەکانی نەوت

یەکەمین گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانی ئیمزا کران. لەو پرۆسەیەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی دەستپێشخەر بوو، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ساڵانێکی درەنگتر و بەتایبەت تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٣دا، نەهاتە ژێرباری پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.

پێش ساڵێك لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق و لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٠٢ یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی ئیمزا کرا(١)، ئەوە یەکەمین گرێبەستی نەوتی بوو لەمێژووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی ئیمزا بکرێت.

یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی

زۆر پێش ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە، پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق بە توانا و شارەزایی خۆماڵی دەستی پێکردبوو، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتی بۆ پەیداکردنی سەرچاوەیەکی داهات و لەگەڵ دروستبوونی دووئیدارەییش حزبەکە پێویستی زیاتری بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکە هەبوو بۆ دابینکردنی بەشێک لە خەرجییەکانی ئیدارەی سلێمانی.

دواتر لە ڕێککەوتی لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی دوو گرێبەستی دیکەی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پوولخانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد(٢). بەوەش ژمارەی گرێبەستەکانی ئیدارەی سلێمانی بۆ سێ گرێبەستی نەوتی هەڵکشا، جیا لە هەموارکردنەوەیەک لە گرێبەستی نێوان کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی و ئیدارەی سلێمانی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا(٣).

ئیدارەی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٣ دوو گرێبەستی دیکەی واژۆکرد لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ

ئەگەر تا ئەوکاتە تەنیا یەکێتیی نیشتمانی لەڕێگەی ئیدارەی سلێمانییەوە دەستی بە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی کردبوو، ئەوە بە ساڵێك دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی، بۆ یەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی ئیدارەی هەولێرەوە دەستی بە ئیمزاکردنی چەند گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی کرد.

بەدیاریکراوی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٤دا، حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی هەولێر سێ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی تاوکێ (٤) و ئەربیل(٥) و دهۆک(٦) لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر ئیمزا کرد. ئەوەش یەکەمین بەشداریی ئیدارەی هەولێر بوو لە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی و بەڵکو خاوەندارێتی پارتی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.

یەکەمین گرێبەستی ئیدارەی هەولێر لەبواری نەوت لە ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ

ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستانە لەلایەن هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لەکاتێکدا بوون کە هێشتا یاسایەکی تایبەت بە نەوت لە کوردستان دەرنەکرا بوو، جگەلە یاسایەکی کارگێڕیی کە یاسای وەزارەتی پیشەسازی و وزە بوو لەوەتەی ساڵی ١٩٩٣ەوە. بەڵام ئەوە تەنیا یاسایەکی کارگێڕییە و پێوەندی بە گرێبەستی نەوتی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتەوە نییە. لەدەرەوەی وەزارەتی پیشەسازی و وزەیەش هەر لە ساڵی ٢٠٠١ەوە حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی، دەزگەیەکی تایبەتی بەناوی (دەزگەی گشتی بەڕێوەبردنی پڕۆژە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان) بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ ئیدارەی سلێمانی بە ژمارە (١٨٠٣) له‌ رێککەوتی ٧ی ئابی ٢٠٠١ دامەزراند. دەزگەکە سەرپەرشتی چالاکییەکانی نەوتی دەکرد، زیاتر پێوەست بە دەرهێنانی نەوت لە تەقتەق و پاڵاوتنی نەوتەکە لە پاڵاوگە بچووکەکەی سلێمانی(٧). ئەو دەزگەیە جێی هەمان لیژنەی پرۆژە تایبەتەکانی دەگرتەوە کە ساڵی ١٩٩٣ و لە دووەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسووڵ بەمەبەستی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت دامەزرا بوو.

لە ئاستی ئیدارەی هەولێر، چونکە هیچ بەرنامەیەک بۆ دەرهێنانی نەوت نەبوو، تا ساڵی ٢٠٠٤ بیر لە دامەزراندنی دەزگەی تایبەت بە نەوت نەکرایەوە، بەڵام لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٤ لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە (یاسای ژمارە ٣٨ی دەستەی گشتی نەوت و گاز و پترۆکیمیاییەکانی هەرێمی کوردستان)ی دەرکرا. پرۆژە یاسایەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم/ئیدارەی هەولێر پێشکەش کرا بوو، ناوەڕۆکی ئەو یاسایە ئاماژەیەکە بۆ هاتنە پێشەوەی کردەنی پارتی بۆ بەشداری لە ئیدارەدانی چالاکییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.

یاسای ژمارە ٣٨ی پەرلەمانی کوردستان هاندانێکە بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوت و پشتیوانیکردن لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی لە هەرێمدا. بەپێی ئەو یاسایە دەستەیەک بەناوی (دەستەی گشتی نەوت و گاز و پترۆکیمیاییەکان) پێک دێت، ئەرکی دەستەکە سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکانی نەوت و گاز دەبێت. دەستەکە بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبەسترێتەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکی دەستەکە بە پلەیەکی تایبەت دادەمەزرێنێت. دەستەی گشتی نەوت و گاز و پترۆکیمیاییەکان لە ئیدارەی هەولێر، هاوشێوەیە لەگەڵ دەزگەی گشتی پرۆژە تایبەتەکان لە ئیدارەی سلێمانی، کە پاش لیژنەی پرۆژە تایبەتەکانی ساڵی ١٩٩٣ بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هەرێم و دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی پێکهاتووە.

پاش دەرکردنی ئەو یاسایە، چەند گرێبەستێکی دیکە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی بیانی ئیمزا کران، یەکێک لەو گرێبەستانە، گرێبەستی بلۆکی نەوتی (بنەباوی)یە لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٦ لەگەڵ کۆمپانیای ئەی تی پێترۆلیەم ئیمزا کراوە(٨).

گرێبەستی بلۆکی نەوتی بنەباوی لەگەڵ کۆمپانیای ئەی تی پێترۆلیەم

هەر لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێر و سلێمانیدا، گرێبەستێکی دیکەی نەوتی لە نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر لە ڕێککەوتی ٤ی ئایاری ٢٠٠٦دا ئیمزا کرا(٩).

گریبەستی نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر

ئەو گرێبەستە کە بەناوی عومەر فەتاح سەرۆکی حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی ئیمزا کراوە، لەکاتێکدا دێت کە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و عومەر فەتاح وەک سەرۆک و جێگری سەرۆک لە کابینەی پێنجەم(کابینەی یەکگرتنەوە) لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٠٦دا، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەم دەستنیشانکرا بوون(١٠). بەو شێوەیە گرێبەستی نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس بە نزیکەی سێ مانگ پاش پەسندکردن و راسپاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆ پێکهێنانی کابینەی یەکگرتنەوە ئیمزا کراوە، ئەوەش بەو هۆکارەوە کە لەلایەک سەرەڕای ئەوەی کابینەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕووکەش تێکەڵ کرا بوون و حکوومەتێکی نیمچە هاوبەش دروست کرا بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەو کابینە هاوبەشە هێشتا مۆرکی دوو ئیدارەیی و دوو حکوومەتی پێوە دیار بوو، جومگە سەرەکییەکانی حکوومەتەکە کە خۆی لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، پێشمەرگە و ناوخۆدا دەبینییەوە یەکنەخرا بوون. لەلایەکی دیکەیش ئیمزاکردنی گرێبەستەکە بەناوی ئیدارەی سلێمانی بەو هۆیەوە بووە کە پێشتر کۆمپانیایەکە لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی بڕیار و ڕێککەوتنی پێشینەیان هەبووە و گرێبەستەکەش بە موڵکی ئیدارەی سلێمانی دانراوە.

بە ساڵێك پێش ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستەیش، گرێبەستێکی دیکە بۆ بنیاتنانی وێستگەی کارەبای تەقتەق لە ڕێگەی نەوتی خاوی کێڵگەی تەقتەقەوە لەنێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای پاکتێلی ئەمریکی ئیمزا کرا بوو، بەڵام کۆمپانیایەکە داوای لە ئیدارەی سلێمانی کردبوو بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئیدارەی سلێمانی بڕی ١٤٠ ملیۆن دۆلار وەک گرەنتی لە بانکێکی دەرەوەی عێراق دابنێت، لەکاتێکدا ئیدارەی سلێمانی ئەو بڕە پارەیەی نەبوو، لەو ڕوانگەیەوە کۆمپانیایەکە پێشنیازێکی پەسند کرد کە ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی تایبەت خاوەندارێتی لە گرێبەستەکە بکات، ئەوە کۆمپانیایەکە ئەو بڕیارە وەک دڵنیاییەک وەردەگرێت و بەو شێوەیە پەرلەمانی کوردستان لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٥دا بڕیارێکی پاڵپشتی لەسەر گرێبەستەکە دەرکرد کە لە ناوەڕۆکەکەیدا هاتووە؛

– دەسەڵات بەسەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق/ئیدارەی سلێمانی دەدرێت بۆ مۆرکردنی گرێبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ناوچەی تەقتەق بۆ ماوەی دە ساڵ لەلایەن کۆمپانیای پاکتێلی ئەمریکی، بەرامبەر بەکارهێنانی نەوتی شیواشۆک بۆ ئەو مەبەستە، بەمەرجێک خاوەندارێتی پڕۆژەکە دوای کۆتایی ئەم ماوەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، هەروەها دەسەڵاتی پێ دەدرێت نامەی دڵنیایی بە کۆمپانیایەکە بدات بۆ جێبەجێ کردنی گرێبەستەکە.

٢- حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ئیدارەی سلێمانی بەرپرسە بەرامبەر کۆمپانیای پاکتێلی ئەمریکی لە پابەندییەکانی ناو گرێبەست و بژارکردنی مافە داراییەکانی کۆمپانیایەکە بەپێی گرێبەستەکە.

٣- دوای پێکهێنانی حکوومەتی یەکگرتووی کوردستان یەکسەر پابەندییەکانی گرێبەستەکە دەکەوێتە ئەستۆیەوە.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای پاکتێل بۆ دامەزراندنی وێستگەی کارەبای تەقتەق، ئەو وێستگەیە توانای دابینکردنی ٢٤٠ مێگاوات کارەبای دەبوو، لە بەرانبەر بەکارهێنانی حەوت هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کە لە بیرەکانی رۆژئاوای کۆیە دابین دەکرا، لە سەرەتادا نەوتی خاو و پاشتر نەوتی رەش بەکاردەهات، هەروەک بیرۆکەی ئەوە هەبوو، لە قۆناغەکانی داهاتوودا سوود لە گازی سروشتی چەمچەماڵ وەربگیرێت بۆ کارکردنی وێستگەکە بە گازی سروشتی (١١).

سەرەڕای ئەوەش تێبینییەک لە ئاستی پەرلەمان هەبوو کە پەسندکردنی ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەستی دەرەکی نییە(١٢)، بەڵام لە زۆر پێشترەوە هەردوو ئیدارەکە تەنانەت گرێبەستی گەورەتریان ئیمزا دەکرد، مەبەست لەوەیش ئیمزاکردنی گرێبەستی بەرهەمهێنانی نەوتە.

بەو شێوەیە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٦ لەلایەن هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لانیکەم هەشت گرێبەستی نەوتی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی ئیمزا کران، کە لەو ساڵانەدا نەیاسای نەوت و گازی کوردستان دەرکرا بوو نە وەزارەتێکی تایبەت بە نەوت هەبوو، جگەلە هەردوو دەزگەی پرۆژە تایبەتەکان لە ئیدارەی سلێمانی و دەستەی گشتی نەوت لە ئیدارەی هەولێر، تا ئەوکاتەیش هێشتا مۆدێلێکی دیاریکراو لە گرێبەستی نەوتی بڕیاری لەسەر نەدرا بوو، بەڵکو هەردوو ئیدارەکە بەپێی شارەزایی و تێگەیشتنی خۆیان دەقی گرێبەستەکانیان داڕشت بوو، بەو حالەیشەوە گرێبەستە ئیمزاکراوەکان هەر بەناوی (گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەم) بوون، کە دواتر پیادەکردنی ئەو مۆدێلە لە گرێبەستی نەوتی لە یاسای نەوت و گازی کوردستان ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ جێگیر کرا.

دەبێت ئەوەش بگوترێت کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ و پێش ئەوەی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و یاسای نەوت و گازی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسند بکرێت، ئاشتی هەورامی بەناوی وەزیری سامانە سروشتییەکانەوە چەند گرێبەستێکی نەوتی ئیمزا کرد، لەناویاندا گرێبەستی بلۆکە نەوتییەکانی سەرتا(١٣) و ڕووڤی(١٤) لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا.

پێش پەسەندکردنی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و یاسای نەوت لە پەرلەمان، ئاشتی هەورامی بەناوی ئەو وەزارەتەوە گرێبەستی ئیمزاکردووە

ڕاکێشانی کۆمپانیا تورکییەکان

لەکۆی هەر هەشت گرێبەستەکەی نەوت کە لە ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئیمزا کرا بوون، پێنج کێڵگەی نەوتی بە کۆمپانیاکانی تورکی دران، لەناویاندا جەنەڵ ئینێرجی، پێت ئۆیل و ئەی تی پێترۆلیەم، دوو کێڵگەی دیکەیش بە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و کێڵگەیەکیش بە وێسترن زاگرۆسی کەنەدی درا.

یەکێتیی نیشتمانی لە ڕێگەی ئیدارەی سلێمانییەوە بۆ یەکەمجار دەستی بە ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی تورکیا بۆ کارکردن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، تەنانەت لەکۆی چوار گرێبەستی نەوتی کە ئیدارەی سلێمانی لەماوەی ٢٠٠٢-٢٠٠٦ ئیمزای کردن، سێ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا بوون. دوای یەکێتی، پارتی لە ڕێگەی ئیدارەی هەولێرەوە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی (ئەی تی پێترۆلیەم) ئیمزا کرد.

یەکێتی دەیویست لەڕێگەی ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی تورکیا و پێشکەشکردنی کێڵگەکانی نەوتی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی سلێمانی، پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ تورکیا دروست بکات، لەکاتێکدا پێشتر ئەو نەوتەی لە کێڵگەی تەقتەق بەرهەمی دەهێنا، بەهۆی دووئیدارەیی و دەستگرتنی پارتی بەسەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و هەرێم، نەدەتوانرا هەناردەی تورکیا بکرێت یان لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکرێت، بەڵکو نەوتەکە بە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆکیش نەدەگەیشت(١٥).

ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە گرێبەستەکانی سەرەتادا کە ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تورکی ئیمزای کردوون، بەهیچ شێوەیەک ناوی (هەرێمی کوردستان)یان تێدا بەکارنەهاتووە، بەڵکو بەناوی (ئیدارەی باکووری عێراق)ەوە ئیمزا کراون، تەنانەت ئەو دوو گرێبەستەیش کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ کۆمپانیای پێت ئۆیڵ ئیمزا کران، هەر بەناوی ئیدارەی باکووی عێراقەوە بوون، هەردوو گرێبەستەکەش لەلایەن خودی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی وەک ڕەزامەندی (ئیدارەی باکووری عێراق) ئیمزا و پەسندکراونەتەوە(١٦).

لە گرێبەستە نەوتییەکاندا کە خولی جەلال تاڵەبانی واژۆی کردوون، هەرێمی کوردستان بەناوی ئیدارەی باکوری عێراق ناوهێنراوە

هەرچی پەیوەندیشی بەو یەکەمین گرێبەستەوە هەبێت کە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی تورکی ئیمزا کراوە، سەرەڕای ئەوەی هەر بەناوی (ئیدارەی باکووری عێراق)ەوە کراوە، هەر لە سەرەتای گرێبەستەکەشدا ئاماژە بە ڕێککەوتننامەی واشنتن دی سی ساڵی ١٩٩٨ لە نێوان پارتی و یەکێتی کراوە وەک بنەمایەک بۆ ئیدارەدانی باکووری عێراق و تیادا هاتووە؛ “لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی کۆتاییان لە ١٧ی سێپتێمبەری ١٩٩٨ لە واشنتن دی سی ئیمزاکردووە، ئەو ڕێککەوتنەی واشنتن بڕیار لەسەر ئیدارەی باکوری عێراق و مافە حکوومەتییەکانی دەدا، لەکاتێکدا ئیدارەی باکوری عێراق لە کۆنتێکستی پەیوەستبوون بە یەکێتی خاکی عێراق دەکەوێتە ناو ئەو ڕێککەوتنەی واشنتن و دەخوازێت ڕێککەوتنی ڕووبەرەکە و جەنەل ئینێرجی پێشبخات…”(١٧).

ناوەرۆکی یەکەمین گرێبەستی نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی تورکی لە ساڵی ٢٠٠٢

ڕاستییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی گرێبەستی نێوان جەنەل ئینێرجی و ئیدارەی سلیمانی، بۆ یەکەمجار ناوی کوردستان لەسەر دەقی گرێبەستەکە جێگیر کرا.

ئەوەی تێبینی دەکرێت تا ئێستا تەنیا ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بە ڕەهەندی سیاسی پشت ئەو گرێبەستانەی نەوت کردووە کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا ئیمزا کراون. هەورامی لە یەکەمین دیداری ڕۆژنامەوانی لەدوای وەرگرتنی پۆستەکەی، لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەو کۆمپانیایانەی پێش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری سیاسی بووە؛ “پێویستمان بەو دوو سێ گرێبەستە بووە لەگەڵ تورکیا و لایەنی تر”(١٨).

پاش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧دا، لەچوارچێوەی پرۆسەی ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی، زۆرترین گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکی ئیمزا کرا و زیاتر لەوەیش لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیا تورکییەکان دەستیان بە کڕینەوەی پشکەکانی چەندین کێڵگەی نەوت و گاز کرد، جیا لەو کێڵگانەی لە سەرەتاوە خۆیان گرێبەستیان لەسەر ئیمزا کرد بوو.

لەناویاندا؛ گرێبەستی بلۆکی نەوتی سلێڤانا لەگەڵ کۆمپانیای پترۆکویستی تورکی لە ساڵی ٢٠١٠دا، گرێبەستی بلۆکی نەوتی دهۆک لەگەڵ پێترۆکویست و مۆرفی لە ٢٠١٠دا، هەروەها گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ پێترۆکویست لە ساڵی ٢٠١١ بۆ کارکردن لە بلۆکی شەکرۆک و ئیمزاکردنی گرێبەستی دیکە لە کێڵگەکانی هەولێر و خەلەکان لەگەڵ دۆگان هۆڵدینگ لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠ەوە.

هەروەک کۆمپانیا تورکییەکان بە ڕێگەی کڕینەوەی پشک لە کۆمپانیاکانی پێشتر گرێبەستیان لەسەر بلۆکەکانی نەوت کرد بوو، بوونە سەرکار و خاوەنپشک لە چەند کێڵگەی دیکەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لەناویاندا کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی بە هەڵگرتنەوەی پشکەکانی کێڵگەی میران، تاوکێ، سەرتا و سەرسەنگ و تا بە ئێستا دەگات کۆمپانیاکانی تورکیا لە ١٣ بلۆک و کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان جێگیربوون کە تەنیا کۆمپانیایەکی وەک جەنەل ئینێرجی لە شەش کێڵگەی نەوت و گازی کوردستاندا پشکی هەیە، لەناویاندا کێڵگەی تەقتەق بەڕێژەی ٤٤٪، کێڵگەی تاوکێ بەڕێژەی ٢٥٪، کێڵگەی سەرتا بەڕێژەی ٣٠٪، کێڵگەی قەرەداغ بەڕێژەی ٤٠٪، کێڵگەی میران بەڕێژەی ١٠٠٪ و کێڵگەی بنەباوی بەڕێژەی ١٠٠٪ی پشکەکانی(١٩).

لە ساڵی ٢٠١٣دا، حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا بەمەبەستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە ئیمزا کرد، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا دەقی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا نەکراوە کە بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە ناودەبرێت، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە “ڕێککەوتنی ستراتیژی وزە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا”(٢٠) دەیناسێنن. هەر لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا و لە ساڵی ٢٠١٤دا حکوومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ و لە دەرەوەی ڕەزامەندی بەغدا دەستی بە هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە کرد، پاش ئەوەی نەوتی کێڵگەکانی تەقتەق و خورمەلە بەڕێگەی بۆڕیەوە بۆ دەروازەی سنووری فیشخابوور گواسترایەوە و دواتریش لە نیوەی دووەمی ٢٠١٤دا و پاش کۆنترۆڵکردنی کێڵگەکانی نەوتی ڕۆژئاوای کەرکووک لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بەڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە کرا.

جگە لە بەرهەمهێنانی نەوت، کۆمپانیاکانی تورکی وەک جەنەل ئینێرجی لەپاڵ کۆمپانیای ریپسۆڵی ئیسپانی لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستاندا وەکوو میران و بنەباوی، کار لەسەر بەرهەمهێنانی گازی سروشتی دەکەن، هەرچەند وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣ەوە ڕایگەیاندبوو چاوەڕوان دەکرێت یەکەمین بڕەگازی سروشتی کوردستان لە ٢٠١٦دا بگاتە تورکیا و بازاڕەکانی ئەوروپا، بەڵام ئەو ئامانجە لەکاتی خۆیدا بەدی نەهات، بەو حالەیشەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە کۆمپانیاکانی تورکیا دەستێکی درێژیان لەسەر گازی سروشتی کوردستان هەیە. بەرپرسانی کەرتی نەوت و گازی کوردستان بەتایبەتیش کۆمپانیاکانی تورکی، دەیانەوێت وەها نیشان بدەن کە هەناردەکردنی گازی سروشتی لە کوردستانەوە بۆ تورکیا گۆڕانکاری ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی کوردستان و تورکیا دروست دەکات، وەک ئەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرژی بانگەشەی بۆ دەکرد، بەڵام پێناچێت گازەکەیش زیاتر لە نەوتەکە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی تورکیا لەمەڕ کورد و کوردستان هەبێت.

ئێستا تورکیا هەر تەنیا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە، بەشداری لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و خاوەندارێتی کێڵگەکانی بەدەست نەهێناوە، بەڵکو بووەتە تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ساڵانێکی زۆریش داهاتی نەوتی هەرێم لە بانکەکانی تورکیا هەڵگیراوە. تورکیا لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە، پارەیەکی باشی دەست دەکەوێت، هەروەک بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی بەرهەم و داهاتی نەوتی کوردستان لەساڵی ٢٠١٩دا، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی ٤٩٤ ملیۆن و ١٨٦ هەزار و ٣١٥ دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێم وەک تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) دراوە، مەبەست لەوەش کرێی تێپەڕبوونی نەوتی هەناردەکراوە بە خاکی تورکیادا و لەماوەی ساڵی ٢٠١٩٨دا، بۆ هەناردەکردنی هەر بەرمیلێکی نەوت بە خاکی تورکیادا، بە تێکڕا سەرووی سێ دۆلار بە کۆمپانیای وزەی تورکی دراوە.

جگەلەوەی بڕی ٦١٠ ملیۆن و ٣٦٢ دۆلاری دیکە بە هەردوو کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و کۆمپانیای نەوتی نێودوڵەتی نەوتی تورکی (TPCI) دراوە، کە حکوومەتی هەرێم وەک قەرز حیسابی کردووە(٢١).

قازانجی زەبەلاحی “کۆمپانیا پڕوپووچەکان”

زۆرینەی ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە قۆناغی دوو ئیدارەیی گرێبەستیان لەسەر کرا، لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور/وەزارەتی نەوتی عێراق بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندرا بوو، یان ئامادەبوون بۆ پەرەپێدان و دەرهێنانی نەوت، دوو ئامادەترین کێڵگە، کێڵگەکانی تەقتەق و تاوکێ بوون، کە هەریەک چەند بیرێکی نەوتیان تێدا هەڵکەندرا بوو، بەڵکو هەر لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق کرا و پارەیەکی زۆریش لەو کێڵگەیە خەرج کرا کە تا تەموزی ساڵی ١٩٩٤ نزیکەی ١٢ ملیۆن دینار لەلایەن حکوومەتەوە لەو کێڵگەیە خەرج کرا بوو(٢٢).

کەواتە بارودۆخی ئەو کێڵگانە لەڕووی دۆزینەوەی نەوتەوە، جیاواز بوو لەو بلۆکە نەوتییانەی پێشتر هیچ گەڕان و پشکنینێکیان بۆ نەکرا بوو، واتە ئاشکرا نەبوو نەوت لەو بلۆکانەدا دەدۆزرێتەوە یان نا، هەر ئەو ناڕوونییەش دەکرێتە پاساو بۆ ئیمزاکردنی مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەم، لەکاتێکدا کۆمپانیاکان لەبەردەم ڕیسکی دۆزینەوە و نەدۆزینەوەی نەوتدان، بەڵام لەو کێڵگانەی پێشتردا ئەو ڕیسکە زۆر کەم بوو یان هەر نەبوو، چونکە نەوتەکە دۆزرابوویەوە و بگرە چەند بیری نەوتیشیان تێدا هەڵکەندرا بوو، هەروەک جۆری نەوتەکەیشیان ئاشکرا بوو. ئەوە ئەو تێبینییەکە لەسەر ئیمزاکردنی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەم لەو کێڵگانەی نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە یان بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندراوە و کۆمپانیایەکە قۆناغی گەڕان و پشکنین تێپەڕ دەکات و ڕاستەوخۆ دەست بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان دەکات.

بەو حالەیشەوە ئەو گرێبەستانەی لەلایەن هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لەسەر ئەو کێڵگە ئامادەکراوانە ئیمزا کرا بوون، لە چەند ڕوویەکەوە قازانجی زۆر زەبەلاحیان بۆ کۆمپانیاکان مسۆگەر دەکرد، لەناویاندا هەریەک لەو گرێبەستانە رووبەرێکی بەرفرەوانی جوگرافی بە کۆمپانیاکان دەدەن، کە ئەو ڕووبەرە گونجاوە بۆ ئیمزاکردنی چەند گرێبەستێک، واتە دابەشکردنی ناوچەکە بۆ چەند ناوچەیەکی مۆڵەت یان دابەشکردنی بۆ چەند کێڵگەیەکی نەوت. لەهەمان کاتدا پشكی کۆمپانیاکان بە تەواوەتی زۆر بوو، کە بە دەربڕینی ئاشتی هەورامی لە نێوان ٣٠٪ یان نزیکەی ٥٠٪ بوو(٢٣) ، زیاتر لەوەش کۆمپانیایەکە دەیتوانی تا ڕێژەی ٩٥٪ی داهاتی نەوتی بەرهەمهاتوو، وەک (تێچووی بەرهەم) بۆ خۆی بگێڕێتەوە وەک لەو گرێبەستەکەی ئیدارەی هەولێر لەگەڵ کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە کێڵگەی تاوکێ ئیمزای کرد بوو(٢٤). ئەو قازانجە زەبەلاحە، لەکاتێکدا دێت کە هەر خودی ئاشتی هەورامی لە بەردەم پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەی بە پڕوپووچی و بچووکی ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ ئیمزا کراوە(٢٥)، بەڵکو لە یەکەمین چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی خۆیدا لە ساڵی ٢٠٠٨ دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە؛ کۆمپانیاکانی پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ کراوە، “کۆمپانیای هیچ و پووچ بوون”(٢٦).

کۆمپانیایەکی وەک جەنەڵ ئینێرجی کە ئێستا لە زۆرترین کێڵگەی نەوت و گازی کوردستاندا سەرکار و خاوەنپشکە، نموونەی یەکێک لەو کۆمپانیایانە ئاشتی هەورامی ئاماژەیان بۆ دەکات، کۆمپانیایەکە سەرەڕای ئەوەی هیچ پێشینەیەکی کارکردنی لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز نەبوو، بەڵکو لەلایەن چەند بازرگانی تورکەوە پێکهات و هەر خۆیشی مێژووی کارکردن و دەرکەوتنی وەک کۆمپانیایەکی بواری نەوت بە ساڵی ٢٠٠٢ و ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە(٢٧). جەنەڵ ئینێرجی یەکێک لە گرووپی کۆمپانیاکانی چوکورۆڤا (Çukurova Group) پێک دێنێت، هەموو چالاکییەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی چوکورۆڤا لە بواری وزەدا، لە چالاکییەکانی کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی کورت دەبێتەوە و پێشینەیان لەو بوارەدا نییە(٢٨). جەنەڵ نموونەی ئەو کۆمپانیایانەیە لەسەر حیسابی نەوتی کوردستان و لە ئەنجامی ناشارەزایی و تموحی سیاسی یەکێتی و پارتی بوو بە خاوەنی ملیاران دۆلار لە داهاتی نەوت.

سەرچاوە و پەراوێزەکان؛

١-دەقی گرێبەستی نێوان ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN INTERIM JOINT REGIONAL ADMINISTRATION OF NORTHERN IRAQ REPRESENTED BY REGENAL GOVERNMENT(SULAIMANIYAH) AND GENEL ENERJI A.S., DATEDJULAY 17, 2002.

٢- دەقی گرێبەستی پولخانە-شاکەل بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN INTERIM JOINT REGIONAL ADMINISTRATION OF NORTHERN IRAQ, REPRESENTED BY REGIONAL GEVERNMENT (SULAIMANIYAH) AND PET OIL PETROLEUM AND PETROLEUM PERODUCTS INTERNATIONAL EXPLORATION AND PRODUCTION INC. DATED JANUARY 14, 2003.

٣- گرێبەستی هەموارکراوی نێوان ئیدارەی سلێمانی و جەنەل ئینێرجی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND GENEL ENERJI A.S. DATED JANUARY 20, 2004.

٤- دەقی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تاوکێ بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND DNO ASA, DATED; 25 JUNE 2004, DIHOK AREA, PART OF DIHOK GOVERNORATE.

٥- دەقی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی ئەربیل بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND DNO ASA, DATED; 25 JUNE 2004, ERBIL AREA, PART OF ERBIL GOVERNORATE, P; 42.

٦- دەقی گرێبەستی بلۆکی نەوتی دهۆک بەناونیشانی؛ PRODUDTION SHARING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGENAL GOVERNMENT AND DNO ASA, DATED 25 JUNE 2004, DIHOK AREA, PART OF DIHOK GOVERNORATE.

٧- یوسف محه‌مه‌د به‌رزنجی، چاره‌نووسی كورد-پترۆڵ وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیجی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی كه‌مال، سلێمانی، 2013.

٨- دەقی گرێبەستی ئیدارەی هەولێر و ئەی تی پێترۆلیەم؛ EXPLORATION AND PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN OIL & GAS PETROCHEMICAL ESTABLISHMENT OF THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND HAWLER ENERGY, LTD. AND A&T PETROLEUM COMPANY, LTD, DATED; 29 MARCH 2006.

٩- دەقی گرێبەستی ئیدارەی سلێمانی و کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس؛ EXPLORATION AND PRODUCTION SHARING AGREEMENT, DATED; 4TH MAY 2006, BETWEEN KURDISTAN REGIONAL GEVERNMENT-IRAQ/SULAIMANY ADMINISTRATION AND WESTERNZAGROS LIMITED, SAWTH SULAYMANIYAH AREA, P; 78.

١٠- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، پڕۆتۆکۆڵی دانیشتنی دەستپێک لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧، بەرگی ٣٥، لا؛ ٦٥٦-٦٥٧ .

١١- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٥، پرۆتۆکۆڵی ژمارە ٣٥، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٥١٣.

١٢- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٥، پرۆتۆکۆڵی ژمارە ٣٥، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٥٠١٠.

١٣- دەقی گرێبەستی؛ بلۆکی نەوتی سەرتا بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING CONTRACT SARTA BLOCK, KURDISTAN REGION BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT OF IRAQ AND RELIANCE EXPLORATION AND PRODUCTION DMCC.

١٤- دەقی گرێبەستی بلۆکی رۆڤی بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING CONTRACT ROVI BLOCK, KURDISTAN REGION BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT OF IRAQ AND RELIANCE EXPLORATION AND PRODUCTION DMCC

١٥- رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره‌ (6248)ی رێككه‌وتی 4ی كانوونی یه‌كه‌می 2013..

١٦- دەقی گرێبەستی پولخانە-شاکەل بەناونیشانی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN INTERIM JOINT REGIONAL ADMINISTRATION OF NORTHERN IRAQ, REPRESENTED BY REGIONAL GEVERNMENT (SULAIMANIYAH) AND PET OIL PETROLEUM AND PETROLEUM PERODUCTS INTERNATIONAL EXPLORATION AND PRODUCTION INC. DATED JANUARY 14, 2003. P; 43.

١٧- دەقی گرێبەستی نێوان ئیدارەی سلێمانی و جەنەل ئینێرجی؛ PRODUCTION SHARING AGREEMENT BETWEEN INTERIM JOINT REGIONAL ADMINISTRATION OF NORTHERN IRAQ REPRESENTED BY REGENAL GOVERNMENT(SULAIMANIYAH) AND GENEL ENERJI A.S., DATEDJULAY 17, 2002, P; 4.

١٨- ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ساڵی ٢٠٠٨، ماڵپەڕی سبەی؛ https://archive.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=91&cat=2&title=2

١٩- ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای جەنەل ئینێرجی؛ https://www.genelenergy.com/about-us/who-we-are/snapshot-of-genel-energy/

٢٠- ماڵپەری فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان؛ http://mnr.krg.org/index.php/ku

٢١- دەقی راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی ئاستی بەرهەم و داهاتی نەوتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا.

٢٢- پڕۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، دانیشتنەکانی ساڵی ١٩٩٤، بەرگی یازدەیەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، ساڵی ١٩٩٨، لا؛ ٥٠٢

٢٣- ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=39926

٢٤- پرۆتۆكۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، پرۆتۆکۆڵی ژمارە (٤٧)، دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٨، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٨، لا؛ ٢٩٠.

٢٥- پرۆتۆكۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، پرۆتۆکۆڵی ژمارە (٤٧)، دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٨، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٨، لا؛ ٢٩٢-٢٩٣.

٢٦- چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ماڵپەڕی سبەی؛ https://archive.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=91&cat=2&title=2

٢٧- بڕوانە؛ ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی، باسێک لە بارەی مێژووی کۆمپانیایەکە، رێککەوتی سەردان؛ ٢٠ی تەموزی ٢٠١٥؛ http://www.genelenergy.com/about-us/history.aspx

٢٨- بڕوانە: ماڵپەڕی فەرمی گرووپی کۆمپانیاکانی چوکورۆڤا، http://www.cukurova.com.tr/

بەشکردن: