لاهور تاڵەبانی و یەکێتیی و گۆڕان بۆ وا دەکەن؟

کەمال چۆمانی

یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی وەک سەردەمی ریفراندۆم دژ بە پارتیی قسەدەکەن، کەچی کە پارتیی ریفراندۆم ئەنجامدەدات، هەموان دەنگ بە بەڵێ دەدەن و بەشداریی ریفراندۆمەکە دەکەن. ئێستاش، دژ بە تاکڕەویی و سیستەمە پۆلیسییەکەی مەسرور بارزانیی قسەدەکەن، کەچی مەسرور بارزانیی و پارتیی ئەوەی بیانەوێت جێبەجێیدەکەن و یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانیی و بافێڵ تاڵەبانییش هیچ كێشەیەکیان نییە جگە لە ناڕەزایەتیی دەربڕین لەڕێی تویتێک یا پۆستێکی فەیسبوکەوە.

لاهو تاڵەبانی بە ناوی خۆیەوە بەیاننامەیەکی توند دەردەکات، کەچی قوباد تاڵەبانی لەناو حکومەتدا کێشەیەکی لەگەڵ بەیاننامەکەی حکومەت نییە. هاوسەرۆکایەتیی دەبێت بەیاننامەی هاوبەش دەربکەن، کەچی هاوسەرۆکەکەی تر قسەیەکی نییە. گۆڕان لەناو حکومەت لەگەڵ مەسرور بارزانییە، لە پارلەمان کەمێک
دژە. چۆن لەو هەڵوێستە درۆییینانە بگەین؟ ئایا تا چەند یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی لە پشت زیاتر بەدیکتاتۆربونی مەسرور بارزانییەوەن؟

یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی وەک سەردەمی ریفراندۆم دژ بە پارتیی قسەدەکەن، کەچی کە پارتیی ریفراندۆم ئەنجامدەدات، هەموان دەنگ بە بەڵێ دەدەن و بەشداریی ریفراندۆمەکە دەکەن. ئێستاش، دژ بە تاکڕەویی و سیستەمە پۆلیسییەکەی مەسرور بارزانیی قسەدەکەن، کەچی مەسرور بارزانیی و پارتیی ئەوەی بیانەوێت جێبەجێیدەکەن و یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانیی و بافێڵ تاڵەبانییش هیچ كێشەیەکیان نییە جگە لە ناڕەزایەتیی دەربڕین لەڕێی تویتێک یا پۆستێکی فەیسبوکەوە.

هەوڵدەدەم رونیبکەمەوە چۆن یەکێتیی و پارتیی بەئاگایی بێت یان بێئاگایی چۆن سیستەمێکیان لە ململانێ پێشخستوە کە هەڵوێستەکان تەنها لە ئاستی قسەدا دەمێننەوە و دەزانن تا کوێ هەڵوێستی قسە بڕوات، بەڵام لەژێرەوە، هەمیشە بەرژەوەندییەکان بڕیاردەدەن.

لە چارەسەرکردنی ململانێدا، زانکۆی هارڤارد چەمکێکی پێشخستوە کە چۆن لایەنە ململانێکارەکان کە گرفت و کێشەیان لەنێوان هەیە، چارەسەربکەن و هەردوکی تێدا براوە بن. رێگاکەی هارڤارد ئەوە بە بنەمای چارەسەرکردنی ململانێ دەزانێت کە “تەرکیز لەسەر بەرژەوەندییەکان بکرێت نەک هەڵوێستەکان.” واتا، هەردو لایەنی ململانێکار پێویستە ئەوە بە هەند وەرنەگرن کە چییان بەرانبەر یەکتر گوتوە، بەڵکو بەرژەوەندییەکان ببین، قازانجەکان ببینن.
دو پرسیاری گرنگ دەخاتە پێش بۆ کاتی گفتوگۆ: یەکەم؛ دەمەوێت کام بەرژەوەندیی و قازانج دەستەبەر بکەم؟ دوەم؛ لایەنی بەرانبەرم کام بەرژەوەندیی و قازانجی دەوێت؟”

ئەگەر لە ململانێی یەکێتیی و پارتیی وردبینەوە، لە رێککەوتننامەی واشنتۆنەوە تا ئێستا، ئەوان بەو جۆرە مامەڵەیان کردوە؛ چی بێئەخلاقیی هەیە بەرانبەر یەکتری دەکەین لە میدیا، بۆ ئەوەی لەژێر پەردە رێکبکەوین. دۆخێک دروستدەکەین کە خەڵک چاوەڕێی شەڕ و پێکدادانمان لێ بکات بۆ ئەوەی ئێمە سەرچاوەکانی سەر زەویی و بن زەویی و ئاسمان دابەشبکەین و ئەوان کێشەیان نەبێت. ئێمە وەک هەردو بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی بڕیاردەدەین چۆن ململانێکان و چارەسەرییەکان بەڕێوەبچن تا نە لەناو خەڵک و نە لەناو حیزبەکانمان کەسێک جورئەتی ئەوە نەکات خۆی بخزێنێتە ناو بەرژەوەندییەکانمان.

ئەوان زیرەکانە دوای مردنی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕان و دو کوڕەکەشیان هێنانە ناو ئەو سیستەمە.

با زۆر دورنەکەومەوە، باسی خودی بابەتەکە بکەم.

ئایا هەر بەڕاست لاهوڕ تاڵەبانیی دژ بە مەسرور بارزانیی و بڕیارەکانیەتی؟ هەر بەڕاست لاهوڕ تاڵەبانی دژ بە حوکمدانی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینانە؟

لاهور تاڵەبانی لە بەیاننامەکەیدا داوا لە نێچیرڤان بارزانیی دەکات کە لێبوردن بۆ حوکمدراوان دەربکات، واتا ئەو داوای خێر دەکات و لە سەرۆکی هەرێم دەپاڕێتەوە، نەک بەتەواوی بڕوای وابێت عەدالەت بنپێخراوە. ئەگەر بڕوای وا بێت عەدالەت و دادوەریی بنپێخراون، ئەوا ئەو داوای هەڵوەشاندنەوە دەکات نەک داوای لێخۆشبون.

لاهور تاڵەبانی دەیتوانی بە زۆر رێگا نیشانیبدات کە ئەو بڕیارەکانی مەسرور بارزانیی و پارتیی قبوڵ نییە؛ بۆ نمونە، کاتێک سۆران عومەر لەلایەن یەکێتییەوە لە پارلەمانەوە فرۆشرا، کاتێک سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پارلەمان دەرکرا. هەردو بڕیارەکەی پارلەمان لەلایەن خودی سەرۆکی پارلەمانەوە کە یەکێتییە و لاهوڕ دایناوە، وەک هاوسەرۆک، دەتوانرا بە ئاراستەی تردا ببرێن، بەڵام بۆ نایکات؟ بێگومان چونکە لاهور تشنها لە گوتار دژ بە پارتییە نەک لە پراکتیز.لاهور تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانیی و یەکێتیی لە سلێمانیی چ لەڕوی پێشخستنی ئازادیی و دیموکراسییەوە، چ لەڕوی حوکمڕانیی چاک و دادگەریی کۆمەڵایەتیی و ئابورییەوە، چییان کردوە تا ئێمە پێمانوابێت لە پارتیی و مەسرور بارزانیی جیاوازن؟

تورکیا بێئەوەی هیچ بەرژەوەندییەک بخاتە بەردەم یەکێتییەوە، تەنها هەندێک فشاری کرد و باسی هەندێک بەرژەوەندیی کرد بۆ قوباد تاڵەبانیی، هەرچی هێز و چالاکیی ئەوانە هەیە کە لە فیکری ئۆجەلان نزیکن دایخستن لە سلێمانیی.
میلیشیاکانی یەکێتیی چی ماوە بەرانبەر خۆپیشاندەر و ئازادیخوازانی سلێمانیی بکەن؟قوباد تاڵەبانی بە محمود سەنگاوی گوت “رۆژنامەنوسکوژ،” کەچی دواتر لەگەڵیدا تەوقەی کرد و پێدەکەنی. چەند رۆژی رابردو، میلیندا لە هاوسەرەکەی بیڵ گێیتس جیابوەوە، دوای سێ منداڵ گەورەکردن و ٢٧ ساڵ ژیانی هاوسەرێتیی. هۆکارەکەی؟ تەنها لەبەرئەوەی هاوسەرەکەی لەگەڵ کەسێک هاوڕێیەتیی کردوە و دیداری ئەنجامداوە کە تاوانبارکراوە بە بازرگانیکردن و دەستدرێژییکردنە سەر ژنان.

ئەوەی لاهور تاڵەبانی دەیکات تەنها بەتاڵکردنەوەی توڕەیی خەلک و یەکێتییەکانە لە بەرانبەر پارتیی. ئەمە تەنها بەهێزکردنی پارتییە چونکە لاهور وا خۆی نیشانداوە کە دەتوانێت پارتیی رابگرێ، کەچی هیچ رونادات. سەرۆکی حیزبێک یان حیزبێک کە ناتوانێت هیچ ئەنجامێک لە دەنگە-دەنگ بەدەستبێنێت، یا ئەوەتا هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای بەو دەنگە-دەنگەکەی نییە، یان ئەگەر ناتوانێت هیچ بەدەستبێنێت با بێدەنگ بێت باشترە چونکە ئەمە نیشانیدەدات کە دیارە مەسرور بارزانی و پارتیی هێندە بەهێزن کە دەتوانن ئەوە بچەسپێنن کە دەیانەوێت بێئەوەی کەس بتوانێت رایانبگرێ، بە یەکێتیی نەیاریشیانەوە کە خاوەنی هێز و پێگەی ناوخۆیی و عێڕاقیی و ئیقلیمیی و ناودەوڵەتییشە.

پارتی و مەسرور بارزانی دژ بە ئازادیی و دیموکراسیین، بەڵام راستگۆن لەگەڵ خەڵک لەوەدا کە نیشانیدەدەن کە تاکڕەون، هەرکاتێک بیانەوێت پارلەمان دادەخەن و هەرکاتێک بیانەوێت رۆژنامەنوس دەگرن و دەیانخەنە کونجی زیندانەوە. لاهور تاڵەبانی خۆی زۆربەی ئەوانەی بێدەنگ کردوە کە رەخنەی لێ دەگرن، بێگومان وەسیلەی جیاواز بەکاردێنێت لەو وەسیلە دڵڕەقانەی مەسرور بەکاریاندەهێنێت.

کاتێک هەڵوێستەکان تەنها لە بەیاننامەکان دەمێننەوە، پارتیی بەهێز دەبێت، بەهێزتر دەردەکەوێت. خودی مەسرور بارزانیی و پارتییش دەزانن چۆن دەزگای دادوەریی و حکومەت و ئاساییشیان بەکارهێناوە بۆ بەتاوانبارکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان، بۆیە گوتەکانی یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی قسەی پوچن. ئەوان ئەگەر راست دەکەن، ئەگەر درۆ ناکەن لەگەڵ خۆیان و خەڵک و ئەندامانیان، دەبوایە بیانگوتبوایە یان راوەستاندنی ئەو دادگاییکردنانە، یان ئەوان دەکشێنەوە لەو حکومەتە پۆلیسییە. بەڵام ئەوان هەر چاوەڕێیان کردوە تا دادگاکانی مەسرور بارزانیی بڕیارەکانی دەرکردوە، ئینجا ئەوان دێن قسەدەکەن. ئەوە تەنها خۆگەوجاندنە، ناتوانن کەس بگەوجێنن. ئەوەی مسرور بارزانیی کردویەتی، رای قوباد تاڵەبانییشە، رای گۆڕانیشە لە حکومەت.
قوباد تاڵەبانیی و لاهور تاڵەبانییش ناتوانن چیتر خەڵک بگەوجێنن کە ئەویان بڵێ لە حکومەت بە هۆی لاهوڕەوە دەستیگیراوە و ناتوانێت چاکسازیی بکات و لاهور لە سلێمانیی کێشەی بۆ دروستدەکات، ئەویشیان بڵێ قوباد لەناو حکومەتدا بە قسەی ناکات. لە راستییدا، ئەوانە گەمەی شەیتانانە دەکەن، تەنانەت ئەگەر زۆر زۆریش دژ بە یەک بن لە هەندێ مەسەلەدا، ئەوەی رودەدات هەر سەلماندنی ئەو قسانەی منە.


ئەگەر یەکێتیی و گۆڕان راستدەکەن، بۆچی هەردو جێگرەکانتان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە نێچیرڤان بارزانیی ناکەن کە لێبوردن دەربکات بۆ چالاکوان و رۆژنامەنوسان -من لەگەڵ لێبوردن نیم، من دژی لێبوردنیشم، ئەو چالاکوان و رۆژنامەنوسانە دەبێت ئازادبکرێن و هەمو پڕۆسێسەکە هەڵبوەشێتەوە-. گۆڕان و لاهور تاڵەبانیی و یەکێتیی دەتوانن لەڕێی شێخ جەعفەر و مستەفای سەید قادرەوە ئەو داوایە ئاراستەی سەرۆکی هەرێم بکەن نەک لەڕێی بەیاننامەی پوچەوە.
بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی، ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی، رۆژنامەنوس و میدیاکار و نوسەر و شاعیران و وەرزشکاران، بۆ نمونە، هەڵوێست گرنگە، ئەو هەڵوێست و فشارانەش بەڕاستیی جێی رێز و پێزانینن و کاریگەرییەکی گەورەشیان هەیە، بەڵام مانای چییە لەناو حکومەتێکی ئیئتیلافیدا بیت و وەک من هەڵوێستت هەبێ، مانای چییە جێگری سەرۆک وەزیران بیت و وەک منی وڵاتیی رەخنەت هەبێت، مانای چییە هاوسەرۆکی حیزب بیت و وەک من تویت بکەیت، ئەوە خۆگەوجاندنە، نەک هەڵوێست، ئەوە هەڵوێست فرۆشتنە بە مەسرور بارزانیی و پارتیی تا کەمێک داوا و خواستەکانتان جێبەجێبکات نەک دژی سیاسەت و ئاکار و پۆڵیسییەکانی بن. کە کەسێک دەتوانێت لەو بەیاننامە و تویت و پۆستی فەیسبوکی زیاتر بنوێنێت، لە بەیاننامەیەک زیاتری پێ دەکرێت، مردنە بە پۆستێکی فەیسبوک و تویتێکی تویتەر خۆت لە هەڵوێستی جدیی دوربخەیتەوە. لاهور تاڵەبانی دەیان بەیاننامەی دەرکردوە و هیچیشیانی جێبەجێنەکردوە، بە هیچ شێوەیەک خەڵک چیتر ئەو بەیاننامە و تویت و پۆستانەی فەیسبوک ناکڕێت.
ئەگەر یەکێتیی و گۆڕان تەحەدای مەسرور بارزانیی و پارتییان بکردبوایە، لەڕێی حکومەت و پارلەمانەوە، تا رادەی کشانەوە لەگەڵی رۆییشتبوان، بەڕاستی هەڵوێستێکی گەورە دەبو و مەسرور بارزانیی و پارتییش ستۆپ دەکران، ئەمەش زۆر ئاسان بو چونکە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا کۆمەڵگای کوردیی و ئۆپۆزسیۆن و میدیا و بەشێک لە پارتییش، هاوڕا لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، هاوڕان لە بەرانبەر ئەو کردانەی مەسرور بارزانیی، بەڵام بەداخەوە یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی تەنها قسەن، مەسروریش قسەکانی بە لاوە گرنگ نییە تا ئەو کاتەی پیشانی دەرەوەی دەدات کە حکومەتی ئیئتیلافیی هەرێمی کوردستان هاوڕا و یەکگرتون لەسەر ئەو بڕیارانەی دادگا.
سەرۆکی عێڕاق بەرهەم ساڵحە، پارێزەری دەستورە، کەچی باش دەزانێت چۆن مافە دەستورییەکانی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنوسانە پێشێلکراوە، کەچی هیچ هەڵوێستێکی نییە، تەنانەت بە تویتێکیش، تەنها لەبەرئەوەی دەیەوێت ببێتەوە سەرۆک کۆماری عێراق و مەسعود بارزانیی لێی رازیبێت. مانای چییە بەرهەم سالح چەندان جار بەرپرسانی پارتیی بینیوە و تەنانەت بە وشەیەکی بچوکیش باسی ئەو دڵڕەقییەی مەسرور و پارتیی نەکردوە.
یەکێتیی و گۆڕان و لاهور تاڵەبانی و وباد تاڵەبانی وبافێڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ پارتیی نییە، لە دیدارەکانیشیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتیی، کە ئەو ماوەیە چەندان جار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانییش دانیشتون، هەروەک چۆن لە کۆبونەوەی سەرۆکایەتییش لەگەڵ حیزبەکان، بۆچی لە یەکێک لەو کۆبونەوانە پرسی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بەناهەق-سزادراو نەبوە قەزیە لایان؟

زنجیری ئەو روداوانە زۆر دورودرێژە، من کورتی دەبڕمەوە تا چەقی ئامانجی قسەکانم لەوانەی سەرەوە بپێکم.

ئەگەر لاهور تاڵەبانی راستدەکات دژ بەو بڕیارانەی دادگا و هەڵسوکەوتی تاکڕەوانەی مەسرور بارزانییەوە، ئەوا دەبێت داوای هاتنەوەدەرەوە لە حکومەت بکات. لاهور تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی و زیاتر لە سەدا نەوەدی یەکێتیی لەگەڵیدایە، واتا وەک سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی.

یەکێتیی و پارتیی لە گوتاردا دژ بەیەکن، بەڵام لە بەرژەوەندیی و قازانجەکاندا، هەرگیز رێنادەن پێکدادان دروستببێت. بۆ نمونە، قوباد تاڵەبانی ماوەی رابردو زۆر توند دژ بە بەیاننامەیەکی وتەبێژی حکومەت قسەیکرد کاتێک گومانی خستەسەر ناقانونیی بڕیاری دابەشکردنی زەویی لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە. قوباد تاڵەبانی زۆر بەتوندیی وەڵامیدایەوە، کەچی هەمان قوباد تاڵەبانی هاوڕایی لەگەڵ مەسرور بارزانیی نیشاندەدات لەگەڵ بەیاننامەکەی حکومەت. لاهور تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانییش وەک چالاکوان و رۆژنامەنوسان هەوڵدەدەن لەڕێی ئەمریکییەکانەوە فشار لە مەسرور بارزانیی بکەن.

بەڵێ، مسرور بارزانی و پارتیی رون و ئاشکرا سیاسەتی خۆیان دەکەن. ئەوان حوکمێکی پۆلیسیی تاکڕەویان دروستکردوە، تەواوی سیستەمی سیاسیی و دادوەریی و یاسادانانیان خستۆتە بن دەست و خزمەتی مەسرور بارزانی. ئێمەش هەمو ئەو راستییە دەزانین و خەبات بەرانبەر ئەو سیستەمە بەردەوامە. ئەوەی رێ بۆ مەسرور بارزانیی خۆشدەکات ئەو سیاسەتە جێبەجێبکات، دوڕویی یەکێتیی و گۆڕان و ئیسلامییەکانە، دوڕویی لاهور تاڵەبانیی و ئەوانیدییە کە ململانێیان لەگەڵ مەسرور بارزانیی پرسێکی مەبدەئیی نییە بەڵکو بە هۆی ئەوەیە مەسرور بارزانیی حیسابیان بۆ ناکات و پێیان وایە پشکیان کەمتر پێبەخشراوە، یان پێیان وایە بۆ نمونە، لاهور تاڵەبانیی پێیوایە غەدری لێ دەکرێت کە مەسعود بارزانیی مامەڵە لەگەڵ بافێڵ و قوباد دەکات نەک خۆی.

مامەڵەکردنی لاهور تاڵەبانی و یەکێتیی لەگەڵ کەیسی بەناهەق-حکومدراوانی بادینان زۆر مەترسیدارە، ئەوان نایانەوێت رۆژنامەنوس و چالاکوانەکان ئازاد بکرێن، ئەوان تەنها دەیانەوێت مەسرور بارزانیی ناشیرینتر بێت و لەڕوی میدیایییەوە لێی بدەن. ئەگەر راست دەکەن، با هەڵوێستی پارلەمان و یەکێتیی و حکومەت یەک بێت، هەروەک چۆن ئەمە بۆ گۆڕانیش راستە، ئەوکات دەبینن چۆن پارتیی لەو تاکڕەوییەی نەرمدەکات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش فشاری گەورەتر و جدییتر بەرانبەر مەسرور و حکومەتەکەی دەکات.

ئەوەی لاهور و قوباد و گۆڕان چاوەڕێی دەکەن، خێرکردنی نێچیرڤان بارزانییە، بەدڵنیاییش نێچیرڤان بارزانیی هەڵوێستێکی وا نانوێنێت ئەگەر نەگەڕێتەوە لای مەسعود بارزانیی خەزوری. لە چەند هەفتە، مانگی دادێش دەبینن چۆن لاهور تاڵەبانیی و قوباد تاڵەبانیی و یەکێتیی و گۆڕان لەو کەیسەدا مەسعود بارزانیی وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانیی نیشاندەدەن. بەداخەوە، کێشەی گۆڕان و یەکێتیی و لاهور تاڵەبانیی نە دادگەرییە و نا تاکڕەوییش، کێشەکەیان تەنها گەوجاندنی میللەت و ئەندامانیان و نزیکبونەوەیە لەگەڵ پارتیی لە داهاتوی نزیکدا.

بەشکردن: