چۆن لە پارتیی رزگار ببین؟

کەمال چۆمانی

ئایا پارتی کێشە گەورەکەی هەرێمی کوردستانە یان پاشکۆکانی؟

دیموکڕاسیی بنەڕەتێكی سەرەکیی حوکمڕانیی چاکە. حوکمڕانیی چاک بێ دیموکراسیی ئەگەرێکی مەحاڵە، بەتایبەت لە وڵات و هەرێمی فرەڕەنگی سیاسیی و ئێثنێسیتیی و کەلتوریی و دینیی وەک عێڕاق و هەرێمی کوردستان. -ئەگەر بیرت بۆ چین دەڕوات دژ بەو قسەیەی سەرەوە، چین ئەزمونێکی تایبەتە-.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد لە کێشەیەکی قوڵ دایە و خەڵکی قوربانیی سەرەکیین، دیسان کێشەکە نەبونی دیموکراسییە.

بەڵام چۆن؟

پارتی مۆنۆپۆڵ/دەستی بەسەر سیاسەتی ناوخۆ، عێڕاقیی، هەرێمیی و ناودەوڵەتیی هەرێمی کوردستاندا گرتوە. تاکڕەوانە هەمو بڕیارەکانیان دروستکردوە، بۆ نمونە سیاسەتی نەوت و سەربەخۆیی ئابوریی و ریفراندۆم؛ سێ سیاسەت کە بۆ نەوەکانی داهاتوش کاریگەریی خراپیان بەجێهێشتوە و ئاسان لێیان دەرباز نابین.

ئێستا دیسان پارتی رێنادات هیچ هێزێک، نە سیاسیی و نە گروپی مەدەنیی، نە هیچ سیاسەت-داڕێژەر و ستراتیجیستێک، یان رای گشتیی و میدیا، کاریگەرییان لەسەر شێوەی سیاسەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد هەبێت. پارتی بە رێنەدان و قبوڵنەکردنی بەشداریی هیچ هێز و لایەنێک و سەپاندنی رای خۆیان بەسەر سیاسەتی ناوخۆیی، عێڕاقیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستاندا، کارەساتێکیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستکردوە کە نە لە ژیانی خۆیان و نە لە گیانی خۆیان سەلامەت نین. لە ٢٠١٤ەوە خەڵک لەوپەڕی دۆخی دارایی خراپدایە، رۆژانەش دەبینین چالاک و رۆژنامەوانان چۆن بە بەرچاوی ماڵ و منداڵیانەوە دەڕفێنرێن. لەولاشەوە پارتیی خەریکی هەڵگیرساندنی شەڕێکە لەگەڵ پەکەکە. لەگەڵ هێزەکانی حوکمڕان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش خراپترین پەیوەندیی هەیە.

بۆ رزگارکردنی خەڵك لەو دەردەسەرییە کە بە هۆی پارتییەوە توشمان بوە، پێویستمان بە ئازادکردنی سیاسەتە لەبن دەستی پارتیی.

ئەوەیان چۆن دەکرێت؟

با بزانین دەتوانین وانەیەک لە شکسپێهێنانی دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە فێرببین.

شکستپێهێنانی تڕامپ کارێکی ئاسان نەبو. دیموکراتەکان تێكڕا، میدیا، کۆمەڵگای مەدەنیی، ئەکادیمیی و تەنانەت بەشێکی گەورە لە کۆمارییەکانیش، لە راستەوە بۆ چەپ، پێکەوە کاریان کرد بۆ دەربازبون لە تڕامپ. بەرەیەکی گەورەی دژ بە تڕامپ دروستبو.

کەچی لە هەرێمی کوردستان زۆربە، لەوپەڕی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، لە ئیسلامییەوە بۆ کۆمیونیست، لە ئەکادیمییەوە بۆ میدیاکار، بە ئۆپۆزسیۆن و نەیارە مێژویییەکانی پارتییشەوە، هەوڵدەدەن پارتیی لێیان رازییبێت لەبری ئەوەی سنورێک بۆ پارتیی دابنێن.

لە میدیاکانەوە، لە گوتاری سیاسیی هێزەکاندا، بە هەردو هاوپەیمانەکەی پارتییش لە حکومەت، گۆڕان و یەکێتیی، دژایەتییەکی زۆری پارتیی دەبینرێت، کەچی پارتیی هەر-رۆژ زیاتر خۆی بەسەر سیستەمدا دەسەپێنێت. هۆکارەکەی بەدڵنیایی ئەوەیە ئەو دژایەتییە روکەشە نەک دژایەتییەکی مەبدەئیی، دژایەتییەکە بەشێکی گەورەشی کەسییە، نەک ئایدیۆلۆژیی یان هەبونی پۆڵیسی/سیاسەتی جیاواز. ئەوانە هێندەی خزمەتی بەهێزبونی پارتیی دەکەن، هێندە هۆکارێک نین بۆ لاوازبونی چونکە ئەو هێزانە هەمیشە رێگربونە لە دەرکەوتنی هێز و کەسی ریفۆرمیست کە بەتەواوی دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی و و ئابوریی کوردستان بگۆڕن. ئەو گروپە سیاسیی و حیزبە سیاسییەی کوردستان، خۆیان سودمەندی هەرە سەرەکیی ئەو دۆخەن کە لە کوردستاندا هەیە. ئەوان دەیانەوێت پارتیی تەنها پشکی زیاتریان پێبدات نەک بیانەوێت بەرژەوەندییەکانی گەل پێشی بەرژەوەندییەکانی حیزب و بنەماڵە و کەسەکان بکەوێت. رونترین و بەرجەستەترین نمونە، بزوتنەوەی گۆڕانە کە چۆن ئێستا بۆتە هێزێکی پارێزەری سیستەمی گەندەڵ. ئەو هێزانە ئومێدی درۆزنانە دروستدەکەن، دواتریش ئەو ئومێدانە لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەخەنە بەردەمی پارتیی و پارتییش ئومێدی خەڵکیان لێ دەکڕێت؛ ئەوە نرخی کوشتنی ئومێدی خەڵکە. یەکێتیی و گۆڕان لەناو حکومەتدا دەبێت باش ئەوە بزانن ئەو پۆستانەی وەریانگرتوە تەنها نرخی کوشتنی ئەو ئومێدانەیە کە بۆ خەڵکیان دروستکردبو لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا نەک بەهای سیاسەت و دونیابینیی و هێز و جەماوەریان.

کێشەی هەرە گەورەی ئەمریکا لە چوار ساڵی رابردو تڕامپ بو، بۆیە هەموانی رێکخست تا لێی دەربازبن.

کێشەی هەرە گەورەی ئێمە ئەو عەقڵییەتە پاوانخوازیی، تاکڕەویی، رقاویی، بنەماڵەیی و نادیموکراتییەی پارتییە کە لە ١٩٩٦ەوە دەستی بەسەر کوردستاندا گرتوە، کەچی زۆربە نەک هەر هەوڵنادەن سنورێک بۆ پارتیی دابنێن تا کوردستان لە پارتیی دەربازبکەن و پارتییەکانیش بتوانن لە ململانێیەکی دیموکراتیک ژیان بکەن، بەڵکو هەمو هەوڵێک دەدەن پارتیی لێیان رازیبێت.

ئەو نەبونی هەست و ویژدان و کاری هاوبەش بۆ رێگرتن لە کەسانی وەک تڕامپ و سیاسەتەکانی، لە خودی تڕامپ و سیاسەتەکانی مەترسیدارترە. ئەمریکییەکان لە تڕامپ دەربازیان بو، رێیاننەدا چوار ساڵ زیاتر حوکمڕانییان بکات. ئێمە سی ساڵە بە دەست ئەو سیاسەتە دەناڵێنین کە لەلایەن کەسانی زۆر خراپتر لە تڕامپەوە ئاراستەدەکرێت.

ئێستا، دەمێکیشە تێپەڕیوە، کاتییەتی گفتوگۆی ئەوە بکەین، ئەگەر ئەو رۆحی هاوبەشیی و هاوپەیمانێتییە دروستنابێت، بەڕاستی پێویستە لە پارتیی دەربازبون بین بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکارییەکی جدیی بکەین یان لە پاشکۆکانی، واتا یەکێتیی و گۆڕان و ئیسلامییەکان و ئێستا نەوەی نوێشی هاتۆتەسەر وەک بزوتنەوەیەکی پۆپیولیستی بێ ستراتیژ و بێ هیچ پۆڵیسییەک و بەهایەکی باڵا؟ ئایا بەڕاستی پارتیی کێشە گەورەکەیە یان ئەوانەی ئومێدی خەڵک دەکوژن بۆ چونە ناو حکومەت و وەرگرتنی پشک؟ ئەم روداوانەی ئەمڕۆ لە بەغداد دروستبونە سبەی لە کۆبونەوەکەی سێ سەرۆکایەتییەکە وەڵامەکەی وەردەگرین ئایا پارتیی کێشەیە لە هەرێمی کوردستان یان لایەنە هیواکوژەکان. خەڵکی کوردستان دەزانێت بۆچی بەغداد مافە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نادات، ئەگەر ئەمجارە هێزەکان تەسلیمی پارتیی بون، کەواتە پارتیی کێشە نییە بەڵکو ئەوان کێشەن، دەبێت سەرەتا لەوان رزگار بین تا بەتەواوی سنورێک بۆ پارتیی دابنێین.

سنوردانان بۆ پارتی بە کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتیی گەندەڵکاران دێت؛ واتا هاوپەیمانێتیی یەکێتیی و پارتیی لە سی ساڵی رابردودا و دو ساڵیشە گۆڕانیشی هاتۆتە ناو، بێگومان لە رابردوشدا ئیسلامییەکانیش بەشێک بون لێی و لە دوا جاریش بێبەشکران نەک ویستبێتیان کۆتایی بەو هاوپەیمانێتییە بێنن.

ئێستا کاتیەتی، یان دەبێت هێزەکانی دەرەوەی پارتیی بجوڵێن، یان دەبێت خەڵک بەرانبەر هەمویان خۆی رێکبخات و ئالتەرناتیڤی خۆی پێشکەشبکات و بسەپێنێت.

بەشکردن:
Kamal Chomani