بنەماڵە هاوبەرژەوەندییەکانی کوردستان بەتەمای چین؟

ئاراس مەسفی

کێشەی ئابوری نێوان هەولێر و بەغداد لەوە گەورەترە لە چەند بەرمیلێکی نەوت و خاڵە سنورییەکان بچوکبکرێتەوە. کێشەکان جگە لەوەی چڕبونەوەی تێکهەڵکێشێکی ئاڵۆزی بەرژوەندییە ئابورییەکانی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە کە لە ململانێیەکی سەختدان بۆ راگرتن و زیادکردنی هەژمون و بەرژەوندی و دەستەڵات لە گۆرەپانی سیاسیی عێراق، رەهەندی ستراتیژی و سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیییان وەرگرتوە.

بۆیە پارتی راستدەکات کە دەڵێت کێشەی ئابوری نێوان هەرێم و عێراق بە سیاسی کراوە. خۆی ئابوری ناکرێت لە سیاسەت جیابکرێتەوە. ئابوریی سیاسی یەکێکە لە گرنگترین وانەکانی زانستی سیاسیی زانکۆکان، چونکە بێ تێگەیشتن لە تێکهەڵکێشە ئابورییەکان، ئاسان نییە رەگی زۆربەی کێشە سیاسییەکانیش دەستنیشانبکرێن. لە کەس شاراوە نییە کە سێکوچکەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە ئێستادا قەوارەی سیاسی و دەستوریی هەرێمی کوردستانیان بچوککردۆتەوە بۆ کۆمپانیایەکی بنەماڵەیی موفلیس و قەرزدار، خاڵی لە هەمو فەلسەفەیەکی حوکمرانی سەردەم. لەوەش خراپتر ئەوەیە، کە کۆمپانیاکەیان نەک تەنها توانای پێدانی موچە و موستەحەقاتی کارمەندەکانی خۆیشی نەماوە، بەڵکو هىچ بەرهەمێکیشی خزمەتگوزاری بۆ کڕیارەکانی نەماوە، کە وڵاتییانی هەرێمی کوردستانن.

بێگومان حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت و لە ئێستادا دەیەوێت سود لە پێگەی لاوازی هەرێم وەربگرێت و کلکایەتیی هەرێم بۆ تورکیا لەژێر سەرکردایەتی بارزانی بەتەواوی ببرێت و پرسە سیاسی و ئابورییەکان، کە رەهەندی سیادییان هەیە، بخاتەوە ژێر چاودێری و دەستەڵاتی بەغداد، کە گرنگترینیان پرسی سیاسەتی نەوت و خاڵە سنورییەکانە.  بۆ ئەمەش بەغدا پێناچێت بە تەنیا بێت، جگە لە لایەنی ناوخۆیی هەرێم، ئێران و ئەمریکاش بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتیوانی بەغدادن بەرامبەر هەرێم، چونکە ناچیتە عەقڵی هىچ کەسێک بەغداد چیتر بەوە رازی بێت هەرێمی کوردستان بە سودوەرگرتن لە دەستور و یاسای عێراقی، خزمەتی بەرژەوندیی دەوڵەتانی دراوسێ، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا بکات، کە جگە لە کێشەی مەزهەبی لەگەڵ بەشە زۆرەکەی وڵاتییانی عێراق، چەندان پرسی چارەسەرنەکراوی لەگەڵ بەغداد هەیە، وەکو کێشەکانی ئاو، پێشێلکردنی سنورەکان و داڵدەدانی گروپ و کەسایەتییە راکردوەکانی عەرەبی سونی هتد. لە سەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمیش، بەرهەم سالح و بەشێکی یەکێتی و ئەندامانی تری کوردی ناسراو بە گروپی  ١٥ لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی بەغدادن بەرامبەر بە دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم بە رێبەرایەتیی پارتیی دیموکراتیی. خاڵی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان لە قاڵبدانی هەژمون و شکاندنی هەیبەتی دەستەڵاتی بنەماڵەکانە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراق، هەروەها پاراستنی پێگەی ئێستا و دوبارە هەڵبژاردنەوەیانە، چ وەکو سەرۆک کۆمار، چ وەکو ئەندام پەرلەمانی عێراق. لەسەر ئاستی ناوچەییش ئێران دەیەوێت هەژمونی تورکیا لە عێراق لاواز بکات، وەک چۆن ئەمریکاش دەیەوێت پێگەی روسیا لە رێگەی لەقاڵبدانی رۆزنەفت لە هاوکێشەی نەوتی عێراق بێهێز بکات.

لە بەرامبەردا پارتی سەرکردایەتی بەرەی بنەماڵە دەستەڵاتدارەکانی هەرێم دەکات بەرامبەر بەغداد، چونکە لە ناوخۆی هەرێم  زۆربەی سەرکردە کاریگەرەکانی گۆرەپانی سیاسی هاوبەرژەوەندین لەگەڵ پارتی و نایانەوێت پارتی مەلەفی نەوت رادەستی بەغداد بکاتەوە. بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان وەکو کورەکانی تالەبانی و کۆسرەت رەسول و نەوشێروان مستەفا، هەرەوەها چەند ئەندامێکی تری کۆنی مەکتەب سیاسی یەکێتی و پارتی و بەرپرسی تری حزبەکانی تری خاوەن کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێم، سێکتەرەکانی ئابوری و بازرگانییان لەنێوان خۆیان دابەشکردوە. لە ئێستادا کاربەدەستە باڵاکانی ناو پارتی، یەکێتی، گۆڕان و بەشێکی حزبەکانی تریش سەرەرای ترسی بەشێکیان لە لەدەستچونی پشکەکانیان لە بازرگانیی نەوت، بەشەکەی تریان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەوانەی ئێستا بە بازرگانیی نەوت و بردنی داهاتی خاڵە سنورییەکان خەریکن، ئەگەر هاتو ئەم سەرچاوەیانەیان لە دەست دەربچێت، ناچار دەبن دوبارە دەست ببەنەوە بۆ بازرگانییەکانی تری وەکو جگەرە، داوودەرمان و زەوی و خانوبەرە و نەخۆشخانە و ئۆتۆمۆبیل و چیمەنتۆ، و هتد، کە ئێستا لە ژێر دەستی بەرپرسە پلە دوەکانی ئەم حزبانە دایە. بۆیە ئێستا بێدەنگییان لە پرسی نەوت هەڵبژاردوە و لە رێگەی کاراکتەرەکانی خۆیان لە ناو حکومەت و پەرلەمان وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و چەند ئەندام پەرلەمانێک و میدیاکارێک خەریکی پینەوپەڕۆکردنی دۆخەکەن و  کار بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنج لەسەر رەگی سەرەکیی کێشەکان دەکەن.

حکومەتی هەرێم تا ئێستا بە سیاسەتێکی دوفاقییانە ئەم هاوکێشەیان راگرتبو، بەوەی پێیەکیان لە بەغدا بێت و پێیەکیان لە ئەنقەرە. بونی قوباد تالەبانی لە بەغدا و مغازەلەی مەسرور بۆ تورکیا دەچێتە ئەم چوارچێوەیە، بەڵام بار و گوزەرانی خەڵک تا دێت خراپتر دەبێت، دەنگی نارەزایەتییەکان تا دێت بلندتر دەبێت و کردەی خەڵکی ناڕازی تا دێت توندوتیژتر و فراوانتر دەبێت. ئەمەش پانتایی مناوەرە و کات کوشتن بۆ پارتی و هاوپەیمانەکانی تا دێت، بەرتەسکتر دەکاتەوە.

پارتی و هاوپەیمانەکانی لە هەرێم لەوە تێگەیشتون کە بەردەوامییدان بەم دۆخە یاریکردنێکی ترسناکە بە چارەنوسی خۆیان و بەرژەوەندی دورمەودایان لە کۆی پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراق، بەڵام بژاردەکانیشیان لە نێوان خراپ و خراپترە. بەرەی بەرامبەر پارتی و هاوبەرژەوندییەکانی، هیچیان لە هەرێم نییە، تا لەدەستی بدەن، یان گەر هەشیان بێت، ئامادەن بیکەنە قوربانی و بەخشیشی داروخانی تەواوەتی سیستەمی پارتی و هاوپەیمانەکانی. بۆیە لەلایەک لە رێگەی بەغدادەوە فشارەکان لەسەر پارتی و هاوپەیمانەکانی زیاتر دەکەن، لەلایەکی تریش وڵاتییانی هەرێم لە دژی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی زیاتر هاندەدەن.

لە ئێستادا ملدانی پارتی و بنەماڵە هاوبەرژەوندییەکان بۆ مەرجە سەختەکانی بەغدا ئاسان نییە و نرخەکەی زۆرە و پێناچێت بتوانن بچێتە ژێر باری، چونکە جگە لە تۆراندنی تورکیا و روسیا، ئەگەری هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکانی ئێستا و رو وەرگێرانی هاوپەیمانە ناوخۆیییەکانی پارتی بەرە و بەغداد زۆرتر دەکات و پارتی لە گۆڕەپانەکە تەنهاتر دەکات. دورکەوتنەوەی زیاتر لە بەغداد و روکردنە ئەنقەرەش بژاردەیەکی تری پارتی و هاوبەرژەوەندییەکانیەتی، بەڵام نرخەکەی زۆر زیاترە، چونکە جگە لە شەڕفرۆشتن بە پەکەکە و بەردەوامبون و زیادبونی گەمارۆی ئابوری و سیاسی و یاسایی بەغداشی بەدواوەیە، دۆخی هەرێمیش بەتەواوی دەخاتە بەردەم حوکمی پۆلیسی و ترس و دڵەراوکێ، کە ئەمەش دژی سیاسەتی ئەمریکایە لە عێراق، وەکو لە تویتەکەی مایک پۆمپێیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەئاشکرا دەرکەوت.

لە ئێستادا پارتی و بنەماڵە هاوبەرژەوندییەکانی لە دۆخێکی هەتا بڵێی قورس و ترسناکدان. پێدەچێت تاکە دەرەچەیان، تێکەڵکردنەوی کارتەکان بێت، لە رێگەی شەڕ فرۆشتن بە پەکەکە و بەردەوامیدان بەم دۆخەی ئێستا و سپاردنی ئەم قەیرانەش بە بە قەیرانێکی تر. ئەوەش بێئومێدی لای خەڵک زیاتر دەکات و رێگە بۆ تەقینەوەیەکی تری جەماوەریی خۆش دەکات، کە لە ئێستادا ئاسان نییە بتوانرێت پێشبینی بۆ ئاکامەکانی بکرێت.

بەشکردن:
ئاراس مەسیفی