تەکنەلۆژیای نوێ؛ پڕۆژەی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی مرۆڤ

دانا نازەنین
تراژیدیای سەردار ئەوەیە کە ناتوانێ لە پەیوەستی بەکۆیلەکەیەوە هەڵ بێت.

(هێگڵ)

ئەم وتەی هێگڵ بەدیوەکەی تریشدا دەکرێت ڕاست بێتەوە کە؛ تراژیدیای کۆیلە ئەوەیە کەناتوانێت بەپەیوەستی لەسەردارەکەیەوە هەڵ بێت. پەیوەندی کۆیلە و سەردار لەچاخی تەکنەلۆژیای زیرەک و هایپەرمیدیا و ئەپی ئەلگۆریزمیدا چیە؟ ئایا تەکنەلۆژیا و فەلسەفەی نیولیبراڵیزم و ئابوری بازاڕی ئازاد و ئۆنلاین ئەم ویستی سەرداری و کۆیلەبونەی مرۆڤی کۆتایی پێ هێناوە؟ مرۆڤ لەنێو فەزای مەجازی و سایبەرسپەیسدا چۆن پێناسەی خۆی دەکاتەوە، پەیوەندە کەسیەتی، کلتوری،ڕەگەزی، و سیاسی و ئابوریەکانی چیان بەسەردێت لەنێو دونیای بەرزە-تەکنەلۆژیدا؟ پەیوەندیەکانی مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەسەڵات، دەسەڵات و کۆمپانیاکان، کۆمپانیا و مرۆڤەکان لەنێو دونیای بەرزە تەکنەلۆژیدا چ ئاڕاستەیەک وەردەگرن و بەرەو کوێ دەڕۆن؟ دەرکەوتنی فیگەرە سیاسیە سینەمایەکانی وەک ترامپ لەناو سۆشیاڵ میدیا و تویتەرەدا بۆچی دەگەڕێتەوە، بۆچی ئێستا ئەوەندەی باس لەبیڵ گەیتس و زوگنبێرگ و جیف بیزۆس و پیتەر تیەڵ و تاکەکەسەکان دەکرێت هێندە باس لەکۆ و دامەزراوەکان ناکرێت؟ چگە لەهەموو ئەمانەش داخۆ تەکنەلۆژیا خۆبەخۆ داماڵراوە لەئایدۆلۆژیا یاخود نا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکرێ ئەم نوسینە لەبارەی کالیفۆڕنیا ئایدۆلۆژیەوە هاوکاربێت، کەهەوڵم داوە بە خوێندنەوەی خودی نوسینەکە پوختەیەک لەنوسینەکەلێرە داڕێژمەوە بەبێ خیانەتکردن لەخودی دەقەکە، وەرنەگێڕانی تەواوی دەقە پەیوەست بوە بەهەنێ کۆدی زەمەنی و شوێنی دەقەکەوە، کە بۆ زەمەن و شوێنێکی دیاریکراو ڕاستن و زانراوبون نەک گڵۆباڵ و پەیوەستیەکی بەخوێنەری کوردەوەهەبێت بۆیە هەوڵم داوە پوختەیەک لەو دەقە داڕێژمەوە و بخەمەڕو.

کالیفۆڕنیا ئایدۆلۆژی پڕۆژەی داڕشتنەوەی داهاتوی مرۆڤایەتیە کەبیرۆکەی یەکگرتوی پسپۆڕانی تەکنەلۆژی، ئابوری ئازاد و دژە کلتوریەکانی خوازیاری ئازادی ڕەهایە. ئەم پڕۆژەیە بەدەر لەوەی پڕۆژەیەکی سیاسی بێت پڕۆژەی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی مرۆڤە.
لە ١ ی سێپتەمبەری ١٩٩٥ هەردوو ئەکادیمیست و نوسەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و هایپەرمیدیا ڕیچارد باربرۆک و ئەندی کامیرۆنی بەریتانی لە وتارێکدا سەرهەڵدانی ئایدۆڵۆژیا و بیرۆکەیەک وەک چاخێکی نوێی مرۆڤایەتی دەخەنەڕوو ڕەخنەی دەکەن، ئەم وتارە دواتر و تائەمڕکەش جێی مشتومڕی ڕۆشنبیرانی ئەوروپیە.

بارۆک و کامیرۆنی لەوتارەکەیاندا ئەوە شیدەکەنەوەکە ئەرسەدۆکسیەکی جیهانی کەپەیوەندیە لەنێوان کۆمەڵگاو تەکنەلۆژیا و سیاسەت دا لەئارادایە و ئەم ئەرەدۆکسیەش ناو لێدەنێن [ئایدۆلۆژیای کالیفۆڕنیا]، کە تێهەڵکێشیەکی ئاڵۆزە. ئەم تێهەڵکێشیە ئاڵۆز و پارادۆکسیەی تەکنەلۆژیا لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی لیبراڵدا وادەکات قسەکردن لەسەر داهاتو لەڕوی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە بێ بەها و بێمانابێت.

ئایدۆلۆژیای کالفۆڕنی تێهەڵکێشیە لەنێوان سایبەرنێتیکەکان(پسپۆڕانی نیتوۆرک) و پسپۆڕانی ئابوری بازاڕی ئازاد و دژە کلتوریە ئازادی ڕەها خوازەکاندا لەنێو ئەمەریکادا و ئەوروپاش وەک پاشکۆیەکی ئەمەریکی بێگومان ئەم پڕۆژەیە بەکۆپی کراوی دێنێتە ناو کۆمەڵگەی خۆیەوە و دواتر جیهانی دەبێتەوە.

لەکۆتای شەستەکانی سەدەی ڕابردودا (مارشاڵ مکلوهان) ئەوە دەخاتە ڕوو کە هێز و قورسایی دامەزراوەیی و حوکومەتی بەهێز پاشێکشێی پێدەکرێت لەلایەن تەکنەلۆژیاوە کە لەبنەڕەت دا ئیعتیمادی لەسەر تاکایەتیە و ناوەندی پێکگەیشتنی کۆمیوتەربون و میدیا و پەیوەندی ئینتەرنێتیە بۆ بونیادنانی دیموکراسی ڕاستەوخۆی ئیلیکترۆنی.

بارۆک و کامیرۆنی پێیان وایە پێشڕەوە چەپە ڕادیکاڵەکان لەسەر بەرمەبنای ئەم پێشبینیەی ماکلوهان زانیاری تەکنەلۆژیان وەک جێگرەوە و ئەڵتەرناتیف بەکار دێنن بۆ جێگرتنەوەی میدیای دامەزراوەی ڕەسمی کە لەلایەن حوکمەت و دامەزراوەی حوکمیەوە نوێنەری دەکرێت.

لەکۆتایی ٧٠ و ٨٠ کانی سەدەی ڕابردودا زۆرێک لە پڕۆگرام و پێشکەوتنە کۆمپیوتەریەکان پێشخران لەلایەن چەند کەسانێکی چەپی نوێ و دژە-کلتوری گەشبین بەتەکنەلۆژیا و داهاتوی تەکنەلۆژیەوە. لە٩٠ کانیش دا هەنێک لە هیپیسە پێشینەکان(هیپیستەکان بزوتنەوە وکەسانێکی ناڕازی و دژەکلتوری بون لەشەستەکانی سەدەی ڕابردو لەئەمەریکا سەریانهەڵدا) تەنانەت بونە خاوەن و بەڕێوەبەر لە دامەزراوەکانی بەرزە-تەکنەلۆژیادا و ئەمەش بویە دەرفەتی بەکارهێنانی ئەم تۆڕ و دامەزراوە تەکنەلۆژیانە بۆ پێشڕەویکردن و چالاکی نواندنی کۆمەڵایەتیان.

کۆمپانیاکانی تایبەت بەبواری تەکنەلۆژی پێیویستیان بەتواناو لێهاتویی ئەم جۆرەکەسانەبو وەک کرێکاری بنەڕەتی و گرنک لەکۆمپانیاکانیاندا کاربکەن بۆ دروستکرن و بەرهەمهێنانی پڕۆگرامە کۆمپیوتەریەکان و بەشەنەرمەکانی کۆمپیوتەر. ئەم چینە دەتوانرێت بە [چینی مەجازی virtual class] ناویان لێبنرێت کە تەکنۆڕۆشنبیرانی بواری مەعریفی و ئەندازیاران و زانایانی کۆمپوتەر و بەرهەم هێنەرانی یاریە ڤیدیۆیەکان و هەنێ بواری تری سەر بەم سکیڵە بون. کە لەتوانادا نەبو چێگەیان بە ئامێر پڕبکرێتەوە، بۆیە کۆمپانیاکان ناچاربون کە گرێبەستی پاراستنی هەمیشەیی بەپاراستنی ئازادیەکەسیەکانیان لەگەڵدا ببەستن و بەم جۆرە بونە [کرێکاری ئەریستۆکرات Labour aristocracy] ی ئەم سەدەیە وە ئەم جۆر و کرێکارە ئەرستۆکراتانە بەجۆرێک سودیان لە بنەماکانی بازاڕی ئازادبینی. لەلایەکی تریشەوە بەدەر لە موچە باشەکەیان ئازادیە فراوانەکەیان لەسەر کار و ناوەندەکانی کارەوە لەدەرئەنجامدا وایکرد کە کلتوری ئازادیخوازانەی ئەم هیپیستانە لەگەڵ پیاوانی خاوەن و ناودامەزراوەکەدا لێکترازانی لێبکەوێتەوە و ببێتە پەیوەندیەکی بێزارکەر، بۆیە لەدەرئەنجامی ئەمەدا کالیفۆڕنیا ئایدۆلۆژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هەردولا بەشێوەیەکی خۆویستانە نێوەنگیری کرد بۆ دیسپلەینکردنی ئابوری بازاڕی و ئازادیە ڕادیکاڵیەکانی کرێکارە هیپیستە کارامەکەکان. ئەم تێهەڵکێشە بێزارەش لەڕێگەی چەسپێنراوی تەکنەلۆژیەوە جێبەجێ کرد، بۆ یەکپێگرتنی ئازادی هیپیتیست و چەپەنوێکان لەگەڵ ئازادی ڕاستڕەوە نوێیە لیبراڵە خاوەنکارەکان لەشوێنی کاردا.کە ئەم کێشەی ملمانێی ئازادیە لەنێوان چەپە نوێکان و ڕاستڕەوەنوێکاندا وای لەڕاستڕەوەکان کردبو بگەڕێنەوەبۆ ئابوری ئازادی تەقلیدی، بەڵام ئەم نیمچە گەڕانەوەیە بویە بەدیل لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.کە ئەم ڕیترۆ-یۆتۆپیایە پێشتر لەلایەن نوسەرانی داستانە زانسیەکانی وەک ئیسحاق ئەسیمۆڤ و ئەوانی تریشەوە پێشبینی کرابو.

وەک ماکلیهان ئاماژەی پێدابو ئایدۆلۆژیای کالیفۆڕنیا تەنها تێهەڵکێشکرندن و بەیەکداچونێکی ناپێشبینیکراو و سەیری نێوان ڕاستڕەوە نیولیبراڵیستەکان و چەپە ڕادیکاڵە نوێ و دژەکلتوریەکان نیە لەڕێگەی حەتمیەتی تەکنەلۆژیەوە. بەڵکو لەلایەکی تریشەوە، دژە-کۆمپانیا و دژە-دامەزراوەکانی ناو چەپە نوێکان پارێزراون لەلایەن پارێزەرو نوێنەرانیان لە ناو کۆمەڵگەی مەجازیدا کە کرێکارە ئەرستۆکراتەکانن. بەپی لێکدانەوەی ڕابەرە ڕۆحیەکەیان[هاوارد ڕهینگۆڵد] بەهاکانی دژەکلتورەیە دەنگ بەرزەکان بەردەوام دەبن لەشێوەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاریدا.

چالاکەوانانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بەرفراوان هایپەرمیدیا بەکاردێنن بۆ چێگرتنەوەی سەرمایەداری دامەزراوەیی و دامەرزاوە و کۆمپانیای سەر بەحوکمەت و حوکمەتی بەهێز بەهۆی ئاڵوگۆڕی زانیاریەکان بەشێوەیەکی ئازادانە لەنێو بەرزە تەکنەلۆژیدا لەنێوان بەشداربواندا. بەتێڕوانینی ڕهینگۆڵد چینی مەجازی هێشتا لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگارین بۆ ئازادی. سەڕەرای دەستێوەردانی سیاسەت و کۆمپانیای حوکومەت لەداڕشتنەوەی زانیاری تەکنەلۆژیدا بەڵام دیموکراسی ڕاستەوخۆ لەنێو کۆڕبەندی ئیلیکترۆنیدا[ ئیلیکترۆنیک ئیگۆرا- مەبەست تۆڕی مەجازی و نیتۆرکیە] دا سەرکەوتنی بەرچاو بەسەر دامەزراوەکان و بیرۆگراتیەتی دوژمنیاندا بەدەس دێنێت.

بەپێی ئەم فێرژنە پێشبینی کراوەی کالیفۆڕنیا ئایدۆلۆژی ئەندامەکانی چینی مەجازی هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کەببنە بزنزکارێکی سەرکەوتو لەدەرەوەی دامەزراوەوە، بۆیە تەکنەلۆژیایی زانیاری هێز بەتاکەکان دەدات لەبەرابەر دامەزراوەدا، و نرخ بە ئازادی کەسیەتی دەدات و بەشێوەیەکی خۆبەخۆ ئەمەش پاشەکشێ بەهێزی دەوڵەت-نەتەوە و دامەزراوەی گشتی دەکات.ئەم دامەزراوە بەهێزانەی کۆمەڵگە و سیسەت و یاسا شوێنیان پێدەگیرێتەوە بەهۆی یەکگرتنی هێزی تاکەکەسی و سۆفتوێرەکانیانەوە. ماکلوهان هۆشیارانە ئەوە دەخاتەبەرباس کە حوکمەتی گەورە پاشەکشێی پێدەکرێت و خاوەن بزنزە کەسیەکان خۆیان قوت دەکەنەوە و ئەوان دەبنە خاوەنی سەرمایەی پێویست بۆڕوبەڕوبونەوە لەڕوی هێزی تەکنەلۆژی و ئابوریەوە، وە هەر ئەم میکانیکەش دەتوانێ داهاتوو ڕێبەریبکات و گەرەنتی ئازادیەتاکە کەسیەکان بکات لەنێو فەزای ئیلیکترۆنی سایبەرسپەیسی جیفرسۆنی دا.

ئەگەر لەدووسەد ساڵی ڕابردودا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی خزمەتی بە بەهێزی و بەرەوپێشچونی دامەزراوەی حوکمی کردبێت و بوبێتە هێزێکی باش بەدەس حوکمەتەوە، ئەوە سەیریەتی کالیفۆڕنیا ئایۆلۆژی لەوەدایە کە تاکەکەسی لێهاتو لەئێستەدا خۆی دەبێتە خاوەنی سودەکانی تەکنەلۆژیا و بەرهەم هێنان حوکمەت دەبێتە پاشکۆ، کە بۆ پێشخستنی خۆی پێویستە لەکۆمپانیایی تاکەکەسیەکانەوە کەلوپەل و پڕۆگرامەکان بکڕێتەوە بەپارەی تاکس و داهاتی خەڵکی. کە ئەم بڕە پارە گەورانەی گشتەی خەڵک لەڕێگەی حوکمەتەوە دەدرێت بەو تاکەکەسە شارەزایانەی ناو سلیکۆن فالی و پیشەسازیەکانی تری بەرزە-تەکنەلۆژی کە دەبێتە سودێکی زۆر بۆتاکەکەسە خاوەن دارەکان ، لەلایەکی تریشەوە ئەوان دەبنە خاوەن بیر و ویستی ئاڕاستەکردنی خەڵکی لەڕێگەی داهێنانەکانیانەوە بەبەشداری پێکردنێکی کەمی حوکمی و کرێکارەکانیان.

ئایدۆلۆژیای کالیفۆڕنیا کە دۆگمایەکی دژە سیستمە گەشەو فراوانی بەخۆیەوەبینی بەهۆی شکستی خۆنوێکردنەوەی دەوڵەتی ئەمەریکیەوە بۆ ئازادیەگشتیەکان، و لەکۆتایدا کالیفۆڕنیا ئایدۆلۆژی بویە ئەڵتەرناتیف بۆ ئازادیە تاکایەتیەکانی هیپیستەکان، لەلایەکی تریشەوە دیوێکی تری ئایدۆلۆژیای کالیفۆڕنیا ئەوەیە کە ئازادی تاکەکەسی چیدیکە بەهۆی هەڵگەڕانەوە لەسیستم بەدەستناخرێت، بەڵکو نەرمی دەکاتەوە و دەیتوێنێتەوە لەنێو یاسا سروشتیەکانی تەکنەلۆژیا و بازاڕی ئازاد دا.

فۆلکلۆری ئەمەریکی پێکهاتوە لە تاکە جیاوازەکانی ناو چین و ڕەگەزە جیاوازەکان، کاوبۆیەکان، ڕاوچیەکان، واعزانی دینی، وە نیشتەبوە بێگانەکان. کە کۆماری ئەمەریکی ئەوەی لەبیرکردوە جیاوازی و پێکدادان لەناو دڵی خەونی ئەمەریکیدایە، کە هەنێ لەم چین و تاکانە سەرکەون و پێگەشتنیان تەنها لە ناو ئازارەکانی ئەوانی تردایە.تۆماس جێفرسن ئەم خاسیەتی دوانەیی سروشتیەی ئازادی تاکەکەسی دەخاتەڕوو. ئەم پیاوە کە نوسەر و پێشڕەو و بانگدەری دیموکراسی و ئازادی بوە لەهەمانکات دا خۆی گەورەترین خاوەنداری کۆیلەکان بوە.

سەرەڕای ئەو ئازادی و بزوتنەوە و جوڵانەوەی مافی هاوڵاتی، بەڵام هێشتا جیاکاری ڕەگەزی لەناو سەنتەری بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکادا حەشاردراوە بەتایبەت لەنێو کالیفۆڕنیادا، لەپشت بانگهەڵدانی ئازادی تاکەوە ترسی هەڵگەڕانەوەی کۆیلەکان لەلای خاوەنەکانیان ترسێکی ئامادەیە، لەهەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی ئەم دوایانەدا، کۆماریەکانی کالفۆڕنیا هەڵبژاردنەکەیان بردەوە تەنها بەوروژاندنی ڕق دژ بەپەنابەران وە لەهەنێ شوێن تەنها بەهۆی جوڵانی ڕق و ترسی سپیپێستەکان لە ڕەشپێست و پەناهەندەکانی مەکسیکۆ و ئەوانی ترەوە. بەرزە-تەکنەلۆژی هاوکارێکی تەواو بوە لەقوڵکرنەوەی ئەم جیاوازیە ڕەگەزیەدا بەڵام بەڕێگەیەکی تر کە لەڕواڵەت دا وادەردەکەوێت ڕێگەچارەیش بێت. چێژ و ویست و دەسەڵاتی تاکەکەسی و دامەزراوەی یەکگرتوی ناو سایبەرسپەیس و دونیای مەجازی هاوکاریکەری پارچەکردنی کۆمەڵگەی ئەمەریکیە بۆ دژبەربون بۆچینی ڕەگەزی دژبەیەک. هەر لەسەرەتاوە جیاوازیەکە دەردەکەوێت بەوەی کە هەنێ ناوچەی هەژار لە هێڵی ئینتەرنێتی بێبەشکراون بەهۆی کەمی پارەوە لەکاتێکدا کە یپیسەکان(چینی خۆشگوزەران) لەگەڵ منداڵەکانیاندا خۆیان لێبۆتە قارەمان لەناو یاریە کۆمپیوتەریەکان لەنێو دونیای مەجازیدا بەبێ ئەوەی ئاگایان لە برسیەتی دراوسێکەیان بێت لەتەنیشتیانەوە.

زۆرێک لەوانەی کە لەنێو بەرزە-تەکنەلۆژی و دامەزراوەی میدیایدا ئیش دەکەن لە ئەندامانی چینی مەجازی باوەڕیان وایە کە تەکنەلۆژیای نوێ لەتوانایدایە کێشە کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و ئابوریەکانی ئەمەریکا چارەبکات بەبێ قوربانیەک لەلایەن ئەوانەوە. بەتەنیشت ئەم چیاوازیە کۆمەڵایەتیە هەرەفراوانەوە، سیاسەتێکی تری مەحرومکردن و دژایەتی کردنی نوێ سەری هەڵداوە کەجیاوازی، دەوڵەمەندی لەزانیاری و هەژاریە لەزانیاریە لەنێوان ئەوانەی دەتوانن سود لەزانیاریە تەکنەلۆژیەکان وەربگرن لەگەڵ ئەوانەی کەناتوانن سودمەندبن لێیی بەهەر هۆکارێک بێت.

هیگڵ ئەوەی دەسنیشانکرد کە تراژیدیای سەردارو خاوەن کۆیلە ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانێت هەڵبێت لەپەیوەستیەکەی بەکۆیلەکەیەوە. هەمیشە سپیپێستە خانەدان و خاوەنپارەکانی کالفۆڕنیا پێویستیان بە پێست ڕەشە هاوڕێ و خزمەتکارەکانیان هەبوە بۆ ئەوەی کار لەکارگەو ماڵ و شوێنەکانیادا بکەن و چاودێری مناڵەکان و خانو باخجەکانیان بکەن بێ ئەوەی زیانبگەیەنن لەبەرژەوەندیە مادیەکانیان ، بەڵام لەئێستەدا خۆخاڵیکردنەوەی ئەم ویست و ڕۆحیەت و بارە دەرونیەی سەرداربون لەگەڵ ئامێرە تەکنەلۆژیەکاندا بەتاڵ دەکەنەوە. بەکۆیلەکردنی مرۆڤ لەکۆتایدا بەرەو بێزراوێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی دەچێت، ئامێرە میکانیەکان چیێان دەگرنەوە،لەگەڵ ئەوەدا کە ماشینەکان بەهێز وکارکەربن بەڵام ناتوارێت ڕۆڵی کۆیلەبونی مرۆڤ بسڕێتەوە، چونکە هیچ کرێکارێکی کۆیلە ناتوانێ بەڕێکی کاری خۆیبکات گەر کۆیلەیەکی دی چاودێری نەکات کەمرۆڤە، بۆیە ئەم ماشینانە ڕۆڵی ناوەندگیر دەگێڕان لەنێوان سەردار و کۆیلەکاندا.

بەشکردن: