سیستەمی بازرگانیی سلێمان هەڵشۆیی؛ سیستەمی تۆپەڵە بەفرەکە

ئاراس مەسیفی

چ کاک سلێمان، چ خەڵکەکەی پارەیان بە قەرز داوەتێ، قوربانی عەقلێکی سادە و چاوچنۆکیەکی بێرادەن. ئەو نمونانەش لە هەمو کۆمەڵگە و سیستەمە ئابورییەکاندا هەبوە و هەیە، لە داهاتوشدا دەبێت، هەرچەندە ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بە یاساش قەدەغە کراوە. لە ئەمریکا کەسێک بەناوی مۆدۆلف لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهەمان سیستەمی هەڵشۆی بە ملیار دۆلاری خەڵکی ئەمریکی خستە ئەو قومارەوە و لە کۆتاییدا دەستگیرکرا و مایەپوچ دەرچو.

سیستەمی بازرگانی سلێمان هەڵشۆیی تەنها سیستەمێکی لۆکاڵی سنوردار و تایبەت نییە بە دەڤەری ئیدارەی راپەڕین و هەرێمی کوردستان. ئەو سیستەمە سیستەمێکی جیهانییە کە نمونەکەی لە زۆربەی وڵاتان هەبوە و هەیە و دوبارەش دەبێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش ساڵی ٢٠١١ لە دەڤەری قەزای چۆمان روداوێکی لەو جۆرە رویدا. ئەو سیستەمە زیاتر وردەکەمەوە و هەندێ شرۆڤەی ئابوریی و مرۆڤناسییشی بۆ زیاددەکەم.

ئەو سیستەمە زیاتر پەیوەندی بە سروشتی بەشێکی مرۆڤەوە هەیە کە لە روی ئەقڵی ئابوریەوە سادەن. لە وڵاتی ئێمە هۆشیاریی ئابوریی لە ئاستێکی زۆر کەم دایە، یان هەر نییە. ئەو ناهۆشیاریی ئابورییە تەنانەت وڵاتێکی پێشکەوتوی وەکو بەڕیتانیش پێیەوە دەناڵێنێت. مانگی رابردو ثینک تانکی ناشنەڵ ستاتیستیکسی بەڕیتانیی لە روپێوییەکەدا هۆشیاریی ئەوەیدا “زیاتر لە نیوەی بەڕیتانییەکان هۆشیارییان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئابوریی نییە”. لە روی دەرونیشەو پەیوەندی بە چاوچنۆکی بەشێکی مرۆڤەکانەوە هەیە، کە دیانەوێت لە ماوەیەکی کورت زۆرترین قازانج بکەن. ئەو چاوچنۆکییە پەیوەستیشە بەو خێرا-دەوڵەمەندبونەی بەشێکی خەڵک لە دوای ٢٠٠٣ەوە لەڕێی گەندەڵییەوە یان سودبینین لە گەندەڵییەوە دەوڵەمەند بون. ئەوانەی بە شێوەیەکی سروشتیی لە دوای ٢٠٠٣ەوە دەوڵەمەند بون، رێژەیەکی کەمە. ئەم سیستەمە لە زانستی ئابوری، بە ئابوری هەرەمی ناسراوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ هەرەمەکانی میسر. بە ئەڵمانی پێدەگوترێت سیستەمی تۆپەڵە بەفر، چونکە وەکو توپەڵە بەفرێک کە لە شاخ فرێدەدرێتە خوارەوە، تا زیاتر غلۆر بێتەوە، گەورەتر دەبێت و لە کۆتاییدا بە گەیشتن بە عەرز تێکدەشکێت.

خەسڵەتی سەرەکیی ئەم سیستەمە لە ئەساسدا دەستبڕین و فرتوفێڵە. کەسی بازرگان، پارە و کاڵا لە خەڵک وەردەگرێت بە قازانجێکی زۆر. بۆ نمونە دەفتەرێک قەرز دەکات و بەڵێنی دانەوەی دو دەفتەر دەدات لە ماوەی چەند مانگێک، بێئەوەی بیخاتە کارەوە. یانیش بێ قازانجێکی وا دەیخاتە کارەوە، تەنها بۆ روکەش.

سەرەتا بەڵێنەکانی خۆی دەباتە سەر و خەڵکێکی زۆر قازانج دەکەن. ئەمەش دەنگ دەداتەوە، خەلکێکی زۆرتر رادەکێشێت، کە ئارەزوی قازانجی خێرا لە ماوەیەکی کەمدا دەکەن. ئیتر کەسی بازرگانیش هەر لە پارەی قەرزکراوی خەڵکی تازە، قازانجی خەڵکە کۆنەکە دەداتەوە. کەسانی وەک سلێمان هەڵشۆییش، ئەمڕۆ لەناو سیستەمی ئابوریی جیهاندا، کە سیستەمە دارایییەکەی لە گۆڕاندایە، بۆ نمونە دەتوانن بڵێن لەڕێی وەبەرهێنان لە دراوێکی ئەلکترۆنییەوە قازانج دەکەن. بیستنی هەواڵی ئەوەی خاوەنی تێسلا یان ئەمازۆن تەنها لە ماوەیەکی کۆرۆنادا ملیاران دۆلاریان قازانج کردوە، یان خاوەنی فەیسبوک تەنها لەڕێی بانگەشەی بازرگانییەوە دەیان ملیار دۆلاری دەستکەوتوە، یان بیتکۆین بە شێوەیەکی خەیاڵیی نرخەکەی بەرزبۆتەوە، وا دەکات خەڵکێک کە هۆشیاریی ئابوریی و دارایی نییە، زو بکەوێتە ناو ئەو فرتوفێڵە بازرگانییانەوە. لێرە دەوری میدیا و حکومەت و دەزگاکان گرنگە کە بتوانن خەڵک لەو فرتوفێڵانە ئاگادار و هۆشیاربکەنەوە.

بەو جۆرە، لەبەر ئەوەی کۆی سیستەمەکە قازانجی راستەقینەی نییە، بەڵکو تەنها فێڵ لێکردنە، بە ماوەی کات، کەسی بازرگان قەرزی خەڵکی لەلا کەڵەکە دەبێت و پارەی لەلا نامێنێت. کاتێک خاوەن قەرزەکان گومانی ئیفلاسبونی لێدەکەن و هەمویان بەیەکەوە داوای دانەوەی پارەی خۆیانی لێ دەکەن. بەم شێوەیەش سیستەمەکە دادەڕوخێت. بۆیە کە دەڵێن، گوایە پەنچا ملیۆنی لە خەڵک وەرگرتوە، ئەوا مانای ئەو ناگەینێت، کە کەسی بازرگان بڕی پەنجا ملێۆن دۆلاری کاشی لە خەڵک وەرگرتبێت. لەو پەنجا ملێۆنە، لەوانیە تەنها ٢٠%ی پارەی وەکو کاش بەدەستگەیشتبێت، کە لەوەش بەشێکی زەرەری فرۆشتنەوەی کاڵاکانە بە نرخی کەمتر لە بازار. بەلایەنی کەمەوە ٤٠% بۆ ٥٠% کەی تر بەڵێنی قازانجە، کە گوایە دەیداتەوە.٤٠% کەی تریشی پێشەکی وەکو قازانج بە خەڵکی خاوەن قەرزی کۆن داوەتەوە، تا متمانەی پەیداکردوە. واتە خەڵکێکی باشیش لەپاڵ ئەو، قازانجی کردوە؛ هەر بۆیە بە بۆچونی من لەوانەیە تەنها چەند ملیۆنێکی کەمی کاش لە بازنەکە خولابێتەوە، نەک وەکو دەڵێن پەنجا ملێۆن. ئەو پەنجا ملیۆنەش هەر لە بازاڕی ئەو ناوچەیە دەخولێتەوە بۆیە کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر بازاڕ دروستناکات، تەنها پارەیەکی کاشە لە دەستێکەوە چۆتە دەستێکی تر، لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک خەڵک ئیفلاس دەکەن و توشی کێشەی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی قوڵ دەبن.

چ کاک سلێمان، چ خەڵکەکەی پارەیان بە قەرز داوەتێ، قوربانی عەقلێکی سادە و چاوچنۆکیەکی بێرادەن. ئەو نمونانەش لە هەمو کۆمەڵگە و سیستەمە ئابورییەکاندا هەبوە و هەیە، لە داهاتوشدا دەبێت، هەرچەندە ئێستا لە زۆربەی وڵاتان بە یاساش قەدەغە کراوە. لە ئەمریکا کەسێک بەناوی مۆدۆلف لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهەمان سیستەمی هەڵشۆی بە ملیار دۆلاری خەڵکی ئەمریکی خستە ئەو قومارەوە و لە کۆتاییدا دەستگیرکرا و مایەپوچ دەرچو. لە ئەڵمانیا و چەندان ولاتانی تری جیهان نمونەی زۆر هەن. تەنها گەڕانێکی سەرەتایی لە گوگڵ دەیان نمونەی جیهانی دەخاتە بەردەست.

سلێمان هەڵشۆیییەکان دیاردەیەکی نامۆ نین، بەتایبەت لەناو ئەو سیستەمە ئابوریی و دارایییەی لە گۆڕانکاریی دایە. پەروەردە و میدیا و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها دینییەکانیش، دەبێت دەوری خۆیان بگێڕن لەو هۆشیارکردنەوەی ئابوریی خەڵک بۆ ئەوەی توشی کێشەی وا نەبن چونکە کێشەکان هەر لەوەدا کۆتایییان نایەت کە کەسێک ئیفلاسدەکات، بەڵکو سەردەردەکەن بۆ تاوان و کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورەتر.

 

بەشکردن: