چۆن مەسرور بارزانی لەڕێی زانیاریی هەڵەوە خوێندکاران چەواشە دەکات؟

ڕێنوار نەجم

دوای خۆپیشاندانی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە داواکاریی سەرەکییان گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بوو، پاش سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی سەدانی خوێندکار و خۆپیشاندەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە دیدارێکی کورت لەگەڵ ‘نوێنەرانی خوێندکاران’ی زانکۆ حکومییەکان، کۆمەڵێک زانیاریی ناڕاست و هەڵەی دا بە خوێندکاران و ڕای گشتی.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەر کات لە بەرژەوەندییاندا بێت دەست دەکەن بە بەراوردکاریی لەنێوان کوردستان و وڵاتانی جیهاندا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سیاقی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی، بەڵام ئەمجارە تەنانەت ئەو بەراوردکارییە نا لۆژیکییەش دادی مەسرور بارزانی نەدا و فاوڵێکی دیکەی بۆ سەر خەرمانی فاوڵەکانی دیکەی لە ماوەی حکومڕانییەکەی زیاد کرد.

لەم وتارەدا لەسەر پرسی داواکاریی ڕەوای خوێندکاران، داپڵۆسینی بزوتنەوەیەکی مەدەنیی زانکۆیی و هەڵبژاردنێکی چەند کەسێک لەلایەن ستافی سەرۆکی حکومەتەوە وەک نوێنەر و دەمڕاستی خوێندکاران ناوەستین و تەنها ئەو بانگەشەیەی مەسرور بارزانی بەدرۆ دەخەینەوە کە دەڵێت گوایە لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە خوێندن بەخۆڕایی بێت و حکومەتیش هاوکاریی خوێندکاران بکات. بۆ ئەو مەبەستەش نموونەی چەند وڵاتێک دەهێنینەوە.

مەسرور بارزانی دەتوانێت بە ئاشکرا بڵێ کە حکومەتەکەی نایەوێ هیچ هاوکارییەکی خوێندکاران بکات و بەردەوام دەبێ لەسەر سیاسەتی نیولیبڕاڵیزم و بەتایبەتکردنی هەموو کەرتە گشتییەکان و پووکانەوەی زانکۆ حکومییەکان، بەڵام ناتوانێت بە ئاشکرا و بەبەرچاوی دونیاوە زانیاریی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خوێندکاران و هاوڵاتیانی کوردستان چەواشە بکات.

بارزانی بە کوردییە تێکشکاوەکەی دەڵێت “له‌هیچ شوێنێكی دونیادا نییه‌، شتی وا نییه‌ كه‌ بڵێی من به‌ خۆڕایی خوێندن ده‌خوێنم، بڕ پاره‌یه‌كیشم بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندن بكه‌م.” هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “ده‌ڵێن له‌ ئه‌وروپا وایه‌ و یاخوود له‌ ئه‌مه‌ریكا وایه‌، یان له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو وایه‌، قه‌رز به‌ قوتابی ده‌درێت، راسته‌، ئه‌وانه‌ی له‌هه‌موو شوێنێكی پێشكه‌وتووی دونیا، گه‌ر بمانه‌وێ چاو له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا به‌رچاوتان روون بێت، له‌م وڵاتانه‌ خوێندن بێ به‌رامبه‌ر نییه‌، هه‌موو قوتابییه‌ك ده‌بێت پارە بدات، به‌ڵام چی ده‌كه‌ن، بانك قه‌رزیان پێ ده‌دات كه‌ دواتر به‌ قیست پاره‌ی خوێندنی خۆیان بده‌نه‌وه‌ به‌ زانكۆكان، ئه‌مه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ باوه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌، قه‌رزه‌كانیش حكومه‌ت نایدات بانك ده‌یدات.”

هەرچەندە لەچەندین ئاستدا ڕەوا نییە بەراوردی دۆخی خوێندن و زانکۆکانی کوردستان و بە زانکۆکانی جیهان و ئەوروپا بکرێت، بەڵام کاتێک مەسرور بارزانی دەڵێت “لەهیچ شوێنێکی دونیا” ئەوا پێم وایە وڵاتانی ئەوروپاش بەشێکە لەم دنیایە و دەکەوێتە چوارچێوەی بەرواردکارییەکەوە. بزانین لە هەریەکە ئەڵمانیا، دانیمارک و فینلاند، کە خوێندنی زانکۆ بەتەواوی بەخۆڕاییە، حکومەت چ جۆرە هاوکارییەکی دارایی بۆ خوێندکاران دابین دەکات؟

سەرەتا وەک ئەزموونێکی کەسیی دەتوانم لە ناڕاستیی ئەو قسەیەی سەرۆکی حکومەت بسەلمێنم کە دەڵێت “لەهیچ شوێنێک خوێندنی خۆڕایی نییە”. من وەک هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێڕاقی، لە وڵاتی ئەڵمانیا بەخۆڕایی بۆ بڕوانامەی ماستەر دەخوێنم. نەک تەنها خوێندنەکە بە خۆڕاییە، بەڵکو حکومەتی ئەم وڵاتە بە نرخێکی زۆر ڕەمزی شوێنێکی شایستەی مانەوەی بۆ دابینکردووم [کە کوالێتییەکەی زۆر لە سیتییەکانی کوردستان باشترە] و هەر خۆشیان پارەی ئاو، کارەبا و گاز و هەموو تێچووەکانی دیکەشم بۆ دەدەن. هەروەها، لەڕێی ناسنامەی زانکۆکەمەوە دەتوانم بەخۆڕایی خزمەتگوزاریی هاتوچۆی گشتی لە هەموو ئەو هەرێمەی منی تێدام، کە ٥٩ شار و شارۆچکەیە، بە پاس و شەمەندەفەرەوە بەکاربهێنم. هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو حکومەت لەڕێی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە قازانج-نەویستە خوێندکارییەکانەوە، ڕۆژانە باشترین کوالێتیی خواردن و خواردنەوە بۆ هەموو خوێندکاران دابیندەکات، کە هەر ژەمێک تەنها دەوروبەری سێ یۆرۆ لەسەر خوێندکاران دەکەوێت، لەکاتێکدا کە نرخی هەمان جۆری خواردن لە دەرەوەی زانکۆ نزیکەی ١٠ یۆرۆیە. گەر ئەوە پاڵپشتیی حکومەتی ئەڵمانیا بێت بۆ خوێندکارێکی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی، ئایا هاوکارییەکان بۆ خوێندکارە ئەڵمانییەکان چۆنە؟

هەموو ئەو پاڵپشتییانەی لەسەرەوە باس کران بەهەمان ئەندازە بۆ خوێندکارانی بیانی و ناوخۆی ئەڵمانیا فەراهەم دەکرێن، بەڵام حکومەت بەچەند شێوازێکی جیاواز پاڵپشتیی دارایی سەربار بۆ خوێندکاران دابین دەکات. یەکێک لە باوترین ڕێگاکانی دابیکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ خوێندکاران لە ئەڵمانیا بریتییە لە پرۆگرامێک بەناوی ‘یاسای دەستگیرۆیی ڕاهێنانی فیدراڵ’ ناسراو بە (BAföG). ئەم هاوکارییە داراییە کە بڕەکەی دەگاتە ١٠ هەزار یۆرۆ، خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ دەگرێتەوە و لەسەر بنەمای داهاتی خێزان دەدرێت بە خوێندکارەکان. واتە ئەو خوێندکارانەی لە خێزانێکەوە دێن کە داهاتیان مام ناوەند یاخود کەمە، دەتوانن ئەو هاوکارییە وەربگرن. هاوکارییەکەش بەشێوەیەکە لەسەدا ٥٠ی وەک بەخشش دەدرێت بە خوێندکارەکە و بەهیچ شێوەیەک لێی وەرناگرنەوە، نیوەکەی دیکەش وەک قەرزێکی درێژخایەن، هەر کاتێک خوێندکارەکە خوێندنی تەواوکرد و ئیشێکی دەستکەوت کە داهاتەکەی زیاتر بوو لە کۆی خەرجییەکانی ژیانی، ئەوا بەشێوەی قیست لێی وەردەگیرێتەوە. بەوتەی چەند خوێندکارێکی ئەڵمانی کە قسەم لەگەڵ کردن، ئەو بڕە هاوکارییە داراییە بەشی تێچووی ژیانێکی ئاسایی خوێندکارێک دەکات لەماوەی خوێندنەکەیەدا. لەحکومەتی داهاتووی ئەڵمانیاشدا، پارتە براوەکان بەڵێنی ئەوەیان داوە سەرجەم خوێندکاران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خێزانەکانیان و بە بیرۆکراسییەکی کەمتر، بتوانن سوودمەندبن لەو هاوکارییە. هاوکات گەر خوێندکارێکیش بەهەر هۆکارێک بوو نەیتوانی سوودمەند بێت لەو پاڵپشتییە داراییە، ئەوا بانکە حکومییەکان قەرزیان پێ دەدەن و بەهەمان شێوەی پاڵپشتییەکە، تەنها کاتێک قەرزەکە وەردەگرنەوە کە خوێندکارەکە بووە خاوەنی کاری خۆی و داهاتێکی باشی دەستکەوت.

لەوڵاتێکی وەک دانیمارک جگە لەوەی خوێندن بەتەواوی بەخۆڕاییە، هەموو خوێندکارێک مانگانە نزیکەی ٩٠٠ دۆلار (پێنج هەزار و ٨٣٩ کرۆنی دانیمارکی) وەردەگرێت بەپێی پرۆگرامێک بەناوی (Statens Uddannelsesstøtte)، کە خوێندکار بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات ئەو دەرماڵەیە بگەڕێنێتەوە بە حکومەت تەنانەت ئەگەر واز لە خوێندنیش بهێنێت. تەنها مەرجێک بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییە داراییە ئەوەیە کە خوێندکارەکە نابێت لەگەڵ دایک و باوکیدا بژی و پێویستە بە سەربەخۆیی بژی. بڕی هاوکارییەکە دەکرێت تا ماوەی شەش ساڵ درێژە بکێشێت، ئەو خوێندکارانەی کە سەرکەوتوون و نمرەی بەرزیان هەیە، هاوکاریی دارایی زیاتر دەیانگرێتەوە.

هەروەها خوێندکارە فینلەندییەکان سوودمەنن لەچەند شێوازێکی پاڵپشتیی دارایی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە ئەوەش بەپێی تەمەن و باری خێزانییان دەگۆڕێت. بۆ نموونە گەر خوێندکارێک هاوسەرگیریی کردبێ و منداڵێکی هەبێ، ئەوا مانگانە ٣٥٥ یۆرۆ وەک هاوکاریی وەردەگرێت. گەر خوێندکارێکیش بەتەنها بژی و هاوسەرگیریی نەکردبێ و تەمەنی لەسەروو ١٨ ساڵەوە بێ، ئەوا مانگانە ٢٥٣ یۆرۆ وەردەگرێت. لە وڵاتی فینلانداش، وەک هەموو وڵاتانی دیکەی ئەسکەندەنافیا، خوێندن بەخۆڕاییە. ئەمە تەنها وەک پاڵپشتیی خوێندن، بەجیا لەوەی لە فینلاند و زۆربەی وڵاتانی دیکەشدا خوێندکارانیش وەک هاوڵاتیی ئاسایی سوودمەند دەبن لە پاڵپشتیی حکومیی بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکە.

لەزۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، بەپێچەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکیاوە، خوێندن بۆ هاوڵاتیانی خۆیان و سنووری یەکێتی ئەوروپا بەخۆڕاییە و چەندین پاڵپشتیی داراییش دابینکراوە بۆ خوێندکاران، بەتایبەتی ئەوانەی ناتوانن خۆیان تێچووی ژیان لەماوەی خوێندندا دابین بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خوێندکاران لەو وڵاتانەدا لەدۆخێکی نموونەییدان، بەڵکو بەردەوام بزوتنەوەی خوێندکاران داوای باشترکردنی گوزەرانی خوێندکاران و پاڵپشتی و کۆمەکی زیاتر دەکەن. بەڵام بەراورد کردنی دۆخی خوێندکارانی کوردستان بە “هەموو دنیا” وەک مەسرور بارزانی باسی دەکا، چەواشەکردنێکە تەنها لە سەرۆکی حکومەتە کۆڵەوارەکەی هەرێمی کوردستان دەوەشێتەوە.

 

 

سەرچاوەکان:

https://www.hochschulkompass.de/en/degree-programmes/fees-funding/federal-financial-aid-bafoeg.html

https://www.washingtonpost.com/news/worldviews/wp/2015/02/04/why-danish-students-are-paid-to-go-to-college/

https://www.studentenwerke.de/en/content/bafög-state-funding-students-germany

https://www.kela.fi/web/en/financial-aid-for-students-study-grant?fbclid=IwAR2zMF0NHh1qMWu_pnTp1aWOGzhLRzEsmNvCAhnvfpVCs1gPGc7kc8F3VK0

بەشکردن: