کورتەیەک دەربارەی زبڵی ڕۆشنبیران – وەرگێڕان

مرۆڤ ئاژەڵێکی ئەقڵانیە – لانی کەم ئاوایان پێ وتووم. بەدرێژایی ژیانێکی درێژ، وریایانە گەڕام بەدوای بەڵگەدا بۆ پشتیوانی لەم ڕستەیە، بەڵام تا ئێستا بەختم نەبوە ڕێم لێی کەوێت، هەرچەنە لە زۆر وڵات گەڕاوم کە دابەش بوون بەسەر سێ کیشوەردا. بە پێچەوانەوە، بینیم کە چۆن دنیا بەردەوام بەرەو شێتێی ئەڕوات. نەتەوەی گەورەم بینی، پێشتر پێشەوای شارستانیەت بوون، ڕێیان لێ شێوێنرا لەلایەن وتارخوێنانی لافوگەزافی پووچەوە. “

وتارەکە ئاوا دەست پێ ئەکات. 

ڕەسڵ کوڕە ئەریستۆکرات بوو و یەکەمجار بێ ئەوەی ناوی بزانم لە مامۆستای بیرکاری قوتابخانەی ئیشق ناویم بیست وابزانم ساڵی ١٩٩٧ بوو. مامۆستا شەنۆڵ (شەنۆڵ ئەرگینباش) لای من بەڕاستی مامۆستای بیرکاری بوو. وتی گوایە زانایەکی ڕۆژاوایی هەبوە کە سەعاتی خۆکوشتنی دیاری کردوە، ئەو ڕۆژە و ئەو کاتە خەریکی بیرکاری بوە بۆیە کاتەکە تێپەڕیوە و ئیتر پەشیمان بۆتەوە. لە ڕاستیدا چیرۆکەکە بەوشێوەیە نیە، ڕەسڵ بەڵێ بێزار بوە لە ژیان و بیری لە خۆکوشتن کردۆتەوە لە گەنجێتیدا، بەڵام بە خۆسەرقاڵکردن بە بیرکاریەوە ئیتر لەزەتی لە ژیان بینیوە و چیتر بیری لە خۆکوشتن نەکردۆتەوە. ئەم سەرەتایەش وابزانم گرنگترین خاڵی باسکردنی ژیانی بێرتراند ڕەسڵی کوڕە ئەریستۆکراتە کە باپیرە گەورە-گەورەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوە و نازناوی “ئێرڵ”یان هەیە. 

لەم وتارەدا، کە خۆشی لەناو ئەوانەدا دا ئەنێ کە دادگاییان ئەکات، ڕەسڵ سیستەماتیک سەیری ئەوە ئەکات بزانێ ئایا مرۆڤ شایەنی ئەوەیە پێی بوترێ “ئاژەڵێکی ئەقڵانی”، کە زۆرێک لە فەلاسیفە هیچ گومانیان لەسەری نەبوە؟ ئەم، جیاواز لەوان هەر چۆن قوڵبونەوەشی لە بیرکاریدا لە پرسیارکردن لەسەر یەک و یەک بۆچی ئەکاتە دوو بەهەمان شێوە پرسیار لە خۆی ئەکات: چۆن بزانین مرۆڤ خاوەن ئەقڵە؟ بۆیە بەوە دەست پێ ئەکات کە:

“ئەرستۆ، ئەوەندەی من بزانم، یەکەم کەس بوە کە بانگەشەی ئەوە بکا مرۆڤ ئاژەڵێکی ژیرە. هۆکارەکەی بۆ ئەم بۆچوونەی لەمڕۆدا زۆر سەرنج ڕاکێش نیە، ئەڵێ، هەندێ کەس ئەتوانن کرداری کۆکردنەوە بکەن.” 

خێرا ئەمە لە گۆڕ ئەنێت و ئەڵێ:

” ئەمڕۆ، هەرچەن مەکینە توانای ئەنجامدانی ژمارەکردنی هەیە لە زیرەکترین مرۆڤ، کەس بانگەشەی ئەوە ناکا کە ئەم ئامێرانە نەمر بن یان بە ئیلهامی خوایی ئیش بکەن. چوونکە کرداری بیرکاری ئاسانتر بوە، کەمتریش ڕێزی هەیە. ئەنجامەکە ئەوەیە کەوا، هەرچەن فەلاسیفە بەردەوامن لەوەی پێمان بڵێن چ کەسانێکی چاکین ئێمە، چیتر ناتوانن بڵێن لەبەرئەوەی ئەتوانین کرداری بیرکاری ئەنجام بدەین بۆیە ئاوا پیاماندا هەڵئەدرێ.”

ڕەسڵ ئاگاداری ئەوەیە کە ناکرێ لە مەحکەمەی ١٩٤٣دا ژیانی پێش زاین دادگایی بکرێت بۆیە تەنها ڕەخنەی لە جەنابی ئەرستۆ ئەوەیە:

“ئەگەر بابەتە شتێکە کەوا بە تەماشاکردن ساغ بکرێتەوە، ئەوا خۆت تەماشاکردنەکە بکە. ئەرستۆ ئەکرا ئەو هەڵەیەی دەربارەی ئەوەی کە ژنان دانیان کەمترە لە پیاو نەکردایە، بە ڕێگایەکی ئاسان کە داوای بکردایە خاتو ئەرستۆ دەمی دانەخستایە تا ئەم لە ژماردن تەواو ئەبو. ئەوەی نەکرد لەبەر ئەوەی وای ئەزانی ئەزانێ. وابزانی شتێک ئەزانی لە کاتێکدا نەزانی هەڵەیەکی کوشندەیە، کە هەمومان ئەکرێ دوچاری ببین.” 

ئەنجا سەیری ڕۆشنبیران ئەکات و وەک بیرکاریزانێک ئەڵێ بزانین کام جۆری ڕۆشنبیر ئەتوانن ئەوە ساغ بکەنەوە کە لە دەرەوەی کرداری ژمێرەیی و کۆکردنەوە بن و خۆیان بە ژیر بزانن، با لەوانەوە دەست پێ بکەین بۆیە نوسیویەتی:

“یەکەمجار سەیری کوێ بکەین؟ تەماشای دەوڵەتمەدارە دیارەکان بکەین، کە بە سەرکەوتوویی توانیویانە جیهان بگەیەننە ئەم دۆخەی؟ یان تەماشای پیاوانی نووسەر بکەین؟ یان فەلاسیفە؟ هەموو ئەمانە ئیدیعای خۆیان هەیە، بەڵام وابزانم باشترە لەوانەوە دەست پێ بکەین کە خەڵکانی باش دانیان پیا ئەنێن کە ژیرترین و باشترین مرۆڤن، کەسانی دیندار. ئەگەر ئەوان سەکەوتوو نەبن لەوەی ئەقڵانی بن، چ هیوایەک ئەمێنێ بۆ ئێمەی داماو و فانی؟”

ئیتر زۆربەی زۆری نوسینەکەی ڕەسڵ شیکاری بیروڕای پیاوانی دینی وەک سەید ئۆگستینە کە ئەوترێ پێش پیاوانی ئاینی ئیسلام وەک ئیمامی غەزالی یەکەم کەسانێ بوون کە “ژیربێژی” یان مەنتیقیان هێنابێتە ناو ئاینەوە. 

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە ڕەسڵ باسی ئەکات ئەوەیە کە زۆر بیروڕا هەن هەرچەندە هەم خۆیان چەندەها سەدە کۆنن و چەندین ڕونکردنەوەی زانستی هاتۆتە ناو ژیانی ڕۆژنەمانەوە کەچی هەر لەناو نەچوون، بۆ نمونە بابەتی ئەوەی کە هێشتا “بورج” یان بەختی مرۆڤ بە ئەستێرەکانەوە بەستراونەتەوە و خوێنەری یەکجار زۆریان هەیە دوای نیوسەدە لە نوسینەکەی ڕەسڵ:

“هەرچەن ئێمە لە قوتابخانە، ئەستێرەناسی کۆپەرنیکۆس ئەخوێنین، هێشتا نەیتوانیوە بێتە ناو دین یان بەهاکانمانەوە، و هێشتا نەیتوانیوە باوەڕکردن بە بەختی ئەستێرەکان لەناو ببات. خەڵک هێشتا وا ئەزانن پلانی خوایی هێشتا بەجیا سەیری مرۆڤ ئەکات، و نەک هەر ئەوەی کە قەدەر ئاگای لە باشەکانە، بەڵکوو خراپەکانیش سزا ئەدات.” نمونەی زەقیش کە دڵنیام خوێنەری کورد خۆی لە ماڵەکەی خۆیاندا گوێبیستی بوە و رەسڵیش لە ئەمریکای پێشەنگی جیهاندا بیستویەتی:

“بەڵام بیروباوەڕانێک کە بە هەمان شێوە بێئەقڵانەیە هێشتا لەلایەن خەڵکانێکی نەخوێندەوارەوە پەرەی پێ ئەدرێ لە مۆدێرنترین و شارستانی ترین کۆمەڵگاکاندا. من شتانێکی یەکجار بێئەقڵانەم دیوە لە ئەمریکا، کە گوایە ئەوانەی لە مانگی ئازادردا لەدایک ببن کەم بەختن و ئەوانەی لە مانگی مایسدا لەدایک ببن بە تایبەتی کەسایەتیەکی عاتیفیان هەیە.”

هەر لە وتارەکەشدا، ئەوەی لای من و زۆر کەسی تر ڕوون نیە یان ئەگەر نوسرابێتیش بەم زەقی و ڕوونیەی ئەو نیە ئەوەیە کە فیکر لای خەڵکی برسی و ڕەش و ڕووتەوە ناکرێ سەر هەڵبدات. فیکرد لای کەسانێک دروست ئەبێ کە توانای “فیکر” کردنەوەیان هەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن ئەکرێ دوای چەندەها سەدە هێشتا باوەڕ بە ئەستێرە مابێت ئەڵێ:

“من مێژووی ئەم خورافیاتانە نازانم، بەڵام ئەکرێ لە خۆشەویستیی ڕاهینە بابلی و میسریەکانەوە وەرگیرابێت. بیروباوەڕ لە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگاوە هەڵئەقوڵێ، و ئەنجا، وەک قوڕی ناو ڕووبار، بەناو چینی خوێنەواردا ئەنیشێ، ئەکرێ ٣٠٠٠ یان ٤٠٠٠ ساڵی پێ بچێت تا بگاتە بنی ڕووبارەکە.”

بابەتێکی تر لە وتارەکەدا کە دیسان بوارێکە بەندە سەرەتای لێکۆڵینەوەمە تیایدا ئەمەیە: ئایا سروشت سەرچاوەی ڕاستیەکانە؟ ئەی چ شتێک سروشتیە؟ بێگومان پرسیاری ئەوەی کە ئەگەر شتێک سروشتی نەبوو بێئەقڵانەیە؟ بۆیە ئەنوسێت:

“باوەڕ بە “سروشت” و ئەوەی بە “سروشتی” زانراوە سەرچاوەی زۆر هەڵەیە. پێشتر و تا ڕادەیەکیش ئێستاش، کارەکتەرێکی کاریگەری بواری پزیشکیە. جەستەی مرۆڤ، کە وازی لێ بهێنی بۆخۆی، توانای خۆ چاک کردنەوەی هەیە، بڕینی بچوک چاک ئەبێتەوە، سەرمایەک خۆی نامێنێ، و هەندێ نەخۆشی جدیش خۆی بێ چارەسەر چاک ئەبێتەوە. بەڵام یارمەتی دانی سروشت لەم بوارەدا زۆر خوازراوە، هەتا لەم حاڵەتانەشدا. بڕین ئەکرێ ئیلتیهاب بکات ئەگەر تەعقیم نەکرێت، سەرما ئەکرێ ببێتە ئیلتیهابی سنگ، و نەخۆشی جددیش ئەگەر هەر وازی لێ بهێنی بێ چارەسەر لەلایەن گەڕیدە و ڕێبوارانی ناوچە دورەکانەوە، کە هیچ چارەی تریان نیە.”

کەمێکیش باسی بیروبۆچونی پیاوان دەربارەی ژن و ژنان خۆشیان دەربارەی ژنان ئەکات کە بەداخەوە دیسان دوای نیوسەدە لە نوسینەکە گۆڕانکاریەکی وا گەورە نەهاتوە بەسەر بۆچونماندا. بابەتێکی تر کە لە وتارەکەدا وا ئەزانم کرۆکی ئەم بۆچونە هەڵانەی مرۆڤن، چ دینداران  و چ دەرەوەی دیندارانیش بابەتی ترسە و ترسی گشتی کە ئەنوسێت:

“ترس هەستی دڕندەیی ئەجوڵێنێ، لەبەر ئەوە ئەبێتە هۆی پەرەدان بەو جۆرە خورافیاتە تا پاساو بهێنرێتەوە بۆ دڕندە بوون. نە پیاویک نە کۆمەڵێک و نە نەتەوەیەکیش ناکرێ جێی متمانە بن بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ یان ژیران هەڵسوکەوت بکەن لەژێر کاریگەری ترسی گەورەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کەوا کەسانی ترسنۆک ئەکرێ زیاتر دڕندایەتی بکەن وەک لە کەسانی بەجەرگ و هەروەها زیاتریش خەریکی خورافیات ئەبن. کاتێ ئەمە ئەڵێم، بیر لەو پیاوانە ئەکەمەوە کە لە هەموو ڕویەکەوە ئازان، نەک تەنها بەرامبەر مەرگ. زۆر پیاو هەن کە غیرەتیان هەیە وەک جەنگاوەرێک بکوژرێن، بەڵام غیرەتی ئەوەیان نیە بڵێن، یان بیر لەوە بکەنەوە، کەوا ئەو هۆکارەی ئەمان خۆیانی بۆ ئەدەن بە کوشتن شایستەی نیە.”

لەبەر هەموو ئەو بیروبۆچوون و دواتر کوشتارانەش لە بابلیەکانەوە تا نازیەکانی سەردەمی ئەو ئەگەڕێنێتەوە بۆ زبڵی ڕۆشنبیرانە کە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکانی خوار ڕۆشنبیران لە ترسی ناوزڕانیان لەناو خەڵکدا خۆیانی بۆ بەکوشت بدەن. چ وەک نازیەک بۆ لەناوبردنی جولەکە کە گوایە فڵان و فیسار عادەتیان هەیە یاخود وەک ئەمڕۆ کە فڵان نەتەوە هۆکاری چەرمەسەری فیسار نەتەوەن. 

بۆیە هەر لەسەرەتاوە بێهیواییەکەی لەم جۆرە زبڵەی ڕۆشنبیران ئەخاتە ڕوو ئەڵێ:

“بەداخەوە – هەرچەن بەوپەڕی ڕێزەوە ئەمە ئەڵێم – هەندێ کات هەبوە کە حیکمەتی ئەوان زۆر دەرنەکەوتووە، و شتێکی سەیریشە بڵێم، ئەمە لە کاتێکیشدا بوە کە دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی گەورەترین بوە.” واتە کاتێک ئەبوایە پیاوانی دینی کە سەردار و دەسەڵاتداری دنیا بوون ژیریان ئەمسەر و  ئەوسەری زەوی بگرتایتەوە کەچی حیکمەتیان بەو شێوەیە و لەو ئاستەی سەردەمی خۆیاندا کە ئەبوایە دەرکەوتایە دەر نەکەوتوە. 

تەواوی وتارەکە لە ماڵپەڕی ئارکایڤ.ئۆرگ بخوێنەوە لە ئێستادا بە پدف و ئیپەب

ڕاستەوخۆ لەم بەستەرەوە ئەتوانی پی دی ئێفەکەی داگریت

 

بەشکردن: