کوردستانێکی کۆڵۆنیال

د. مەدیحە سۆفی

ماکەکانی کۆڵۆنیالی لە باشوری کوردستاندا و لە مەودای سی ساڵدا، ئەوەندە ڕوون و ئاشکران؛ کە خۆی لە ڕادەستکردنی دەسەڵاتی ئابووری، جوگرافی و سیاسیدا دەبینێتەوە،

لەگەڵ دەسپێکی گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی کیشوەرەکاندا و لەگەڵ پێشکەوتنی کەشتیەوانی و دەریاوانیدا، بەتایبەتی لەلایەن ئیسپانیا و پورتوگالەوە، زۆربەی وڵاتە تازە دۆزراوەکان، بوونە کۆڵۆنیالی وڵاتە بەهێزەکان و تاڵان دەکران.

لە سەردەمی پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆڵۆنیالی ژێر دەستی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا بوون وەکو بەڕیتانیا، فەڕەنسا، پورتوگال، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و دانیمارك، بە بیانووی بەگەڕخستنی پێشکەوتن و یارمەتیدانی وڵاتە کۆڵۆنیالەکاندا، هەرچی سامانی سروشتی و داهاتی ئەو وڵاتانە بوو قۆرخ و تاڵان دەکرا، جگە لە وڵاتە ئەوروپیەکان، ژاپۆنیش توانی بگاتە تایوان، کۆریا و زۆربەی ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

بۆ ڕاییکردنی ئەو گەشەکردن و بەرهەمهێنانەی، لە هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکاندا سەریهەڵدا بوو، کەرەستەی خاو، وزە، کان و کانزا، پێداویستیەکی سەرەکی ئەو وڵاتانە بوون بۆ بوژانەوە و داکوتانی سنگی دەسەڵات و پێگەی خۆیان، وڵاتە کۆڵۆنیەکان، لە لایەکەوە دەبنە بازاڕی باش بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەل و بەرهەمی وڵاتە داگیرکەرەکان، لەلایەکیترەوە دەبنە سەرچاوەی تاڵانکردن و قۆرخکردنی سامانی سروشتی و داهاتەکانیان.

زۆر جار ئەو وڵاتە بەکۆلۆنیال کراوە، بەشاراوەیی لەلایەن دەوڵەتە بەهێزەکەوە پلانی بەڕێوەبردنی بۆ دادەڕێژرێت و بە پێی مەبەستی بەرژەوەندیەکان ئاراستە دەکرێت، دوای شەڕی جیهانی دووەم جۆرێکی نوێ لە کۆڵۆنیالیزم هاتە ئاراوە، ئەویش ئینتیداب بوو.

داردەستی سەرەکی بەکۆڵۆنیالیکردنی زۆر وڵات، هەر بە بیانووی سەقامگیرکردنی ئاشتی، بەهاناوە چوون، کپکردنەوەی شەڕ و ئاشوب بووە، شادەماری هەندێ لەو بەکۆڵۆنیالکردنەش، جەخت کردن بووە لەسەر پەیڕەوکردنی ئاین و واڵاکردنەوە و گەشانەوەی چەمکی ئاین، کە لە کۆمەڵگا دواکەوتوووە بێ کاریزماکاندا توانیویەتی زۆر بە سەرکەوتوویی و ئاسانتر ڕۆڵی خۆی  ببینێ و ئامانجەکانی بپێکێ.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کاتێ ڕۆژئاوا لەژێر ناوی (الاصلاح الدیني) دا دەستی بە گەڕان بەدوای نێچیری خۆیدا کرد و لە کەنارەکانی ئەفریقادا بنکەی بازرگانیان جێگیر کرد، دوابەدوای ئەوان بەڕیتانیا و فەرەنسا بوونە ڕکابەری یەکتری و ئەوەبوو بەڕیتانیا بەرەو هیندستان و ناپلیۆنیش هێزەکانی فەڕەنسای بەرەو میسر و شام و پاشان بەرەو جەزائیر و زۆر وڵاتی دیکە واڵاکردەوە، ئیتاڵیاش هێزەکانی خۆی لە سۆماڵ و ئیریتیریا جێگیر کرد.

ئەم دەوڵەتانەش، ئەوەندەی بۆیان لوا بێت، زۆردار، نادادپەروەر و خاوەن ئاکاری داگیرکەر بوونە، بە دڵنیاییشەوە بە پشتیوانی حوکمڕانیەکی موزەیەف و خەڵکە خۆفرۆشەکەی وڵاتە کۆڵۆنیەکە، ئەوەندەیتر توانیویانە خۆیان جێگیر بکەن، لە ئێستادا زۆربەی وڵاتەکانی کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بازاڕی ئازادەوە، بەرهەمی نێوخۆیان پۆکاوەتەوە و مایە پووچ بوونە، لەکاتێکدا پێشتر، سەرهەڵدانێکی باش لە بواری بەرهەمی کشتوکاڵی و گۆشتدا، دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەهۆی بازاڕی ئازادەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بازاڕەکانی ئەفریقایان بۆ ساخکردنەوەی کاڵا و بەرهەمی خۆیان قۆرخ کرد، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی، بەرهەمی نێوخۆی ئەوان هیچ نرخێکی نەکرد و بازاڕەکانیان بۆ بەرهەمی خۆماڵی داخران، ئەویش لەو کاتەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بازارەکانیان پڕ کرد لە مریشکی بەستوو و بە نزخێکی هەرزان، ئیدی کەس مریشکی خۆماڵی نەکڕی.

سیفاتی کۆڵۆنیالیزمی مۆدێرن، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نیە، زیندووترین نمونەش، لەسەدەی ڕابووردووەوە و بەم سەدەیەی ئێستاشەوە باشوری کوردستانە، کە تێیدا سیاسەتێك، بۆ برسیکردن، داپڵۆسینی سەنگی مرۆڤایەتی، قایلبوون بە هەموو دەرئەنجام و پێشهاتێك، تاڵانکردنی سامان سروشتیەکەی، شێواندنی سیستەمی خوێندن و تەندروستی، بەرقەرارە، ئەگەر لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بەناوی بەهاناچوون و (اصلاح الدینی) ەوە کاریان لەسەر خەڵکەکەی کردبێ، ئەوە لە باشوری کوردستاندا زۆر ئاسانتر و خێراتر، بەناوی واڵاکردنەوەی ڕیچکە و قاڵبوونەوە بە ناوی ئاین و ئاینداریدا، لەلایەکەوە فریوی ڕوح و بوونی کوردی داوە، لەلایەکیترەوەش دەسەڵاتی ئابووری، جوگرافی و سیاسی تێدا قۆرخ کراون.

ماکەکانی کۆڵۆنیالیزم لە باشوری کوردستاندا

ماکەکانی کۆڵۆنیالی لە باشوری کوردستاندا و لە مەودای سی ساڵدا، ئەوەندە ڕوون و ئاشکران؛ کە خۆی لە ڕادەستکردنی دەسەڵاتی ئابووری، جوگرافی و سیاسیدا دەبینێتەوە،

باشوری کوردستان، نمونەیەکی زیندووی کۆڵۆنیالی تورکیایە، بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی وزە و بڕیاردانی هەناردەکردنی نەوت و غازی سروشتی، ئەگەر ئەوروپیەکان کەرەستەی خاو و بەرهەمی وەکو لۆکە، توتن، ئاڵەتی وەکو دارچین و هاوشێوەکای، قاوە و کەکاویان بەرەو وڵاتەکانی خۆیان هاوردە کردووە، ئەوا تورکیا شاخوێنبەری ئابووری و دەسەڵاتی جوگرافی باشوری کوردستانی تاڵان کردووە؛ بنەمای پیشەسازی و گەشەسەندنی قۆرخ کردووە، کلیلی بەردەوامیدانی دیکتاتۆریەتەکەی دەست کەوتووە، ئەویش وزەیە، لەوە ناهەموارتر، تورکیا کولتووری خۆی، لە ڕێی زنجیرەکانی تی ڤی، میوانداری و خواردنگەوە، تەلارسازی، گەشتوگوزار، کردنەوەی زانکۆی تورکی،  خوێندنگا و فێرکردنی زمانی تورکی و کاڵکردنەوەی زمانی دایكدا، بەسەر کۆمەڵگای باشوری کوردستانەوە سەپاندووە، بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمە و بگرە زۆر ڕاستەوخۆوە، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بنەمای کۆـەڵگای کوردیدا دەستپێکردووە کە لاواز و بێ کاری دەکا، بێ ئیرادە و بێزاری دەکا، پەلاماری هۆشیاریەکەی دەدا، تا بکرێ، لەبەر برسێتی و گیرفان بەتاڵی، بێئاگای دەکا لە هەموو مافەکانی، تەنها ئەرکێك کە بە هاوڵاتی دەسپێرن، تەنها بێ دەنگیە.

یەکێك لە ئاکارەکانی کۆڵۆنیال، تاڵانکردنی کەرەستەی خاوی کۆڵۆنیالەکە و هاوردەکردنی کەستەی ئامادەکراوە، ئەویش بۆ شکاندنی پشتی بەرهەمی ناوخۆ و پوکانەوەیەتی، ئەگەر نا، باشوری کوردستان لە سەرەتادا خاوەنی چەندەها فابریکی بچوك و سەرەتایی بوو ( کە خاوەنداریەکەی دەگەڕایەوە بۆ خێزانێك یا چەند کەسێکی هاوبەش) جگە لە بوونی چەندەها کارگەی بچوك بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی وەکو ڕستن و چنین، بەروبوومی شیر و سپیایی، چیمەنتۆ، جگەرە، سۆندە، دەسەسڕ، بەستەنی، جۆرەها شێرینی و چەندەهای هاوشێوەی ئەم کارگە بچوکانە؛ کە لەگەڵ پرۆسەی ئازادیدا یا دەرگایان داخرا، یا کەرەستە ئامادەکراوەکانی تورکیا بوونە جێگرەوە و بەرهەمە خۆماڵییەکەش بازاڕی پوکایەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی بازرگانی و  پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، لەکۆی سێ هەزار و حەوسەد و سی و یەك کارگە، کە پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێدرابوو، دوو هەزار و دووسەد و هەشتا و حەوت کارگە داخراون، بەو هۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کرێکار کارەکانیان لە دەستداوە کە پێشتر لەو کارگانەدا کاریان دەکرد، زۆربەی کارگەکانیش کارگەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەن، کە هاوردەی کەرەستەکانی زیاتر لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن.

بۆ نزیکەی ساڵێك دەچێت، بە بیانووی کۆڕۆناوە، هەرچی خوێندنگا و زانکۆ هەیە داخراون، مامۆستا بێ موچە و خوێندکار بێ بەرچاوڕوونی ئاخێنراونەتە ماڵەوە، ئەگەر ئەمە ویستی دەسەڵاتی کۆڵۆنیال نەبێ، چۆن دەرگای زانست و وشیاری کڵۆم دەدرێ؟

ئەگەر باشوری کوردستان کۆڵۆنیال نەبێ، ئەی بۆ خاوەنی چەندەها چاڵەنەوت و غازە، بەتایبەتی لە بواری بوونی غازی سروشتیدا کە لە ڕیزبەندی دە وڵاتی یەکەمی جیهانین، لێ خاوەنی ئەوەندە پاڵاوگە نین، کە بەشی پێداویستی ناوخۆ بکات؟

ئەگەر کۆڵۆنیاڵ نەبێ، بۆ بەو هەموو ئاو و خاك و دەستی کارەوە، چاوەڕوانی تەنانەت دەسکە توور و تەماتەیەکی تورکیا بێت؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نەبێ، بۆ بەو هەموو سروشتە جوانەوە، گەشتوگوزار لە تورکیا دەکرێ؟

ئەگەر ئەم داڕمانە ویستی وڵاتی کۆڵۆنیالکەرەکە نەبێ، بۆ پەروەردەکەی وا وێران و تەندروستیەکەی وا داڕوخاو دەبێ؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نەبێ؟ بۆ وا بۆ دوو ساڵ دەچێ، بەبیانووی کۆڕۆناوە، دەرگای خوێندنگا و زانکۆکانی داخراون؟ لە کاتێکدا دەرگای بازاڕ و پارك و شوێنە گشتیەکان کراوەن؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نیە و بۆ ڕوخاندنی مۆڕاڵی خەڵك نەبێ، بۆ ئەو هەموو خوێندنگا تایبەتەی مناڵان هەن؟ جیاکردنەوەی چێنەکانی کۆمەڵگا بەو زەقی و ئاشکرایە دەردەکەون؟

ئەگەر کۆڵۆنیاڵ نیە؛ بۆ ڕەوە لەشکرێك گەنج و بەتوانا، دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگا، بەو شێوەیە دەست بەتاڵ و بێگار و بێکار، خۆیان ئاخنیوەتە نێو ماڵەوە و پیش دەخۆنەوە یا ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نیە؛ بۆ ئازاد و دەستکراوە نیە لە بڕیارداندا؟ بۆ ناتوانێ مامەڵە بە سامانی سروشتی خۆی و داهاتی ژێرخان و سەرخانی خۆی بکات؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نیە؛ ئەو هەموو بنکە و ویستگەی میت و ئیتیڵاعاتە چی دەکەن وا سنگی لە نێوخۆی داکوتیوە؟

ئەگەر کۆڵۆنیال نیە، بۆ لە دوو دەروازەوە ماددەی هۆشبەری بۆ دەنێررێتە نێوەوە، تا گەنجەکانی لە بێزاری و دەستبەتاڵیدا، خووی پیوە بگرن و ئاڵوودەی بن، پاشان کۆمەڵگایەکی وێران و بێ فەڕی لێ بکەوێتەوە؟

باشوری کوردستان، دەبێ ئابووریەکەی وێرانی هەبێ، دەبێ کولتوورەکەی بەرەو دواوە بچێ، دەبێ لە پشت پەردەی ئایدۆلۆژیای ئاینەوە کاری سڕینەوەی ئینتیما و خۆشەویستی خاکی لەسەر بکرێ ، کە مەودای ئاسانکاریەکی زۆر، بۆ قۆرخکردنی ڕوح و هزری مرۆڤی کورد واڵا دەکات و فراوانترین کایەی بۆ دەڕەخسێنێ، تاکو تاکی کورد دەستبەرداری هەموو ئەو چەمکانە بێت،کە تا ئێستا بۆ بەدیهێنانی پیرۆزیەکانی تێکۆشاوە، لە ئێستادا دەبێ ببێتە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئێران و تورکیا، دەبێ گەل برسی و هەژار بکرێ، دەبێ نوزەی پاڕانەوەی بێ، دەبێ زستان سەرما و هاوین گەرمای بێ، دەبێ بانقەکانی تورکیا پڕ لە داهاتی باشوری کوردستان بێ، دەبێ نیشتیمان بێ کاریزمایەکی سیاسی کاریگەر بێ، ئەی کۆڵۆنیال چۆن دەبێ؟

بەشکردن: