مەحمود دەروێش: لە گالیلێوە بۆ جیهان

دەروێش لە نەخۆشخانەیەک لە هۆستن لە ئەمریکا لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا دوای نەشتەرگەریی کردنەوەی-دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئەو زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی شیعریی، هەشت کتێبی پەخشان، و زۆریش دەڵێن، سومعەیەک وەک گەورەترین شاعیری نیوەی دوەمی سەدەی بیستەم، بەجێهێشت. 

ریچارد پیتهاوس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: كەمال چۆمانی

 

لە یادەوەریی هەشتایەمین ساڵەی لەداییکبونیدا، لە کارە گەورە و سەرسوڕهێنەر، ئینسانیی و رەنگاوڕەنگەکانی شاعیری کۆچکردوی فەڵەستینیی رادەمێین.

مەحمود دەروێش یەکێکە لە گەورەترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم. وەکو پابلۆ نێرودا، دەیتوانی لە یاریگادا شیعر بخوێنێتەوە: جارێکیان لە بەیروت ٢٥،٠٠٠ ئامادەبوی بۆ لای خۆی راکێشا، ئەو شارەی، کە ئەو بۆی نوسی <<بۆنی خۆر، دەریا، دوکەڵ و لیمۆکان>>ە

دەروێش لە گوندی ئەل-بیروە لە گالیلێ لە ١٩٤١ لەداییکبوە، لە ١٩٤٨ خێزانەکەی ئاوارە بو بۆ لوبنان کاتێک گوندەکەیان لەلایەن سوپای ئیسڕائیلییەوە خاپورکرا لە کاتی نەکبەدا. دەروێش لە ناوەڕاستی شەستەکانی تەمەنیدا ئەو یادەوەرییە بیردێنێتەوە کە <<لە ساتەوەختێکی کارەساتئامێزدا، مێژو وەک دزێکی لێزان لە دەرگایەکەوە هات، و ئێستاش لە پەنجەرەیەکەوە رۆییشت.>>

ساڵێک دوای خاپورکردنی ئەل-بیروە خێزانی دەروێش گەڕانەوە ئیسرائیل، ئەوەش زۆر درەنگ بو بۆ ئەوەی وەک عەڕەبی ئیسرائیلیی دابنرێن. ئەو باوکە سەرکەوتو و ساماندارەی جاران بەناچاری بوە کرێکارێکی کێڵگەکان. دەروێش یەکەم شیعری خۆی لە تەمەنی هەشت ساڵاندا ئافراند -شیعرێکی سیاسیی-. لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا ناووبانگێکی گشتیی دەرکردبو وەک شاعیرێک، شاعیرێکی زۆر سیاسیی کە بە ستایلی کلاسیکی عەڕەبیی دەینوسی و سەرەکییانەش لەبارەی نەکبەوە بو.

لە بیستەکانی تەمەنیدا، لەژێرکاریگەریی نەوەیەکی نوێی نوسەری عەڕەبییەوە، هەروەها کاریگەریی نوسەرانی وەک ئارتور ڕامۆ -شاعیرە هەرزەکارەکەی کۆمیونەی پاریس ئەو شاعیرەی کە پێی وابوو دەبێ شاعیر پابەند بێت بە <<پەشێوییەکی درێژ و رێکخراوی هەمو هەستەکان>> – دەروێش دەستیکرد بە شکاندنی فۆرمە کلاسیکەکان. دوای ئەمە، بۆ ماوەی نزیکەی چل ساڵ دەروێش فۆڕمێکی زۆر نایابی سەرنجڕاکێش و پڕڕەنگی دەربارەی هەنار، کۆتر، ئاسک، زەیتون، خوێ، خوێن، خۆشەویستی، شەهوەت، ئۆرشەلیم، دیمەشق، ئەندەلوس، دار، پەپولە، روبار، قاوە، بیرەوەری، خەون، ماڵ، تفەنگ، تانک و ماتەمینی پێشکەشکرد.

 

ژیانی گەنجیی و کارەکانی

لە تەمەنی ٢٢ ساڵییدا کەوتە داوی خۆشەویستییەکی ئاڵۆز لەگەڵ تەمار بن ئامی، کۆمیونیستێکی جو:

ناوی ریتا،
شادییەک بو لە زارمدا.
جەستەی ریتا،
شایییەک بو لە خوێنمدا!

بەڵام، بێگومان، ئەو عەشقە مایەی لێبوردن نەبو بۆ دەوڵەتێکی رەگەزپەرست:

لەنێوان ریتا و چاوەکانما
تفەنگێک هەیە

ریتام لەبیرە
وەک چۆن چۆلەکەیەک جۆگەلەکەی لەبیرە


لە ١٩٦٥، لە تەمەنی ٢٤ ساڵییدا، لە سینەمایەک لە نەزارەت شیعرێکی بە ناونیشانی <ناسنامە> خوێندەوە. ئەو شیعرە بوە جێی وروژاندن و باسکردن لە تەواوی دونیای عەڕەبدا. دەروێش دواتر سزادرا بە مانەوە لە ماڵدا کاتێک شیعرەکە کرایە ئاواز و میوزیک و بو بە یەکێک لە گۆرانییە بەناووبانگەکانی ناڕەزایەتییەکان. شیعرەکە رودەکاتە ئەفسەرێکی پۆلیسی ئیسرائیلیی:

تۆماری بکە، من عەرەبم
لەگەڵ هاوڕێیانی زەحمەتکێشدا لە کانەبەرد کار دەکەم
هەشت منداڵم هەیە
نان و جلوبەرگ و دەفتەریان
لەسەر بەرد بۆ دەردەهێنم

لە هەمان ساڵدا، دەروێش پەیوەندیی بە حیزبی کۆمیونیستیی ئیسرائیلیی رەکاهەوە کرد. یەکەم ئیشی ئەدەبیی دەروێش لە گۆڤارە ئەدەبییەکەی دەرکەوت، ئەل-جەدید. هەرزو بوە سەرنوسەری گۆڤارەکە. دەروێش عیبرییەکی نایابی قسەدەکرد، شاعیرەکانی وەک نێرودا و فێدریکۆ گارسیا لۆرکای بەو زمانە دەخوێندەوە.

لە وەڵامی رەخنەی رەخنەگران بۆ شیعری <<سەربازێک کە خەون بە گوڵاڵە سپییەکانەوە دەبینێت>>، دوای شەڕی شەش-رۆژەی ١٩٦٧ نوسرا، ئەو سوربو لەسەر ئەوە:
<<من بەردەوامدەبم لە بەئینسانیکردنی تەنانەت دوژمنەکەشم.>>
لە ١٩٧٠، دوای دوبارەکردنەوەی زیندان، دەروێش بڕیاریدا بگوازێتەوە بۆ قاهیرە کە لەوێدا دەستیکرد بە کارکردن بۆ رۆژنامەی رۆژانەی ئەل-ئەهرام. لە ١٩٧٣ پەیوەندیی کرد بە ریزەکانی رێکخراوی رزگاریخوازیی فەڵەستینی و گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل بۆ ماوەی ٢٣ ساڵی داهاتو لێ قەدەغەکرا. ئەم ژیانە لە مەنفا – <<شەوێکی درێژ کە دەڕوانێتە ئاو>>- لە قاهیرە، بەیروت، دیمەشق، تونس و پاریس بەسەربرد. ئەو نووسی <<بیری نانەکەی دایکم دەکەم، تامەزرۆی قاوەکەی دایکمم.>>

تامەزرۆکردنی بۆ <<بینینەوەی خۆری خۆمان، خۆرهەڵاتنی خۆمان لە رۆژهەڵاتی خۆمان>>، و باری یادەوەریی <<وەکو هەنارێک… خوازەی مرواریی>> هەڵگرت لەگەڵ هاودەمیی ئێستا و دەوڵەمەندیی شیعریی. ئەوەی لەگەڵ خۆیدا <<فیکرەیەک پارچە خەڵوزێکە دەسوتێت>>، کە <<وشەکان وڵاتێکن>> و کە تەنانەت لە زەحمەتترین دۆخەکانیشدا <<گۆرانیگوتن لە قەفەسدا دەگونجێ، هەروەها خۆشبەختییش>>ی هەڵگرت.

ژیان و بەرخودان

دەروێش حەزیدەکرد لە بەیانییاندا بنوسێت، جلی رەسمیی لەبەردەکرد، پەسەندتر بو لای لە ژورێک بێ پەنجەرەیەکی تێدا بێ و بەسەر دارێک بڕوانێت و هەمیشە بەردەوامی بدات بە پەیوەستبونێکی گەریلایییانە بۆ بەهاکانی ژیان، ئەو جارێک نوسی: <<لەسەر ئەو زەوییە ئەوەمان هەیە کە دەتوانین ژیانێکی لێ درووستبکەین کە شایانی ژیان بێت: دودڵییەکانی نیسان، هاواری نان لە زەردەپەڕدا، کارەکانی ئاخیلۆس سەرەتای عەشق، گیا لەسەر بەردێک، دایکان کە لەسەر هەناسەی فلوتێک دەژیێن و ترسی یادەوەریی داگیرکەران.>>

تا ساڵی ١٩٧٧ دەروێش زیاتر لە یەک ملیۆن لە کتێبەکانی بە عەڕەبیی فرۆشرابون. بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ دوای داگیرکردنی لوبنان و گەماڕۆکە و بۆردومانکردنی بەیروت لە ١٩٨٢، دەروێش توانای نوسینی نەبو. ئەو بێدەنگییە بە نوسینی درێژە پەخشانەشییعرییەکەی یادەوەریی لەبیرچونەوە شکێنرا کە لە ماوەی ٩٠ رۆژدا لە پاریس نوسرا.
شیعرەکە وێنەکردنی ٦ی ئابی ١٩٨٢ە، رۆژێکی تۆپبارانی چڕی ئیسڕائیلیی: <<شەقامەکە. حەفتی تەواو. ئاسۆ هێلکەیەکی زەبەلاحە لە ئاسن دروستکراوە.>>

لە ناوەڕاستی ئەو رۆژەدا – کە ناوی لێ ناوە رۆژی هێرۆشیما- شاعیر روی وەردەگێڕێتەوە سروتەکانی ژیانی رۆژانەی:

<<بۆن و بەرامەی قاوەم دەوێ. پێویستم بە پێنج دەقیقان هەیە. ئاگربەستێکی پێنج-دەقیقەییم دەوێت لەبەر خاتری قاوەیەک. هیچ خۆزگەیەکی کەسییم نییە جگە لە دروستکردنی قاوە. بەو شێتییە پێناسەی ئەرک و قاوەکەم دەکەم. هەمو هەستەوەرەکانی من لەسەر نیشانەکانی ئەوانە، لەسەر هاوارەکە ئامادەیە بۆ دنەدانی تێنوێتیی من بەرەو تەنها یەک ئامانج: قاوە.>>

شیعرەکە لەگە`ل خۆیدا رەشبینییەکی نوێ هەڵدەگرێ:

<<من حەز لە دەریا ناکەم. دەریام ناوێت، لەبەرئەوەی کەنارەکانی نابینم، یا کۆترەکانی. من لە دەریادا هیچ نابینم جگە لە دەریا. من کەنارێک نابینم. من کۆترێک نابینم.>>

لە ١٩٨٨، دەروێش داوای لێ کرا بۆ نوسینی راگەیاندنی سەربەخۆیی فەڵەستین. ئەو ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینیی بو تاکو ١٩٩٣، کاتێک کە نەیتوانی رێککەوتنەکانی ئۆسڵۆ قبوڵبکات، دەستیلەکارکێشایەوە.

دەروێش لە مەنفادا بوە کەسایەتییەکی جیهانیی، شیعرەکانی بە ئینگلیزیی، عەڕەبیی و هەروەها فەڕەنسییش دەخوێندەوە، زنجیرەیەک خەڵاتی وەرگرت، هەرچەندە خەڵاتی نۆبێڵی وەرنەگرت، کە زۆر کەس پێیانوایە چەند جار بەدەستیهێناوە.

لە کۆتایییەکانی ١٩٩٠ەکان دەروێش گەڕایەوە رامەڵا کە هێشتا هەر بە خاکی فەڵەستین مابویەوە و لەوێ ژیانی بەسەربرد تا کۆچیی دوایی لە ٢٠٠٨. ئەمە بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوە نەبو بۆ هیچ جۆرێک لە ئازادیی. لە ئاداری٢٠٠٢، لە ماوەی ئینتیفازەی دوەم، لەگەڵ وۆل سۆیینکا، خۆسێ ساراماگۆ و برێیتن برێیتێنباغ بۆ جەماوەرێکی گەورە شیعری خوێندەوە، کە لەوێدا بانگهێشتکراوو تا گەواهیی داگیرکاریی بێ. چوار رۆژ دواتر تانکەکانی سوپای ئیسڕائیل چونە ناو رامەڵا و سەنتەرێکی کەلتوریی کە لەوێدا دەروێش سەرنوسەرایەتی گۆڤارێکی ئەدەبیی دەکرد و گۆڤارەکە لەلایەن سوپای ئیسڕائیلییەوە تاڵانکرا، ئیشەکانی دەروێش دڕێندران و خرانە سەر زەوییەکەوە.

گەماڕۆدانی گەمارۆ

دۆخی گەمارۆ، بەرهەمی شیعریی دەروێش، ٢٠٠٢ بڵاوکرایەوە، کە باسێکە لەو ماوەیە و تێیدا دەڵێت:

<<هەرکاتێک واقیعێک دەدۆزنەوە کە بۆیان باش نییە،
بە بوڵدۆزەرێک وێرانیدەکەن

هەروەها:

سەربازەکان ماوەی نێوانی بون و نەبون
بە دوریی تانکەکان
 دەپێون

ئەمە شیعرێکە کە چارەسەریی گەمارۆدانی گەمارۆ دەکات، شیعرێک کە سەربازەکان لەژێر پاراستنی تانکەکاندا میزدەکەن\ هەروەها رۆژە پاییزییەکە پیاسە زێڕینەکەی تەواودەکات. هێشتا داری سەوز لەگەڵ سێبەری شین و ژینکردنی ژیان لەسەر زەویی، لەناو دار سنۆبەرەکاندا هەیە. ناوی مردوەکان لەوانەیە بە پیتەکانی لازوردی بنوسرێن.

 

لە تەموزی ٢٠٠٧دا، مەحمود دەروێش لاواندنەوەیەکی نوسی بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەزە لەلایەن حەماسەوە، نوسی <<یەک گەل ئێستا دو دەوڵەتی هەن، دو زیندان کە سڵاو لە یەکتر ناکەن. ئێمە قوربانییەکانین بەرگی جەلادەکانمان پۆشیوە.>>

دەروێش لە نەخۆشخانەیەک لە هۆستن لە ئەمریکا لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا دوای نەشتەرگەریی کردنەوەی-دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئەو زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی شیعریی، هەشت کتێبی پەخشان، و زۆریش دەڵێن، سومعەیەک وەک گەورەترین شاعیری نیوەی دوەمی سەدەی بیستەم، بەجێهێشت.


لاشەکەی گەڕێندرایەوە فەڵەستین. ئەو خواستبوی لە گالیلێ بنێژرێ، بەڵام تەنانەت ئەو دوا حەزەشی رەتکرایەوە. لەبری ئەوە، لە سپێدەیەکی خۆرەتاوی زستاندا، دەیان هەزار کەس بەدوای تەرمەکەیەوە ماڵئاوایییان لێ کرد و لە ناو دار سنۆبەرەکانی ئەل-رەبوە، گردێک کە بەسەر رامەڵادا دەڕوانێت، نێژرا. زۆرکەس لە کاتی ناشتنیدا پێکەوە چەند دێرێکی کەمیان لە دوا شیعری دەروێش گوتەوە کە ئەو بەر لە مردنی خوێندبویەوە، زارهەڵدەر:

کە ئاسمان رەنگبزرکاو دەبێ
و من گوڵێک دەبینم لەپڕێکەوە شکۆفەی داوە
لە درزی دیوارێکەوە
من ناڵێم:
ئاسمان رەنگبزرکاوە!
لە گوڵەکە ورددەبمەوە و 
پێی دەڵێم: چ رۆژێکە!

—-

سەرچاوە: نیو فڕێیم

بەشکردن: