فاشیزم چییە؟

~ جۆن برۆیش، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی

لەو رۆژەوەی دۆناڵد تڕامپ بوە سەرۆکی ئەمریکا، مێژوناسان گفتوگۆی ئەوەیان دەستپێکردوە ئاخۆ تڕامپ فاشیستە.

وەک مامۆستایەکی مێژوی جەنگی جیهانی دوەم کە دەربارەی فاشیزمی نوسیوە، بەگشتیی ئەوەم بینیوە کە مێژوناسان هاوڕان لەسەر پێناسەیەکی هاوبەش بۆ چەمکی فاشیزم.

بە لەبەرچاوگرتنی بەکارهێنانی هەنوکەی چەمکەکە -هەروەها هەندێجاریش بەهەڵە-بەکارهێنانی- پێموایە گرنگە ئەوە جیابکەینەوە کە چی فاشیزمە و چی فاشیزم نییە.

یەکەمجار بیر بۆ نەژاد دەچێت

فاشیزم، ئێستا تەمەنی سەدەیەکە، لەگەل بێنیتۆ موسۆلینی و هاوپەیمانەکانی لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد. لەسەر بنەمای دروشمێکی رۆمانی کۆن ناویان لە بزوتنەوەکەیان نا، فاشەکان؛ تەورێک دەستکەکەی بەتوندیی بە چەندین دارەوە توند و بەهێزکراوە، هێما بۆ یەکێتیی هێز لە دەوری یەک سەرکردەدا دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، فاشیزم زیاترە لە دیکتاتۆریی.

جیاوازە لە دەستەڵاتخوازیی/ئۆثۆریتاریانیزم سادە -جۆرێکە لە حکومەتی دژە-دیموکراسیی لەلایەن کەسێکی بەهێزەوە یان بژاردەیەکی بچوکەوە بەڕێوەدەبرێت- و “ستالینیزم” -دەستەڵاتخوازیی لەگەڵ بیرۆکراسیی باڵادەست و کۆنترۆڵی ئابوریی، ستالینیزم دوای سەرکردەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشو ستالین ناونرا. هەمان شتیش راستە بۆ “ئانارکیزم،” ئەو باوەڕییەی کە کۆمەڵگە لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی بێ پلەبەندیی رێکدەخات.

لە سەروی هەمو ئەوانەوە، فاشیستەکان بەنزیکەیی هەمو شتەکان لە چاوی نەژادەوە دەبینن. ئەوان نەک تەنها پەیوەستن بە باڵایی نەژادەوە، تەنانەت “پاکیی نەژادیی”ش پێشدەخەن، بەو واتایەی پاکێتیی نەژادی ئەوان و جیاکردنەوەی لەوانەی ئەوان بە نزمتریان دەبینن.

واتا ئەوانە دەبێت دیاریبکەن کێ ئەندامی شەرعیی نەژادی نەتەوەی ئەوانە. ئەوان دەبێت نەژادی “راست” دابهێنن.

زۆر کەس شارەزای نەژادی ئاریانی ئەدۆڵف هیتلەر و رژێمی نازییە، کە هیچ راستییەکی مێژویی و بایۆلۆژیی نەبو. نازییەکان دەبوایە ئەفسانەیەکی رابردو و خەڵکێکی ئەفسانەیی دروستبکەن. لەخۆگرتنی هەندێک لە “نەژادی راست” واتا دەرکردنی ئەوانیدی.

کاپیتاڵیزم باشە

لای فاشیستەکان کاپیتاڵیزم/سەرمایەداریی باشە.

سەرمایەداریی وەڵامدەرەوەی سەرسامبونیانە بە “مانەوەی بەهێزترین،” ئەو دەستەواژەیەی لەلایەن داروینیستی کۆمەڵایەتیی هێربێرت سپێنسەرەوە داڕێژرا، تا ئەو کاتەی کۆمپانیاکان خزمەت بە پێویستییەکانی سەرکردایەتیی فاشیست و خەڵک “فۆڵک [وشەیەکی ئەڵمانییە بە واتا خەڵك]” دەکەن.

لە بەرانبەر پاراستنی سەروەت و سامانی تایبەتیی، فاشیستەکان داوا لە کاپیتالیستەکان دەکەن وەک دۆست/کرۆنی مامەڵە بکەن.

ئەگەر، بۆ نمونە، کۆمپانیایەک بەسەرکەوتویی چەک بۆ شەڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە بەرهەمبێنێت، ئەوا باشە. بەڵام ئەگەر کۆمپانیایەک هەوڵی بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی کەسانی نەیار بدات، یان پارە و قازانج بۆ نەژادی-لاوەکیی خەیاڵکراو دروستبکات، ئەوکات فاشیستەکان باسکی لێ هەڵدەماڵن و کۆمپانیەکە دەدەنە کەسێک کە سەر بە خۆیانە.

ئەگەر ئابوریی لاواز بێ، ئەوا فاشیستەکان سەرنجی خەڵک لە کەموکورتییەکانەوە لادەبەن و سەرنجەکان دەخەنە سەر نەخشەکان بۆ شکۆی نیشتیمانیی و تۆڵەکردنەوە لە دوژمنانی ناوخۆ یان دەرەوە.

دەستەڵات چاک دەکات

شتێکی گرنگ هەمو فاشیستەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەو فیکرەیەیە کە “نیشتیمانپەروەران”ی نەتەوە پشتگوێخراون، و “خەڵکی باش” سوکایەتیی پێکراوە لەکاتێکدا “خەڵکی خراپ” لە پۆستی باشترن.

فاشیستەکان دەڵێن ئەو خەمانە وەڵامنادرێنەوە ئەگەر دۆخی هەنوکەیی وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەوان دەڵێن دەبێت گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە روبدات تا رێبدرێ بە “خەڵکی راست” بۆئەوەی وڵات لە زنجیرەکانی دیموکراسیی و قانونە کارپێکراوەکان دەربازبکات و شتەکان راستبکرێنەوە.

لای فاشیستەکان دەستەڵات-هێز شتەکان چاک دەکات.

لەبەرئەوەی لای ئەوان قانون پێویستە لەژێر خزمەتی پێویستییەکانی خەڵک بێت، هەروەها بۆ پێویستیی تێكشکاندنی لیبرالیزم و سۆشیاڵیزم، فاشیستەکان پشتیوانیی میلیشیای حیزبیی دەکەن. ئەوانە وا دەکەن فاشیستەکان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بڕوخێنن، هەڵبژاردنەکان خراپ دەکەن و پۆلیس دەترسێنن یان دەیخەنە بن رکێفی خۆیان.

فاشیستە مێژویییەکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیای موسۆلینی مەبدەئی دەستەڵات-چاک-دەکاتیان لە دەرەوە فراوانکرد، هەرچەندە فاشیستەکانی بەڕیتانیا لە ١٩٣٠ەکاندا کە لەلایەن ئۆسوالک مۆسلی و یەکێتیی فاشیستەکانی بەڕیتانیا سەرکردایەتیی دەکرا، رێبازی دابڕانیان لا پەسەندتر بو، جۆرێک لە گوتاری شەڕی ناوخۆیان پێشخست دژ بە دوژمنی خەیاڵکراوی دەوڵەت، جوەکان.

فاشیستەکان چی رەتدەکەنەوە

بەر لە هەرشتێک و لە هەموی گرنگتر، فاشیستەکان دەیانەوێت دژ بە سۆشیالیزم راپەڕن. ئەمە لەبەرئەوەیە سۆشیالیزم دژ بە کرۆنی کاپیتالیزمە/الراس مالیة المحسوبیة/سەرمایەداریی دۆستان کە فاشیستەکان لە ئامێزی دەگرن.

سۆشیالیزم تەنها ئامانجی یەکسانیی دەرفەتەکان و سەرفرازیی نییە بێ گوێدانە نەژاد، تەنانەت هەندێک لە سۆشیالیستەکان دەیانەوێت کۆتایی جیاکاریی نەتەوەکان ببینن، ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر بڕوای نەتەوە-دەوڵەتی فاشیستەکان.

لەپاڵ رزگاربون لە ئەریستۆکراتەکان و نوخبەکانی تر، فاشیستەکان ئامادەن بۆ لەقکردنی کڵێسا [پیاوانی دین] یان گەیشتنە ئاگربەستێکی سودبەخشی دولایەنە.

موسۆلینی، هیتلەر، فالانگیستەکان لە ئیسپانیا بۆیان دەرکەوت کە پێویستە لەگەڵ کڵێسا هەڵبکەن نەک جێگۆڕکێی بە کەنیسە بکەن لە وڵاتەکانیان – تا ئەوکاتەی کەنیسە دژیان نییە.

فاشیستەکان هەروەها دیموکراسییش رەتدەکەنەوە، لای کەم هەر دیموکراسییەک کە ئەنجامەکەی سۆشیالیزم یان زۆر لیبرالیزم بێت. لە دیموکراسییدا، دەنگدەران دەتوانن بڕیار لە سیاسەتەکانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵ بدەن. دەنگدەران دەتوانن داوای یەکسانیی رەگەزیی/جێندەریی بکەن و ئاستی نێوان چیینەکان و گروپە ئێثنییەکان دیاریبکەن.

فاشیستەکان دژ بە هەمو ئەو هەوڵانەن.

فاشیزم لە ناسیۆنالیزمەوە سەرهەڵدەدات

فاشیزم لۆجیکی توندڕەوی ناسیۆنالیزمە، ئەو بڕوایەی کە تەمەنی ٢٥٠ ساڵ دەبێت کە دەڵێت دەبێت نەتەوە دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای نەژاد و مێژویی خەڵک دروستبکرێن.

فاشیستەکانی سەرەتا ئەو فیکرانەیان لە هیچەوە دەرنەهێنا -ئەوان ناسیۆنالیزمیان زیاتر لە هەرکەسێک پێش خۆیان پێشخست. بۆ فاشیستەکان نەتەوە دەوڵەت تەنها سەروەریی “خەڵکەکە” دروستناکا، بەڵکو نەتەوە دەوڵەت ویستی ئەخلاقیی و راستەقینەی خەڵک و-سەرکردەکە- پێشی هەمو رەچاوکردنێکی تر دێ، بە راستییەکانیشەوە/فاکت.

لە راستییدا، ویست، خەڵک، سەرکردە و فاکتەکان هەمویان یەک شتن لە فاشیزمدا.

بەشکردن: