ئایا کازمیییەکەی 2020 دەبێتە نەوشیروانەکەی 2009؟

سیڤان سەعید

ڕووخاندنی فۆرم و شکڵیی هەر رژێمێک ناکاتە بنبڕکردن و لەناوبردنی زیهنییەت و کولتوری ئەو سیستمەی کە رژێمەکەی بەرهەمهێناوە. لەراستیدا بەعس خۆی سیستمێک نەبوو تا بڕوخێنرێت. بەعسیەکانیش دیسان درێژە پێدەری ئەو کولتوورە سیاسیی و عەسکەرییە  قرێژ و ناشیرینە بوون کە لە مێژووی ئێراق و ناوچەکەدا هەبووە و هەیە. بەلام لانی کەم، هەلی لەسەر کارمانەوەی سی و پێنج ساڵ و بوونی سەرۆکێکی دڕندە و بە هێزی وەک سەددام، جۆرێک لە سەقامگیریی و یەکپارچەیی ئەوخاکەی کە پێی دەڵێن ئێراق، فەراهەمکردبوو. لانیکەم سەری ئەو تەنکییە پڕ لە ژەهر و ئاگرو بارووتەی توندداخستبوو، نەیدەهێشت بە ئاسانی ناواخن و ناوەرۆکی ئەو ئێراقە ناقۆڵایە بکەوێتە بەرچاوی خەڵکی ناوەوەو دەرەوەی ئێراقیش. لە دوای رووخاندنی ئەم رژێمە، ئیدی وردە سەددامی جیاواز جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراقدا سەریانهەڵدا. شاری سەدام دەبووە شاری سەدر. “بالروح.. بالدم..”  بۆ حەکیم دەگوترا لەجێی سەدام. مستشفی سەددام دەبووە نەخۆشخانەی رزگاریی یان نەخۆشخانەی ئالی بەیت…… هتد. بەڵام بە زیهنییەت و بە پراکتیکی رۆژانە، سەددام و خەیاڵ و سیستمە تۆتالیتار و سەرکوتکارەکەی کە سەددامی بەرهەمهێنابوو؛ هەرگیز ئێراقی بەجێنەهێشت. لە ساڵی 2003 هەتا ئەمرۆ، خەڵکی ئێراق بەدەستی سەدان وردە سەددامی سوننی و شیعی و کورد و تورکمان و عەرەب و دیندار و بێدینەوە دەناڵێنێ. غەیری ئەمە کە لەسەر ناوی ئێراق سەروەت و پارە و نەوتی زۆر تالانبکرێت و لەبەرژەوەندی هەموو دەسەلاتەکانی دنیای دوور و نزیک و لەسەر حسابی خەڵکی بێچارەی ناو ئەو چوارچێوە نەفرەتییە؛ هیچ شتێ نەماوە کە بتوانرێت پێی بگوترێت ئێراق. هیچکەس نییە کە بە جدیی و لە دڵەوە ئینتیما و خەیاڵی وابەستەبێ بە ئێراق و سەروەرییەکەی و دەستوور و خاکەکەیەوە.

ئێستا وەک عەرەب دەڵێ: لەدوای وێرانبوونی بەسرە، موستەفا کازمییەکیان هێناوە و کردوویانە بە مایەی هیوا و دروستکردنەوەی ماڵی رووخاوی ئێراق. لەراستیدا، ئەگەر دەسکاری سیستمەکە بکرێت نەک بەتەنیا دەموچاوەکان و سەددامە بچکۆلەکان، ئەوە گرنگ نییە ناوی وڵاتەکە  ئێراقە یان نا، ناوی هەرێمەکەی باکوری ئێراق، کوردستانە یان شیمالی حەبیب. گرنگ دەستکارییکردن و گۆڕینی سیستمەکەیە. بەڵام ئایا ئەم موستەفا کازمییە و ئەوانەی کە هێناویانەتە سەرکار، بەتەمای گۆڕینی سیستمەکەن؟ هیچ بەرژەوەندییەکیان هەیە لەوەدا کە لەجێی دەموچاوەکان و ناوە کۆنەکان، دەستکاریی سیستمەکەبکەن؟ لەراستیدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ گۆڕانێکی لەو جۆرە. تەنیا دەستکارییەکی بچووکی هەندێ بڕگە و جێگەی زەقدەکەن و ناویدەنێن گۆڕانکاریی. دڵنیام زۆربەمان ئەوە دەزانین کە مەستەفا کازمی بەتەنیا و بە بێ پشت و پەنایەکی لانیکەم موتەففەق عەلەیهی نەبۆتە سەرۆکوەزیر. هەرکاتێکیش لەبەڕەکەی خۆی زیاتر پێڕابکێشێ، زۆر بە ئاسانی بەدەردی عەللاوی و جەعفەریی و عەبادی و عەبدولمەهدی دەچێت. کەواتە ئەم بانگ و سەڵا و هاوارە چیە کە رۆژانە لەسەر ئەم کازمییە دەبیسترێت؟  من ئەوە باشدەزانم کە خەڵکی ئێراق لە رق و داخی حەڤدەساڵ ماڵوێرانیی و شەڕی تاییفی و چەتەگەری سیاسیی و دینییەوە، وەک ئەو لافاوبردووە نوقومبووەی بەسەرهاتووە کە دەست بۆ چڵە پووشێکیش دەبات. لە رقی چەتەکان ئامادەیە نەک تەنیا پێشوازی لە خەیاڵ و حوکمی سەدامبکاتەوە؛ بەڵکو  پێشوازی لە خودی سەدام بە لەحم و شەحمیشەوە بکاتەوە.

خەتەری گەورە ئەوەیە کە ئەم کازمیەش وەک نەوشیروان موستەفاکەی ساڵی 2009، ببێتە مایەی ساردکردنەوە و دامرکاندنەوەوی رقی پیرۆزی ئەو خەڵکە، لەو سیخوڕو چەتە نێودەولەتییانەی کە خۆیان سەپاندووە بەسەر ئەو خەڵکەدا

سەبارەت بە خەڵکی کوردستانیش، پەنابردن بۆ کازمیی و هەڵچنینی هیوای رەنگاورەنگ بەو هەنگاوە پۆپۆلیستیی و جارجار هەرزاکارانەی کازمیی؛ تەنیا هیوایەکە بۆ رزگاربوون لەو چەتە سیاسیی و بنەماڵەییانەی کوردایەتی و تەواوی ئەو پاشکۆ سیاسیی و شەریکە دز و سەددامە بچکۆلانەی کە بیست و نۆ ساڵە گۆشت و خوێنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد دەکەن بە مایەی خۆشگوزەرانیی و کەڵەکەکردنی سەروەت و پارە و دەیبەنە دەرەوە و لەو خەڵکەیان شاردۆتەوە. بەڵام خەتەری گەورە ئەوەیە کە ئەم کازمیەش وەک نەوشیروان موستەفاکەی ساڵی 2009، ببێتە مایەی ساردکردنەوە و دامرکاندنەوەوی رقی پیرۆزی ئەو خەڵکە، لەو سیخوڕو چەتە نێودەولەتییانەی کە خۆیان سەپاندووە بەسەر ئەو خەڵکەدا. زۆربەمان لەبیرمانە ساڵی 2009  بزوتنەوەی گۆڕان چ ئومێدێکی بۆ ئەو خەڵکە دروستکرد و دواتر بە چ ئاقارێکدا رۆیشت. زۆر لە نیشانە و هەنگاوەکانی کازمی و ئەجێندای ئەوانەی لە پشتییەوەن هەمان راستیمان پێدەڵێن کە ئەم گەمەیەش لەو گەمە ناشیرین و قرێژە دەچێ کە نەوشیروان مستەفا کردی. هەر وەک جۆرێک لە قەدەری نەگبەتی کورد، مستەفا و مستەفازادەکان بوونەتە مڵۆزم و مایەی رۆژڕەشیی بۆ ئەو خەڵکە.

وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، گۆڕینی تاکتیک و دەمو چاوو ناوەکان نابێتە مایەی بنبڕکردن و لەناوبردنی زیهنییەتە ناقۆڵا و ناشیرینەکەی سیستم کە سەدامە کۆنەکە و سەدامە بچکۆلەکانی ئەمرۆی بەرهەمهێناوە. ئەگەر ئەو بانگەشەیەش قەبوڵبکەین کە نەوشیروان مستەفا جیاوازبوو لەوانیدی و دەیوسیت بیگۆڕێت (هەرچەندە من بە موو جیاوازی نابینم لە نێوان زینهیەتی نەوشیروانی حاجی مستەفا و مەسعودی مەلا مستەفادا)، ئەوا هەر ئەو خاڵە گرنگە بەسبوو بۆ ئەوەی بزانین کە هیچ گۆڕانێک ناکرێت، مادام نەوشیروان مستەفای دوێنێ و موستەفا کازمی ئەمرۆ نەک تەنیا بەتەمای دەستکارییکردنی سیستمەکە نین، بەڵکو نایشتوانن و ئیجازە و ئیدراکی بیرکردنەوە لە گۆڕینی سیستمەکەیشیان نییە.  ئیدی چاوەڕوانیکردنی گۆڕانکاری و هاتنەئارای ژیانێکی شایستە بۆ ئەو خەڵکە تەنیا خەونێکی کاتییە و لانی زۆر دوای ئەو هەڵبژاردنانەی کە رەنگە ساڵی ئایندە بەڕێوەبچێت، خەونەکە بەتالدەبێتەوە.

مەبەستی من ئەوە نییە کە بێهیوابم لە گۆڕان و لە هاتنەئارای شۆڕش و راماڵینی چەتە و کلیپتۆکراتەکان، دڵنیام هەر ئێستا کۆمەڵێ خەڵکی خەمخۆر و زانا، لەهەوڵی سەرڕێگاخستنی  بزاوتێکی جیاواز و پڕ لە شەهامەتدان بۆ گۆڕینی سیستمەکە نەک تەنیا دەموچاو و ناو و گرد و قەڵاکان. بەڵام هەڵچنینی قەڵای هیوا بە کازمی و بەو جۆرە لە سیاسەتی پۆپۆلیستی، جگە لە بێهیواییەکی فراوان و تووڕەییەکی بێئەژمار لە چەتە سیاسییەکانی کوردایەتی هیچیترنییە. کاتێک دایکە ئەنفالێک بە کازمی بڵێ کوردستان ئەمانەتت بێ، ئیدی هیچ قسەیەک نامێنێتەوە بۆ هیچکەس کە لە دژی ئەو ماڵباتە سیاسییە ناقۆڵایانە بکرێت. هیچ شەرعیەتێک نەماوە بۆ مانەوەی ئەوانە. بەڵام دەبینی کە هەر ئەوان بۆخۆیان وا فەرشی سوور بۆ کازمی رادەخەن و بەتەمای شەریکایەتین لەگەڵیدا بەهەر نرخێکبێت. لانیکەم گەلی کورد لەو نێوەندەدا بەهیوایە کە کازمی ببێتە هۆکاری دەست و دەنووک بڕینی ئەو چەتانە و گێرانەوەی مووچەو قووتی ئەوخەڵکە و دەرهێنانی لە بندەستی ئەو ماڵباتە ناقۆڵایانە. ئەوەش هەواڵە ناخۆشەکەیە کە هێشتا خەڵک ئامادە نییە بۆ شۆڕش و گۆڕانکاری زیهنی و بە مووچەو گۆرانکارییەکی رووکەش رازیدەکرێن.  خۆ کازمی بانگەشەی لەوە زیاتری نەکردووە وا بۆتە جێی هیوای خەلکانێکی زۆر. کەواتە رێگەکە زۆر درێژترە لەوەی چاوەرێدەکرێت و بەئیحتیمالی زۆر، لەم دەورەیەی ئێستادا، کازمیییەکەی 2020 دەبێتە نەوشیروانەکەی 2009.

بەشکردن: