داڤید گرێبەر.. دۆستی کورد و دوژمنی سەرمایەداری

ڕێنوار نەجم 

داڤید گرێبەر ئانارشیستی ناوداری ئەمەریکی و خاوەنی کتێبە پڕفرۆشەکان لەبارەی سەرمایەداریی و بیرۆکراسییەوە، هاوکات یەکێک لە پاڵپشتە جددییەکانی ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 59 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد.

داڤید گرێبەر بە یەکێک لە یەکەمین نووسەرە جیهانییەکان دادەنرێت کە بۆ پاراستنی ئەزموونی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان دەنگی هەڵبڕیوە و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە ئەو ئەزموونە بپارێزن کە بە “ئەزموونێکی دیموکراسیی بایەخدار” و “خاڵێکی زۆر ڕۆشن لە تراجیدیای سوریا”ـدا ناوی بردووە. هاوکات سیستمی پەروەردەی لە ڕۆژاڤا لە “دووبارە لەدایکبوونەوە” وەسفکردووە.

گرێبەر بە بڵاوکردنەوەی کتێبی “قەرز: 5000 ساڵی سەرەتا” لە ساڵی 2011، ناوبانگێکی جیهانیی دەرکرد و بووە یەکێک لە فیگرە دیارەکانی دژە-سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا، دواتر لە ساڵی 2018 کتێبێکی دیکەی بڵاوکردەوە بەناونیشانی “ئیشە پڕوپوچەکان: تیۆریایەک” کە تێیدا باس لەوە دەکات نیوەی ئەو ئیشانەی لە کۆمەڵگادا هەن بێسوود و بێمانان، لە کتێبەکەیدا پێنج نموونە ئەو جۆرە ئیشانە دەهێنێتەوە. هەروەها کتێبکی دیکەشی بڕیارە لە پایزی 2021 بڵاوببێتەوە بەناونیشانی “کازیوەی هەمووشتێک: مێژوویەکی نوێی مرۆڤایەتی” کە بەهاوبەشی لەگەڵ داڤید وینگرۆو نووسیویەتی.

“چۆن دەکرێت شتێکی وەک ڕۆژاڤا ڕووبدات و  بەتەواوی لەلایەن کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییەوە فەرامۆش بکرێت، تەنانەت بەشێوەیەکی گەورەترە لەلایەن چەپە نێودەوڵەتییەکانەوە؟”

ئەو ئەنارشیستە ئەمەریکییە کە لەهەمان کاتدا کەسێکی ئەکادیمی بوو لەبواری ئەنترۆپۆلژیا، تا ساڵی 2005 لە زانکۆ یاڵ لە ئەمەریکا مامۆستا بوو، بەڵام لەو ساڵەدا زانکۆکە بڕیاری دا کۆتایی یەکلایەنە گرێبەستەکەی بهێنێت. ئەو کات گرێبەر گومانی کرد کە ئەو کارە بەهۆی بیروڕا سیاسییەکەیەوە ئەنجامدرابێت. لەو دەمەدا زیاد لە 4،500 مامۆستا و خوێندکاری زانکۆکە واژۆیان کۆکردەوە بۆ پشتگیریکردنی. دواجار زانکۆی یاڵ مووچەی ساڵێکی پێ دا و ئەویش ئەمەریکای بەرەو بەریتانیا جێهێشت و لە کۆلێژی لەندەن بۆ ئابووری بوو بە مامۆستا و تا کۆچی دواییشی کرد لەو کارەی بەردەوام بوو.

لەدوای ئاشنابوونی بە ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان و ئەو جۆرە لە حوکمڕانی لەوێ، داڤید گرێبەر بووە یەکێک لە داکۆکیکەرە جددیەکانی ئەو ئەزموونە و بەردەوام بانگەوازی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکرد پشتی ئەو ئەزموونە بگرن، هەروەها لە ساڵی 2017 خۆی سەردانی ڕۆژاڤای کرد و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لەوێ مایەوە و لە نزیکەوە ئەزموونی دیموکراسیی ڕاستەوخۆی ڕۆژاڤای بینی.

لە وتارێکیدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2014 لە ڕۆژنامەی گاردیان لەژێر ناونیشانی “بۆچی جیهان کوردە شۆڕشگێڕەکانی لە سوریا پشتگوێ دەخات؟” بڵاوکراوەتەوە، گرێبەر دەنووسێت: “پاش دەرکردنی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لەساڵی 2011، هەروەها سەرەڕای ئەو دوژمنکارییەی بەرامبەریان بەنزیکەیی لەهەموو دراوسێکانیەوە، ڕۆژاڤا نەک بەتەنها سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، بەڵکو ئەزموونێکی دیموکراسیی پڕبایەخە.” هەروەها گرێبەر باس لە وردەکارییەکانی ئەو ئەزموونە و پاراستنی باڵانسی جێندەری و ئیتنیکی دەکات و دەڵێت: “چۆن دەکرێت شتێکی لەو جۆرە ڕووبدات و تاڕادەیەک بەتەواوی لەلایەن کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییەوە فەرامۆش بکرێت، تەنانەت بەشێوەیەکی گەورەترە لەلایەن چەپە نێودەوڵەتییەکانەوە؟”

داڤید گرێبەر لە ڕۆژاڤای کوردستان

داڤید گرێبەر لە ڕۆژاڤای کوردستان

لە وتارێکی دیکەیدا بەناونیشانی “دیموکراسی دەشێت بۆ سوریا. هاوڕێکەم دەیزانی چۆن” کە لە ئۆکتۆبەری 2017 لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوبووەتەوە، گرێبەر یادی هاوڕێ کوردەکەی، مەمەت ئاکسای، دەکاتەوە، ئەو رۆژنامەنووس و فلیمسازەی لەو ساڵەدا لە ڕەققە شەهید بوو. جارێکی دیکە گرێبەر بە وردی لەسەر ئەزموونی ڕۆژاڤا دەوەستێت و جەخت لەو جۆرە حوکمڕانییە دەکاتەوە کە کوردەکان هیوای بۆ دەخوازن.

ئەمەریکا بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە ناچاربوو هاوپەیمانی بکات لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە زۆر نزیکن لە ئەنارشیزمەوە، ئەمە دۆخێکی مێژوویی زۆر سەیرە. من هەمیشە جەختم لەوە کردوەتەوە کە ئەوە هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی بووە، نەک هاوپەیمانێتیی سیاسی

ئەنارشیستە ئەمەریکییەکە سەرسامیی خۆی بە تێز و کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان نەشاردووەتەوە وەک بزوێنەری ئەو ئەزموونەی لە رۆژاڤا هەیە. لەدوای گەڕانەوەی لە ڕۆژاڤا لە چاوپێکەتنێکدا دەڵێت: “وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە هەموو شوێنێکی ئەوێ هەیە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە چونکە بەشێوەیەکی گشتی ئەوان دژی بەپیرۆزکردنی سەرکردەن. لەڕاستیدا ئەوان وێنەی هیچ کەسێک هەڵناواسن کە لە ژیاندا مابێت جگە لە ئەو [ئۆجەلان]. وێنەی شەهیدەکانیان لەهەموو شوێنێک هەیە، بەڵام هەرگیز وێنەی کەسێک هەڵناواسن کە هێشتا زیندوو بێت چونکە ئەوە شتێکی نا دیموکراسییە و کەسەکە دەکات بە سەرکردەیەکی کاریزمی.” هەروەها دەنووسێت: “بەپێی یاسا، عەبدوڵا ئۆجەلان دەتوانێ قسەکانی خۆی پەیوەنددار بە تاوانەکەیەوە بنووسێت، ئەو مافی ئەوەی هەبوو کە هەمووی بنووسێت. لەبەر ئەوە بڕیاری دا بۆ ڕوونکردنەوەی و خستە سیاقی ئەو تاوانانەی ئەوی پێ تۆمەتبار کرابوو 12 کتێبی جیاواز بنووسێت، لەنێویاندا کتێبێکی سێ بەرگی لەبارەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.”

هاوکات گرێبەر نووسەری بەشێکە لە کتێبی “بنیاتنانی ژیانی ئازاد: گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان” کە لێکۆڵینەوەی ژمارەیەک لە نووسەر و ئەکادیمیستە جیهانییەکانە لەبارەی تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان.

لەبارەی پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژاڤا، گرێبەر لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمەریکا بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە ناچاربوو هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە زۆر نزیکن لە ئەنارشیزمەوە، “ئەمە دۆخێکی مێژوویی زۆر سەیرە. من هەمیشە جەختم لەوە کردوەتەوە کە ئەوە هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی بووە، نەک هاوپەیمانێتیی سیاسی”.  هەروەها دەڵێت: “بۆ نموونە حکومەتی ئەمەریکا هەرگیز پشتگیریی ڕۆژاڤای نەکردووە تا ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتی لە سوریا. ئەوان بەهیچ شێوەیەک لەسەر مێزەکە شوێنێکیان نییە. هەرچەندە هەندێک پارتی سیاسیی بچووک کە نوێنەرایەتی هیچ کەسێک ناکەن لەسەر زەوی نوێنەریان هەیە. لەڕاستیدا ڕووسیا پاڵپشتی ڕۆژاڤا دەکات تا بەشێک بێت لە پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام ئەمەریکا نایکات. زۆر کەس ئەمە نازانێت.”

هەرچەندە ڕۆژاڤا وەک کیانێک تەبەنیی ئانارشیزمی نەکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بزوتنەوە ئانارشیستەکانی جیهان پاڵپشتی دەکەن، گرێبەر لەوبارەیەوە دەڵێت: “ئەوان ئانارشیست نین، بەڵام زۆر بیرۆکەی ئانارشیستییان لەئامێز گرتووە، ئەوان ئاناراشیزم دەخوێننەوە. ئەوان دژە-دەوڵەتن، کەواتە لە پێگەیەکی ئانارشتییەوە مادام تۆ دژە-دەوڵەت و دژە-سەرمایەدارین، لەڕاستییدا هەر ناوێک لەخۆیان دەنێن گرنگ نییە.”

تاگەکانڕۆژاڤاکورد
بەشکردن: