کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو؛ زمانێکی نوێ بۆ پرسێکی دێرین

زانا عوسمان

دەربارەی کتێبی (لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری)

تێگەیشتن لە دونیای ئەمڕۆمان بەبێ تێگەیشتن لە سەرمایەداری کاری نەکردەیە؛ سەرمایەداری ئەو چوارچێوە گشتییەیە کە هەموو شتەکانی تر لە ناویدان و هەموو کایە بەڕووکەش-سەربەخۆکان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژێر کاریگەری یاسا و ڕێساکانی سەرمایەداریدان. بەڵام سەرمایەداری چییە و چۆن لێی تێبگەین؟ یانیس ڤارۆفاکیس لە کتێبی (لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری)دا بە بەکارهێنانی شێواز و زمانێکی تایبەت سەرقاڵی وەڵامی ئەم پرسیارەیە. سەرەتا نووسەر دەستەواژەی “کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو” لەبری چەمکی “سەرمایەداری” و، “ئامێر” و “ئامرازە داهێنراوەکانی بەرهەمهێنان” لەبری “سەرمایە” بەکار دەهێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی “ئەو وشانە بە چەشنێک باری قورسیان لێ بار کراوە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم ڕوونکردنەوەی کرۆکی بابەتەکاندا.” ئامانجی سەرەکی کتێبەکە شیکردنەوەی پرسە ئابووری و سیاسییە ئاڵۆزەکانی ناو کۆمەڵگەی بەبازاڕکراوە بە زمانێک کە لاوان تێی بگەن و بەتاڵکردنەوەی ئاڵۆزی و سیحری “پسۆڕانی ئابووری”یە، چوونکە “دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو کەسێک ڕێپێدراوە بە متمانەوە لە ئابووری بدوێت، پێشمەرجی کۆمەڵگەیەکی باش و دیموکراسییەکی ڕەسەنە.” لەم سۆنگەیەشەوە، کتێبەکە لەڕێگای شیکردنەوەی چەند فیلم و ڕۆمان و ئەفسانە و شانۆنامەوە پەردە لەسەر ئەو دیوە شاراوانەی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو هەڵدەماڵێت کە پسپۆڕانی ئابووری لەناو چەمکگەلی ئاڵۆزدا دەیانشارنەوە تا ئێمە پەی بە نهێنییەکانیان نەبەین.

گەڕانەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان؛ بۆچی ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا نەبوو؟

لە سەرەتای کتێبەکەدا نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژێک کچە لاوەکەی لێی دەپرسێت: “بابە، ئەم هەموو نایەکسانییە بۆ؟ ئایا مرۆڤایەتی هێندە گەمژەیە؟” نووسەریش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی داگیرکردنی ئوستورالیا لەلایەن بەریتانییەکانەوە.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەو کاتەی بەریتانییەکان بە سووپا و چەکی پێشکەوتووەوە دەگەنە ئوستورالیا، دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئەو کیشوەرە خاوەنی هیچ چەک و کەرەستە و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا نین کە بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن؟ ئەم جیاوازییە لە ئاستی گەشەی شارستانییەتدا لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

دووبارە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسەش نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی دێرینتر و باس لە سەرەتاکانی درووستبوونی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو و سەرهەڵدانی کشتوکاڵ، پارە، دەوڵەت، سوپا، پیاوانی ئاینی و هەندێک دیاردەی دیکە دەکات.

بەرگی پێشەوەی کتێبەکەی یانیس ڤارۆفاکیس بە زمانی کوردی

کتێبەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ١٢ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لەهەندێک ناوچەی سەرزەویدا کشتوکاڵ داهێنرا و ئەوەشی ئەو داهێنانەی کردە پێویستی ناڵاندنی ئەو مرۆڤانە بوو بەدەست برسێتییەوە، چوونکە بەهۆی ڕاوکردنەوە بەشێکی زۆری ئەو ئاژەڵانە لەناو برابوون کە سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤ بوون و بەهۆی زۆربوونی ژمارەی مرۆڤیشەوە چیتر ڕووەکە سروشتییەکان دەرەقەتی تێکردنەی ئەو هەموو مرۆڤە نەدەهاتن. لەو شوێنانەدا کە داهێنانی کشتووکاڵ پێویست نەبووە، وەک ئوستورالیا، مرۆڤەکان لەوێ زیاتر سەرقاڵی مۆسیقا و سەما بوون و تەنانەت تا گەیشتنی داگیرکەرە ئەوروپییەکان لە قۆناغی پێش کشتوکاڵیدا ماونەتەوە.

بەڵام بێگومان داهێنانی کشتوکاڵ لێکەوتەی خۆی هەیە؛ بەپێچەوانەی بەرهەمە خۆڕسکەکانی وەک گوێز و توو و ماسی و دەسکەوتەکانی تری ڕاوەوە، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک دانەوێڵە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە. بەمەش دەکرێت بڕێکی زۆریان لێ بەرهەم بهێنرێت و کەڵەکە بکرێن و هەڵبگیرێن. ئەم بەرهەمە زیادە کشتوکاڵییە هەڵگیراوەش زۆر شتی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لێکەوتە شارستانییەکانی کشتوکاڵ

کتێبەکە بە وردی ئەوە باس دەکات کە چۆن نووسین بۆ یەکەمجار بۆ تۆمارکردنی کاروبارەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییەوە داهێنرا. ئەوەی کە چۆن ئەم بەرهەمە زیادەیە خۆبەخۆ دەسەڵاتێکی نوێ پەیدا دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە دەبنە خاوەنی ئەو بەرهەمە زیادەیە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکاندا ئەم بەرهەمە زیادەیە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست دەکات کە تێیدا دەوڵەت، فەرمانڕەواکان، سوپای پڕچەک، پیاوانی ئاینی و ئاینی ڕێکخراو لەدایک دەبن. ڤارۆفاکیس لێزانانە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ئەو دەزگایانە و پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕوون دەکاتەوە.

لە شۆڕشی کشتوکاڵی و شۆڕشی پیشەسازییەوە بەهای ئاڵوگۆر سەرکەوتنێکی جەرگبڕ بەسەر بەهای ئەزموونیدا بەدەست دەهێنێت و دەبێتە بەهای باڵای کۆمەڵگە بەبازاڕکراوەکانی ئەمڕۆمان

سەرکەوتنی بەهای ئاڵوگۆڕ بەسەر بەهای ئەزموونیدا؛ سەرەتاکانی شۆڕشی پیشەسازی

بەهای ئەزموونی بریتییە لە بەهای ئەنجامدانی کارێک لەپێناو ئەو چێژ و خۆشیەی ئەزموونەکە، بۆ نموونە مەلەکردن، پێمانی دەبەخشێت، بەڵام بەهای ئاڵوگۆڕ بریتییە لەو بەها ئاڵوگۆڕەی (بۆ نموونە پارە) کە بەهۆی ئەنجامدانی کارەکەوە دەستمان دەکەوێت. دەکرێت تۆ ئێوارەیەکی هاوین خۆت لەئاوی فێنکی دەریاچەیەک بهاویت و دەروونت ئاسوودە بکەیت، بەڵام دەشکرێت مەلەوانێکی پیشەگەر بیت و لەپێناو موچەیەکی مانگانەدا ببیتە یاریزانێکی یانەیەک و، بێ ئەوەی حەوسەڵەی مەلەکردنت هەبێت ناچارانە خۆت لە ئاوی مەلەوانگەیەکی پڕ ژاوەژاو بهاویت. سەردەمانێکی زۆر بەهای ئاڵوگۆڕ وەک پێویستییەک لە پەراوێزی بەهای ئەزموونیدا ژیاوە، بەڵام وەک نووسەر بۆمان ڕوون دەکاتەوە، لە میانەی شۆڕشی کشتوکاڵی و شۆڕشی پیشەسازییەوە بەهای ئاڵوگۆر سەرکەوتنێکی جەرگبڕ بەسەر بەهای ئەزموونیدا بەدەست دەهێنێت و دەبێتە بەهای باڵای کۆمەڵگە بەبازاڕکراوەکانی ئەمڕۆمان.

بە وتەی نووسەر، کۆمەڵگە دێرینەکان کۆمەڵگەگەلێک بوون کە خاوەنی بازاڕ بوون و بازاڕ ڕۆڵێکی پەراوێزی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بینیوە. بەڵام بەهۆی چەند گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتییەوە کە سەر دەکێشن بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و کتێبەکە بەوردی ڕوونیان دەکاتەوە، وردەوردە ئەو کۆمەڵگەیانەی خاوەنی بازاڕن دەبنە ئەو کۆمەڵگە بەبازاڕکراوانەی ئەمڕۆمان کە سەرجەم کاروبارەکانیان بە یاساکانی بازاڕ دەچن بەڕێوە.

سەرهەڵدانی قەرز و سوو و قازانج و پەیوەندیی نێوانیان

کتێبەکە بە وردی باس لە سەرهەڵدانی ڕۆڵی نوێی قەرز و سوو و قازانج دەکات و ئەو بانگەشەیەی قازانج‌پەرستان ڕەت دەکاتەوە کە گوایە قازانج و قازانجکردن پاڵنەرێکی سروشتیی مرۆڤە و بە داهێنراوێکی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراوی دادەنێت. شانۆنامەی (دکتۆر فاوستی)ی نووسەری ئینگلیزی ئەلیکساندەر مارلۆ ئەو کارەیە نووسەر بۆ شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان قەرز و سوو و قازانج لە کۆمەڵگەی بەبازاڕکراودا بەکاری دەهێنێت. پاشتریش لە ڕێگای بەراوردکردنی شانۆنامەکەی مارلۆ و شانۆنامەی (فاوستی) گۆتەوە، کە هەردووکیان یەک چیرۆکن بەڵام بە چەند گۆڕانکارییەکی بچووکەوە، نووسەر شارەزایانە ئەو گۆڕانکاریانە دەخاتە ڕوو کە لە تێڕوانینی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا سەبارەت بە بابەتی قەرز و سوو ڕوویان داوە.

یانیس ڤارۆفاکیس

ئەوەی دەبێتە هۆی ئەم گۆڕانکارییە ئەو شتەیە کە نووسەر بە “ئاوەژووبوونەوە مەزنەکە” ناوی دەبات. لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی زیادە بەم شێوەیە بووە: بەرهەمهێنان، دابەشکردن، پاشان قەرز. “با ئەمە ڕوون بکەینەوە: سەرەتا خزمەتکارەکان لە زەوییەکاندا کاریان دەکرد و بەروبومیان بەرهەم دەهێنا (بەرهەمهێنان). پاشان دەرەبەگەکان نوێنەری خۆیان ناردووە تا گەر بە زۆریش بووە پشکی خۆیان بسەنن (دابەشکردن). لەکۆتایشدا […] ئەوەی دەمایەوە دەرەبەگەکان […] قەرزیان لێ دەدا (قەرز).” بەڵام پاش ئەوەی سیستمی دەرەبەگایەتی هەڵدەوەشێتەوە و زەوی و دەستی کار دەبنە کاڵا، نووسەر بەوردی ئەم پڕۆسەی بەکاڵابوونە ڕوون دەکاتەوە، ئیتر “ئاوەژووبوونەوە مەزنەکە” ڕوو دەدات و پڕۆسەی بەرهەمهێنان پێچەوانە دەبێتەوە: قەرز؛ دابەشکردن؛ پاشان بەرهەمهێنان. پاشان کتێبەکە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوەکە چۆن قەرز و سوو بوونە پێشمەرجی بەرهەمهێنان و سوو ئەو لکەیەی لەسەر هەڵگیرا کە پێشتر لەسەری بوو.

لە کۆمەڵگە دێرینەکاندا بازاڕ ڕۆڵێکی پەراوێزی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بینیوە. بەڵام وردەوردە ئەو کۆمەڵگەیانە دەبنە ئەو کۆمەڵگە بەبازاڕکراوانەی ئەمڕۆمان کە سەرجەم کاروبارەکانیان بە یاساکانی بازاڕ دەچن بەڕێوە

جادووی ڕەشی بانکەکان

یەکێکی تر لەو بابەتانەی نووسەر لەسەری دەوستێت کاری بانکی و کاریگەری خاوەنبانک و پارەدارەکانە لەسەر سیاسەت و بڕیارە سیاسییە گرنگەکان. نووسەر ئەو بۆچوونەی پسپۆڕانی ئابووری ڕەت دەکاتەوە کە ئابووری بە کایەیەکی دابڕاو لە سیاسەت دەبینن و ڕوونی دەکاتەوە کە بڕیارە ئابوورییە گرنگەکان هەمیشە بڕیاری سیاسین. نووسەر دەنووسێت: “خاوەنبانکەکان چی دەکەن؟ زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە خاوەنبانکەکان نێوەندگیرێکن لە نێوان ئەو کەسانەی پارەی دانراویان هەیە بەڵام پێویستیی هەنووکەییان پێی نییە و ئەو کەسانەی پارەیان نییە بەڵام دەیانەوەێت یان پێویستە پارە قەرز بکەن؛ پارە لە پارەدارەکان وەردەگرن، دەیدەنە قەرزکەرەکان، سوویەکی زیاتر لەوەی دەیدەنە پارەدارەکان لە قەرزکەرەکان وەردەگرن و لەو جیاوازییەش قازانج دەکەن. هەرچەندە کاری باکی لە سەردەمێکی زۆر پێشتردا بەم شێوەیە دەستی پێ کرد، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە ئەو کارە نییە کە خاوەنبانکەکانی لەمڕۆدا سەرقاڵ کردووە.”

کتێبەکە لەڕێگای چێکردنی چەند گریمانە و کارەکتەری خەیاڵییەوە کارکردنی ئاڵۆزی کاری بانکی و فێڵ و تەڵەکانیان لە کلۆمەڵگە ئاشکرا دەکات و ئەو قەیران و مەترسیانە دەخاتە ڕوو کە بێباکی و قازانج‌پەرستیی خاوەنبانکەکان دروستی دەکەن. هەمیشەش خاوەنبانکەکان بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەیانەوە بە سیاسییەکانەوە خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و قەیران و بێکاری و بەدبەختییش بۆ کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵن. نووسەر زیرەکانە ئەو “جادووە ڕەشە” ئاشکرا دەکات خاوەنبانکەکان لە پشتی پەردەوە دەیکەن و پیشانمان دەدات کە چۆن خاوەنبانکەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئابوورییەکەمان دەخەنە مەترسییەوە.

قەیرانی ژینگە لە کۆمەڵگەی بەبازاڕکراودا

پێشنیاری پاڵپشتیکارانی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژینگە بریتییە لە “بەکاڵاکردنی هەموو شتێک”، واتە گۆڕینی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ خاوەندارێتی تایبەت. ئەوان پێیان وایە کە سووتانی دارستانێک بێبایەخە بۆ کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو چوونکە هیچ کەسێک خاوەنی ئەو دارستانە نییە و کەس قازانجی لێوە ناکات. گەر کەسێک خاوەنی دارستانەکە بێت و لەبەرامبەر بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکییەوە پارە وەربگرێت و قازانجی لێ بکات، ئەوکات دەیپارێزێت و ناهێڵێت بسووتێت. بە بڕوای ئەوان، گەر دەمانەوێت سەرچاوە سرووشتییەکان بپارێزین، دەبێت بیاندەینە کەسانێک کە دەتوانن قازانجیان لێوە بکەن و ئەوکات لەپێناو قازانجەکانیاندا دەیپارێزن. بەڵام با گریمانەی ئەوە بکەین کە دەریاچەیەک هەیە و ٪٥١ی ئەم دەریاچەیە هی کەسێکە و ٪٤٩ی دەریاچەکە هی ئەو کەسانەیە کە لە چواردەوری دەریاچەکەدا نیشتەجێن. ئێستە گەر دەریاچەکە بە هۆی پڕۆژەیەکەوە قازانج بکات کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە و لە بەرامبەریشدا دروستکردنی لافاو بۆ دانیشتوانی نزیک دەریاچەکە و خاوەنی ٪٤٩ی پشکەکانی کۆمپانیاکە، ئەوسا کێ بڕیار دەدات کە ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدرێت یان نا. بەپێی لۆجیکی پاڵپشتیکارانی “بەکاڵاکردنی هەموو شتێک”، ئەو کەسەی خاوەنی ٪٥١ی پشکەکانی دەریاچەکەیە و بە زیادبوونی ئاوەکە هیچ زیانێکی پێ ناگات و بەڵکو قازانجیش دەکات بڕیاری کۆتایی دەدات و ئەو کەسانەشی ماڵیان نزیکی دەریاچەکەیە و خاوەنی ٪٤٩ی پشکەکانی دەریاچەکەن هیچیان بەدەست نابێت. دەی چی گەر کەسانی نزیک دەریاچەکە هیچ پشکێکیشیان لە دەریاچەکەدا نەبێت! بەم شێوەیە پاڵنەری قازانج وا دەکات کۆمپانیاکان لەپێناو قازانجی خۆیاندا گوێ بەو زیانانە نەدەن کە بۆ ژینگە و خەڵکی هەسارەکەی دروست دەکەن، چوونکە لە ئابووریی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراودا ئەوە تاکە بژاردەیە بۆ مانەوە.

نووسەر بۆ بەرپەرچدانەوەی پاڵپشتیکارانی “بەکاڵاکردنی هەموو شتێک” پێشنیاری “بەدیموکراسیکردنی هەموو شتێک” دەکات و لەو ڕێگەیەوە پێشنیارەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژینگە و کێشەکانی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو دەخاتە ڕوو.

هەمیشە خاوەنبانکەکان بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەیانەوە بە سیاسییەکانەوە خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و قەیران و بێکاری و بەدبەختییش بۆ کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵن

تەکنەلۆجیا و ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەی بەبازاڕکراو

بە شیکردنەوەی ڕۆمانی (فرانکشتاین)ی ماری شێلی و فیلمەکانی (ماترێکس The Matrix) و (گەشتی نێو ئەستێرەکان Star Trek) و (ڕاوکەری هەڵهاتووان Blade Runner) و (وەستێنەر The Terminator)، نووسەر شیکارییەکی ورد بۆ پێگە و ڕۆڵی تەنکنەلۆجیا دەکات هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە کاتێک مەکینەی هەڵمەکەی جەیمس وات لە کارگەکانی مانچستەر و بێرمینگهامدا بەکار هات تا دروستبوونی ئامێرە زیرەکەکان لە ئێستادا و گریمانەی بەئامێرکردنی تەواوەتی پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا.

“ئەو بوونەوەرەی لەلایەن ڤیکتۆر فرانکشتاینەوە لە پارچە جیاوازەکانی تەرمەکانەوە دروست دەکرێت، گیرۆدەی دڵەڕاوکێیەکی تاقەتپڕوکێنی وجوودییە و هەر بەو هۆیەشەوە مرۆڤەکان دەکوژێت. ئامێرەکانی فیلمی (وەستێنەر)، وەک هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوی، دەیانەوێت کۆتایی بە مرۆڤایەتیی بهێنن. بەڵام فیلمی ماترێکس زیاتر دەڕوات، زەوییەک دەخاتە ڕوو کە تێیدا ئامێرەکان دەستیان بەسەر زەویدا گرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەیانەوێت مرۆڤەکان بە زیندویی بهێڵنەوە [بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی زیندەچالاکییەکانی جەستەیان].” بەم شێوەیە نووسەر ئەگەرە جیاوازەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەسایەی پڕۆسەی بە میکانیکیکردنی هەموو شتێکدا دەخاتە بەرچاومان. مرۆڤایەتی دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەوەی نێو فیلمی (گەشتی نێو ئەستێرەکاندا) خۆی ببینێتەوە کە تێیدا هەموو کاروبارەکان لەلایەن ئامێرە تەکنەلۆجییەکانەوە ئەنجام بدرێن و مرۆڤەکانیش خەریکی گفتوگۆی فەلسەفی و کاتبەسەربردن بن. بەڵام کۆمەڵگەی ناو فیلمی (ماترێکس)یش ئەگەرێکی کراوەیە، کە تێیدا هۆشمەندیی دەستکرد بایی ئەوە دەسەڵات پەیدا دەکات کە بتوانێت مرۆڤایەتی جڵەو بکات و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە. لە ئێستادا زۆر بڕیاری ئابووری و سیاسیی گرنگ هەن کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە ئاڕاستەکردنی مرۆڤایەتی بەرەوڕووی یەکێک لەو دوو بژاردەیە.

بەدەر لەم بابەتانە، کتێبەکە لەسەر چەندین پرسی تری سیاسی و ئابووری دەوەستێت، بۆ نموونە؛ بێکاری لە کۆمەڵگە بەبازاڕکراوەکاندا و چۆنییەتی چارەسەرکرنی؛ ڕۆڵی بانکی ناوەندی وڵاتان لە یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسی و ئابوورییەکاندا؛ پڕۆسەی هەڵئاوسان و داڕمانی نرخ و جڵەوکردنی قەبارەی پارەی بەردەست؛ دراوی ئەلیکترۆنی وەک بیتکۆین و هەوڵی بەناسیاسیکردنی پارە؛ هۆکارەکانی نایەکسانی چ لەئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی نێوخۆی وڵاتاندا؛ پڕۆسەی باجدان و پرسی قەرزی گشتی و لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانیان و چەندین پرسی گرنگی تر.

 

بەشکردن: