سلاڤۆی ژیژێک: هۆکارە راستەقینەکەی بۆچی تاڵیبان زۆر بەخێرایی ئەفغانستانی گرتەوە، ئەوەی کە میدیای لیبراڵی رۆژئاوایی خۆی دوردەگرێت لە باسکردنی

نوسینی: سلاڤۆی ژیژێک
وەرگێڕانی: کەمال چۆمانی
 
هەشتاهەزار جەنگاوەرەکەی تاڵیبان دەستیان گرتەوە بەسەر ئەفغانستاندا، بە جۆرێک شارەکانی ئەفغانستان یەک لە دوای یەک وەک پولی دۆمینە دەکەوتن لە کاتێکدا زۆرینەی سوپا بەهێزە سێسەد هەزار کەسییە ڕاهێنراو و پڕچەککترەکەی حکومەت بێ هیچ ویستێک بۆ شەڕکردن توانەوە و خۆیان ڕادەستکرد. ئەمە بۆ رویدا؟
میدیای رۆژئاوایی پێماندەڵێ دەشێت چەند ڕوونکرنەوەیەک بۆ ئەم بابەتە هەبێت. یەکێک لەو ڕوونکرنەوانە کە بە ئاشکرا نەژادپەرستانەیە ئەوەیە: خەڵکی ئەفغانستان ناکامڵ و تامەزرۆی توندڕەویی دینین، دیموکراسیی بۆ وان نەشیاوە.– دیارە ئەمە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە. نیو سەدە لەمەوبەر، ئەفغانستان تا ڕادەیەک وڵاتێکی پێشکەوتوو بوو هەروەها حیزبێکی کۆمۆنیستی بەهێزلەوێ هەبوو بە ناوی پارتی خەڵکی دیموکراتیکی ئەفغانستان، کە تەنانەت توانی بۆ چەند ساڵێکیش دەستەڵات بگرێتەدەست. ئەفغانستان، دواتر گۆڕدرا بۆ وڵاتێکی فەندەمێنتاڵیستی دینی، ئەویش وەک کاردانەوەیەک بۆ داگیرکاریی سۆڤیەت کە ئامانجی رێگرتن بوو لە کەوتنی دەستەڵاتی کۆمیونیست.
ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی میدیای ڕۆژئاوا تیرۆرە؛ چونکە تاڵیبان بێبەزەییانە ئەو کەسانە دەکوژێت کە ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی دەبنەوە.
ڕوونکردنەوەیەکی تر باوەڕە: تاڵیبان بەسادەیی باوەڕیان وایە کە کردەوەکانیان جێبەجێکردنی فەرمانی خوایە بێگومانن لە سەرکەوتنیان. هەربۆیە دەتوانن ئارام بگرن و پەلە نەکەن چونکە چەرخی گەردوون دواجار بە کامی دڵی وان دەسووڕێت.
ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی ئاڵۆزتر و واقیعیانە کە چۆن تاڵیبان توانی هێند خێرا وڵاتەکە بگرێتەوە ئەو بێسەروبەرییەیە کە بە هۆی بەردەوامێتیی شەڕ و گەندەڵییەوە هاتۆتە ئاراوە. ئەم ڕوونکردنەوەیە ئەشێت هۆکاری ئەو جۆرە تێفکرینە بێت کە پێیوایە ڕژێمی تاڵیبان ئەگەر تەنانەت حوکمی شەریعەتیش بسەپێنێت و خەڵکیش بچەوسێنێتەوە، خۆ لانیکەم دەتوانێت جۆرێک لە ئاسایش و نیزام فەراهەم بکات.
سەرجەم ئەو ڕوونکردنەوانە پێدەچێت خۆیان لە راستییە بنچینەییە بدزنەوە کە چەکدارەکانی تاڵیبان بێمنەتن لە ژیان و ئامادەییان هەیە بۆ شەهید بوونەک هەر بەتەنها لە مەیدانی جەنگدا بەڵکو تەنانەت لەڕێگەی کردەی خۆکوژیشەوە.
ئەو دیدگایەی پێیوایە کە تاڵیبان وەک کەسانی فەندەمێنتاڵیست <<بەڕاستی بڕوایان وایە>> کە شەهیدبوونیان گەرانتی چوونە بەهەشتیان دەکات دیدگایەکی ناکامڵە،چونکە شکستدەهێنێت لە جیاوازیکردن لە نێوان باوەڕ چون تێگەیشتنێکی هۆشمەندانە (<<من دەزانم دەچمە بەهەشت، ئەوە راستییە>>) و باوەڕ وەک وابەستەگییەکی تاکەکەسی.
بە مانایەکی تر، شکستدەهێنێت لە ڕەچاوکردنی هێزی مادیی ئایدیۆلۆژیادا – لەم حاڵەتەدا، هێزی باوەڕ- کە نەک هەر بەتەنها لە بیروڕای ئێمەدا ڕەگی داکوتاوە، بەڵکوبەستەگییەکی وجوودیمان بە باوەڕی خۆمانەوەهەیە: ئێمە بوونەوەرێک نین ئەم یان ئەو باوەڕ هەڵبژێرین، بەڵکو ئێمە خۆمان باوەڕی خۆمانین بەو مانایەی کە ئەو باوەڕە ژیانمان پێدەبەخشێت. وێناکردنی چەمکی حەقیقەت لە گوتاری سیاسی-مێژووی دا بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. مەبەست وێناکردنی حەقیقەتە وەک چەمکێکی نیمچەیی و تایبەتمەند بە پارتیزانان.
هەر بە هۆی ئەو تایبەتمەندییەشەوە بوو کە فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ زۆر سەرسام بوو بە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1978 ی ئێران و دووجاریش سەردانی ئەو وڵاتەی کرد. ئەوەی لەوێ سەرسامی کرد تەنیا ئامادەگی بۆ شەهید بوون و گوێنەدان نەبوو بە لەدەستدانی ژیانی خود. ئەو “سەرگەرمی گێڕانەوەیەکی زۆر دیاریکراوی ‘مێژووی حەقیقەت’ بوو، بەجەختکردنەوە لەسەر گوتنی ڕاستی بەشێوەیەکی جەنگئامێز و پارتیزانانە و وەرچەرخان لە ڕێگەی مەینەتباری و بەرخۆدانەوە، بە پێچەوانەی فۆڕمەکانی دەستەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی چون هێورکردنەوە، بێلایەنکردن و ئاساییکردنەوەوە.
یان، وەک فۆکۆ خۆی دەڵێت:
<<ئەگەر ئەو زاتەی کە خۆی دەربارەی ماف (یان زیاتر مافەکان) دەدوێت، راستیی دەڵێت، ئەو ڕاستییە چیتر راستیی گەردوونیی فەیلەسوف نییە. ئەوە دروستە کە ئەم گوتارە دەربارەی شەڕی سەرتاسەری(گشتگیر)، ئەم گوتارەی کە هەوڵدەدات شەڕ لەژێر ئاشتیی تەرجەمە بکات، بەڕاستی هەوڵێکە بۆباسکردن لە جەنگ وەک گشتێک و داڕشتنەوەی مەفهومی گشتیی جەنگ. بەڵام ئەوە نایکاتە گوتارێکی بێلایەن یان گشتگیر؛ ئەو گوتارە هەمیشە گوتارێکی روانگەیییە. تەنیا تا ئەو رادەیە بایەخ بە گشتگیری دەدات کە بتوانێت بە تاک-رەهەندیی بیبینێت، بشێوێنێت و لە ڕوانگەی خۆیەوە تەماشای بکات. بە واتایەکی تر، حەقیقەتێک کە تەنیا دەشێت لە پێگەی هێرشەوە وەکاربخرێت، لە تێڕوانینی ئەوانەوە کە هەڵوەدای سەرکەوتنن و دواجاریش، وەک بڵێی، مانەوەی خودی قسەکەر خۆیەوە.>>
ئایا دەتوانرێ گوتارێکی پەیوەستی وا وەلابنرێ وەک نیشانەیەکی پێشمۆدێرنی کۆمەڵگەی <<سەرەتایی\پریمیتیڤ>> کە هێشتا نەهاتۆتە نێو تاکگەرایی مۆدێرن و ژیاندنەوەی ڕەتبکرێتەوە بەبیانووی ناساندنی وەک نیشانەیەکی گەڕانەوەی فاشیزم؟
بۆ هەرکەسێک کەمترین بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ مارکسیزمی رۆژئاوایی، وەڵامەکە ڕوونە: فەیلەسوفی هەنگاریی جیۆرج لوکاس نیشانیدا کە چۆن مارکسیزم <<گەردونییانە راستە>> نەک سەرەڕای نیمچەیی بوونی، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆی <<نیمچەیی>>ەو تەنها لەڕێی پێگەیەکی زاتیی تایبەتەوە دەشێت لێیبگەین. دەشێت ئێمە هاوڕا یان دژ بین لەگەڵ ئەو روانینە، بەڵام راستیی بابەتەکە ئەوەیە، ئەوەی فۆکۆ لەو دوورەوە لە ئێران دا بەدوایدا دەگەڕا –فۆڕمی جەنگئامێزی (ئاگۆنیستیکی) -راستیی گوتن- لەو دیدگا مارکسیستیەدا بە زەقی دیاربوو کە پێیوابوو دەرگیربوون لە ململانێی چینایەتیی دا لەمپەرێک نییە لەبەردەم مەعریفەی <<بابەتییانە>>ی مێژوو، بەڵکو مەرجێتی.
ئەو تێفکرینە باوە پۆزێتیڤیستەی کە مەعریفە وەک شێوازێکی بابەتییانەی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا دەبینێت چەنکە نەشێوێندراوە بە دەرگیربوونێکی بابەتیی تایبەت -ئەوەی فۆکۆ بە فۆرمەکانی (هێورکردنەوە، بێلایەنکردن و ئاساییکردنەوەی دەستەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی ناوی دەبردن)- خودی ئایدۆلۆژیایە لە باشترین حاڵەتیدا. ئایدیۆلۆژیای <<کۆتایی ئایدیۆلۆژیا.>>
لە لایەکەوە مەعریفەی <<بابەتیی>> نائایدیۆلۆژییمان هەیە. لە لاکەی ترەوە، خەڵکانێکی پەراگەندەمان هەیە کە هەریەک سەرقاڵی خودی خۆیەتی و لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو شتە بچوکانەدایە کە خۆشییەک دەبەخشێت بە ژیانیان. (ئیدیۆسینکرەسی) (ئەو تێرمەی فۆکۆ بەکاریهێنا کاتێک ئەزمونی ئێرانی خۆی وەلانا).
لەم گۆشەنیگایەی تاکگەرایی لیبراڵ، و پەیوەستبونی گەردونییەوە، بەتایبەت ئەگەر مەترسیی ژیانیشی لەگەڵ بێ، بەدگومان و <<ناعەقڵانی>>شە…
 
لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی بایەخدار دەبینەوە: ئەگەرچی جێی گومانە مارکسیزمی ترادیشناڵ بتوانێت رونکردنەوەیەکی رازیکەرمان لەبارەی سەرکەوتنی تاڵیبانەوە پێببەخشێ، بەڵام نمونەیەکی نایابی ئەوروپیی فەراهەم دەکات لەبارەی ئەوەی کە فۆکۆ لە ئێران بەدوایدادەگەڕا و هەروەها (ئەوەی کە ئێستا سەرسامی کردووین لە ئەفغانستان)، نمونەیەک کە هیچ پەیوەست نییە بە فەندەمێنتاڵیزمی دینییەوە بەڵکو کارکردنێکی دەستەجەمییە بۆ ژیانێکی باشتر. دوای سەرکەوتنی کاپیتالیزمی جیهانیی، ئەو رۆحیەتی کارکردنە دەستەجەمییە سەرکوتکرا، و ئێستا ئەو هەڵوێستە سەرکەوتکراوە وا پێدەچێت لەژێر پەردەی فەندەمێنتاڵیزمی دینییەوە بگەڕێتەوە.
ئایا دەتوانین وێنای گەڕانەوەی چینی چەوساوە بکەین لە فۆرمێکی دەستەجەمی بەرخۆداندا بۆ ئازادی؟ بەڵێ، بێگومان. نەک تەنها دەتوانین وێنای بکەین، بەڵکو دەمێکە لە دەرگامان دەدات بە هێزێکی گەورەوە.
با تەنها باسی کارەساتی گەرمبونی گەردون بکەین – گەرمبونی گەردون پێویستی بە کارێکی گەورە و بەرفراوانی هەرەوەزیی هەیە کە فۆرمەکانی شەهادەت داوادەکات، بە بەقوربانیکردنی زۆر لە چێژ و خۆشییەکان کە پێی راهاتوین. ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت تەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، <<گرنگی بەخۆدان>>ی تاکگەرایییانە، کە تەرکیز دەکاتە سەر خۆشییەکان، پێویستە وەلابنرێن. زانستی پسپۆڕ بەتەنها هەمو کارەکە ناکات – پێویستە زانستێک بێت رەگەکەی لە قوڵایی پەیوەستبونی هەرەوەزییەوە بێت. ئەمە پێویستە وەڵاممان بێت بۆ تاڵیبان.
 
– سلاڤۆی ژیژێک فەیلەسوفی کەلتورییە. ئەو گەورە لێکۆڵەرە لە پەیمانگای کۆمەڵناسی و فەلسەفە لە زانکۆی لیوبلیانا، پرۆفێسۆری جیهانیی ئەڵمانییە لە زانکۆی نیو یۆرک، و بەڕێوەبەری نێودەوڵەتیی پەیمانگای بیربێکە بۆ بەشە ئینسانییەکان لە زانکۆی لەندەن.
– سەرچاوە: RussiaToday
 
بەشکردن: