ئەگەر سەرکردە کوردەکان جدیین لەبارەی شەفافییەتەوە، با لیستی باجدانیان بڵاوبکەنەوە

مایکل روبن

“ئەگەر مەسرور فۆرمەکانی باجدانی خۆی پێشکەشی دەزگای خزمەتگوزاریی داهاتی ناوخۆی ئەمریکا نەکات، دەکرێت روبەڕوی کەیسی تاوان بکرێتەوە و نیشتەجێبونی هەمیشەیی خۆی لە ئەمریکا لەدەستبدات. ئەگەر مەلا مستەفا و مۆکسی فایلی باجدانیان نەگەڕاندبێتەوە، ئەوا روبەڕوی زیندان دەبنەوە کاتێک دەگەڕێنەوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.”

سەرۆک وەزیرانی کوردستانی عێڕاق مەسرور بارزانی حەزدەکات پەیمانی شەفافییەت بدات. لە وتارێکیدا لە کانونی یەکەم ٢٠١٩ لە سەدڕۆژەی دەستبەکاربونیدا، رایەگیاند: “ئەمڕۆ کوردستان بەهێزترە، شەفافترە و ئارامترە لەو رۆژەی کە من تێیدا دەستبەکاربوم. وڵاتییانی خۆشەویست، بەر لە هەرشتێک، حکومەتێک کە خزمەتی خەڵک دەکات پێویست دەکات شەفاف بێت، کارپوخت و نوێگەر بێت.” لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ کاتێک بۆ پارلەمان قسەیکرد، دەربارەی “پشکنینی گشتیی، شەفافییەت و بەرپرسیارێتیی کە بنەمای کابینەکەی ئەون” قسەیکرد. لە شوباتی ٢٠٢١ دوبارە پەیمانیدا کە “عەدالەت و شەفافییەت” لە حکومەتدا جێدەگرن و ستراتیجێکی راگەیاند بۆ “بەفراوانی زیادکردنی شەفافییەت و کارپوختیی لە خزمەتگوزاریی گشتییدا.” لە مانگی دواتر لە کۆبونەوەیەکدا تایبەت بە بودجە، دیسان پەیمانیدا کە پڕۆژە-قانونی بودجە “لەسەر بنەمای داتای شەفاف دەبێت.”

مەسرور بارزانی یەکەم بەرپرسی کورد نییە کە پەیمانی شەفافییەت دەدات. لە ٢٠١٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنتراکتێکی لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت ئیمزاکرد بۆ وردبینیکردنی داهاتەکانی نەوتی هەرێم. قوباد تاڵەبانی، یاریدەدەری مەسرور، بەشانازییەوە لە چەندین شوێن باسی لە کارکردنی هاوبەشی حکومەتی هەرێم کرد لەگەڵ پرایسوۆتەهاوسکوپەرز و شەفافییەتی نەوت کردوە. کێشەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم هەرگیز ئەنجامەکانی وردبینیی بڵاوناکاتەوە و رێنادات وردبینکاران و ژمێریاران دەستیان بە نوسراو و وەسڵەکان بگات. لە کرداردا، بەرپرسانی کورد وردبینی زیاتر بۆ بەلاڕێدابردن بەکاردێنن تا رونکردنەوە و شەفافییەتی زیاتر.

پێویستیی شەفافییەت راستییە، لەگەڵ ئەوەشدا، و ئەگەر مەسرور جدییە، دەرفەتێکی دانسقەی لەبەردەستە بۆ سەلماندنی. بۆ ماوەی چەند ساڵێکە مەسرور نەک تەنها وڵاتییەکی عێراقییە، بەڵکو نیشتەجێیەکی هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاشە. برا بچوکترەکەی، مەلا مستەفا “بابۆ” وڵاتییەکی ئەمریکییە. هەروەها موکسی بارزانییش وڵاتییەکی ئەمریکییە. نێشتەجێیان و وڵاتییانی ئەمریکا پێویستە لیستی باجدانیان [گێڕانەوەی باج] فایل بکەن، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەش بژین. لە راستییدا، ئەمریکا یەکێکە لە تەنها ئەو وڵاتانەی جیهان کە باجدان لەسەر بنەمای وڵاتیبونە زیاتر لەسەر بنەمای نیشتەجێبون. ئەوە مانای وایە خزمەتگوزاریی داهاتی ناوخۆی ئەمریکا لە نیشتەجێیانی هەمیشەیی و وڵاتییانی ئەمریکیی دەخوازێت کە باج بدەن تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی ئەمریکاش بژین.

لە کاتێکدا هەندێک وڵاتە رێککەوتنامەی جیایان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی باجدانی دەبڵ هەیە، ئەمە مانای وانییە کە فایلی گێڕانەوەی باجەکان و باجدان پێویست نییە، و لە زۆر دۆخدا، ناوەڕۆکی ژمارە بانکیی کەسەکان لە دەرەوە پێویستە ئاشکرا بکرێت. ئەگەر مەسرور فۆرمەکانی باجدانی خۆی پێشکەشی دەزگای خزمەتگوزاریی داهاتی ناوخۆی ئەمریکا نەکات، دەکرێت روبەڕوی کەیسی تاوان بکرێتەوە و نیشتەجێبونی هەمیشەیی خۆی لە ئەمریکا لەدەستبدات. ئەگەر مەلا مستەفا و مۆکسی فایلی باجدانیان نەگەڕاندبێتەوە، ئەوا روبەڕوی زیندان دەبنەوە کاتێک دەگەڕێنەوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

لەڕوی نەریتییەوە لەناو ئەمریکا، کاندیداکانی سەرۆکایەتیی لیستی باجدانی خۆیان بڵاودەکەنەوە لەپێناو شەفافییەت سەرەڕای ئەوەی هیچ خواست و پێویستییەکی قانونیی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. دۆناڵد ترامپ بەدەر بو لەوە؛ هەوڵەکانی بۆ شاردنەوەی لیستی گێڕانەوەی باجەکانی وای لە زۆر لە ئەمریکییەکان کرد کە وا بڕوابکەن کە ئەو شتێکی هەبو بیشارێتەوە. دواجار لە لایەن دادگاکانی نیو یۆڕکەوە ناچارکرا دۆکیومێنتەکانی ئاشکرابکات، ئێستا وا دەرکەوت کە گومانە گشتییەکان راستییان تێدا هەبو بەوپێیەی داواکاری گشتیی نیو یۆڕک بەدوای ئەوەدایە زانیارییەکان بەردەواردبکات لەگەڵ ئەو بەیاننامانەی بانکەکان کە پێشبینییدەکرێت گەندەڵیی و تەزویر هەبێت. بە شێوەیەکی سادە، تەنانەت ئەگەر قانونیش کەسەکان پەیوەست نەکات بە بڵاوکردنەوەی لیستی باجدانی بەرپرسان، سیاسەتمەداران ئەگەر هیچ شتێکیان نییە بیشارنەوە هیچ هۆکارێکیش نییە ئەو دۆکیومێنتانە بشارنەوە.

گێڕانەوەی باجەکان لەوانە نییە پەردە لەسەر هەمو شتێک هەڵماڵن چونکە بەرپرسانی عێڕاقیی و کورد زۆربەی جار هاوکارانی نزیک و خزمەکانیان بەکاردەهێنن بۆ مامەڵەکانیان و جێبەجێکردنی کاروباری دارایییان. مەسرور وا دەردەکەوێت سەروەر پێداوی بەکاردەهێنێت، وا دادەنرێت وڵاتییەکی هۆڵەندییش بێت، بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دارایی و موڵک و ماڵی لە عێڕاق. لەژێر ناوی شەفافییەتدا، کەوایە، مەسرور با دۆکیومێنتەکانی باجدانی خۆی لە دەرەوە بڵاوبکاتەوە و فەرمان دەربکات ئەندامانی خێزانەکەشی هەمان شت بکەن، هەروەها ئەوانەش کە دو-وڵاتینامەیان هەیە و لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرپرسیارێتییان هیە. هەروەها دەکرێ هەمو بەرپرسانی کوردییش ناچاربکات کە لیستی باجدان و گێڕانەوەی باجیان ئاشکرا بکەن جا چ بە خۆیان بێت یان هی وەکیلەکانیانی بزنس و موڵک و ماڵیان. شەفافییەت لەوە کەمتر قبوڵناکات.

– تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسراوە

 

بەشکردن: