دۆکیومێنت: وەزارەتی بەرگریی تورکیا “تەگبیری شەڕی پەکەکە و حکومەتی هەرێم” دەکات

تایبەت بە کوردستان تایمز

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە پڕۆژەی بودجەی پێشنیازکراوی ساڵی ٢٠٢١دا بۆ یەکەمجار “تەگبیری شەڕی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەکەکە” دەکات.

کوردستان تایمز لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە چەند پەرەگرافێکی لە بودجەوە بەدەستگەییشتون کە تێیدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا نەخشەکانی “بنبڕکردنی تیرۆر لە سوریا و باکوری عێراقدا” خستونەتەڕو.

لە چەند رۆژی رابردودا هوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە بەغداد و دواتریش سەردانی هەولێری کرد. لە بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی عێڕاق کۆبوەوە و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. ئامانجەکانی تورکیا پەلهاویشتنی زیاترە بۆ موسڵ و گەیشتنیەتی بە قەندیل. تا ئێستا لەلایەن بەغدادەوە ئەو هاوکارییە نەکراوە کە چاوەڕێی دەکات، بەتایبەت کە ئەمریکا و ئێران و جیهانی عەڕەبیی خۆشحاڵ نین بەو پەلهاویشتنانەی تورکیا، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی هاوکارییەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان تا رادەیەک ئامانجەکانی بەدەستهێناون.

 

دو پەرەگراف لە نەخشەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا:

کۆماری تورکیا
وەزارەتی بەرگریی نەتەوەیی تورکیا
داخوازی نامەی بوجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2021 پێشکەشە بە پارلمانی تورکیا
هولوسی ئاکار وەزیری بەرگری نەتەوەیی

 


12/نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠٢٠ پێشکەش کراوە

2.2 لە پەیوەندی پێشکەوتنەکانی عێراقدا
ڕێکخراوی تیرۆریستی پکک لە قەندیل، سنجار، مەخموور،بەرزاییەکانی قەرەچوغ، وە لە باکووری عێراق درێژە بە هەبوون و چالاکیەکانی دەدات.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لە ئێستاوە لە مەخموور و سنجاردا دەستەڵاتدارە، بەڵام پکک لە کامپەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان درێژە بە چالاکیەکانی دەدات.
لە ناوچەی خواکورک و حەفتانیندا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پەنچەدا دژ بە پکک سەرکەوتنی گەورە بەدەست هاتوون
ئێمە ئاروزووی عێراقێکی ئارام و خاوەن حوزوور دەکەین. بۆ ئەوەی هێزە دەرەکیەکان لە عێراقدا بخەینە دەرەوە و یەکگرتوویی و سەربەخۆیی عێراق مسۆگەر بکەین، لەگەڵ حکومەتی ئەوێدا ئامادەی هاوکارین.
2.3 لە پەیوندی بە پێشکەوتنەکانی سوریا دا

بەڕێز سەرۆک و ئەندامانی دیکەی کۆمیسیۆن “مەبەستی کۆمیسیۆنی بودجە لە پارلەمان”
لە باکوری سوریادا پکک، پدک، یپگ و داعش هەڕەشەن
ئۆپەراسیۆنەکانی ….. ….. …. ….. بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشتن، بەڵام دەبێ هەموو ڕێڕەوەکانی تێرۆر بنبڕ بکەین. ئەگەر ئەو کارە ئەنجام نەدەین، لە داهاتودا هەڕەشەی تێرۆر هەر دەمێنێ.—-     —-     —-     —-     —-     —-     —-     —-     —-     —-

دەقی پەرەگرافێک لە هەڵسەنگاندنەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە:

شەڕی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و پکک:
حوکومەتی هەریمی کوردستانی عێراق لە بەرانبەر ڕێکخراوی تێرۆری پکک دا کە هەزاران دێهاتی لە باکووری عێراقدا وێران کردوە و درێژە بە چالاکیەکانی دەدات
-لەو ماوەیەی دواییدا گوشار و تەگبیرەکانیان “مەبەستیان دژ بە پکک ەیە -و-“زیاد کردوە
-لەو ماوە نزیکەی ڕابووردودا ڕێکخراوی تێرۆری پکک لە زینی وەرتێی قەندیل دا چالاکیەکانی کەمی کردوە.
-لە ٩ی مانگی ئۆکتۆبەردا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقدا پەیمانێک ئیمزاکرا بۆ ئەوەی پکک لە سنجار وەردەربنێن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەرکردنی پکک لە باکووری عێراقدا درێژە بە هەوڵەکانی دەدات.

—-     —-     —-     —-     —-     —-     —-     —-    

هاوکارییەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و تورکیا لە سەرەتاکانی نەوەدەکانەوە بەردەوامیی هەبوە، بەڵام تورکیا لە رابردودا سەرکەوتو نەبوە تەواوی هێزەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە لە بەرانبەر پەکەکە بەکاربێنێت. ئێستا کە حکومەتی ئیتیفاقیی هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە و ئەویش فشاری زیاتر لە یەکێتیی و گۆڕان دەکات لەناو حکومەتدا بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمو جوڵەیەکی حکومەت هاوڕا بن، تورکیا دەیەوێت ئەوە بقۆزێتەوە و شەرعییەتی شەڕی پەکەکە بە ناو حکومەتی هەرێمەوە وەربگرێت. لە ماوەی رابردودا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتیی هێزەکانی پارتی جوڵاندون و یەکێتیی و گۆڕان لەناو حکومەتدا هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوە. مەسرور بارزانییش زیاتر مامەڵەی ئەو دو حیزبە لەناو حکومەتدا وەک سیاسەتی رەسمیی وەردەگرێت نەک لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو حیزبە لە میدیاکانیان و سۆشیاڵ میدیا.

ئەو گۆڕانانەی لە ئەمریکا لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە رویانداوە لە بەرژەوەندیی تورکیا نین. سەرۆک بایدن، وەزیری دەرەوە و برێت مەگکێرک سێ بڕیاردروستکەر دەبن کە هیچیان لە رابردودا رایەکی باشیان لەسەر تورکیا نەبوە. بایدن بە رادەیەک رەخنەی لە سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان گرت پێی گوت “تاکڕەو.” پەیوەندییەکانی روسیا و تورکیا جێی نیگەرانیی گەورەی ئەمریکان، بەتایبەت کڕین و دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی ئێس ٤٠٠. ئەردۆغان متمانەی بە ئەمریکا نییە و پێیوایە ئەمریکا لەپشتی هەوڵی کۆدێتاکە بوە. ئەمانە وایان کردوە تورکیا پەلە بکات لە هەوڵەکانی دژ بە پەکەکە لە قەندیل و سنجار و دژ بە رۆژئاڤا لە سوریا.

سەرچاوەیەک لە پارلەمانی تورکیا بە کوردستان تایمزی گوت کە “ئەوە یەکەمجارە بەو شێوەیە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بوجەی ساڵانەیدا بەو جۆرە پلانەکانی باسبکات.”س

سەرەڕای ئەوەی ئابوریی تورکیا لە دۆخێکی باشدا نییە و ڤایرۆسی کۆرۆناش قەیرانەکەی قوڵتر کردۆتەوە، پارتیی داد و گەشەپێدان داوای زیادکردنی سەدا ١٥ی لە بوجەی بەرگریی و ئاساییش کردوە بە بەراورد بە بوجەی ساڵی ٢٠٢٠.

تورکیا لەژێر فشارێکی ناوخۆیی و ناودەوڵەتیی دایە. لە ناوەوە ئەردۆغان رۆژ دوای رۆژ جەماوەرێتیی لە لاوازییە و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ فاشیستەکان لەرزۆکە. لە ئاستی نێودەوڵەتییدا جێی پێگە بەهێزەکەی جارانی نەماوە. تورکیا پێویستی بە شەرعییەتدانە بە شەڕ دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەو مەبەستە پارتیی دیموکراتیی کوردستان هاوکاریی دەکات. پارتی هێزەکانی لە چیاکان و سەرسنورەکان زیاتر کردوە. ماوەی رابردوش پێکدادانی بچوک لەنێوان پەکەکە و هێزەکانی پارتیی دروستبون. تورکیا دوا هەوڵی خۆی دەدات و هەمو تواناکانی وەگەڕدەخات بۆ ئەوەی فشارەکانی لەسەر پەکەکە بە ئامانج بگات.

 

بەشکردن: