قوماری دۆڕاوی شەڕی پارتیی-تورکیا دژ بە پەکەکە

ئاراس مەسیفی

هەواڵی برینداربونی چەند پێشمەرگەیەکی پارتیی لە ٣ی نۆڤەمبەردا دوای لێدوانەکەی سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان مەسعود بارزانی، کە بەڕونی باسی لە بەرپاکردنی شەڕ لە دژی هێزەکانی پارتیی کرێکارانی کوردستان کردبو ئەگەر هاتو پەکەکە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم پاشەکشە نەکات، تڕۆپکی توندیی ململانێکانی ئەو دو هێزەیە لەدوای زیاتر لە دو دەیە لەدوای وەستانی شەڕ لەنێوان ئەو دو هێزەدا.

بیانوی مەسعود بارزانی گوایە پەکەکە رێگری لە گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەم ناوچانە دەکات، لە روی واقیعییەوە بیانویەکی یەکجار بێهێزە، نەک تەنها لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم تا ئێستا لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی دەرەوەی دەستی پەکەکەش شکستی هێناوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بونی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری نێوان عێراق و تورکیاش شتێکی تازە و نوێ نییە، تا ئێستا ببێتە کێشە بۆ پارتی. بگرە بە پێچەوانەوەشەوە هێزەکانی پەکەکە بە هۆی هێرشەکانی ئەم دوایییەی تورکیا لە زۆربەی ناوچە ئاوەدانەکان بۆ ناوچە شاخاوییەکان پاشەکەشیان کردوە و سەرقاڵی خۆپاراستن و بەرگریکردنن.

بازدانی مەسعود بارزانی بەسەر دەستەڵاتی هەرسێ سەرۆکایەتیی پارلەمان و حکومەت و هەرێم، وەک رۆژنامەنوس رێبین فەتاح ئاماژەی بۆ کردوە، نەک تەنها سوکایەتیکردنێکی ترە بە دەستەڵاتە یاسایییەکانی هەرێم، بەڵکو پاساوە یاسایییەکەش زۆر بێنرخ و بێمانا دەکات، چونکە مەسعود بارزانی جگە لە سەرۆکایەتیی پارتی هیچ سیفەتێکی تری یاسایی لەناو دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە. لەبەرئەوەش ئەم شەڕە، گەر ڕێگەی لێنەگیرێت، نە شەڕی هەرێمی کوردستانی عێراقە، نە شەڕی کوردی باشورە لەدژی پەکەکە، بەڵکو تەنها بەشدارپیێکردنی پارتییە لە شەڕی داسەپێنراوی دەوڵەتی تورکیا لەدژی هەمو دەنگێک و هێزێک کە دەیەوێت لە دەرەوەی هەژمونی تورکیا نوێنەرایەتی پرسی کورد بکات. پارتی لە ئێستادا جگە لەوەی بەتەنیا شەڕی پەکەکەی پێناکرێت، نە لە هاوکێشەی سیاسی و جەماوەری عێراق، نە لە ناو هەرێمی کوردستانیش حەسودی بە پێگەکەی نابردرێت. رۆڵی پارتی لە هاوکێشە ناوخۆیییەکان و عێراق و ناوچەکە رۆژ بە رۆژ رو لە لاوازییە. هێزێکی تەواو پەناگیرکراو و لە قاڵبدراوە و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، کۆتایی بەو پەناگییریە بێنێت.

دەستبردنی پارتی بۆ کارتی شەڕی راستەوخۆ لەدژی پەکەکە بۆ ئەم مەبەستە، کارێکی هەتا بڵێی مەترسیدارە، بەڵام پێدەچێت کۆتا کارتی پارتی بێت بۆ راستکردنەوەی دۆخی خراپی پارتی کە لە ئەنجامی داخستنی پارلەمانی کوردستان لە ٢٠١٥ و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧ تێیکەوتوە. لە دوای داخستنی پارلەمانی کوردستان پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیانێکی گەورەی بە خۆی و دەستەڵاتی هەرێم گەیاند و لەبەرچاوی هەمو جیهان خۆی وەکو هێزێکی ناشەرعی داسەپێنراو  وێنەکرد. لە جیاتی بەخۆداچونەوە و راستکردنەوەی هەڵەکان، پارتی دەستی بۆ کارتی ریفراندۆم برد، بۆ ئەوەی لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرعیەتی نوێنەرایتی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بەدەست بێنێتەوە، بەڵام ئەم کارتەش پێش راکێشانی سوتێندرا و بە زیانێکی یەکجار گەورە بۆ پارتی و دەسەڵاتی هەرێم کۆتایی هات و بوە هۆی بەهێزبونی نەیارەکانی پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆی هەرێم. لە ئێستادا پارتی هێزێکی پەراوێز خراوە، ئەجینداکەی نە لەگەڵ سیاسەتی هاوپەیمانان و ئەمریکا، نەلەگەڵ ئەجیندای ئێران لە عێراق و ناوچەکە یەک دەگرێتەوە و پێدەچێت جگە لە تورکیا هىچ لایەنێکی تری بەدەست نەمابێت، کە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت، بەڵام پشتگیری تورکیاش بۆ پارتی بێ بەرامبەر و بەخۆرایی نییە، بەڵکو نرخەکەی پەڵکێشکردنی یەکجارەکی پارتیە بۆ ناو بازنەی هێزەکانی سەر بە ئەجیندای تورکیا لە ناوچەکەدا. ئەمەش بێگومان قومارێکی ترسناکە و لەوانەیە زنجیرەی زیانەکانی سیاسەتە هەڵەکانی پارتی، لە داخستنی پەرلەمانەوە تا ریفراندۆم تەواو بکات و بە پەراوێزخستنی یەکجارەکی پارتی لە پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت.

پارتی لەم شەڕەی بۆ تورکیا تەنها شتێک کە پێشکەشی تورکیای بکات، زیان گەیاندنە بە ناو و ناوبانگی پرسی کورد لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردیی، ناوچەکە و جیهان، کە ئەوەش مەبەستی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە، گەرنا پارتی لە هەمو لایەک باشتر دەزانن، کە لەم شەڕەیان لە دژی پەکەکە، وەکو شەڕەکانی تر، سەرکەوتو نابەن و لە کۆتاییدا شکست دەهێنن، چونکە جاڕدانی شەڕ لەگەڵ پەکەکە، واتە شەڕکردنە لەگەڵ شاخەکانی کوردستان، کە قوڵایی رەگەکانیان تا ئامەد و ئورفا و عەفرین درێژ دەبێتەوە. سادەییە پێمان وابێت، کە پەکەکە تەنها چەند هەزار شەڕکەرێکن بە سەر لوتکەی شاخەکانەوە و هیچیان نییە تا لەدەستی بدەن و دەتوانن زۆر بە ئاسانی بار و بارگەیان لە شاخێکەوە بۆ شاخێکی تر بگوازنەوە و گۆڕەپانەکە بۆ پارتی و تورکیا چۆڵ بکەن. ئەوەی پەکەکە بناسێت، دەزانێت کە جگە لەوەی تەنها یەک بست خاکیش بێ شەڕ بۆ هىچ لایەک جێناهێلێن، بەڵکو لە کاتی شەڕدا هەمو کارتەکانی تریش دەخەنە گەڕ. پەکەکە جگە لەوەی خاوەنی پەیوەندی فراوانی ناوخۆیی و ناوچەییە، نوێنەرایەتی زۆرێنەی کوردانی باکور و رۆژئاواش دەکات و هاوسۆزی و پشتیوانیەکی زۆریش لە ناو کوردانی باشور و رۆژهەڵاتیش و دیاسپۆڕادا هەیە. پەکەکە لە ئێستادا لە باشوری کوردستان لە روی سەربازیەوە هیچی نییە، تا لە دەستی بدات، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بار و بارگەی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، بەڵام پارتی سەرەرای پاراستی شارەکان، دەبێت لەمەودوا شاخەکانیش بپارێزێت، کە ئەمە کارێکە کە تەنها رژێمی سەددامیش بەو هەمو توانا سەربازیەیی هەیبو نەیتوانی بیکات و لە دور مەودا ئەستەمە. بۆ خۆ پاراستن لە هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا لەوانەیە پەکەکە  هەمو هەوڵێک بدات شەڕەکە بگوازێتەوە ناو شارەکانی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی پارتی و پشێوی لەناو شارەکان دروست بکات و بەمەش تورکیا ناچاری تێوەگلانی بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێم بکات. راکێشانی دەستی بێگانەش بۆ قوڵایی هەرێم کوردستان، نەک تەنها لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان سیفەتی یاسایی و دەستوریەکەی لە عێراق بە شێوەیەی فعلی لەدەست بدات، بەڵکو ئەگەری ئاژاوە و لێکترازانی سەربازی ناوخۆییش بە هێزتر دەکات، بە تایبەتىش کە لەلایەک بار و گوزەرانی خەڵک رۆژ لە دوای رۆژ رو لە خراپ بونە، لەلایەکی تریش پارتی لەگەڵ زۆربەی هێزەکانی هەرێم لە کێشەدایە.  گەر عێراق و هاوپەیمانان توانیان لە دۆخێکی وادا رێگە لە هاتنە ناوەوەی تورکیا بگرن، ئەوە واتا مانەوەی پارتی بە تەنیا لە شەڕەکە، کە دەبێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ پەکەکە و هێزەکانی تری نەیاری پارتی لە هەرێم و عێراق و بە کۆتایی یەکجارەکی دەسەڵاتی پارتی بەسەر بەشێکی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. ئەگەر حکومەتی عێراقیش نەیتوانی رێگە لە هاتنی تورکیا بگرێت، لەوانەیە پارتی بتوانێت لە کۆتاییدا بە پشتگری تورکیا دەسەڵاتی سەربازی بەسەر ناوچەکانی خۆی قایم بکاتەوە و پاشەکشە بە هێزەکانی پەکەکە بکات بۆ قوڵایی شاخەکان، بەڵام لە روی سیاسی و یاسایی و دەستوری دەبێتە هێزێکی سەر بە دەوڵەتانی دراوسێ و دەرچو لە یاسا نیشتیمانیەکان و بە تەواوی دەکەوێتە باوەشی تورکیا و حاڵی لە حاڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی سوریایی سەر بە تورکیا باشتر نابێت. لە باشترین حاڵەتدا مەسعود بارزانی دەبێتە سەرپەرشتیاری بەشێکی ناوچەکانی باکوری عێراق سەر بە تورکیا، کە تاکە ئەرکی دابینکردنی وزە و پارە و سەربازە بۆ پاوانخوازیەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا. بەمەش چارەنوسی پارتی دەکەوێتە ژێر رەحمەتی بێرەحمانەی ئەردۆغان. بۆیە لە بڕی دەستبەردن بۆ ئەم قومارە ترسناکە، باشترە پارتی بە سیاسەتە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە، بچێتە ژێر باری زیانەکانی داخستنی پارلەمان و ریفراندۆم و واقیعی تازەی هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی هەرێم و عێراق قبوڵ بکات و سیاسەتی خۆی لەگەڵ ستراتیژی بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی عێراق بگونجێنێت، لە جیاتی قومارکردن بە داهاتوی خۆی و هەرێمی کوردستان. وەکو فاکتەرێکی هێز لە بونی پەکەکە لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان بروانێت، نەک بەفیرۆدانی هێز و وزە و پارە بۆ وەدەرنانیان، چونکە ئەوە لە دەرەوەی توانای پارتییە.

بەشکردن: