وینثرۆپ رۆجەرز، تایبەت بۆ کوردستان تایمز

وەرگێڕانی: رێنوار نەجم

دوای چوار ساڵی سەخت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی، چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەی بایدن وەک سەرۆک دەیکات و دەیڵێت زۆر بەرز دەڕۆن. بۆ زۆرێک، لەنێویاندا کورد، هەڵبژاردنی نوێنەری دیموکراتەکان هەلێکە بۆ دەستپێکێكی نوێ. بایدن مێژوویەکی هەیە لە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کورد؛ لە ڕاستیدا دەزگایەکی توێژینەوە (Think Tank)ـی ئەمەریکی پێشبینی دەکات بایدن ببێتە پاڵپشتیکارترین سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کورد لە مێژوودا. ئاسانە بەم جۆرە بیرکردنەوەیە بخرۆشێیت و سواری ئەو شەپۆلە خۆشبینانە ببیت کە لەسەر بنەمای ئاماژە سەرەتایییەکان و هەڵبژاردنی ستافەکە بنیاتنراوە، بەڵام کارێکی باش دەکەین گەر چاوەڕوانییەکانمان سنوورداربکەین بۆ ئەو جوغزەی ئەم ئیدارە نوێیە دەتوانێت و دەیەوێت بیکات بۆ کوردستان.

قسەکردن لەبارەی کوردەوە بە شێوەیەکی گشتگیر دروست نییە بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتی پارچەپارچە و لێکدابڕانی جوگرافی، بەڵام کارێکی زەحمەت نییە ببینین چۆن هەموو کوردەکان لە عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ و بڕیارەکانی سەرکردە ناجێگیرەکەیەوە توشی ناڕەحەتیی بون.

لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧ و لێکەوتە کارەساتبارەکانی، ئیدارەی ترەمپ لەسەر حوکم بوو. سەرەڕای دامەزراندنی پۆڵ مانفۆرت لەلایەن دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە وەک ڕاوێژکار، کە کەسێکی دۆست و لایەنگری ترەمپ بوو لەهەمان کاتدا بەهۆی ساختەکارییەوە سزادرابوو، ئەوانەی بانگەشەیان بۆ ڕایفراندۆم دەکرد نەیانتوانی قەناعەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان بێنن دەستبەرداری سیاسەتی “یەک عێراق” بهێنێت و پشتگیریی جوڵەکانی سەربەخۆیی بکات. دەشێت حکومەتێکی بەهێزتر لە ئەمەریکا بڕوای بە هەولێر بهێنایە کە واشنتن جددییە لە پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانی. ڕەنگە دۆخی کەرکوک زۆر جیاوازتر بوایە ئەگەر ئەو حکومەتە بەهێزترە لە ئارادابووایە.

لە سوریا، بڕیارە کتوپڕەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ڕاستەوخۆ بووە هۆی ئۆپەراسیۆنی “کانیی ئاشتی”، هاوکات شکستهێنانی لە بەرگرتن بە دەستتێوەردانەکانی دیکەی تورکیا لە عەفرین و باکووری حەلەب؛ بێ ئەندازە وێرانکەربوون. ئەمە لە دەرەوەی کارە هاوبەشە بەرهەمدارەکانە لەنێوان سوپای ئەمەریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بەڵام ئەمە ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی لاوازتر لەسەر ئاستی سیاسی.

لە تورکیا و ئێران، ئیدارەی ترەمپ کارێکی کەمی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی کورد، بەردەوام تیشکی لەسەر داونانەوە بوو لەنێوان واشنتن و پایتەختەکانی ئەو دوو وڵاتە. ئەو فەرامۆشیەیش ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەو ڕژێمە تا بەردەوام بێ لەسەر سیاسەتە سەرکەوتکەرەکانیان و بەربگرن لە بەرەوپێشچوونی چارەسەری ڕاستەقینە. لە ئێران، سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتوندی کاریگەریی کردە سەر شارە کوردییەکان. لە تورکیا، ویلاتە یەکگرتووەکان هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەدا تا ئەنقەرە بهێنێتەوە سەر مێزی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە.

هەروەها شێوازی تێڕوانینی شەخسیی ترەمپ بۆ کورد، هەرچەندە کەمبایەخە، بەڵام شایانی باسکردنە. باسکردنی ئەوەی کوردەکان “فریشتە نین” و ڕەخنەکردنیان بەوەی بەشداریی شەڕی نۆرماندیان نەکردووە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، دەرخەری نادۆستی و بێئاگایی سەرۆکی پێشوو بوو. بەڵام، سەیریکەن، هەمیشە شتانێک هەیە لەیادمان بمێنێتەوە وەک ئەوەی لە داڤۆس نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی کوردستان بانگکرد یاخود کە پەیامنێرێکی بە “مستەر کورد” ناوبرد.

لەوەش گرنگتر، بڕێکی زۆر کەم دەستکەوت هەبوو پەیوەست بە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی بەدیموکراسیکردن لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان. لە هەرێمی کوردستان، قۆناغەکانی کۆتایی ترەمپ لە سەرۆکایەتی، شایەتی پاشەکشەیەکی زۆری بوو لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ڕادەربڕین، گردبوونەوە، کۆنسوڵخانەی ئەمەریکایش لە هەولێر کارێکی ئەوتۆی ئاشکرای لەوبارەیەوە نەکرد. چاوپۆشیکردن لە ڕقەبەرایەتییە دەستەڵاتخوازییەکەی ترەمپ و گوتارە دەژی میدییاییەکەی نمایندەی ڕێگایەکی ترسناک دەکات.

دیبلۆماتکارە ئەمەریکییەکان دەتوانن و پێویستە لە دهاتوودا کاری زیاتر بکەن بۆ هاندانی هاوبەشەکانیان لە کوردستان تا پابەندبن بە بنەما سەرەکییە دیموکراسییەکان.

ئەمەش بەرەو لای بایدن ڕاماندەکێشێت.

بێگومان تا ئێستا ئاماژەکان دڵخۆشکەرن کە بایدن زیاتر دەزانێت و گرنگیی زیاتر بە کورد دەدات لە ترەمپ، کە بە دانپێدانانی هەمووان زۆر بێئاگابوو لەو بارەیەوە. بەرپرسان لە هەولێر و قامیشلۆ  سەرۆکی نوێ دەناسن بەهۆی دەرگیربوونی درێژخایەنی لە هەرێمەکە وەک سیناتۆر و وەک جێگری سەرۆک لە سەردەمی باراک ئۆبامادا. ڕەخنەکانی خودی بایدن و بەشێکی لە یاریدەدرەوە سەرەکییەکان لە ئەنقەرە، وەک خاڵی جیاکەرەوە دادەنرێت لە پەیوەندیی دۆستانەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، ئەردۆگان. دەستنیشانکردنی برێت مەکگۆرک بۆ پێگەیەکی گرنگ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، پێدەچێت لەلایەن هەندێک لە حزبەکانەوە لە چەند پارچەیەکی کوردستان پێشوازی بکرێت، بەڵام لەلایەن هەندێکی دیکەوە مایەی پێشوازیی نییە.

ئەوەی دەکرێ چاوەڕێی بکەین ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ترەمپەوە، بایدن لەڕێی پرۆسەیەکی سیاسیی بەئاگاوە کاردەکات. واتە پەیوەندییە دامەزراوەیییەکان گرنگییان هەیە، بەداخەوە کە کورد لەم خاڵەدا زیان دەکات بە بەراورد بە بەغدا و ئەنقەرە، تەنانەت تاران و دیمەشقیش.

لە باشوور، سیاسەتی “یەک عێراق”ـی ئەمەریکا بەم نزیکانە لاناچێت، بەوەش هەرێمی کوردستان وەک هابەشێکی لاوەکیی دەبینرێت لە چوارچێوەی سیاقە گەورەترەکەدا کە عێراقە. بوونی تورکیا لە ناتۆ و دیاریکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا، لەمپەڕ لەبەردەم گەشەسەندنێکی پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ کوردەکانی باکوور دروستدەکات. تەرکیزی بایدن لەسەر گەڕانەوەی ئێرانییەکان بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی كه‌ به‌ (JCPOA)ناسراوە، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکان لە عێراق و سوریا پێدەچێت بەرنامەی کاری ئیدارەکەی لەبارەی ئێرانەوە بنەخشێنێت. ئەوەش مەودایەکی کەم دەهێڵێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ماف و خواستی کوردەکان لە ڕۆژهەڵات. بەهێزترین گریمانەیە ئەوەیە کە ئەوەی بایدن دەیکات لەو ناوچانە پەیوەست بە کوردەوە، هەنگاوی سادە و ئاسانە کە نەبێتە چەقی ململانێ و کێشەکان.

ڕەنگە کوردەکانی سوریا هەلێکی باشتریان لەبەردەمدا بێت تا لەسایەی ئیدارەکەی بایدندا بەرەوپێش بچن، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو لینکە سەربازییە بەهێزەی بەدرێژایی شەڕی دژی داعش لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئارادابووە. بەڵام خواستە سیاسییەکانیان ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکانی تورکیا و پرۆسەی دانوستانەکانی جنێف دەبێتەوە. دەکرێت ئەو پرسیارە بکرێت تا بایدن چەندێک سەرمایەی سیاسیی بەکاردەخات لە داواکانی کورددا بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ ڕۆژاڤا لە سوریایەکی نوێدا.

لەوەش زیاتر، ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان کە ڕووبەڕووی بایدن دەبنەوە ئێجگار گەورەن؛ لە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە کوشندەکانی پەتای کۆرۆنا و بنیادنانەوەی ئابووریی، بۆ چەسپاندنی یەکسانیی ڕەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی بزوتنەوە نا-دیموکراتەکان لە دڵی پڕۆژە سیاسییەکەی ترەمپ. سەرەڕای ئەوەی خۆی کەسێکە میلی زیاتر بە سیاسەتی درەوەدا دێت، دەبێت بایدن کاتێک زۆر تەرخان بکات بۆ پێداویستییەکانی نیشتمانە بریندارەکەی.

لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا ڕەنگە هیوابخوازین ئیدارە نوێیەکە هەوڵەکانی دوو هێند بکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئازادیی میدیا، یەکسانی، هەروەها دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورە، کوردیش پێویستە چاوەڕوانییەکانی ڕێکبخات و بزانێت دەکرێت چاوەڕێی چی لەئەمەریکا بکەن تا یارمەتییان بدات.

ئەگەر حەزت پێیەتی، ئاهەنگبگێڕە و دڵخۆشبە بە ئیدارەی نوێی بایدن، بەڵام وریابە و درکیش بەوە بکە کە لەکاتێکدا سەرۆکایەتی بایدن دابڕانێکی باش دەبێت لە سەرۆکەکەی پێش خۆی، بایدن نمایندەی گۆڕانکارییەکی گشتگیر ناکات لە پێگە سیاسییەکانی ئەمەریکای پێش خۆی. کوردەکان کارێکی باش دەکەن گەر هەوڵ بدەن نیشتمانەکەی خۆیان بنیات بنێت لەڕێی تیکۆشان بۆ دیموکراسی، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە دەستەڵاتخوازانەی دژی ئەوان خۆیان ڕێکخستووە، بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.

 

بەشکردن: