“سەرۆک” و شکۆی نەتەوە؛ وتەیەک لەسەر کورتە فیلمەکەی “سەرۆک”

دانا نازەنین
“شکۆ” چەمکێکی ئەبستراکتی کۆمەڵایەتی مێژووییە، بەبێ کۆمەڵگە و ئەوانی تر نەبوە، کاتێک مرۆڤ دەبێتە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئەم چەمکە وەک چەمکێکی ئایدیاڵی و ئەبستراکتی سەرهەڵئەدات، مرۆڤ هەمیشە ویستویەتی ئەم چەمکە لەئەبستراکتەوە بکاتە بەرجەستە لە شێوە و فۆڕمی جیاجیادا، بۆیە ئەم چەمکە لە دەرکەوتە و بەرجەستەبوندا، فرە ڕەهەندە، هەرجارە و لە بویەکدا خۆی بەیاندەکات؛ کاهین، دین، نەتەوە، خێڵ، ئاژەڵ، ڕەگەزێکدا دەردەکەوێت. لە مێژوی بەر لە مۆدێرنەدا شکۆ لە خێڵ و دین دا بەرجەستەکراوە. مێژوی مۆدێرنە چەرخی سەرهەڵدانی نەتەوە و دروسبونی “ڕۆحیەتی نەتەوەیە”  کە هێگڵ تیۆرایزی دەکات. ئیدی نەتەوە پیرۆز دەکرێت و شکۆ پەیوەست دەکرێت بە نەتەوەوە و شکۆی نەتەوە پێش بە شکۆی دینی و خێڵەکی دەکەوێتەوە لە ئەقڵی مۆدێرنەدا.
لە سەدەی ڕابردودا ئەم چەمکە پەڕگیرتر و بەرتەسکتر دەبێتەوە لە نەتەوەی فاشیست دا کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی نەتەوەیی دادەڕێژرێتەوە. شکۆ تایبەت ناکرێ بە نەتەوەکانی ناو جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە وەک گەلانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، تورکیا، عێراق، ئێران، بەڵکو شکۆی ڕەکەزی ئاریایی لەناو نەتەوەکانی ئەڵمانی دا، شکۆی تورکەکان لەناو گەلانی تورکیادا، شکۆی ئینگلیزەکان لەنێو گەلانی ئایرشی و ئایلەندیەکانی ناو ئینگلتەرادا، شکۆی عەرەبەکان لەناو نەتەوەکانی وڵاتانی عەرەبیدا، شکۆی فارسەکان لەناو نەتەوەکانی ئێراندا، شکۆی جوەکان لەنێو نەتەوەکانی ئیسڕائیلدا، هەربۆیە هەر کەس و وجودێک خزمەت بەڕەکەز بکات ئەبێتە فیگۆر و ڕەمزی نەتەوەیی، هیتلەر، ئەتاتورک و هید…
شکۆی خێڵەکی
ستراکتۆری خێڵ لەسەر بنەمای پەیوەندییە خوێنییەکان بونیاد نراوە، بەرژەوەندییە خێڵەکییەکان بەگشتی دەچنە ناو ئەو بازنە خوێنیەوە، چ چەمکێک دادەتاشرێت دەبێ لە کۆتاییدا خزمەت بەم پەیوەندییانە بکات، خودی خێڵیش بویەکی سەرەتایی بەکۆمەڵگابوی مرۆڤی بەر لە دەوڵەتە، ئەو دەمەی مرۆڤ بۆ پاروەنانێک پێویستی بە لێهاتویی ڕاوکردن بو، وە بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە ئازایەتی مەچەک بو لەوانی تر و کۆبونەوەی پیاوە ئازاکان بوە پێکەوە بۆیە ئەقڵیەتی خێڵی ئەقڵییەتێکی هێز سەنتەرە، ژن لەبەر ئەوەی توانای بایەلۆژی بەهێزی نەبوە لەبەر بارودۆخی دایکایەتیی و داییکبون، نەیتوانیەوە ئەو ڕۆڵە هێزدارییە بگێڕێت کەپیاو گێڕاویەتی لە ڕاو و شکار و پارێزبەندیدا، بۆیە پیاو دەبێتە سەنتەر و شکۆی خێڵ، لەنێو پیاوانیشدا بەهێزترین و نان بدەترین پیاو، هەرچی ژنە دەبێتە پاشکۆیەکی ئۆبژی و ماڵی پیاو، دەسبردن بۆ ژن دەسبردنە بۆ سامان و ماڵ و موڵکی پیاو، چەمکی شەرەف  دەکرێ لێرەوە سەری هەڵدابێت،ژن دەبێە شەرەفی پیاو. ئەم چەمکە لەکۆمەڵگای کشتوکاڵیدا نەرمترە تا کۆمەڵگای ڕاو و شکار، چونکە قۆناخی هەرەوەزی دەسپێدەکات و ڕۆڵی ژن زیاتر دەبێت، بەڵام هێشتا باری دایکایەتی ڕێگرە لەهەمان ڕۆڵبینینی وەک پیاو، ئەم چەمکە لە مۆدێرنەدا و لەنێو دەوڵەتی خۆشگوزەراندا تەقریبەن هەڵدەوەشێتەوە، چونکە ئیدی ئەوەی ژن بەخێو دەکات و دەیپارێزێت پیاو نییە بەڵکو حوکمەتی خۆشگوزەرانە، ژن و پیاو هەردوکیان دەبنە شەرەفی حوکمەت، بۆیە چەمکی شەرەف بەم تێڕوانینە تەقلیدیە خێڵەکیە جێندەریە هەڵ دەوەشێتەوە و پارچە پارچە دەبێت، لەوە بەدوا شەرەف چەمکێکی سێکسی نییە بەڵکو چەمکێکی گشتگیری ناجێندەری مۆراڵی مرۆییە. هەرچی شەرەفی خێڵەکییە چەمکێکی ئۆبجێکتی نامۆراڵی چینایەتی جێندەری ئابوری هێز سێنتراڵیە، پیاوی بەشەرەف مەرچ نییە خاوەن ئەخلاقیاتی مرۆیی باش بوبێت بەڵکو پیاوێکی زۆرداری فێڵزان بوە لە کۆنترۆڵکردنی ژندا، بەڵام لەنێو دەوڵەتی خۆشگوزەراندا  پیاوی بەشەرەف ئەوەیە کەتوانای خۆکۆنتڕۆڵکردنی هەیە و چەمکەکە دەبێتە چەمکێکی سۆبجێکتی و لە ئۆجێکتبون دادەبڕێت، لەجێندەری بونەوە دەبێتە چەمکێکی مرۆیی.ئەگەرچی چەمکی شەرەف لەخێڵدا خزمەتی بە شکۆی پیاوکردبێت وەک میتافۆری دەسەڵات و شکۆی خێڵ، ئەوا لە نێو دەوڵەتی نەتەوەدا شەرەف ئەبێتە شەرەفی هاوڵاتیبون کە میتافۆرە بۆ شکۆی نەتەوە، هێرش بۆ سەر هاووڵاتییەکی نەتەوە هێرشە بۆ سەر نەتەوە، ئیدی پیاوبێت یا ژن، کۆنە ئاغایەک بێت یا گەدایەک، بازرگانێکی گەورەبێت یا کرێکارێک، سەرکردەی وڵات و پارتێکی سیاسی بێت، یا هەژارێکی نەناسراوی کوێرە دێیەک، موسوڵمانێک بێت یا گاورێک و بێدینێک یا بوداییەک، ڕەشپێستێک بێت یا سپیپێستێک، لەکۆتاییدا هەموان هاووڵاتی ئەو دەوڵەتە جوگرافیەن، و شکۆی نەتەوە برینداربوە.
چەمکی “شکۆ” لەناو ئەقڵیەتی خێڵەکی زەمەنی مۆدێرنەی فاشیزم دا چڕتر و قورستر و خڵتەدارتر دەبێت، یانی ئەو ناوچانەی لەم زەمەنەدان و هێشتا لەژێر هەیمەنەی ئەقڵیەتی خێڵەکیدا ژیان دەکەن، لە یەک کاتدا شکۆی خێڵ و دین و ڕەکەزی نەتەوەیی تێدا بەیەک دەگەن، بەمانایەکی تر هەم شکۆ وردەکانی خێڵ (پیاوسالاری، کوێخایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرۆک عەشیرەتی) و هەمیش شکۆی دینی و یا مەزهەبی و هەمیش بارگاوی بوە بەتوندڕەوی و پەڕگیری فاشیزمی نەتەوەیی، ئەم مۆدێلە لەناو وڵاتانی عەرەبی و ئەفەریقی جیهانی سێیەمدا مۆدێلێکی زاڵە، لەناو ئەم ئەقڵیەتەدا شکۆی نەتەوە بەوە بریندار ناکرێت کە ژنێکی هەژار، و یا پیاوێکی هەژار، و یا کەمەنەتەوەیەک لە ناوچەکەدا برینداردەکرێن و لەناودەدرێن بەڵکو زۆرچار نەمانی ئەمانە کاتێک کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانی خێڵ  دروست دەکەن زەرورە،بەڵکو ئەوەی شکۆ نەتەوە بریندار دەکات لێدانە لە ڕەمزەکانی  خێڵ، سەرۆک عەشیرەتەکان بەپلەی یەکەم و خێزان و عەشیرەتەکەی و هیرارکی و هەڕەمیانە بۆ خوارەوە، ئەندامانی حیزبی خێڵەکی، ئەندامانی دین و مەزهەبی سەردەست، ئەندامانی نەتەوەی سەردەست. سەدام یەکێکە لەو فیگەرانە بۆ عەرەبە خێڵەکییە سوننەکان. بارزانیش ئەم مۆدێلەیە بۆ ئەو کوردانەی کە بەم جۆرە بیردەکەنەوە، هەر هێرشێک بۆ بارزانی و یا بنەماڵەی بارزانی نەک تەنها هێرشە بۆ سەر پارتێک، یا نەتەوەیەک، بەڵکو هێرشە بۆ سەر مێژو و ڕۆحیەتی کلتوری خێڵەکی دینی نەتەوەکەش، لەکاتێکدا سەدان و دەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بەدەستی تورکیا و ئێران دەبنە قوربانی هیچ جوڵەیەک لە شکۆی نەتەوەکانی هەرێمی ئێمەدا دروست نابێت.
بەشکردن: