بەر لەوەی زۆر درەنگ بێ

کەمال چۆمانی

لەو دابەشبون و ئالنگارییانەی بەردەم سیاسەت و هێزە دیموکراتخواز و ریفۆرمیستەکان، پێویستمان بەوە هەیە قوڵتر بیربکەینەوە و دورتر بڕوانین نەک بۆ بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکان دەرفەت بدەینە تاکڕەویی مەسرور بارزانیی بەتەواوی خۆی بسەپێنێت. دەکرێت بۆ ئێمە بگەڕێینەوە کۆنسێپتی “بلۆکی مێژویی” ئەنتۆنیۆ گرامشیی بۆ رزگاربون لە تاکڕەویی و رێگرتن لێی. دەتوانین سود لە ئەزمونی هەرە نزیکی حیزبی دیموکراتی ئەمریکیی وەربگرین کە چۆن لە تڕامپ رزگاریان بو.

سیاسەت لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا رۆژە هەرە دژوارەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت. لەلایەکەوە دیاردەی مەسرور بارزانی خەریکی چەسپاندن و رەگداکوتینی سیستەمی تاکڕەوییە، ئۆپۆزسیۆن و هێزە پێشکەوتنخواز/پرۆگرێسیڤەکان لەوپەڕی لاوازییدان. هێزە چەپەکان بونەتە بەشێک لە سیستەم و ئیسلامییەکان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانن. لەگەڵ نزیکبونەوەش لە هەڵبژاردنەکان، هەر گروپ و هێزێک دەیەوێت جێی خۆی لە سیستەمدا بکاتەوە نەک گۆڕانکارییەک لە سیستەمدا جێبهێڵێت.

لەو دابەشبون و ئالنگارییانەی بەردەم سیاسەت و هێزە دیموکراتخواز و ریفۆرمیستەکان، پێویستمان بەوە هەیە قوڵتر بیربکەینەوە و دورتر بڕوانین نەک بۆ بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکان دەرفەت بدەینە تاکڕەویی مەسرور بارزانیی بەتەواوی خۆی بسەپێنێت. دەکرێت بۆ ئێمە بگەڕێینەوە کۆنسێپتی “بلۆکی مێژویی” ئەنتۆنیۆ گرامشیی بۆ رزگاربون لە تاکڕەویی و رێگرتن لێی. دەتوانین سود لە ئەزمونی هەرە نزیکی حیزبی دیموکراتی ئەمریکیی وەربگرین کە چۆن لە تڕامپ رزگاریان بو.

خەونی گەورەی زۆربەی هەرە زۆری باوکان، لە کۆنتێکستی کۆمەڵگای خێڵەکییدا، ئەوەیە کوڕەکەیان لە خۆی <<پیاوتر>> بێ، یان لەو باشتر ئەو کاروبارانە رابپەڕێنێت کە باوکی جێبەجێیکردون یان نەیتوانیوە جێبەجێییان بکات.

مەسعود بارزانی، تاکە خەونی بەدیهاتوی لەوانەیە ئەوە بێ کە کوڕەکەی زۆر لە خۆی تاکڕەوترە و ئەوەی بەجێهێناوە کە ئەو بناغەی بۆ داڕشت و بۆی جێبەجێنەبو؛ حوکمڕانییەکی تاکڕەوی یەکڕەنگ کە مەوداکانی ئازادیی تێیدا رۆژ دوای رۆژ بەرتەسکتر دەبنەوە. باسکردنی کۆنتێکستی کۆمەڵگای خێڵەکیی بۆ رەخنەگرتن لەو سیستەمە نییە، ئەو سیستەمە دەتوانێت لە کۆنتێکستی خۆیدا کاریگەر بێت، بەڵام گواستنەوەی ئەو سیستەمە بۆ ناو کایەی حکومڕانیی مۆدێرن/پۆستمۆدێرن، کارەساتبار دەبێت. بیرکردنەوەی خێڵەکییانە ناتوانێت لەگەڵ دیموکراسییدا هەڵبکات، ناتوانیت لە حوکمڕانیی چاک و مافی وڵاتیبون، مافی ژن، مافی منداڵ، مافە سیاسیی و ئازادییە کەسییەکان بگات.

مەسرور بارزانی درێژەپێدەری ئەو قوتابخانەیەیە کە پارتیی پێیدەڵێت <<رێبازی بارزانیی>> کە بناغەکەی خێڵگەڕاییە، بەڵام لە هیچ قۆناغێکدا ئەو تاکڕەوییەی کە رێبازی بارزانیی لەسەر بونیاندراوە، نەگەییشتبوە ئەو قۆناغەی ئێستا -قۆناغی شەڕی ناوخۆی لێبەدەربکە-.

ئێمە لە قۆناغێک نین مامەڵە لەگەڵ مەسرور بارزانیی بکەین، وەک چۆن مامەڵەکردن و رێککەوتن لەگەڵ پارتیی و باوکی مەسرور لە رابردودا بژاردەیەک بو و تاقیکرایەوە و فەشەلی هێنا. ئەوەی مەسرور بارزانیی دەستیداوەتێ چەسپاندنی تاکڕەوییە، بەکارهێنانی هەمو ئامرازەکانی توندوتیژیی و گەوجاندنە، لە ئاساییش و پێشمەرگە و پۆلیسەوە بگرە تا دەگاتە کوردایەتیی و مزگەوت و زانکۆ و قوتابخانەکان، تەنانەت باڕ و تیاتڕۆخانەکانیش، کە تێیدا بارزانیی دەیەوێت بارزانیستان دروستبکات کە تێیدا تەنها ئەوانە دەتوانن هەناسەبدەن کە لە بازنەی خۆیەوە نزیکن.

مەسرور بارزانی لە وێنەی ئەو تاکڕەوانەش نییە لە بەرانبەر بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکاندا بتوانێت خۆشگوزەرانیی دابینبکات و پێشکەوتنی ئابوریی بکاتە ئامانج. ئەو دەیەوێت بێ هیچ سازشکردنێک ئەوە جێبەجێبکا کە لە خەیاڵدانی تاکڕەوانەی خۆیدا دەیەوێت جێبەجێیبکات. هەندێک سیستەمی تاکڕەوی جیهان هەن کە وڵاتییەکانی لەڕوی ئابورییەوە لە هەندێک وڵاتی دیموکراسیی باشتر دەژیێن. حوکمڕانیی مەسرور بارزانیی نە توانیویەتی خۆشگوزەرانیی بەدەستبێنێت، نە توانیویەتی لەسەر ئاستیی ئیقلیمیی و دەرەکیی سیاسەتەکانی پێشبخات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەڕوی سیاسییەوە هەر رۆژ تاکڕەوتر دەبێت.

مەسرور بارزانی دەبێت بوەستێنرێت، هەروەک چۆن گەلانی دونیا شەڕی فاشیزمیان کردوە، ئاواش دەبێت ئێمە شەڕی دیاردەی مەسرور بارزانیی بکەین. ئەوانەشی کە لەگەڵ مەسرور بارزانییدا هاوکاریی دەکەن، ئەوانە وەک بارزانیی مەترسیین بۆ سەر ئاشتیی و دیموکراسیی و پێکەوەژیان. ئەمڕۆ ئەگەر بارزانیی توانیویەتی شێروان شێروانیی و مامۆستا بەدەل و دەیانی تر بخاتە کونجی زیندانەوە، دەبێت هەموان دڵنیابین تەنها مەسەلەی کاتە و نۆرەی ئەوانەش دێ ئێستا لە پارلەمان یان لە ئەنجومەنی وەزیران هاوپەیمانی بارزانیین. ئەوکات زۆر درەنگ دەبێت.

بەر لەوە کاتەکە زۆر درەنگ بێ مەسرور بارزانیی دەبێ بوەستێنرێت. وەستاندنی بارزانی نەک تەنها ئازادکردنی خەڵکی کوردستان و حوکمڕانیی کوردستانە لە سیستەمێکی تاکڕەویی کە ئێستا لە بەهێزبون دایە، بەڵکو ئازادکردنی نەوەکانی داهاتو و رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دورخستنەوەی شەڕی تورکیا و پێشخستنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاڤا.

وەڵامی پرسیاری ئەوەی مەسرور بارزانیی چۆن بوەستێنرێت، راستە قوڕسە، بەڵام بەوە دەستپێدەکات ئەو راستییانەی سەرەوە باشتر هەستپێبکەین و بڕیاربدەین هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵی خزمەتکردنە بەو تاکڕەوییە، و ئەگەری فاشیزمێکی نوێ لە داهاتودا. جاری دیکەش باسی وێنەی ئەمریکام کرد چۆن دەربازیان بو لە سەرۆکێکی سێکسیست، رێیسیست، ناشناڵیست و ویست-فاشیستی وەک تڕامپ. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە بلۆکێکە دژ بەو تاکڕەویی و ویست-فاشیستییەی مەسرور بارزانیی بەرلەوەی زۆر درەنگ بێت. هەرکەس و لایەنێک هاوکاریی جێبەجێبونی ئەو تاکڕەوییە بێت، سبەی خۆی یەکەم قوربانیی دەبێت.

٢٠١٦ حیزبی دیموکراتی ئەمریکیی نەیتوانی لە ناوخۆیدا بگاتە رێککەوتنێک کە لایەنگرانی بێرنی ساندەرز دەنگ بە هیلەری کڵینتن بدەن. حیزبی دیموکرات ئامادەنەبو داوا پێشکەوتنخواز/پرۆگرێسیڤەکانی گروپی ساندەرز قبوڵ بکات، دژایەتییەکی زۆری ساندەریزیشیان کرد. ئەنجام، رێیسیست، سێکسیت، دیماگۆگ و پۆپیولیستێکی وەک تڕامپ بو بە سەرۆکی ئەمریکا.
لە ٢٠٢٠ دیسان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە. ساندەرز دیسان نەیتوانی ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان، دامەزراوەی حیزبی دیموکرات دژ بە ساندەرزە، بەڵام ئەمجارە ساندەرز و لایەنگرانی هێند بەهێزن حیزبی دیموکرات ناچارە لە خۆیان بگرێت. هەروەها قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆپیشاندانەکانی بلاک لایڤز ماتە نیشانیاندا سیستەمی ئەمریکا لە چ کێشەیەکی قوڵ دایە. چیتر ئەو وڵاتە بەو جۆرە ناتوانرێ بەڕێوەببرێ و پێویستبو داوا پرۆگرێسیڤەکانی دیموکراتە پرۆگرێسیڤەکان/گروپی ساندەرز جێیان بکرێتەوە بۆ گۆڕینی ئەمریکا و بردنەوە لە تڕەمپ.
گروپی ساندەرز و کاندیدی دیموکراتەکان شەش کۆمیتەیان پێکهێنان بۆ داڕشتنی ئاژێندایەکی نوێ کە بتوانێ هەردولا رازیبن لەسەری بۆ هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەمریکا تا حیزبی دیموکرات دابەشنەبێ. گروپی ساندەرز ئەو پێکەوە کارکردنەیان قبوڵکرد، چونکە دەزانن جێکردنەوەی هەمو داواکانیان زەحمەتە، چیتریش ئەو بزوتنەوەیە تەنها هی هەڵبژاردن نییە و بەڵکو دوای هەڵبژاردنیش لە داڕشتنی سیاسەتی وڵات دەور و رۆڵیان هەیە. دونیابینیی ساندەرز رەنگدانەوەی لە سیاسەتی ئەمریکا دەبێت.
هەردولا رێککەوتون و پڕۆژەیەکی ١١٠ لاپەڕەیییان نوسیوە بۆ ئەوەی حیزبی دیموکرات قبوڵیبکا و ئاژێندای ئیدارەی جۆ بایدن دەبێ. ئەو دو گروپەی حیزبی دیموکرات لەسەر پڕۆژەیەک بۆ ئەمریکا رێککەوتون نەک لەسەر ژمارەی وەزیر و بەڕێوەبەرایەتییەکان. کاتێک ئیدارەش دەگرنە دەست، بەدڵنیایی زۆربەی جێبەجێدەکەن. نەک وەک لای خۆمان شەڕی گەورە لەسەر پۆستی وەزیرە نەک پڕۆژەی وەزارەت.
دەکرێ زۆر لە ساندەرز و حیزبی دیموکرات فێرببین، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو و رێگرتن لەو دڵرەقییانەی ئێستای دیاردەی مەسروری بارزانیی. پێویستمان بە “بلۆکێکی مێژویی” دەبێت کە بتوانێت بەرەنگاری دیاردەی مەسرور بارزانیی ببێتەوە و هەژمون بۆ دیموکراسیی و پێکەوەژیان بێت نەک بۆ سیستەمی تاکڕەویی و ویست-فاشیستیی.

 

بەشکردن: