ئاشتیی دوولایەنە، چارەنووسی ژنانی ئەفغانستان دوای پرۆسەی ئاشتی بەرەو کوێ دەڕوات؟
بههار عەباسی- ڕۆژهەڵاتی کوردستان
باقر ئیبراهیمی- ئەفغانستان
بیست ساڵ بەسەر شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان دەسەڵاتی ناوەندی ئەفغانستان و رێکخراوی تاڵیباندا تێپەڕیوە، دوو لایەن هەوڵ بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی ئەو شەڕە بە کردنەوەی دەرگاکانی دیاڵۆگی ئاشتەوایی دەبینن، بریار وایە بەم زووانە پرۆسەی دانووستاندن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لەو وڵاتە دەست پێدەکات.
ژنانی ئەفغانی پشتیوانی لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئامریکا و تاڵیبان دەکەن، بەڵام بە گشتی ژنانی ئەو وڵاتە نیگەرانیی زۆریان هەیە سەبارەت بە مافی ژنان و هەندێک دەستکەوت و بەها کە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا بە دەستیان هێناون. ژنانی ئەفغانی خوازیاری دیاریکردنی کۆمەڵێک هێڵی سوورن لە پەیوەندی بە پرۆسەی دیالۆگی ئاشتەوایی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان.
بەشی زۆری هاوڵاتیانی ئەفغانی و بە تایبەتی ژنان و کچان کە ئەزموونی ژیانیان لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان دا هەیە، بە دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لە هاتنەوەی دووبارەی تاڵیبان وەک رێکخراوێکی توندڕەو بۆ ناو دەسەڵاتی ئەفغانستان دەربڕیوە، لەسەر ئەو بروایەن کە ئەگەر تاڵیبان دیسان بەشداری دەسەڵات بکات ئەوە ئازادییەکانی ژنان لەو وڵاتەدا بەربەست و گرفتی جدیان بۆ دروست دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دەسەڵات دارانی ئێستای ئەفغانستان چەندین جار لەمەڕ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو وڵاتە لە هەژدە ساڵی رابردوودا بە تایبەتیش ماف و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکات بە چڕی پێداگریان کردووە، بەڵام پێناچێت کە روانگەی دەمارگرژانە و تووندرەوی رێکخراوی تاڵیبان سەبارەت بە ژنان و کچان گۆرانێکی ئەتۆی بەسەردا هاتبێت یان بەو تێڕوانینە رادیکاڵانەوە چ باوەرێکیان بە ئازادی ژنان لەو وڵاتە دا هەبێت.
سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان (۱۹۹٦ تا ۲۰۰۱)
لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان وڵاتی ئەفغانستان ببوو بە گرتووخانەی ژنان و کچانی ئەو وڵاتە و لە هەموو جۆرە ماف و ئازادییەک بێبەش کرابوون، ئەو رێکخراوە دوای گەیشتنی بە دەسەڵات و هاتنە سەر حوکم لە هەنگاوی یەکەم دا رێگریان لە چوونی ژنان و کچان بۆ خوێندنگاکان کرد، تەنانەت رێگریان لێ کردن لە چوونە سەرکار و دەرەوەی ماڵ و کۆمەڵێک رێسای وشک و تووندیان لەو وڵاتەدا پیادە کرد.
لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان دەرگای خوێندنگاکانی تایبەت لەو وڵاتە داخران و ئەوان بێ بەش کران لە خوێندن و فێربوون، لە پەنای ئەمەش دا ژنانێک کە لە بنکە و دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوەکانی مەدەنی دا خەریکی کار و چالاکی بوون دەرکران و لە ماڵەوە گۆشەگیریان کردن. هەروەها بە پێی بڕیاری رێکخراوی تاڵیبان ژنان و کچان مافی ئەوەیان نەبوو کە بە تەنیا و بێ ئەوەییپیاویان لەگەڵدا بێت لەماڵ بچنە دەرەوە.
هاوکات بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ گەرمتربوونی رەوتی دانووستاندنەکانی ئاشتەوایی لە نێوان دەسەڵاتی ئەفغانستان و رێکخراوی تاڵیباندا، ترس و دڵەراوکێ زۆربەی کۆمەڵگای ژنانی ئەو وڵاتەی داگرتووە، بەهۆی ئەوەی کە بیرەوەری تاڵ و ناخۆش و لەببرنەکراوەیان لە سەردەمی دەسەڵاتداری دۆگمایی تاڵیباندا هەیە کە بەرببوونە گیانی ژنان و کچانی ئەفغانی، نیگەرانیەک لە دووبارە بوونی رۆژانی ناخۆش و تاڵ رابردوو.
لەگەڵ گەرمتربوونی رەوتی دانووستاندنەکانی ئاشتەوایی لە نێوان دەسەڵاتی ئەفغانستان و رێکخراوی تاڵیباندا، ترس و دڵەراوکێ زۆربەی کۆمەڵگای ژنانی ئەو وڵاتەی داگرتووە، بەهۆی ئەوەی کە بیرەوەری تاڵ و ناخۆش و لەببرنەکراوەیان لە سەردەمی دەسەڵاتداری دۆگمایی تاڵیباندا هەیە
رەوشی ژنان لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان و دواتر
هاتنەئارای بابەتگەلێکی وەک بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی دوای رووخانی حکومەتی تاڵیبان بە شێوەی فەرمی هاتەبەرباس. دوابەدوای رووخانی تاڵیبان، بەشداری ژنان بە شێوەی جەماوەری واتە بەشداری لە خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان بوو، بەراورد بە کاتی تاڵیبان. بەڵام بەشداری لە سەر ئاستی رۆشنبیران، خۆپاڵاوتن و بەربژێر کردن، ئەندامێتی ژنان لە پەرلەمان و دامەزراوە سیاسی و بڕیاردەرەکاندا زۆر بەرچاو نەبوو، لە سەردەمی نوێدا لەگەڵ پەسەند کردنی کۆمەڵێک یاسا و رێسا، هەندێک هەوڵ بەمەبەستی باشترکردنی بەشداری ژنان بە ئەنجام گەیەندران.
لە سەردەمی تاڵیباندا، خوێندنەوەی زۆر دەمارگرژانەیان لە ئیسلام هەبوو، کە لەگەڵ دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان، ژنان لە هەموو مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ بەش و بێ بەریکران و دەرگای خوێندنگاکان و ناوەندە پەروەردەییەکان بە رووی کچان دا داخران و ژنانی مامۆستا لە سەر کارەکانیان دەرکران. لەو سەردەمەدا ژنان تەنانەت لە مافە سروشتی و سەرەتاییەکانیان وەک مرۆڤ بێ بەش کران. دەسەڵاتی تاڵیبان بێ هیچ ئەملاو ئەولایەک دەبێت وەک گۆڕستانی ژنانی ئەفغانستانی ناو بەرین.
نیگەرانی ژنان لە دانووستاندنەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ تاڵیبان
ژنانی ئەفغانستان زۆر نیگەرانن لەوە کە جارێکی تر بەرەوە دواوە بگەرێنەوە و لە پرۆسەی دیاڵۆگی ئاشتەوایی نێوان ئەفغانییەکان، کۆماریەت و دێموکراسی، یاسای بنەڕەتی، مافی ژنان، ئازادی رادەربڕین، پێگەی سیاسی ژنان تەنانەت تەناهی کۆی ئەفغانیەکانیش نەپارێزرێن. لەدوای رووخانی تاڵیبان «مافی مرۆڤ و ئازادی ژنان» لە دەستکەوتە هەرە گرینگەکانی دەسەڵاتی نوێ ئەفغانستان دێنە ئەژمارتن، بە واتایەک ژنانی ئەفغانی لەدوای رووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی ۲۰۰۱ دا گۆرانکاری بەرچاو و گەورە و دەستکەوتی باش و بەهێزیان مسۆگەر کردووە.
بە واتایەک دەتوانین بڵێن کە دوابەدوای رووخانی رژێمی تاڵیبان لە ساڵی ۲۰۰۱ تا بە ئەمرۆ رەوشی ژنانی ئەفغانستان باشتر بووە. بۆ وێنە: لە شارە گەورەکانی وەک کابۆلی پێتەخت بەستێنی لەبار بۆ بەشداری ژنان بە مەبەستی بەشداری لە ناوەندەکانی فێربوون و بارهێنان، کارکردن لەدەرەوەی ماڵ رەخساوە. ئەمەش وای کردووە کە خانمان لەو وڵاتە زیاتر لە پێشوو داوای مافەکانی خۆیان بکەن. «ئیلیا ئەحمەدی» یەکێک لەو کچانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان دا بە شێوەی نهێنی و شاراوە چۆتە بەر خوێندن، ئەو لەو سەردەمەدا ئەزموونی ناخۆشی و رۆژانێکی سەختی تێپەڕ کردووە. بە لەبەرکردنی «برقع» و گۆرەوی بە زۆر تا شاردنەوەی کتێب و ڕوونووسەکانی لە ئەگەری هاتنی کەسێک بۆ ئەو ماڵەی کە تێیدا وانەیان تێدا خوێندووە.
ئەو سەبارەت بە خوێندنگاکەی بەم جۆرە دەدوێت « خوێندنگای ئێمە لە ژێرزەوینی ماڵێک بوو کە ئێمە لەوێدا وانەکانمان دەخوێندن، تەنیا ژوورێکی هەبوو کە کردبوویان بە شوێنی وانەوتنەوە، کچ و کوڕ پێکەوە لە شوێنێک وانەکانمان دەخوێندن، پێیان وتبووین لە رێگادا کە هاتن هەموو کات قورئانێک بخەنە ناو جانتاکەتانەوە و لەگەڵ خۆتانی بهێنن، تا گەر کەسێکی سەر بە دەسەڵاتی تاڵیبان رێگای لێ گرتن و پێی وتن بۆ کوێ دەچن، پێی بڵێن دەچین بۆ قورئان خوێندن»
“نامەوێت ئەو رۆژە رەشانە بۆ جارێکی تر بگەڕێنەوە، رۆژانێک کە نەمدەوێرا بە ئازادی بچمە دەرەوەی ماڵ، یان بە ئازادی وانەفێرببم و لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و کۆبوونەوەکاندا بەشدار ببم، ناتوانم متمانە بە وەها کەسانێک بکەم سەردەمانێک رێگریان لێ دەکردم لە چوون بۆ خوێندنگا”
تەنانەت لە ناو ژووری خوێندنگا لەو ژێر زەویەشدا هەموویان قورئانیان پێ بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە هەرکات پیاوێک یان کەسێکی نەناسراو و سەر بە تاڵیبان سەری بەژووری ئەو ماڵەدا بکردایە، خوێندکارەکان بە پەلەپەل پەرتوک و روونووسەکانیان لە ژێر رایەخەکە دا دەشاردەوە و قورئانیان دەردەهێنا و دەیانگرتە ناو دەستیان؛ بەمەش روو بەوان وا پێشان بدەن کە بۆ فێربوونی قورئان کە پەرتووکی پیرۆزی موسڵمانانە روویان لەو ماڵە کردووە و کۆبوونەتەوە، بە گشتی ترس و دڵەڕاوکێ هیچ کات لەسەریان لانەدەچوو، هەر ئان ئەگەری هەبوو کە بکەونە دەستی رێکخراوی تاڵیبان.
ئەوان گەلێک چیرۆکی پڕ لە خەم و پەژارە و کارەساتباریان لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان لە ئەفغانستان دا هەیە، لە کاتێکدا کە رێکخراوی تاڵیبان تەنانەت چوونە دەرەوەی ژنان و کچان بۆ ناو کۆڵان و بازار بە بێ هەبوونی پیاو لەگەڵیاندا قەدەغە کردبوو و ئەوەی وەک تاوانی گەورە راگەیاندبوو، بەڵام دایکی ئیلیا ئەحمەدی لەبەر داهاتووی گەشی کچەکەی هەموو رۆژ بەرقەعی لەبەر کچەکەی دەکرد، دواتر تا خوێندگاکەی دەبرد و پاش کۆتایی هاتنی وانەکانی دیسان بەدوادا دەچۆوە و دەیهێنایەوە ماڵەوە.
دوابەدوای رووخانی رژێمی تاڵیبان و پێکهێنانی دەسەڵاتی نوێ لە وڵاتی ئەفغانستان، دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی کچانی ئەو وڵاتەدا کرانەوە، هەزاران کچ چوون بۆ فێربوون و خوێندن، بەمەبەستی بەدەست هێنانی زانست و ئەزموون و ژیانی نوێ روویان لە خوێندنگاکان کرد و خەریک بە فێربوون و خۆپێگەیاندن بوون. هەروەها ژنان بەمەبەستی پیشە روویان لە بنکە و پێگە و دامەزراوە ئیداریەکان و حکومیەکان و کارگە و کۆمپانیاکان کرد ، ئەمەش بە لەپێناو وەرگرتنی زیاتری ماف و ئازادیە تاکەکەسییەکانیان بوو کە تێکرا بە چڕی قۆڵی هیمەتیان لێ هەڵماڵی بوو.
ئیلیا ئەحمەدی دەڵێت: « بۆ چوون بۆ خوێندنگا هەوڵی زۆرم دا، گەلێک ناخۆشیم بەسەرهات، هەموو کات بنەماڵەکەم پشتیوانیان لێ کردووم، دایکی ئازیزم منی دەبرد بۆ خوێندنگە و دەگەڕایەوە و دوای نیوەڕۆ دیسان بە دوامدا دەهاتەوە؛ هەوڵ و تەقاڵای خۆم و پشتیوانی بنەماڵەکەم هۆکاری سەرەکی بوون بۆ بەردەوام بوونم، لەو کاتە دا کە دەوڵەتی کاتی راگوێزەر دروست کرا، توانیم ئازادانە بچمە خوێندنگە و لە پۆلی سێ دەست پێبکەمەوە، دوای قۆناغی دوا ناوەندی چوومە زانکۆ و ببوومە خاوەن پیشەی خۆم، پاشان توانیم لەدەرەوەی ئەفغانستان بەکالۆریۆس بخوێنم».
« ئەگەر بریارە دیسان تاڵیبان بێتەوە سەر دەسەڵات، ئێمە بەراستی نیگەرانی ئەوەین و بیر دەکەینەوە و دەڵێین ئایا بەراستی ئەو کات بە رادەی ئێستا ئێمە ئازادیمان دەبێت یا نا، بەراستی تەنگەتاوین»
گەر دەسەڵاتی تاڵیبان نەرووخابایە رەنگە چارەنووس و بیرەوەری ئیلیا ئێستا بە شێوەیەکی تر بنووسرابایەوە، بێ شک کچێک دەبوو کە ماڵەوەی لێدەکرا بە گرتووخانە، تەنانەت ئیزنی چوونە دەرەوەشی پێ نەدەدرا، چ بگات بەوەی کە خوێندنی تەواو بکات و لە کۆتایی دا بەکالۆریۆس یش وەربگرێت، یانی لە ئیشکردنی ئیلیا لە دەرەوەی ماڵ و بەتایبەتی لە بنکە و دامەزراوەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی هیچ دەنگۆیەک نەدەبوو.
تا ئەو جێگایەی کە ئیلیا ئەزموونی تاڵی سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان هەیە، لەگەڵ هاویشتنی هەر هەنگاوێک کە لە ئەنجامی پرۆسەی دیاڵۆگی ئاشتەوایی بۆ بەشداری پێکردنی تاڵیبان لە حکومەتی ئەفغانستان دا دێتە ئاراوە، دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی ئیلیا ئەحمەدی هەر دێت و زیاتر دەبن، ئەو بیرەوەری رۆژانی رەش و پڕ لە کارەساتی بۆ زیندوو و نوێ دەبێتەوە. نەک هەر ئەو بەڵکوو بە ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانستان لە هاتنەوەی دووبارەی رێکخراوی تاڵیبان بۆ ناو دەسەڵاتی ئەو وڵاتە تەواو نیگەران و ناڕەحەتن.
ئیلیا بەم جۆرە نیگەرانییەکانی خۆی دەردەبرێت: « بێشک نامەوێت ئەو رۆژە رەشانە بۆ جارێکی تر بگەڕێنەوە، رۆژانێک کە نەمدەوێرا بە ئازادی بچمە دەرەوەی ماڵ، یان بە ئازادی وانەفێرببم و لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و کۆبوونەوەکان دا بەشدار ببم، ناتوانم متمانە بە وەها کەسانێک بکەم سەردەمانێک رێگریان لێ دەکردم لە چوون بۆ خوێندنگا، ئەوانە « تاڵیبان» کە بەشداری ژنانیان لە ناو کۆمەڵگا دا قەدەغە کردبوو و خوێندنگاکانیان دادەخست، بڕوا بە وەها کەسانێک ناکەم کە لە لایەک باسی ئاشتی و رێککەوتن و لێکتێگەیشتن دەکەن، لەلایەکی ترەوە ئێستاش خوێندگاکان دەسووتێنن و بەربەست دروست دەکەن لە چوونی کچان بۆ زانکۆکان» بە بڕوای من هیچ جۆرە گەرەنتییەک نییە، واتە ئەم رێکخراوەیی تاڵیبان هەر ئەوەندەی کە لە دەسەڵاتی ئەفغانستان دا بەشدار و هاوبەش بن چ جۆرە متمانە و گارانتییەک هەیە کە بۆ جارێکی تر وەک پێشوو وڵات نەکەنەوە گرتووخانەی ژنان و کچان و دیسان ئەوان پەراوێز نەخەن و لە ماڵەوە گۆشەگیریان نەکەنەوە. ئیلیا زۆر زۆر نیگەرانەکە بە هاتنەوەی دووبارەی تاڵیبان، دەڵێن ئەگەری هەیە هەموو هەوڵ و تێکۆشان و دەستکەوتەکانی لە بواری خوێندن و کار و پیشە پووچ بکرێنەوە و لەماڵەوە دابەستە بکرێتەوە.
یەکێکی تر لە و کچە لاوانەی ئەفغانستان «سەدیقە زاهیدی» یە، کە خولیا و ئاواتی گەورەی بۆ داهاتووی گەشی خۆی هەیە، ئەو خوێندکاری پۆڵی ۱۲ی ئامادەییە و بۆ بەشداری لە کۆنکوور و چوون بۆ زانکۆ بۆ ساڵی داهاتوو خۆی ئامادە دەکات. ئەو کچە گەنجە لە پەنای خوێندن لە شاری کابۆڵی پێتەخت خەریک بە چالاکییە کولتووریەکانیشە.
سەدیقە بە هەزاران ئاواتەوە پێی ناوەتە خوێندنگا و لەگەڵ ئەو رەوشە ئاڵۆز و ناسەقامگیریەی کە ئابووری و تەناهییەی وڵاتێکی قەیراناوی وەک ئەفغانستان بە تەوای گیرۆدەیەتی، بەڵام دیسان سەدیقە توانیویەتی ۱۲ ساڵ بچێتە خوێندنگا، ئەویش لە وڵاتێک دا کە شەڕ و پێکدادان و تێکهەڵچوون لە ماوەی چەند دەیەدا هەموو رۆژێک کۆمەڵێک گەنجی تێدا کوژراوە. بە هەزاران خوێندکار و قوتابیش گیانیان لەدەست داوە.
بەڵام خۆراگری و ورە بەرزی و ئیرادەی پتەوی سەدیقە بۆ دروستکردنی داهاتووی باش، ئەویی وا لێکردووە کە هیچ کات لە هەوڵ و تێکۆشان لە بوارەگەلی وەک خوێندن و پەروەردە و فێرکردن نەکشێتەوە و لەم نێوەندەدا بەسەر هەموو گیر و گرفت و لەمپەر و بەربەستەکان بازی داوە و هەموو دەم بۆ پێشەوە هەنگاو هەڵدەگرێت.
هەر هەنگاوێکی سەدیقە ئێستا پڕە لە نیگەرانی و دڵەراوکێ، روون نییە کە ئەو ناراحەتیانە تا چ رادە و تا چ کاتێک درێژە دەکێشێن.
«دوای هاتنەوە تاڵیبان داهاتووی ئێمە چی لێدێت؟ خوێندنی ئێمە چی لێدێتەوە؟ شێوەی ژیانی ئێمە چۆن دەبێت؟ لە ئێستا دا من خوێندکاری پۆلی دوازدەی ئامادەییم و تەنگەتاوی ئەوەم کە لە دوای هاتنەوەی تاڵیبان ئایا دەتوانم بچمە بۆ زانکۆ یا نا؟»
گەرچی خولیای ژیانی دوور لە شەر ساڵانێکە لە ناو دڵی سەدیقە و ملوێنان هاوڵاتی لە وڵاتی ئەفغانستان دا وای کردووە کە ئەوان هەر چرکە ساتێک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی پایەدار چاوەرێ بکەن. بەڵام تەنگەتاوبوون بە هۆی هاوبەشی پێکردن بە رێکخراوی تاڵیبان لەناو دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا و هەروەها ئەگەری بەربەست دروست کردن لەبەردەم ئازادیەکانی ژنان و کچانی ئەو وڵاتە وای کردووە کە ئەوە رێککەوتنە و دیاڵۆگی ئاشتەوایی لەگەڵ رێکخراوێکی تووندئاژۆی وەک تاڵیبانیان بە هیچ شێوەیەک پێ قەبووڵ نەکرێت و بە مەترسیەکی گەورەی دەزانن.
سەدیقە لە رادەبەدەر دڵگرانە و خەمی ئەوەی هەیە کە چیتر نەتوانێ درێژە بە خوێندن بدات، دەڵێت « ئەگەر بریارە دیسان تاڵیبان بێتەوە سەر دەسەڵات، ئێمە بەراستی نیگەرانی ئەوەین و بیر دەکەینەوە و دەڵێین ئایا بەراستی ئەو کات بە رادەی ئێستا ئێمە ئازادیمان دەبێت یا نا، بەراستی تەنگەتاوین».
ئەو نیگەرانییانە سەدان پرسیاری بێ وڵامیان لە مێشکی سەدیقە دا دروست کردووە، دەتوانین بڵێین تەنیا بە تێپەڕبوونی کاتە کە پرسیارەکانی وڵام وەردەگرنەوە : سەدیقە دەڵێت «دوای هاتنەوە تاڵیبان داهاتووی ئێمە چی لێدێت؟ خوێندنی ئێمە چی لێدێتەوە؟ شێوەی ژیانی ئێمە چۆن دەبێت؟ لە ئێستا دا من خوێندکاری پۆلی دوازدەی ئامادەییم و تەنگەتاوی ئەوەم کە لە دوای هاتنەوەی تاڵیبان ئایا دەتوانم بچمە بۆ زانکۆ یا نا؟»
لەسەردەمی دەسەڵاتداری تاریکی تاڵیبان دا بە ئازادی لە دەرەوە بوون، خوێندنگا چوون بۆ کچان و ژنان بە بێ پیاو لە پەنایان قەدەغە بوو، لە یاسای شەریعەتی تاڵیبان دا هاتووە کە هیچ کەسێک بۆی نیە دەنگ و رەنگی ژنان لەناو جەماوەر دا ببینێت، هەموو ژنان لەو سەردەمە بە زۆرەملێ ناچار بە لەبەرکردنی «برقع»ی کرابوون و هەر کەسێک کە لەم یاسایە لای بدایە زۆربەی کات سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرا.
دانووستاندنەکانی ئاشتەوایی قەتەر
بەڵام پرۆسەی دانووستاندنەکانی ئاشتەوایی قەتەر کە بڕیارە لە نێوان دەسەڵاتی ئەفغانستان و رێکخراوی تاڵیباندا دەستپێبکات زۆر پرسیار و تێبینی بەداوی خۆیدا هێناوە، لەگەڵ ئەوەی کە چەندین جار هەواڵ و دەنگۆ لە پەیوەندی بە سەرەتای وتووێژەکان بڵاوکراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا دوو لایەن بە فەرمی لەسەر مێزی دانووستاندن دانەنیشتوون. بەرای من ئەفغانستان تا گەیشتن بە ئاشتی ناوخۆیی رێگایەکی دورودرێژی لە پێشدایە، روون نیە کە ئەو دانیشتنانە چ کاتێک بەرێوە دەچن.